بەیاننامەی ئەنجومەنی گوشار بۆ چاکسازی و هه‌ڵسانه‌وه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان

 

 

 

له‌گه‌ڵ نزیکبونه‌وه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندن و سه‌رکه‌وتنی لیستی (ی.ن.ک) له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی (30.04.2014) ..پیرۆزابیی گه‌رم ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م که‌سوکاری شه‌هیدان و ئه‌ندام و لایه‌نگره‌ دڵسۆزه‌کان ده‌که‌ین و هیواخوازین که‌ ساڵیادی ئه‌مجاره‌ له‌ سایه‌ی کاروانی قوربانیه‌کان و متمانه‌ی ده‌نگده‌راندا بکرێته‌ سه‌ره‌تای قۆناغی وه‌رچه‌رخان و ڕێکخستنه‌وه‌ی ناوماڵ و چاکسازی ڕاسته‌قینه‌ ، لای هەموان ئاشکرایە ئەم سەرکەوتنە ده‌ره‌نجامی شەونخونی و ماندوبونی کادرە دڵسۆزەکان و ئەندام ولایەنگران و کاندیدە بەرێزەکان بوو کە بەشێوەیەکی سەردەمیانەو جیاواز لە هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌کانی رابردوو بانگه‌شەی هەڵبژاردنیان سه‌رکه‌وتوانه‌ ئەنجامدا .
له‌و باره‌یه‌وه‌ ئەنجومەنەکەمان رۆژی ( 30.03.2014) لە به‌یاننامه‌یه‌کدا پشتگیری ته‌واوی خۆی بۆ سه‌رخستنی لیستەکانی (ی.ن.ک) بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی پەرلەمانی عێراق وئه‌نجومه‌نی پاریزگاکان ده‌ربڕی و بانگه‌وازی سه‌رجه‌م ئەندام و دۆست و لایەنگرانی یه‌کێتی لە کوردستان و تاراوگە کرد گشت هه‌وڵێک بۆ سه‌رخستنی کاندیده‌کانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بده‌ن.لەهەمان بەیاننامەدا داوامان کردبوو که‌ بوار بدرێته‌ کاندیده‌کان و کادره‌ دڵسۆزه‌کان که‌ سه‌رپه‌رشتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ن و هه‌ڤالانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی خۆیان لە بانگه‌شەی هەڵبژاردنه‌کان به‌دوربگرن ، دوابه‌دوای ئاشکرابونی ده‌ره‌نجامه‌کان ..هەڵسەنگاندنی رۆژنامە نووس و چاودێرانی سیاسی و پسپۆڕانی بواری هەڵبژاردن، پیاده‌کردنی ئه‌و ئه‌زمونه‌یان له‌ سه‌رپه‌رشتیکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ لایه‌ن کاندید و کادره‌ دڵسۆزه‌کانه‌وه‌ به‌ هۆکارێکی گرنگی هەڵکشانی دەنگەکانی یەکێتی وه‌سفکرد.
ئه‌م ده‌سکه‌وته‌ بۆ قۆناغی ئه‌مڕۆی دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان سه‌رجه‌م دڵسۆزانی یه‌کێتی ده‌خاته‌ به‌رده‌م لێپرسراوێتیه‌کی مێژویی و ده‌بێت مامه‌ڵه‌ی ووردبینانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و متمانه‌یه‌دا بکرێت که‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌ ڕێی ده‌نگه‌کانیانه‌وه‌ پێیان به‌خشین ، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌مان لێده‌کرێت که‌ به‌رهه‌می ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ له‌ پێناوی ڕێکخستنه‌وه‌ی ناوماڵ و چاکسازی ڕاسته‌قینه‌ و ئاڕاسته‌یه‌کی دروستی کارکردنی سیاسی و حیزبیدا به‌کاربه‌رین ، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ئەنجومەنی گوشار چەند داواکاری و پێشنیارێك ئاراستەی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند ده‌کات :

1.هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ هه‌نگاونان بۆ ئاماده‌کاریه‌کانی به‌ستنی (کۆنگره‌ی چوار)‌ ....کۆنگره‌یه‌ک که‌له‌ ئاستی چاوه‌ڕوانیه‌کاندا بێت و گۆڕانکاری ریشەیی چەندایەتی و چۆنایەتی لەئۆرگان و به‌رنامه‌ی کار و سیاسەتەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا ئه‌نجام بدات و نه‌وه‌ی نوێ پێگەی شایستەی لە جومگه‌ باڵاکانی سەرکردایەتی یەکێتیدا بۆ فه‌راهه‌م بکرێت و پەیڕەو و پرۆگرامێکی گونجاو له‌گه‌ل قۆناغی خه‌باتی ئه‌مڕۆدا دابڕێژێته‌وه‌.
2.ئەنجامدانی کۆنفراسێك بۆ توێژینەوە و هەڵسەنگاندنی ده‌ره‌نجام و هۆکاره‌کانی شکستی هه‌ڵبژارنه‌کانی (21.09.2013 )و ئه‌و سەرکەوتنه‌ی له‌هه‌ڵبژارنه‌کانی (30.04.2014) به‌ده‌ستهات.
3.پێداگرتن لە ماف و پشکه‌کانی یه‌کێتی بەپێی استحقاقی هەڵبژاردنه‌کان و پێکهینانی ئه‌نجومه‌نێکی تایبه‌تمه‌ند به‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و پاڵاوتنی کاندیده‌کان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی به‌شه‌ پشکی یه‌کێتی له‌و پۆستانه‌ی که‌ ده‌یانگرێته‌ ئه‌ستۆ.
4.له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌نگه‌کانی (ی.ن.ک) له‌ده‌ره‌وه‌ی ووڵات پاشه‌کشه‌یه‌کی به‌رچاوی کردوه‌ که‌له‌ئاست پێگه‌ و کاروانی قوربانیه‌کانیدا نیه‌، پێویست ده‌کات هۆکاره‌کانی ئه‌م پاشه‌کشه‌یه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌کی تایبه‌ته‌وه‌ به‌دواداچونی بۆ بکرێت و لێپرسراوی ئۆرگانه‌کانی ده‌ره‌وه‌ له‌ ڕوانگه‌ی پرانسیپی پاداشت و سزا لیکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بکرێت.

ئه‌نجومه‌نی گوشار 27.05.2014

 

 

 

Related Articles

تەواوی بابەتەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەی دووهەزار و سەد بابەتە