ڕووداوەکانی کوشتنی ژنان لە کۆمەڵگای ئێمەدا نامۆ نین.مریەم، ساکار، گوڵان، کوردستان، جووتە خوشکەکەی چەمچەماڵ، خوشکەکانی سەید سادق و دەیان ژن و کچی تر بوونەتە قوربانی بە بیانووی نامووسپارێزی.بەڵام هیچکام لەو رووداوانە هێندەی ئەوی "دوعا" و ئهوی هەفتەی ڕابردووی "دنیا" کاریان لە شەقام و هەستی تاکی هەستیاری کورد نەکردوو و گۆمی بێدەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان نەشڵەقاند.لەگەڵ ئەوەیشدا پیناێ هێشتا لە پەیام و زەنگی ئەو دوو تاوانە گەورەیە گەیشتبین.
ڕۆژانی رابردوو، کاتێ تاوانی وەحشیانەی کوشتنی ژنێکی 15 ساڵان دوای تاوانی دوو جار بە شوودانی هەموومانی ڕاچڵەکاند، چالاکانی مافەکانی ژن و مرۆڤی کورد لە سەرتاسەری کوردستان و وا لە هەندێ دەوڵەتانی ئەوروپایشدا لە دژی ئەم زنجیرە تاوانە هاتوونە دەنگ.خاڵە سەرەکییەکانی ئەم خۆپیشاندان و کەمپین و چالاکیانە داوای دۆزینەوەی بکوژەکەی "دنیا" و ئەو کەسەی کە مارەی کردوەو کارکردن بۆ بنبڕکردنی دیاردەی ژنکوژییە و هەندێکیشیان چەند میکانیزمێکییان پیشنیارکردوە.
هەڵبەت لە دوای تاوانی وەحشییانەی کوشتنی دوعا، گەلێک هەنگاو نراون، بەڵام دەبێ دان بەو راستییەدا بنێین کە هەنگاوەکان لە ئاست تاوان و دیاردەکەدا نەبوون، چونکە نکوڵی ناکرێ کە لە دوای دوعا دەیان ژن و کچ ی تر کوژراون، یان خۆیان سووتاندوە.حکومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان کە حزبەکانیان خاوەنی چەندان رادیۆو کەناڵی تەلەفزیۆنن، شکستیان هێناوە لە دانانی بەرنامەیەکی درێژخایەن و تۆکمەی هۆشیاری بۆ تەحریمکردنی توندوتیژیی خێزانی و کوشتنی ژنان لە ڕێگای کەناڵەکانیانەوە کە دەگەنە هەموو مالێکی کوردستان.ئەوقاف و زانایانی ئاینی ئیسلام شکستیان هێناوە لەوەی بە بە رەسمی و بە دەرکردنی فەتوایەک لە خەڵک بگەیەنن کە تاوانەکانی ژنکوژی بەپشتیوانیی ئاینی ئیسلام شەرعی نین، باوک و براو هاوسەرو کەسوکار مافیان نییە بە ناوو پاساوی جێبەجێکردنی حەددی شەرعی، ژن بکوژن.تائێستا زانایانی ئاینی ئیسلام ئامادەیی جەستەیی کچ دەکەنە پیوەر بۆ مارەکردن و لە ڕچاوکردنی ئامادەیی عەقڵی و دەروونیدا بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی خێزان شکستیان هێناوە.پەروەردەو خوێندنی باڵا شکستیان هێناوە لەوەی لەناوەندەکانی خوێندندا منداڵان و گەنجان لەم تاوانانە هۆشیاربکەنەوە.دادگاکان و سیستمی داد شکستیان هێناوە لەوەی تاوانکارانی ژنکوژ سزایەکی وەها بدرێن تا ببنە وانە بۆ ئەوانەی کە لە ئایندەدا زات نەکەن بیر لە کارێکی وەها بکەنەوە و لێبوردن نەیانگرێتەوە.
هەر شکستی ئەم ناوەندو ڕیکخراووو دەزگایەنەیە، وای کردوە رۆژی 29 ی مایس 2014 کەسوکاری بکوژی راستەوخۆی "دنیا"ی 15 ساڵ جورئەت بکەن و ماف بە خۆیان بدەن، بێنە سەر شەقام و داکۆکی لە کوشتنەکە بکەن.ئەوان لەسەر شەقام و بەردەم زوومی کامێراکاندا هێندە بی ترس و بێ باک دەردەکەوتن وا هەستت نەدەکرد ئەوەی بەهای مێینە بێ لەناو ئەو خێل و کۆمەڵگایەدا هەبێ.ئەوان داوایان دەکرد "شۆلەکە گەورە نەکرێ [چونکە] لەسەر نامووس بووە".یان دەیانووت "ئەمە قبوڵ ناکرێ و ئێمەیش بووینایە هەر وەهامان دەکرد".لە لایەکی تریشەوە هێندەی لە خەمی ناوبانگی ئەو وێرانەیە "کەلەکچی"دابوون، هێندە لە خەمی بەهاو ژیانی مێینەدا نەبوون.ئەمانە لە وتەی ڕیش سپی و بەناو ڕوولەخواو ژیر و خاوەن هۆش و عەقڵەکانیان بوون.
ئەم دەرکەوتن و داکۆکیییەی کەسوکاری بکوژەکەی "دنیا" بە ئاشکرا هەمان ئەو پەیام و زەنگە مەترسیدارەی "دوعا" دایەوە بە گوێماندا کە کاتی خۆی نەمانبیست: "گەلەکۆمە بۆ کوشتنی مێینە بە بیانووی نامووسپارێزی".
جا کارەساتی گەورەتر لە کوشتنی هەر مرۆڤێک، لێرەوە دەست پێدەکات.بەربڵاویی ئەم عەقڵیەتە دواکەوتو و وەحشیگەرە زەنگێکی مەترسیدارەو پەیامیکی سانا نییە نادیدە بگیرێ.ئەو دڕندانەی بۆ داکۆکی لە کوشتنی دنیا هاتوونەتە سەر شەقام و بەیاننامە دەخوێننەوە، پێمان دەڵێن ئامادەیان تێدایە "دنیا"کانی تریش بەهەمان دەرد ببەن.ئەوان بە ئاشکرا دەڵێن هیچ مێینەیەک لە ناویاندا سەلامەت نییەو هەمان چارەنووس چاوەروانی دەکا.بۆیە پێناچێ تەنها هاوسەرە 45 ساڵەکە لە تاوانی قیزەونی کوشتنی "دنیا"ی 15 سالەوە گلابێ.زۆر ڕێی تێدەچێ ئەو هەموو دڕندە مێشک داڕزیوانەیش هاندەری تاوانەکە بووبن.جا بۆ پاراستنی ژیانی میینەکانی تری کۆمەڵگای کەلەچی و دەستەبەرکردنی دادپەروەریی تەواو پێوستە سنوور و سەقفی لیکۆڵینەوەو لێپیچینەوەکان فراوانبکرێن و هەر یەک لەو کەسانە بگرنەوە کە لەو داکۆکییەدا دەرکەوتوون.سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بەجددی کار و لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم پرسە بکەن و داکۆکی کردن لە تاوان دەبێ شەرمەزار بکرێ.