كوردایه‌تی پارتی و په‌كه‌كه‌ ... زوهری ئێدلبی

به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك من دژی هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌كی كوردی نیم، له‌ هه‌ر شوێنێك و له‌ ژێر هه‌ر ناوێك بێت، ته‌نها مه‌به‌ستی كوردایه‌تی كردن بێت، له‌ لای من پیرۆزه‌ و به‌ ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆمی ده‌زانم شانبه‌شانی هه‌ر تاكێكی دیكه‌ تێبكۆشم بۆ به‌ده‌سهێنانی مافه‌كانمان و خۆم بكه‌مه‌ قوربانی، لی تاكو ئاشتی هه‌بێت من شه‌ڕی چه‌كداری و خوێن رشتنی دوو كه‌س كه‌ یه‌كتری ناناسن له‌ پێناو دوو كه‌س كه‌ یه‌كتری ده‌ناسن، په‌سه‌ند ناكه‌م و له‌ گه‌ڵ ئاشتی هه‌وڵ ده‌ه‌م پێنووسه‌كه‌م بكه‌مه‌ چه‌كی فشار و دیپلۆماسییه‌ت بۆ به‌ ده‌ستهێنانی مافه‌كانمان. هه‌موومان شاهیدی ئه‌وه‌ین كه‌ ساڵانه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ بناری قه‌ندیل و له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی ئاهه‌نگی نه‌ورۆز ساز ده‌كات و له‌ هه‌موو شار و شاروچكه‌كانی كوردستان ئاماده‌ی ده‌بن، بێجگه‌ له‌وه‌ كه‌ زۆرێك له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی په‌كه‌كه‌ له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی پارتی كار ده‌كه‌ن، بی ئه‌وه‌ی كه‌مترین رێگری له‌ هیچ هاووڵاتیه‌ك بكری، ئه‌وه‌یه‌ پراكتیزه‌ كردنی دیموكراسیه‌ت كه‌ پارتی ده‌یه‌وێت خه‌ڵك ئازاد بێت له‌ بیركردنه‌وه‌ و لایه‌نگری كردن، ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌ت بكه‌ین پارتی سینگی فراوانه‌ و كوردایه‌تی كردن بۆ ئه‌و له‌ هه‌ر شوێنێك بێت راسته‌ و پشتگیری لێده‌كات، لی مخابن په‌كه‌كه‌ تا توانیبێتی له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانی سێبه‌ری ئۆپۆزسیۆن و هه‌ندێك له‌و راگه‌یاندنانه‌ی كه‌ سه‌ر به‌ هه‌ندێك حزبی ده‌سه‌ڵاتداریشه‌، هێرشی تۆند بكاته‌ سه‌ر پارتی و هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات كه‌ له‌ سۆز و خۆشه‌ویستی ئه‌و كه‌م بكاته‌وه‌، تا توانیبێتی له‌ رێگه‌ی كه‌سانێكه‌وه‌ هێرشی تۆندی كردووته‌ سه‌ر پارتی و دڵی به‌مه‌ خۆش نییه‌ كه‌ پارتی حزبێكی كوردستانییه‌، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ كه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان ناهێلێت هیچ لایه‌نێكی دیكه‌ی سیاسی كورد سه‌ر هه‌لێنی و ته‌نها خۆی ده‌كاته‌ حاكمی مۆتله‌قی كه‌سانێك كه‌ باڵی په‌كه‌كه‌یان پی قبوول نییه‌، ئه‌مه‌ واته‌ په‌كه‌كه‌ دیكتاتۆریانه‌ بیر ده‌كاته‌وه‌ و زه‌ڕه‌ مسقاڵێك بۆن و بوونی دیموكراسی لای ئه‌وان نادۆزرێته‌وه‌ و دیموكراسی و ده‌نگی جیاواز بۆیان بووه‌ته‌ سه‌همێك كه‌ له‌ سێبه‌ری خۆیان ده‌ترسنه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی په‌كه‌كه‌ هێزێكی چه‌كداری ستالینیزمه‌، لی ئه‌وه‌ی له‌ ناوخۆدی ئه‌و حزبه‌دا په‌یره‌و ده‌كری، بریتییه‌ له‌ بیركرنه‌وه‌یه‌كی تاكه‌كه‌سی و سه‌پاندنی ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێكی دیكه‌، كه‌ به‌ له‌ خشته‌ بردنیان توانیویانه‌ ئه‌و هێزه‌ فراوانه‌ بیر كردنه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك كز بكه‌ن و هه‌ژموونی خۆیان به‌ هه‌ر شێوزاێك بێت، بسه‌پێنن. ساڵانه‌ لایه‌نگرانی په‌كه‌كه‌ له‌ شاره‌كانی باشووردا و هه‌ندێك له‌و گه‌ریلایانه‌ی له‌ شاخیشن، به‌ ئازادانه‌ دێنه‌ ناو سه‌نته‌ری شاره‌كانی باشوور و جۆره‌ها راپرسی ده‌كه‌ن و پارتیش بێجگه‌ له‌ ئاسانكاری و یارمه‌تیدانی، پشتیوانیان لێده‌كات و ئه‌منیه‌تیشیان داپارێزێت، بێجگه‌ له‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ به‌ ئازادانه‌ له‌ هه‌وڵی به‌هێز كردنی رێكخستنه‌كانی خۆیه‌تی له‌ باشوور و به‌ ئازادانه‌ كۆبوونه‌وه‌ به‌ خه‌ڵك ده‌كات، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ بناری قه‌ندیڵی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌ ده‌ست پارتییه‌وه‌یه‌، شاره‌وانی و بازگه‌ و جۆره‌ها ماڵی له‌ ناو خه‌ڵكی گوندنشیندا داناوه‌ و به‌ زۆریش بێت خه‌ڵكی گونده‌كانی ئه‌م ناوه‌ كردوویه‌تیه‌ لایه‌نگری خۆی و له‌ ژێر ره‌حمه‌تی ئه‌وان، ئه‌م خه‌ڵكه‌ سڤیله‌ش بی به‌ش نه‌بووه‌ له‌ زیانی گیانی و ماددی فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی توركیا، له‌ كاتێكدا كه‌ له‌ باكوور نه‌یتوانیوه‌ بچووكترین گوند ببیخاته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی. ئه‌مانه‌ گه‌واهیده‌رن بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌ڵمێنێت كه‌ پارتی كوردایه‌تی ده‌كات و ده‌یه‌وێت دیموكراسیه‌ت پراكتیزه‌ بكاته‌ بنه‌مای حومڕانی، به‌ڵام چوار كه‌سی سه‌ر به‌ پارتی ناتوانن له‌ رۆژئاوای كوردستان به‌ ئازادانه‌ بلێن ئێمه‌ پارتین و هه‌رچی زووه‌ قۆلبه‌ست ده‌كرێن و وه‌كو رژێمی ئه‌سه‌د مامه‌ڵه‌ی له‌ گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، یا خۆد به‌ زۆر خۆی به‌ سه‌ر خه‌ڵكێكدا سه‌پاندووه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ گه‌ل شێوزای خه‌بات و بیركردنه‌وه‌ی باڵی په‌كه‌كه‌ له‌ رۆژئاوادا نین و به‌ خۆش و ناخۆش ده‌بێت ته‌سلیمی ئیراده‌ی به‌ زۆر سه‌پێنراوی ئه‌وان بن، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ دیكتاتوریه‌تیش تێپه‌ڕی كردووه‌. له‌ رێگه‌ی چه‌ند براده‌رێكی رۆژئاوایی ئاگاداری ئه‌وه‌م، كه‌ كادرانی په‌یه‌ده‌، له‌ هه‌ر شارێكدا چه‌ند كچێكی راهێناوه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌چنه‌ ماڵی لایه‌نگرانی پارتی و به‌ چه‌ند قسه‌یه‌كی خۆش ئه‌و ماڵه‌ وا لێده‌كه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ دڵیشیان نه‌بێت، بلێن ئێمه‌ش بووینه‌ په‌یه‌ده‌ و هه‌رچی ئێوه‌ بلێن، ئه‌م شێوزاه‌ رێكخستنه‌ له‌ ناو رێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ به‌ درێژایی مێژووی دروستبوونیان هه‌یه‌ و توانیویانه‌ ئه‌و ئامانجه‌ش بپێكن. ناردنی كچ بۆ ماڵه‌كان زیاتر بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد زیاتر رێز له‌ ئافره‌ت ده‌گرن و ناتوانن به‌ ئاسانی دڵی بشكێنن. ئه‌مه‌ش فێلێكی سیاسییه‌ كه‌ زۆرێك له‌ حزبه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان به‌ كاری ده‌هێنن. به‌ كورتی و كوردی به‌ قسه‌ی خۆش مار له‌ كونه‌كه‌ی بێنه‌ ده‌ره‌وه‌.

له‌ ناو پارتی ئازاده‌ سه‌ر به‌ چ لایه‌نێكی، ئه‌وه‌ی به‌ لای پارتیه‌وه‌ گرنگه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد بیت و بۆ كوردایه‌تی كار بكه‌یت، به‌ڵام له‌ ناو په‌كه‌كه‌دا ئه‌مه‌ نییه‌ و چه‌ندین جار گوێبیستی ئه‌وه‌ بووینه‌ كه‌ به‌ هۆی هه‌لاتنی گه‌ریلاكان و ماندوو بوونیان له‌م چه‌كداریه‌، له‌ رێگه‌ی هه‌لاتندا كوژراون و ته‌نانه‌ت بی رێزیش به‌ جه‌سته‌كه‌یانه‌وه‌ كردووه‌. ئه‌م دووانه‌ دوو بیركردنه‌وه‌ و دوو كردار و دوو رێبازی دژ به‌ یه‌كن.

رۆژئاوای كوردستان كه‌ به‌شێكی دانه‌بڕاوی پارتییه‌ و به‌ر له‌ بوونی په‌كه‌كه‌ له‌و به‌شه‌دا، پارتی ره‌گی خۆی داكوتاوه‌ و ساڵی نه‌وه‌ده‌كان، كه‌ به‌رێز بارزانی سه‌ردانی قامشلۆ ده‌كات، ئه‌م راستیه‌ ده‌سه‌لمێنی. هه‌لبَه‌ت له‌ لایه‌ك گۆڕینی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ له‌ یه‌كتر سڕینه‌وه‌ بووه‌ته‌ په‌یوه‌ندیه‌كی دیپلۆماسی نێوان دوو ولات و به‌ره‌و پێشڤه‌چوونی ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ سیاسی و ئابووریه‌، وای له‌ په‌كه‌كه‌ كرد كه‌ زیاتر هه‌ست به‌ كزی خۆی بكات و ببێته‌ لایه‌نی سێیه‌می پرۆسه‌ی ئاشتی، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی توركیا پرس به‌ هه‌ولێر ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ پرس به‌ قه‌ندیل و ئیمرالی ناكات و ئه‌مه‌ش له‌ هزری سیاسی و دیپلۆماسی په‌كه‌كه‌دا به‌ پیلان و ئاژاوه‌گێڕی ناوزه‌د ده‌كری. له‌ لایه‌كی دیكه‌، به‌هێزبوونی پارتی له‌ باكووری كوردستان، به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ر رێبازی بارزانی، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ په‌كه‌كه‌ی نیگه‌ران كردووه‌ كه‌ له‌ لایه‌ك ببێته‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤێك بۆ خه‌ڵكی باكوور و بتوانی به‌ چه‌ند ئه‌ندامێك په‌ڕلمانی توركیا تاقی بكاته‌وه‌ و له‌ لایه‌كی دیكه‌ ببێته‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤ و لایه‌نی سێیه‌می پڕۆسه‌ی ئاشتی. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌مان له‌ بیر بێت كه‌ پرۆسه‌ی ئاشتی به‌ بی په‌كه‌كه‌ پرۆسه‌یه‌كه‌ پڕ له‌ كه‌م و كوڕی و ئه‌سله‌ن په‌كی ده‌كه‌وێت.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.