لەبەرئەوەی ئابووریی سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداریی لەسەر بنچینەی زێدەبایی و چنینەوەی هێز و بڕستی کار دامەزرایە وە شێوەیەکی ئاسایی و وە بەردەوامیی لە سووڕی ژیانی خۆیدا قۆناغەکانی بوژانەوە و هەڵئاوسان و قەیران دووبارە دەکاتەوە و لە هەر یەک لەو قۆناغانەش رەنگدانەوە و کارتێکردنی ئەرێنیی و نەرێنیی خۆی - کە هەردەم رەنگدانەوە و کارتێکردنە نەرێنییەکانی پترن - لەسەر بازاڕ و ژیان و گوزەرانی خەڵک وە تایبەتیش لەسەر کرێکاران و نەدارن و سەرلەبەری مووچەخۆران دادەنێ.
ئابووری کوردستانیش کە هەر هەمان ئەو سیستەمەیە..لەسەر هەمان پێودانگ کار دەکا و بەڕێوەدەچی، ئەوە وە جودا لەوەی کە قەوارەیەکی تایبەتی ئابووریی وەک هەر قەوارەیەکی دیکەی ئەو وڵاتانەی هەیە کە وە هۆی بازرگانیی نەفت و کانزای دیکە پتر بەکاربەرن لەوەی بەرهەمهێنەر بن تووشی قەیرانی تایبەت و ناوازە دەبیتەوە..وە هۆی جۆری سیستەمە رامیارییەکەشی دەگەڵ عێراق - فیدرالیەتەکی ساغنەبۆوە و عەنتیکە - بنەمایەکی ئابووریی ناجێگیر و پەرپووتی هەیە و زۆر وە ئاسانیی وە هۆی هەڵپەی خڕکردنەوە و کەڵکەکردنی سامان لە لایەن سیاسەتبازەکانەوە وە تایبەتییش ئەو سیساسەتبازانەی کە لە نێو پەیوەندیی و بەرهەمهێنانە سەرمایەدارییەکان لە ژێر هەژموونی خێڵ و بنەماڵەن و وە پێی فەرهەنگی دەرەبەگیی هەلسوکەوت دەکەن و جۆر و شێوەی سیستەمی بازرگانیی و وەبەرهێنان دیاردەکەن و دەیانخەنەگەڕ..دووچاری قەیرانی نائاساییش دەبیتەوە.
هەر ئەو بنچینانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دان بوونەتە هۆی ئەوەی لە لایەک ناکۆکیی و ململانێی رامیارییانەی ئابووریی لە نێوان ناوەند و هەرێم پەیدا ببن و پەرەبستینن و رەوتی جوولەی بازاڕ سست و نەخۆش بکەن..لە لایەکی دیکەش تێکڕای پارەی نەفتی کوردستان بڕژێتە بانکەکانی بنەماڵەی بارزانی وەک یەک خێڵی سەرکوتگەری دەسەڵاتدار و بانکەکانی ماڵی ئەردۆغان لە تورکیا کە هەردووکیان وە زیان و داتەپینی ئابووریی نیشتیمانیی تەواو دەبن و هەڵئاوسانی دارایی دروست دەکەن..ئەوەش سەرئەنجام ئابووری کوردستانی بەو شێوەیە لە پەلوپۆ خستییە و وای کردییە ئەو قەیرانە ئابوورییەی هەنووکە رووبدا و وە شێوەی نەمانی پارە لە بانکەکان و دواخستن و نەدانی پارەی مووچەخۆران خۆی دەربخا.
هەر لەو بارودۆخ و چارچیوەیەشدا نوکتەیەکی ئابووریی - رامیاریی خۆی قوت کردیتەوە؛ ئێستا بانکەکانی حکومەتی هەرێم لە مێشکی رێکخراوەکانی "کۆمەڵگەی مەدەنیی"بۆشترن..هەر لەپڕیش هێندەک وەبەرهێنەر و بازرگانی چاوچنۆکی نیشتیمانیی لە پێناو بەرژەوەندییە سەرمایەدارییە چەوسێنەرییەکانیان دەیانەوێ وە هێندەک پارە - کە لە بودجەی میللەت دایاندۆشیە - دەستگیرۆیی حکومەتە ناحکومەتەکەی نێچیروان بکەن و بانکەکانی پڕ بکەنەوە و ماوەیەک لە مردن رزگاری بکەن، زۆر عەنتیکەیە..نازانین دەبێ کەنگێ مێشکی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی پڕ ببیتەوە تا لە جیاتی تەنگاوبوون و خۆپیشاندانیان لۆ پەلەکردن لە لەدایکبوونی ئەو حکومەتە سەقەتە - کە خەریکە نەشتەرگەریی قەیسەریی لۆ ئەنجام دەدەن - بەرانگژی دەسەڵاتداران ببنەوە و ببێژن: نا لۆ ئەو حکومەتەی کە لەو هەموو پارە و سامانەی زۆر و زەبەندەی کوردستان ناتوانی مووچەی خەڵک دابین بکا، نا لۆ ئەو حکومەتەی کە بوون و نەبوونی هیچ جوایەزییەکی نییە لۆ هەژاران و ئەو خەڵکانەی کۆیلەی حیزبەکان نیین.