کاتێ کە حیزبە سەرکییەکانی باشووری کوردستان ( لیستی کەرکوکی کوردستانی )یان راگەیاند ، بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نیسانی ( ٢٠١٤) دا. . ئەم مژدەیە خۆشی و شادیی خستە دڵی هەموو کوردێکەوە لە هەموو شوێنێکی کوردستان و دەرەوەی کوردستاندا. . بە تایبەتیش کورد لە کەرکوک و لە ناوچە داگیرکراوەکانی ترماندا. . هەموو کوردستانپەروەرێک ، گەشی کەوتە روویان و ، هیوای گەڕانەوەی کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان بۆ سەر خاکی کوردستان کەوتە دڵیانەوە. . هەر ئەم مژدەیە ، سوێ و داخی خستە دڵی هەموو نەیارانی گەلەکەمانەوە. . بۆیە هەر زوو ناحەزانی گەلەکەمان چ لە عێراق و ، چ لە وڵاتانی ناوچەییدا ، هاتنە سەر خەت و توانیان گوشار بخەنە سەر یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان و ، لەسەر داوای ئەوان. . لیستەکە هەڵبوەشێننەوە. . هەموو کوردێکیش دەزانێت کە ئەو دەوڵەتە چ دەوڵتێکە ، کە لە پشت ئەم پیلانەوەیەوەیە. . ئەو حیزبە کوردییەمان بۆ بەرژەوەندیی ژێراوژێری خۆی فریوی خوارد. . ؟! بێگومان هەڵوەشاندنەوەی ئەم لیستە و ، یاریکردن بە چارەنووسی کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان ، لە ئەستۆی پەڕلەمان و حکومەت و ، حیزبە سەرەکییەکانی باشووری کوردستان دایە. . ( پارتی ، یەکێتی ، گۆڕان ، ئیسلامییەکان ، شوعی ، سوسیالیستەکان ، نەتەوەییەکان ) ، ئۆباڵ دەخرێتە ئەستۆی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکان. . چونکە هەموو بێدەنگ بوون و هیچ ناڕەزاییەکی ئەوتۆیان دەرنەبڕی دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی ، لیستی کەرکوکی کوردستانی. . ؟ یەک یەکتری بە تاوانبار و خەتابار دەزانن. . میدیا و راگەیاندنەکانیشیان هێندەی تر ئاگرەکەیان گڕتر کردووە. . ؟ ئەو دروشمانەی دەربارەی کەرکوک بەرزیان کردبۆوە : ( کەرکوک دڵی کوردستانە ) و ( کەرکوک قودسی کوردستانە ) تەنها موزایدەی حیزبین و قسەی رووتن. . ئەی ئەوە نییە کەرکوکتان کردووە بە( کەرکوکی گۆڕەپانی ململانێی پارتی و یەکێتی و گۆڕان. . ؟)
ئێوە لە جیاتی بنیاتنان و بەهێزکردنی ( ناوماڵی کورد ). . پەرژەوەندی و دەسکەوتی تەسکی حیزبیتان بەلاوە گرنگ بوو ، لە پێناوی دەسەڵات و پایە و کورسیدا ، ماڵی کوردتان بە قوڕ گرت ، ماڵی کوردتان هەڵوەشاندەوە و ، وێرانتان کرد. . ێێوە کەرکوکییەکانتان بێ هیوا کرد. . ئەوتان سەلماند ، کە دەسکەوت و بەرژەوەندیی حیزبیتان ، لە بەرژەوەندی و ، لە چارەنووسی گەلەکەمان بە لاوە گرنگترە. . هەر یەکەتان خۆی بە حیزبی پێشڕەو دەزانێت ( حزب القائد ) و ، حیزبەکانی تر بە سەپان دەزانێت. . ئەوەتە خەڵکی ناوچە ستەملێکراو و داگیرکراوەکانمان بوونەتە قوربانیی فیز و خۆبەزلزانی و نەزانی ئێوەی ناکۆک. . کەرکوکییەکانن باجی ململانێ و رێنەکەوتن و ناکۆکییەکانتان دەدەنەوە. . ؟ ئێوە لە ئاستی یەکتریدا شێرن و. . لە رووی ناحەزانی کورد و کوردستانیشدا شدا نەوێرن. . تاکەی پەند و وانە لە هەڵەکانی رابردوومان. . لە هۆیەکانی شکستی و لە نەهامەتییەکانمان. . لە مەرگەساتی هەڵەبجە و ئەنفالمان. . لە کۆڕەوەکانمان. . لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانمان. . لە شەڕی قێزەوەنی براکوژیمان. . . هتد ، وەرناگرن. . ؟! هەموو ئەمانەتان لە بیرچۆتەوە. . ؟!. . هیندەی لە هۆڵی بە دەستهێنانی پایە و پلە و کورسیدان. . نیو هێندە لە خەم و پەرۆشی کەرکوکدا نین. . شەرەکەتان لەسەر قورخکردنی دەسەڵات و کورسیدایە. . نەک لە پێناوی گەڕانەوەی شاری کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانمان بۆ باوەشی کوردستان. . ئێمەی کورد تا ئێستا بەشەڕ نەدۆڕاوین. . بەڵام هەردەم لە سیاسەت و مناوەراتدا هەڵخەڵەتاوین و دۆڕاوین. . ئەم هەڵانەتان ، هەڵەی ستراتیژی و چارەنووسازن. . رەنگدانەوەیەکی زۆر خراپیان لەسەر ئەمڕۆ و ، لەسەر داهاتووی گەلەکەمان دەبێت. . ئەم تێکەوتن و هەڵانەتان ، خواست و ئامانجەکانی ناحەزانی گەلەکەمان دەهێننە دی.
بە ڕێنەکەوتنتان و ، بە ( هەڵوەشاندنەوەی لیستی کەرکوکی کوردستانی ) گورزێکی زۆر جەرگبڕتان لە گەلەکەمان دا. . ئێوە بوونە هۆی بێ هیزی و لێکدابڕانی ریزی گەلەکەمان. . ئۆباڵی پەرتەوازی و دابەزینی رێژەی دەنگدەرانی کورد ، لە کەرکوک و لە ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان. . هۆکارەکەی ئێوەن. . ئیوەن بوونەتە مایەی پێکەنین و گاڵتەجاڕیی ناحەزانی گەلەکەمان. . ئیوەن بوونەتە هۆی بەهێزکردنی بەرەی ناحەزانی گەلەکەمان. . ئەوان ئەمەیان بە هەل زانی ، هەموو ناکۆکییەکانی خۆیان بەلاوە ناو و. . بڕیاری یەکڕیزی و یەکدەنگی و یەک لیستەیی خۆیان راگەیان و ، بە ئاشکرا رکەبەرایەتی کورد دەکەن ، لە کەرکوک و لە ناوچە داگیرکراوەکاندا. . بە هەلیشی دەزانن کە درێژە بە بەعەربکردن و بە شیعەکردنی کەرکوک بدەن. . لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە سەد و پەنجا ماڵە عەرەب لە باشوور و لە ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوونەتە کەرکوک و لە تۆماری سەرژمێریی کەرکوکدا تۆمار کراون. . بێجگە لەو عەرەبانەی کە قەرەبووی مادەی سەد وچلیان وەرگرت و ، بە کاتی و فێڵ باریان کرد. . هەموویان گەڕاونەتەوە و ، ناویشیان لە تۆماری دەنگدان هەیە. . لە لایەکی تریشەوە بزووتنەوەی بە شیعەکردنی کەرکوک زۆر بە خێرایی و بە ئاشکرا ئەنجام دەدرێت و. . هاوکاریی و پشتگیریی حکومەتی عێراقیشیان لە پشتەوەیە. . هەموو ئەمانە بە زیانی کورد لە کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان شکاونەتەوە و دەشکێنەوە. . ئەم پیلانە گڵاوە بۆ گۆڕینی تۆبۆگرافیای کەرکوک و کەمکردنەوەی رێژەی نەتەوەیی کوردە لەم ناوچە کوردستانییەماندا. . بەداخەوە تا ئەمڕۆش حیزبە کوردستانییەکان و حکومەتی کوردستان و پەڕلەمانی کوردستان ، لە ئاستی ئەم پیلانانەدا بێدەنگن و قوڕ و قەپیان لێکردووە ، ئەگەر جار و بار قسەشیان کردووبێت ، بەڵام بە کردەوە رێگریان لەم سیاسەتەی نەیارانی کورد نەکردووە.
کورد لە کەرکوک و لە ناوچە داگیرکراوەکانی ترماندا ، زۆر بێزار و نیگەرانن. . لە ناکۆکیی نێوان حیزبە کوردستانییەکاندا. . ئەو گەرم و گوڕییەی کە هەیان بوو. . بەرەو ساردبوونەوە و کاڵبوونەوە دەچێت. . پێشبینی ئەوە ناکرێت کە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا کورد زۆرینەی کورسییەکانی پارێزگای کەرکوک بەدەست بهێنێت.
جارێکیان دکتۆر مەحمود عوسمان گوتی : " کەرکوک ( دڵە. . مڵە ). . ( قودسە. . مودسە ) گرنگ ئەوەیە کە کەرکوکمان لە دەست نەچێت. . ". بەڵام گەر ئەمە حاڵی حیزبە کوردییەکان بێت. . نەک هەر کەرکوک ، هەولێر و سلێمانی و دهۆکیش لەدەست دەدەن. . چونکە ئێمە خاوەنی ستراتیژییەتێکی سیاسی و دیبلۆماسییەتێکی یەکگرتووی دارێژراو و تۆکمە نین. . خاوەنی یەک وتاری سیاسی و ، یەک هەڵوێست نین. . فرە کوێخا و فرە ئاغاین. . هەریەکەو بەلای خۆیدا رای دەکێشی.
ئەو دەستەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی دواخست. . هەر لەسەر ویست و داخوازیی ئەو دەستە ، کە ( لیستی کەرکوکی کوردستانی ) هەڵوەشایەوە. . لەو باوەڕەدام کە لە داهاتوودا زۆر شت ئاشکرا دەبێت و ، ئەوەی لە بن بەڕەوەیە دەهێنرێتە سەر بەڕە.
ئەوەی جێی نیگەرانی و شایانی باس و پرسیارە بۆچی سەرۆکی کوردستان ، سەرۆکی حکومەتی کوردستان ، پەڕلەمانی کوردستان ، سەرۆک و سکرتێری حیزبەکان ، جەماوەری کوردمان جگە لە کەرکوک لە سێ شارەکانی تری باشووری کوردستان ، لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی لیستی کەرکوکی کوردستان هیچ هەڵویستێکیان نەنواند. . ؟؟
بۆ تا ئەمڕۆش سەرکردەکانی کوردمان نەهاتوونەتە سەر خەت. . ؟؟ بۆ پێش ئەوەی کارلە کار بترازێت لە سەر ئاستی باڵادا حیزبە کوردستانییەکان پێکەوە دانەنیشتن. . تا گرفت و کێشەکانیان ، برایانە چارەسەربکەن و ، نەهێڵن لیستی کەرکوکی کوردستانی هەڵبوەشێتەوە. . ؟؟ بۆ پێشتر و ئیستاش ، بوونەتە پاڵەوانی شاشەی تەلەفزیۆنەکان. . . ؟! کە چی لە مەڕ ئەم کێشەیەی کەرکوکدا بێدەنگ بوون و. . ؟ هەر وەکو شتێکی گرنگ نەبێت بە لایانەوە. . بۆ کەرکوکتان پشتگوێ خستووە ، بۆسەر بەم شارارەدا ناکەن. . ؟؟ ئەم هەڵویستانەتان دەتان خاتە بەردەم کۆمەڵێک پرسیار و ، گومان لە دڵسۆزیتان بۆ کەرکوک. . چونکە بەرژەوەندیی حیزبیتان خستۆتە سەرووی بەرژەوەندیی نەتەوەکەمانەوە. . ئێوە تا ئەمڕۆش لە کەرکوکدا حیزبایەتی دەکەن ، نەک کوردایەتی. . ئەگەر وانییە بۆ تەمەنی رێکەوتنەکەتان تەنها چەند کاتژمێرێک بوو. . ؟؟
هەموو کوردێک ئەوە دەزانێت کە ، ناکۆکی و رێنکەوتنی نێوان ئێوەی پارتی و یەکێتی ، لەسەر پایە و دەسەڵات و کورسییە. . ئێوە گەورەترین زیانتان بە خەڵکی کەرکوک گەیاندووە. . تەنانەت بەشێکی زۆری ئەندامان و لایەنگرانگرەکانی خۆشتانلێتان رازی نین و ، لەگەڵ ململانێ و هەڵوێستی نادروستیتان نین. . رووی ئەوەیان نییە لەبەردەم خەڵکیدا چاو هەڵبێنن و ، دەم بکەنەوە.
ململانێی ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە. . ئەنجامێکی باشی نابێت و ، هەردووکیانيش تووشی زیان و لە دەستانی بڕوا و متمانەی گەلی کوردمان دەبن. . وەکو بەسەرهاتی ئەم دوو رێوییەیان بەسەردێت : چیرۆکی ( دوو رێوی و سەلکێ پەنیر ) :
( دوو رێوی ، سەلکێک پەنیریان دەست دەکەوێت. . لەسەر بەشی زۆر و بەشی کەم ، رێناکەون. . مەیموونێک بانگ دەکەن ، کە سەلکە پەنیرەکەیان لێ دابەش بکات. . مەیموونکە تەرازوویەکی هێنا. . سەلکە پەنیرەکەی کرد بە دوو کەرتەوە. . کەرتێکی زۆر و کەرتێکی کەم. . مەیموونەکە بۆ یەکسان کردنەوەی هەردوو کەرتەکە. . قەپێکی گەورە لە کەرتە گەورەکە گرت. . ئینجا ئەم کەرتەیان کێشی سووک بوو. . قەپێکی گەورەتری لە کەرتەکەی تری گرت. . ئەمجارە ئەمەیان سووک بوو. . بەم جۆرە قەپێ لەم کەرت و قەپێک لەو کەرت. . مەیموونەکە بە تەواوی سەلکە پەنیرەکەی خوارد. . ئینجا رووی لە رێوییەکان کرد و پێی گوتن : " دڵنیام بەم بەشکردنەی من رازین. . ؟" )تەنهاش سەرشۆڕی و شەرمەزاری بۆ رێوییەکە مایەوە.
پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی تری باشووری کوردستان ، پێش ئەوەی شەرمەزاری گەلەکەمان بن ، پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە. . چارەنووسی گەلەکەمان و خۆشیان لەبەرچاو بگرن. . کورد وتەنی ئێیەکی تیا ماوە. . زیان لە نیوەشی بگەڕێتەوە. . هەر باشە. . ئەگینا ئێوە بەرپرسی سەرەکی دەبن. . لە ئەنجامێکی نەخوازراوی داهاتوودا. . مێژووش و نەوەی داهاتووش لێتان نابوورێت.
دەتوانن بە زوترین کات ، لەسەر ئاستیێکی سەرکردایەتیی باڵادا ، پێکەوە دابنیشن ، شەرم مەکەن و دان بە هەڵەکانتاندا بنێن و. . داوای لێبووردن لە خەڵکی کوردستان ، بە تایبەتیش لە خەڵکی کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانمانی ترمان بکەن. . چیتر بەرژەوەندی و چارەنووسی گەلەکەمان مەخەنە مەترسیییەوە و ، مەیان کەن بە قوربانی پەرژەوندی و ململانێی بێ مانای حیزبایەتیتان.
بەسە ناکۆکی و دووبەرەکی و ، دوو ئیدارەیی و دوو هێزی. . بەسە یەکتری سووک کردن و شەڕە قسە و تانە و توانج. . بەسە پاشەقولدانی یەکتری. . بەسە یاری کردن بە چارەنووسی گەلەکەمان. . بەسە کەوتنە داوی ناحەزانی گەلەکەمان. . بەسە. . بەسە. .