دایک لە گۆشەنیگای ناودارانەوە ..رەزا شوان

دایک جوانترین و شیرینترین و ناسکترین وشەیە ..دایک مەزنترین و بەنرخترین شتە لە گەردووندا ..سکی دایک پیرۆزترین نیشتمانە ..دایک خۆشەویسترین و دڵسۆزترین و میهرەبانترین کەسە لە هەموو ژیاندا ..لە ژیانی هیچ کەسێکدا، ئافرەتێک نییە کە بەبێ بەرانبەر و بەبێ منەت ئەو هەموو سۆز و خۆشەویستییەی پێ ببەخشێت، تەنها و تەنها دایکە ئەو سۆز و خوشەویستییە راستییە، بێ بەرانبەرە دەبەخشێت.

دایک سونبلی ژیانە ..هێمای خۆشەویستی و بەخشین و قوربانیدان و دڵنەوایی و دڵسۆزییەکی بێ سنوورە ..دایک کانییەکی روونی هەمیشە خوڕە و، سۆز و خۆشەویستیی لێ هەڵدەقوڵێ ..ئەوە دایکمان بوو پێش ئەوەی رووناکی لە چاوەکانماندا هەڵبێت، لە باوەشی کردین و نووساندنی بە سنگییەوە ..ئەوە دایکمان بوو، شەو تا بەیانی بەدیارمانەوە ئێشکی دەگرت و نانۆزی و، رایدەژەنین و، بە لایە لایە و گورگانە شەوێ دەیکردینە خەو ..ئەوە دایکمان بوو ئێش و ئازارەکانمانی هێوردەکردەوە و، زامەکانمانی ساڕێژ دەکرد و، دەستی بە سەرماندا دەهێنا و، بە چەند ماچێکی قووڵی گەرم، بە زەردەخەنە شیرین و ناسکەکانی خەم و ناسۆرییەکانمانی لەبیر دەبردینەوە.

هەر دایکی دڵسۆزمان بوو، هیوا و متمانە و بڕوابەخۆبوونی خستە دڵمانەوە و ..بە کورد و کوردستان پەروەریش گۆشی کردین ..هەر دایکانن نەوەی ئەمڕۆمان بە باشی و دروستی پەروەردە دەکەن، بۆ ئەوەی ببنە هیوای دواڕۆژی کوردستان ..دایک کۆڵەکەی خێزان و ماڵە ..ژیان لە سکی دایکدا لە دایک بوو، هەر لە سکی ئەویشدا دەمێنی و بەردەوامدەبێت ..ماندووبوون و ئەرکی گرنگی دایک پیروزترین خزمەتە.

دایک نزیکترین کەسمانە، دڵسۆزترین هاوڕێمانە ، یەکەمین مامۆستا و رابەرمانە، باشترین ئامۆژگاریکەرمانە، خەمخۆڕمانە ..لە تەنگانە و ناخۆشیدا پەنا و پاڵپشت و دڵنەواییکەرمانە ..لە شێنەیی و خۆشيشدا، دڵخۆشترین کەسە و هاوبەشمانە..دایک جوانتری و بۆنخۆشترین گوڵە ..گەلێ لە کەڵە شاعیران و نووسەران و هونەرمەندان و گەورەپیاوانی جیهان ..بە خۆشترین شیعر، بە بە شیرینترین سروود و، بە جوانترین وشە ، بە شاکارترین وێنە و پەیکەر ، کە شایستەی پایەبەرزی و شکۆداری و میهرەبانی دایک بن ..دایکانیان بەسەرکردوونەتەوە و، بە رێزەوە رۆڵیانیان بەرز نرخاندوون ..کەڵە رۆمانووسی جیهانی ـ مەکسیم گۆرگی ـ شاکارترین رۆمانی بە ناوی " دایک " ەوە نووسیوە ، دایکیش بەلای مەکسیم گۆرگییەوە ـ نیشتمان ـ ە ..بەڵی دایک نیشتمانە ..چی وتراوە و، چی کراوە، چی بوترێت و، چییش بکرێت ..نابنە پاداشت و پارسەنگی هاوسەنگ کرنەوەی خۆشەویستی و سۆز و بەخشین و دڵسۆزی و قوربانیدان و لێبووردەیی بێ هاوتای دایکان ..بۆیە هەمیشە خۆمان بە قەرزاری چاکە و دڵسۆزی دایکانی ماندوونەناسمان دەزانین ..ئەگەر ئەوان لێمان رازی نەبن و، گەردنمان ئازاد نەکەن ، ناحەسێینەوە و، ویژدان ئاسوودە نابین.

چەپکێکم لە وتە جوانەکانی هەندێ لە ناوداران بۆ گوڵبژێرکردوون و، گۆڕیویانم بۆ سەر زمانی کوردی، کە دەربارەی پیرۆزترین و مەزنترین کەس کە دایکە وتوویانە:

کۆلیریدج:

"*"دایک لە هەموو گیانلەبەرێک پیرۆزترە

شەکسپیر:

"*"لە جیهاندا، سەرینێک نییە کە لە باوەشی دایک نەرمتربێت

جوبران خەلیل جوبران:

"*"دایک هەموو شتێکە لە ژیاندا، دڵدەرەوەیە لە ماتەمینیدا، هیوایە لە بێ ئومێدیدا، هێزە لە لاوازیدا

ئەندریە گریتری:

"*"لە شاکارەکانی جوانەکانی کردگار دڵی دایکە

جان جاک رۆسۆ:

"*"دایە گیان، من رووحم نییە، رووحی تۆیە لە گیانمدا

ماری هۆبکنز:

"*"دایکایەتی گەورەترین بەخشینە کە خوا ژنانی پێ تابەتی کردووە

سوقرات:

"*"هەرگیز هەست بە دڵنیایی ناکەم، ئەو کاتە نەبێت کە لە باوەشی دایکم دام

مەحمود دەروێش:

"*"ناوت نانێم دایک، ناوت دەنێم هەموو شتێک

شاڤیـر:

"*"لە دنیادا یەک کەس هەیە کە لەژن باشترە، ئەویش دایکە

لی شین:

"*"شەوانی دایک مۆمێکی پیرۆزی بێ فیز و میهرەبانە، ژیان رووناک دەکاتەوە

جۆن ئادەمیز:

"*"شانازیی ئەو هەموو ناوبانگ و پایەبەرزییانەی پێیان گەیشتووم ..بۆ دایکم دەگەڕێنەوە

کیم ئیل سۆنگ:

"*"مرۆڤە هەڵکەوتووەکان، هەردەم ئەوانەن کە دایکیان بە باشی و دروستی پەروەردەیان کردوون

بێتشەر:

"*"دڵی دایک قوتابخانەی منداڵە

ئەدیسۆن:

"*"دایکم دروستی کردم

خەلیل مەتران:

"*"دایک نەبوایە هیچ نەتەوەیەک نەدەبوو، نەتەوەکان بە دایکەوە نەتەوەن

ئابراهام لینکۆڵن:

"*"هەموو ئەو شتانەی کە من پێیان گەیشتووم ..ئەو پایە بەرزییەش کە هیواداری

ئەوەم پێی بگەم ..هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ دایکی پەریزادم

ناپلیۆن:

"*"دایک بە دەستی راستی لانک رادەژێنێ ..بە دەستی چەپیشی جیهان رادەوەشێنێ

محەمەد "د .خ ):

"*"بەهەشت لەژێر پێی دایکانە

جان جاک رۆسۆ:

"*"ئەگەر جیهان لە چنگێکدا بوایە، دایکم لە چنگەکەی تریدا، دایکم هەڵدەبژارد

لیلینک:

"*"لەسەر بەرزترین چیادا لە سێدارەم بدەن، دەزانم کێ بە دوامەوەیە ..لە قووڵترین دەریادا بخنکێم، دەزانم کێ بە دوامەوەیە ..هەر دایکمە

محەمەد حیجازی:

"*"ئەگەر دایک نەدەمرد، کەس بەدبەخت نەدەبوو

مۆریس گارسۆن:

"*"دایک ناتوانێت رازەکانی کچەکەی بدرکێنێت، چونکە خۆشی لە تەمەنی ئەودا هەمان رازی هەبووە

جاکسۆن براون:

"*"وێنەی کاتی گەنجێنی دایک و باوکت، لە چوارچێوەیەکی زیویندا هەڵبواسە

مەکسیم گۆرگی :

"*"با سەر بۆ گەورەیی ئافرەت دانەوێنین ، ئافرەتە کە موسا و عیسا و محەمەدی خستۆتەوە، هەر ئەویشە کە گەورە پیاوانی دێنێتە دنیاوە ..جیهان بە هەرچییەکەوە بنازێت ..لە دایکەوەیە

مارف رەسافی:

"*"خۆشەویسترین کەس دایکمە، ئەوە کە رووحی خۆيم پێشکەش دەکا

سامۆییل ئادمیز:

"*"لە ژیاندا، هەرگیز ناتوانیت خۆشەویستییەکی باشتر و قووڵتر وپاکتر و راستەقینەتر لە خۆشەویستیی دایکت بدۆزیتەوە

ئەحمەد شەوقی:

"*"دایک قوتابخانەیەکە، گەر ئامادەت کرد ..گەلێکی رەسەن دێنێتە کایەوە

جاکسۆن براون:

"*"لە رۆژی جەژنی دایکاندا، بیر لە دایکت و لە خەسووت بکەرەوە

جەمیل سدقی زەهاوی:

"*"رۆڵەکانی هیچ نەتەوەیەک پێش ناکەوێت ..ئەگەر دایکانیان پێشکەوتوو نەبن

لەتیف هەڵمەت:

"*"ئەی دایە چەند جوانی ئەی دایە .....بە تۆوە رووناکە ئەم هەموو دنیایە

 

Related Articles