ئەدەبی منداڵانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان . . . رەزا شوان

 

 

 

ژیان و گوزەرانی گەلی کوردمان، لە رۆژئاوای کوردستاندا، لە سایەی داگیرکەری شۆڤێنی عەرەبی لە سوریادا، ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت، لە ژیان و گوزەرانی کورد لە باکوور و لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر خراپترە . . رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی سوریا، لە ئاستی گەلی کوردماندا، هەر هەموویان یەک لە یەکتری شۆڤێنیتر و ستەمکارتر و دیکتاتۆریتر بوونە، تا ئەمڕۆش حکومەتی سوریا، بە فەرمی دانی بەناسنامەی نەتەوەیی کوردا نەناوە، زۆربەیان ناسنامەی باری کەسییان نییە و، لە سادەترین مافی هاوڵاتی بوون بێ بەشکراون . . تا ئەمڕۆش شۆڤێنی عەرەبی و ( چەتەدرندە و خوێنڕێژەبەکرێگیراوەکانی داعش) ی بێڕەوشت و، ( بەرەی نوسرە )ی هاوشێوە و هاونیاز و هاوکردەوە گڵاویان، بە هاوپشتی و هاوکاری ئاشکراو و تەواوی رژێمی تورکیای رەگەزپەرست، کە تا ناقڕگەیان ناحەزی سەرسەختی گەلی کوردە، لە لایەکەوە، لەلایەکی تریشەوەرژێمی بەعسی دەسەڵاتداری سوریا و، دەستێکی ناوچەیی شۆڤێنیعەرەبی، کە هەر هەموویان هاوکارنلە پیلان گیڕان لە دژی گەلی کوردمان و هێنانەدی خواستەکانمان، بە پێی پیلانێکی گڵاوی نەخشەداڕێژراو، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامەردانە و دوور لە بەزەیی و، لە ویژدان و، لە هەموو سۆزێکی مرۆیی، گەلەکۆمەیان لە کورد کردووە، بە چەکی قورس و بە چەکی کیمیای پەلاماری گەلی کوردمانیان لە رۆژئاوا و لە باشووری کوردستان داوە، هەر لەبەر ئەوەی، کە کوردین و گەلێکی ئازادی و ئاشتیخوازین . . پەلاماردانی دڕندانەی شاری کۆبانی قارەمان و پاڵەوان ( هێمای بەرگری و بەرخودان ) . . بەشێکە لە جێبەجێکردنی پیلانەگڵاوەکانیان بۆ رەشەکوژی و جینۆسایدکردنی کورد . . بە هەزاران خێزانی کوردمان، لەبەر دڕندەیی و بێویژدانی ئەم چەتە بێڕەوشتانە، لە شەنگال و زەمار و کۆبانی و موسڵ و جەلولا و، چەند شوێنێکی تر، ماڵ و سامانی خۆیانیان بەجێشتوون و، دەربەدەر و ئاوارە بوونە . . لە باردۆخێکی زۆر سەخت و ناهەمواردا دەژین . . منداڵەکانیان لە خوێندن دابڕاون و، لە بارێکی سایکۆلۆژیای زۆر خراپ دان . . ئەم دڕندە شۆڤیێنییانە، ئەم شەمشەکوێرە تاریکپەرستانە، تەنانەت دەست لە منداڵی ناو لانکیشمان ناپارێزن . . خۆیان بە خوای سەر زەوی دەزانن و، سەر و ماڵ و موڵک و ئافرەتی کوردیان حەڵاڵ کردووە . . ئەم چوار دەوڵەتە داگیرکەرەی کوردستان، ( تورکیا، ئێران، عێراق، سوریا ) هەرچواریان رەگەزپەرست و دڕندەن، بە ئەوپەڕی دڕندەیی و بێویژدانی و بێبەزەییانەوە، هێڕشیان کردۆتە سەر کورد . . تا ئێستا لە چەندین ناوچەی کوردستاندا، چەندین جار دڵڕەقانە رەشەکوژی و کۆمەڵكوژیان لە کورد کردووە و . . سەروەت و سامانی کوردیان بە تاڵان بردوون، تەڕ و وشکیان سوتاندووین، هەرگیز دەستیان لە کوشتنی ئاژەڵ و، سوتاندنی دار و دەوەن و، پیسکردنی ژینگەی کوردستانیش نەپاراستووە . . ئەوان دژی هەموو شتێکی کوردن. . لە کاتێکدا کە گەلی کوردمانلە کۆن و لە ئەمڕۆشدا، لە هەموو بوارەکاندا چاکە و پیاوەتییەکی زۆری بەسەر ئەم نەتەوانەوە هەیە، بەڵام بە داخەوە هەر هەموویان سپڵە و پێنەزان دەرچوون . . لە جیاتی ئەوەی پاداشتی چاکەکانو پیاوەتیمان بدەنەوە، خراپە و ناپیاوی و نامەردییەکی زۆریان لەگەڵدا کردووین و دەیکەن . . ئەمەیە سیفەت و رەوشت و نامەردی نامەردان وداگیرکەرانی دڕندە و سپڵە . . ئەوەی ئەم داگیرکەرە رەگەزپەرست وخوێنڕێژانە، بەسەر ئێمەی کوردیان هێناون، بەسەر هیچ نەتەوەیەکی تر، لە هیچ شوێنێکی جیهان نەهاتووە . . هەر چوار داگیرکەرەکەی کوردستان، بەهەموو شێوەیەک هاوکار و هاوڕان، سیاسەتی کوردقڕان و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و، گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان، خاڵێکی هاوبەش و، نیازی سەرەکی گڵاوی هەموویانە . . هەرچواریان لە دژایەتی کردنی کوردا، هاوڕا و هاونیاز و هاوپیلان گڵاون، کە دێنە دژایەتی کردنی کورد، هەموو ناکۆکییەکانی نێوانیان بەلاوە دەنێن و، موو بە نێوانیانەوە ناچێت . . پێکەوە گەلەکۆمە لە کورد دەکەن. . بەڵکو ئامادەن دەست بخەنە ناو دەستی شەیتانیشەوە لە دژی کوردمان . 

رۆژئاوای کوردستان خاکی عەرەب نییە، هەزاران هەزار ساڵە کورد لەوێدا دەژی و، شوێنەوار و ئاسەوار و بەڵگە مێژووییەکان، بەڵگەن و گەواهی ئەم راستییەن، بەڵام داگیرکەرانی کوردستان، هەردەم هەوڵی ئەوەیان داوە و دەدەن، کە راستییەکان چەواشەبکەن و، نکوڵی لە میژووی کورد بکەن و، بەڵام " بەری تیشکی خۆر بە بێژنگ ناگیرێت "و، مەحاڵیشە کە بتوانن پەردەپۆشی راستییە مێژووییەکان بکەن و هێڵی راست و چەپ بەسەر میژووی گەلی کوردا بهێنن . . بە قسەی مێژوونووسان و نەتەوەناسان، گەلی کورد ئەگەر دێرینترین گەلی جیهان نەبێت، بێگومان یەکێکە لە گەلە هەرە دێرینەکانی جیهان، ئەم قسەیەشمان دوورە لە دەمارگیرییەوە، بەڵکو بە پێی چەندین کەرەستە و بەڵگەی جێماو و شوێنەواری دێرین، کە گەواهی هاشاهەڵنەگری ئەم راستییانەن، ئەگەر ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە ویژدان و، دوور لە دەمارگیری و چەواشەکردن، مێژووی کورد و کوردستان بخوێننەوە . . ئەو راستییەیان بۆ روون دەبێتەوە کە، کوردیەکەمین نەتەوەیە، کە بەردی بناغەی یەکەمین شارستانی داناوە و کوردستانیش یەکەمین لانکی کۆنترین و رەسەنترین شارستانی و ئاوەدانی بووە لە هەموو جیهاندا، تا ئەمڕۆش لە گەلێ شوێنی کوردستاندا، بەڵگەی ئەم راستییانە ماونەتەوە و گەواهی سەرکەشی دەست بەسینگەون . . ئەگەرچی داگیرکەرانی کوردستان بەشێکی زۆری بەڵگە و کەرەستە دێرینە بە جێماوەکانی کوردستانیانیان، بە تاڵ بردوون، کە ئێستا لە مۆزەخانەکانی وڵاتانی داگیرکەر و، لە چەند مۆزەخانەیەکی جیهانی دانراون و، کردوویانە بە موڵکی خۆیان . . ئەمە و زۆر شوێنەواری دێرینی کوردستانیشیان بە ئەنقەست وێران کرد . . بۆ ونکردنی بەڵگەکانی شارستانی و مێژووییەکانی کورد و کوردستان.

ژمارەی کورد لە رۆژئاوای کوردستاندا، نزیکەی چوار ملێۆن و نیو بۆ پێنج ملیۆن کوردن . . گرنگترین هەرێمەکانیان ئەم هەرێمانەن : جەزیرە ( بۆتان )، عەفرین، چیای کوردان ( جبل الکورد)، حەسەکە، حەلەب و . . . چەند شوێنێکی تر . . گرنگترین شارەکانی رۆژئاوای کوردستانیششاری ( قامیشلو، سەری کانی، عامودا، کۆبانی، حەسەکە، دەرباسییە، عەفرین، دێرکا هەمکۆ، گێری سپی، ئەزاز، . . . چەند شار و شاروچکەی تر)
دەوڵەتی میتانی کوردی کە پایتەختەکەی (واشۆکانی) بوو، دەکەوێتە سەر رووباری فیشخابوور، لە سەدەی شانزەمین دا، لە دەوروبەری ساڵی ( ١٥٠٠ـ ١٢٥٠) ی پێش زایینی، لە رۆژئاوای کوردستان دروست بوو، فەرمانڕەوایی بەشی هەرەزۆری خاکی کوردستانی دەکرد . . ئەم بەڵگانەش وەڵامێکە بۆ ئەو شۆڤێنییە عەرەبانەی کە دەڵین، بوونی کورد لم ناوچانەدا تازەیە و، بۆ سەردەمێکی کورت دەگەڕێتەوە . . قەڵا دێرینەکەی کوردان ( قلعة الأکراد ) کە دەکەوێتە ناوەندی شاری ( حەلەب) ەوە، تا ئەمڕۆش بە سەرکەشی ماوەتەوە، یەکێکی ترە لە بەڵگەکانی بوون و، دەسەڵاتی کورد لە دێڕ زەمانەوە لێرەدا، هەروەها گۆڕەکەی پاڵەوانی کوردمان ( سەلاحەدینی ئەیوبی ) کە لە مزگەوتی ئەمەوی، لە شاری ( دیمەشق ) دایە، بەڵگەیەکی تری هاشاهەڵنەگرە، بۆ بوونی کورد و، بۆ دەم داخستنی شۆڤێنییەکان .
لە هەموو بوارەکاندا، چەندین سەرکردەی قارەمان و، کەسایەتی ناودار و تێکۆشەر و شۆڕشگێڕی سەرسەخت و شاعیر و نووسەر و رۆشنبیری ناسراو و زانا و دانای مەزن وسیاسەتمەداری ناودار و، هونەرمەندی لێهاتووی کوردیان لێ هەڵکەوتوون، کە خزمەتێکی گرنگ و بەرچاویان، لە داکۆکیکردن و لە خزمەتکردنی سوریادا هەبووە . . لە کاتی داگیرکردنی سوریا لە لایەن ( فەرەنسا ) وە . . گەلی کوردمان لە رۆژئاوای کوردستاندا، چەکیان هەڵگرت و، قارەمانانە بەرگریان لە سوریا کرد و، بۆیە فرۆکە جەنگییەکانی فەرەنسا لە ساڵی ( ١٩٣٧)دا، شاری ( عامودا ) ی رۆژئاوای کوردستانیان بۆردومان کرد . . سەرسەختانە بەرگریان کرد و، چەندین شەهیدیانلە پێناوی رزگاری و ئازادی سوریادا داوە، تا ئەمڕۆش ناو و داستانی قارەمانی کوردمان ( ئیبراهیم هەنانۆ) لەسەر زاری هەموو سورییەکە . . کە سەرکردە و شۆڕشگێرێکی جوامێر و دلێر و نەبەرد و قارەمانیکورد بوو، لە دژی فەرەنسای داگیرکەری رۆژئاوای کوردستان و سوریادا، قارەمانانە بەرگری دەکرد. . نا ( ئیبراهیم هەنانۆ ) بوو بە سونبلی بەرگری و قارەمانی، سورییەکان زۆر بە شانازی و رێزەوە ناوی دەبەن . . ئازایەتی و بەرگریی کەم وینەی، ئەم پاڵەوانە کوردەمان، بوو بە هەوێنی بەرگری و راپەين بۆ گەلی کورد و بۆ سورییەکان .

ئێمە لێرەدا کەمێک لە سەرناوی بابەتەکەمان لادەدەین و، زۆر بە کورتی ئاماژە بە چوار تاوانی رژێمە شۆڤێنییە یەک لە دوای یەکەکانی سوریای داگیرکەری رۆژئاوای کوردستان دەدەین، کە مشتێکن لە چەندین خەرواری تاوان و ستەمکاری و ناهەقیلە دژی گەلی کوردی بێ تاوانمان :

یەکەم / تاوانی ( تراژیدیای سووتاندنی منداڵانی کوردمان لە شاری ـ عامودا) ی جەرگسوتاو، لە رۆژئاوای کوردستاندا، ئەم تاوانە بە بیری نەوەی ئەمڕۆمان دێنینەوە . . تا بزانن هیچ داگیرکەرێک لە جیهاندا هەیە، رق وقینی خۆی بە منداڵانی دڵپاک و بێ تاوان، بە پەپوولە و خونچە دەربکات ؟! لە رۆژی یەک شەممەی رێکەوتی (١٣ /١١ / ١٩٦٠) لە ( شاری عامودا : کە شارێکی خنجیلانەی رۆژئاوای کوردستانە، بەرانبەر بە شاری ( قامیشلو) وە و، تەنها ( ٢٨) کیلۆمەتر لێوەی دوورە) . . لەو رۆژەدا بۆ پشتگیرن و، کۆکردنەوەی پارە بۆ ( شۆڕشی جەزائیر)، لە سینەما بچووکەکەی عامودا ( سینەما شەهرەزاد ) فیلمێک دەربارەی شۆڕشەکەی جەزائیر نماییش دەکرا، کە داهاتەکەی بۆ شۆڕشەکەی جەزائیر بوو . . سینەمای شەهرەزاد، بە ئاسن و بە دار و حەسیر سەری گیرابوو . . جێگای ( ٢٥٠) کەسی دەگرت . . بەڵام لەو ئێوارەیەدا (٥٠٠) منداڵیان تێ ئاخنی بوو، کە لە سەدا (٩٥) یان کورد بوون و، لە سەدا (٥) یان ئاشووری بوون، هەموو منداڵەکان قوتابیانی قوتابخانەی سەرەتایی بوون. . ئەو ئێوارەیە لە جیاتی فیلمەکەی شۆڕشی جەزائیر، فیلمێکیتریان بە ناونیشانی ( تاوانێک لە نیوەشەودا )نمایش کرد، کە ( مەحموود ملیجی ) رۆڵی پاڵەوانێتی دەبینی . . لە پڕێکدا ئاگر لە سینەماکە بەربوو، لەگەڵ ئاگرکەوتنەکەشدا، ئەنجامدەرانی پیلانەکە، دەرگای سینەماکەیانداخست، بە پێی کۆمەڵێک بەڵگە، ئەم تاوانە لە لایەن دایرەی ئەمنی سوریاوە داڕێژرابوو، هەر خۆشیان جێبەجێیان کرد، لەم تاوانەدا زیاتر لە ( ٢٨٥) منداڵی کوردمان، دووسەد و هەشتا وپێنج پەپوولەمان، لە چەند خوولەکێکدا، سووتان و خنکان و، بوون بە خەڵووز، ناناسرانەوە . . زیاتریش لە ( ١٠٠)منداڵی ترمان چەستەیان هەڵقرچان و بریندار بوون و شێواون، لەم دۆزەخەدا، کە ئەو ژمارەیەی منداڵانی کوردمانتێیدا شەهید بوون . . شیوەنی خستە هەموو ماڵێکی عاموداوە، دڵی هەموو دایک و باوکانی هەڵقرچان، خەڵکی شاری عامودا، جگە لەوەی کە کوردن، زۆربەشیان، خزم و کەسوکاری یەکترین، بۆیە ئەم تاوانە تراژیدیایە، بوو بە کارەساتی شارێک و، شیوەن و ماتەمینی و رەشپۆشی هەموو ماڵەکانیعامودای گرتەوە، تاوانی ( سینەمای شەهرەزاد )تاوانێکی کۆمەڵکوژییە، برینێکی هەمیشە بەسۆیە و، هەرگیز ساڕێژ نابێت . . لە هەمان کاتیشدا، پەڵەیەکی قێزەوەنی زەقە بە تەوێڵی رژێمی شۆڤێنی عەرەبی لە سوریادا . . تێکڕای خەڵکی عامودا لە رۆژی دوای ئەوڕۆژەدا، واتا لە ( ١٤/١١ / ١٩٦٠)دا، خۆپێشاندانێکی ناڕەزایی تووڕەیی زۆر گەورەییان سازکرد و، رژێمی سوریایانپرۆتستۆ و تاوانبارکرد، بە ئەنجامدانی ئەو پیلانە گڵاوەیان دەرهەق بە منداڵانی پاک و بێ تاوانی کورد . . بۆ یەکەمین جاریش لەو خۆپێشاندانەدا، خۆپێشاندەرانی شاری عامودا، ئاڵای کوردستانیان بەرزکردەوە و بە هەموو شارەکەدا گێڕایان و، هاواریشیان دەکرد، بژی کورد . . بژی کوردستان . . عامودا شکۆمەندی و شانازی ئەوەی پێ بەخشێنرا، کە یەکەمین شاری رۆژئاوای کوردستانە، کە بۆ یەکەمین جار ( ئاڵای کوردستان ) ی لێ هەڵکرا . ئەگەر ئەو منداڵە چاوگەشانەی کوردمان بمانایە . . دەشیاچەندین کەسایەتی ناودار و تێکۆشەریان لێ هەڵبکەوتایە . . ( دکتۆر جەمشید عەبدولکەریم) و ( دکتۆر زنارشێخموس )دووانن لەو منداڵانەی کە لەو دۆزەخە رزگاریان بوو . . شاری عامودا نەوەیەکی پێشکەش بە شۆڕشی جەزائیر کرد . . بەڵام بەداخەوە کە جەزائیر پێی نەزانی و سپڵە و بێ ئەمەک دەرچوون، جەزائیر رۆڵێکی گڵاوی هەبوو لە ( رێکەوتنامەی جەزائیری : ١٩٧٠) ی نێوان ( سەدامی گۆڕبەگۆڕو شای ئێرانیرسوابوودا ) ئەو رێکەوتنامەیە، باشتر وایە بڵێین ئەو پیلانە، پیلانێکی دوو قۆڵی گڵاوبوو، لە دژی گەلی کوردمان و، پیلانێک بوو، بۆ لە ناوبردنی( شۆڕشی ئەیلول ) ی ساڵی( ١٩٦١) لە باشووری کوردستاندا . . لە ئێستادا شوێنی(سینەماشەهرەزاد) کراوە بە پارکێک و، پەیکەرێکی لێ دانراوە، کە بریتییە لە کۆمەڵە منداڵێکی کورد لە قوربانیانی ئەو تاوانە، کە ئاڵای جەزائیریان هەڵگرتووە . . کە گوزارشتە لەوەی کە بوونە قوربانی شۆڕشەکەی جەزائیر .

دووەم/ ( پشتێنەی عەرەبی ) :بە ( پشتێنەی سەوز ) یش ناویان بردووە، کە پشتێنەیەکی شۆڤێنی عەرەبییە، کەحیزبی رەگەزپەرستی بەعس لە ساڵی ( ١٩٦٣) دا، بوو بە دەسەڵاتداری سووریا، بە پێی پلان و پیلانێکی داڕێژراو، بە ئەوپەڕی دڕندەیی و دڵڕەقییەوە، دەستیان بەگرتن و ئازاردان وئەشکەنجە و بە چەوسانەوە و توقاندن و تەنگپێهەڵچنینی گەلی کوردمان لە رۆژئاوای کوردستانداکرد و، لە هەموو مافێکدا، کوردیان بێبەش کرد . . رژێمی بەعسی شۆڤێنی لە سەرەتا دەستیان بە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە کوردییەکان کرد، بۆ دابڕینی رۆژئاوا و باکووری کوردستان لە یەکتری، دوای ئەوەی لە ناوچەی جەزیرەدا، کە هەموو دانیشتوانەکەی کوردن، نەوت و گاز دۆزرایەوە، لە ساڵی ( ١٩٦٥) دا، رژێمی بەعس دەستیان بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ( پشتێنەی عەرەبی ) کرد، باشتر و راستر وایە کە بە ( پشتێنەی شۆڤێنی ) ناوی بەرین، رژێم دەستی بە دەرکردنی زیاتر (٢٥) هەزار خێزانی کورد لە زێدی رەسەنی باوباپیرانیانن لەم ناوچانە کرد، چی زەوی زارێکی کوردیش هەبوو داگیریان کردن، و، دابەشیان کردن بەسەر هۆز و خێڵە عەرەبە شۆڤێنییە هاوردەکاندا . . ئەم خێلانەشیان چەکدار کردن، بۆ گێچەڵکردن و شەڕفرۆشتن و تەنگهەڵچن بە کورد و، تاڵانکردنی سامانی کورد.
درێژی پشتێنەی شۆڤێنی (٣٠٠)کیلۆمەترە و، پانییەکەشی ( ١٥) کیلۆمەترە، بە دەوری باکووری رۆژئاوای کوردستاندا، زیاتر لە (١٠) هەزار خێزانی شۆڤێنیی عەرەبیان لە شوێنی خێزانە کوردە بە زۆردەرکراوەکان نیشتەجێکردن کردنو . . زیاتریش لە (یەک ملیۆن ) دۆنمی زەوی زاری کشتوکاڵی کوردیان بەسەر عەرەبە هاوردەکاندا، تاپۆکرد . . دێهات و کۆمەڵگایان بۆ ئەم خێزانە عەرەبە هاوردانە دروست کرد و، ئاو وکارەباشیان بۆ راکێشان . . هەموو خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابین کردن، تا جێی نەهێڵن . . رژێمی سوریا ناسنامەی کەسیشیان لە ( ٢٥٠)هەزار هاوڵاتی کورد وەرگرتنەوە و، لە هەموو مافێکی مرۆیی بێبەشیان کردن و، بەمەش داهاتووی خێزان و منداڵاکانیان لە ناوبردن . . تا ئەمڕۆش ناسنامەکانیان بۆ نەگەڕاندوونەتەوە . . وەنەبێ بە ئاسانی ئەم پرۆژەیەیان جێبەجێکردووبێت . . بەڵکو بە هێزی سوپا و پۆلیس و ئەمنی سوریا، بە هێزێکی زۆرەوە هەڵیان کوتایە سەر ئەم ناوچانە و، بە ئەوپەڕی توندوتیژی و، بە ئازاردان و، بە گرتن و بە ئەشکەنجەدانی سەدان کورد جێبەجێان کرد . . لە بەندەکانی ئەم پرۆژە گڵاوە شۆڤێنییەدا، ئەم خاڵانەشی تێدایە:
(*)( سیاسەتی نەخوێندەوارکردنی کورد ) واتە نابێت قوتابخانە و پەیمانگا لە ناوچە کوردییەکان بکرێنەوە . . تا بەشێکی زۆری منداڵانی کوردمان لە رۆژئاوای کوردستاندا، لە مافی فێربوون و خوێندن بێبەش، کە ئەمەش تاوانە و ناهەقییەکی گەورەیە و، پێشێلکردنی جاڕنامەی مافەکانی منداڵانە. . کە یەکێک لە بەندەکانی ئەوەیە کە بەبێ جیاوازی : ( هەموو منداڵێک مافی چوونەقوتابخانە و خۆندنی هەیە )
(*) ( گۆڕینی ناوی دێ و گەڕەک و شارەکانی رۆژئاوای کوردستان )، بە ناوی عەرەبییەوە، بۆ نموونە : ناوی ( کۆبانی ) یان گۆڕی بە ناوی ( عین العرب)، ( سەری کانی )، بە ( رأس العین )، (گیری سپی ) بە ( تل أبیض )، ( گەڕەکی کوردان) کە یەکێکە لە گەڕەکە دێرینە کوردنشینەکانی شاری ( دیمەشق ) بە ( رکن الدین )، ناوی گەلێ شوێنی کەشیان لە کوردییەوە کردووە بە عرەبی.
(*) (قەدەغەکردنی قسەکردن بە زمانی کوردی ) و رێ نەدان بە گەشەکردنی رۆشنبیری کوردی و، رێگرتن لە چاپکردنی کتێب بە زمانی کوردی و، قەدەغەکردنی ئەو کتێبانەش کە بە زمانی عەرەبی، دەربارەی کورد نووسراون، یا دەنووسرێن .
( *)( وەرنەگرتنی کورد لە دایرەکان ) دا و، دانەمەزراندنیان بە مووچە و، داخستنی دەرگاکانی کارکردن لە رووی کورد دا. . بە مەبەستی برسیکردن و هەژاریکردن و کوێرەوەریکردنی کورد.
(*)( نانەوەی دووبەرەکی و ئاژاوە لە نێوانکوردا) واتە کورد بە بەگژی کوردا بکەن . . سیاسەتی ( پەرتکە و زاڵبە ) . . بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەبەستە گڵاوەشیان، گەلی پیلانیان جێبەجێ دەکرد.
(*) ( بێ سەر و شوێن کردن و کوشتنی كەسایەتی و چالاکوانان و تێکۆشەرانی کورد ) بۆ نموونە کوشتنی زانا و تێکۆشەر و کەسایەتی ناودار و، کورد و کوردستان پەروەری کوردمان شەهید، دکتۆر ( محەمەد مەعشوق خەزنەوی : ١٩٥٧ـ ٢٠٠٥)، کە لەلایەن دەزگای ئەمنی سوریاوە بە ناهەق شەهید کرا، هەروەها بە دەیان چالاکوان و لاوی کوردمانیان گرت و بێسەر و شوێن کراون.
(*) ( قەدەغەکردن و رێنەدان بە هیچ کار و چالاکییەکی سیاسی کوردی . . ) تا ئێستا بە توومەتی کاری سیاسی نهێنی بە دەیان تێکۆشەر و رۆشنبیر و سیاسەتمەدار و خوێندکاری کوردیان گرت و، ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆریان دەدان، کە تا ئەمڕۆش هەندێکیان لە بەندیخانەکانی سوریادان .

سێیەم / ( کۆمەڵکوژییەکەی شاری قامیشلو) لە رۆژی ( ١٢/ ٣/ ٢٠٠٤) دا، لە یاریگای شاری قامیشلو دا، کە لە نێوان تیپی تۆپی پێی قامیشلو ( الجهاد ) و، تیپی تۆپی پێی دیر الزوور ( الفتوە ) یاری کرا، کۆمەڵێک هاندەری عەرەبی بەعسی شۆڤێنی و توندڕەوی سوری و عێراقی، کە وێنەی دیکتاتۆری گۆڕبەگۆڕ ( سەدام حوسێن ) یان هەڵگرتبوو . . دەستیان کرد بە جوێندانی کورد و، بە سەرکردەکانی کورد . . دیاربوو کە خۆیان بۆ ئەم شەڕ پێفرۆشتنە بە هاندەرانی تیپی قامیشلو، ئامادەکردبوو، چونکە چەقۆ و دار و بەردیان لەگەڵ خۆیاندا، هەڵگرتبوو، هاندەرانی کوردیش، وەڵامی جوێنەکانیان دایەوە . . پۆلیس و ئەمنی سوریش پاڵپشتی هاندەرانی تیپەکەی دیر الزور بوون و ئەوانیش تەقەیان لە کورد دەکرد . . ئەم تاوانە، پروتستۆکراو تووڕەیی و ناڕەزایی هەموو کوردی لێکەوتەوە و، لە هەمووشارەکانی رۆژئاوای کوردستان و، زۆربەی شارەکانی تری کوردستان، بۆ ماوەی شەش رۆژ خۆپێشاندانی ناڕەزایی و سەرکۆنەکردن سازکرا، لە رۆژی ( ١٣/ ٣/ ٢٠٠٤) دا، لە کاتی بردنی شەهیدەکانی قامیشلو کە هەموو خەڵکی شارەکە، بە تووڕەی و ماتەمینییەوە، بە رێوڕەسمێکی شایستە بەرەو گۆڕستان بردیانن، دووبارە ئەمنی سووری تەقەی لە خەڵکییەکە کرد و، ژمارەیەکی زۆر کوژراو و برینداری لێکەوتەوە . . لە قامیشلو و عەفرین و سەریکانی و عامودا و حەلەب زیاتر لە (٥٠) کورد شەهید کران و، بە سەدان کەسیش بریندار بوون، بە دەیان لاوی کوردیشیان گرت و، پیسترین ئازار و ئەشکەنجەیان دەدان، لە نێو بەندکراوەکاندا، ژمارەیەک منداڵی بێتاوانیش هەبوون، بۆ نموونە ( ئەیوب شاکیر عۆسمان ) منداڵیکی تەمەن (١٣) ساڵان بوو .

چوارەم/ ( خوێناوی کردنی نەورۆزی ساڵی ـ ٢٠٠٨ ) لە کاتێکدا، کە رۆڵەکانی گەلێ کوردمان لە خۆشی و شادی و شایی و ئاهەنگێڕان و پیرۆزبایی کردنی جەژنی نەتەوەییمان ( جەژنی نەورۆز ) بوون، رژێمی دڵڕەق و شۆڤینی سوریا، جەژن و خۆشیان لێ تاڵ و خۆێناوی کردن، بە ئەنقەست دەستڕێژیان لە ئاهەنگ گێڕان کرد و، چەند کەسێک شەهید بوون و بە دەیان کوردیش بریندار بوون،  ئەمەش تاوانێکی قێزەوەنیترە، لە تاوانەکانی رژێمی سوریا، دەرهەق بە گەلی کوردمان .

مەبەستمان لە باسکردنی ئەو تاوانانەی رژێمی شوڤێنی عەرەبی، لە رۆژئاوای کوردستاندا، ئەوەیە ئایا دەکرێت ئەدەبی منداڵانی کورد، لە سایەی رژێمێکی دیکتاتۆر و رەگەزپەرست و دڕندەی وادا، ئەدەبی منداڵانی کورد گەشەبکات و پێش بکەوێت . . ؟؟ بەلای رژێمی شۆڤێنیی سوریاوە قسەکردن بە زمانی کوردیمان، بە تاوان دادەنرا . . ؟؟ بەڵام زۆر جار رووەک لەژێر بەردیشدا چەکەرە دەکات و رێی خۆی دەکاتەوە و لە تەنیشتەوە سەردەردەهێنێت و گەشەدەکا . . ( ئەدەبی منداڵانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان ) دا، ئەگەرچی لە ئەمڕۆدا لە ئاستی خواست و پێویستدا نییە . . بەڵام زۆر یاکەم بوونی هەبووە و هەیە .
لە رۆژئاوای کوردستاندا، تا ئێستا بە دەیان شاعیر و نووسەر و رۆژنامەنووس و هونەرمەندی ناسراوی کوردمان، بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسین و بەرهەمەکانیان، چاپ کردوون و، بڵاویان کردوونەتەوە، ئەمانە ناوی کۆمەڵێک لەو ناسراوانەی کوردمانن لەو بوارانەدا :

( جگەرخۆێن، د. نورەدین زازا، تیرێز، قەدری جان، عوسمان سەبری، رەشید کورد، عومەر لەعلە، فەرهاد چەلەبی، سلێمان عوسمان ( کونی رەش )، یوسف بەرازی ( بێ بەهار )، سەیدایی گلش، سەلیم بەرەکات، رۆژ ئاوسی، مەشعەل تەمۆ، ئبراهیم مەحمود، باڤی نازی، ئیبراهیم یوسف، لاوکی هاجی، ساڵح حەیدەر، مەحمود سەبری، دڵدار میدی، قادۆ شیرین، تەها خەلیل، ئەحمەد ئیسماعیل ئیسماعیل، خالید محەمەد، عەلی جەزیری، قەدری جەمیل پاشا، دیلان خەمگین، فەتحوڵڵا حوسێن، محەمەد شێخۆ، شاهین بەکر سورگولی، ماهین شێخانی، عەفدالی زینکی، جان دۆست، خەلیل ساسۆنی، دیا جوان، خاتوو دڵشاد یوسف، فەرهاد عەجمو، لۆرین تلداری، خاتوو بێوار ئیبراهیم، وەزنە خەلیل، ساڵح، عەلی جەزیری، دکتۆرمحەمەد بەکر، عەبدولڕەحمان ئالوجی، خالید جەمیل، دلبرین بابی خالید، پەیمان قاسم، باڤی هۆزان، شیار عومەر لەعلە، جوان نەبی، باڤی سۆلین، ئەحمەد سۆفی، فەواز عەبدی، دڵدار میدی، وەزنە حامید، دەرویش دەرویش، مونا واسیف، مەلەک سوکەر، نیهاد قەلعی، فەرید شەوقی، سلێمان حەلەبی، سوعاد حوسنی، عەبدولرەحمان کەواکیبی، ئەدیب شیشەکلی، خالید بەرازی، محۆ ئيبۆ شاشۆ، ئیبراهیم هەنانۆ، حوسنی زەعیم، خالید بەکتاش، نورەدین ئەتاسی، عەلی بۆزۆ، ئەحمەد مەلا، نەجاة سەغیرە، ئەحمەد باراڤی، تنکزار ماردینی، عەبدولڕەحمان، خەیرەدین زەرکەلی، ئیبراهیم شێخانی . . ئەمانە و بە دەیان ناودار و ناسراوی تری کوردمان، لە رۆژئاوای کوردستاندا، کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە هەموو بوارەکانی شارەستانیدا لە سوریادا هەبووە و، هەیە . . . )هەندێ لە ناودارانە، لە باکووری کوردستان لە دایک بوونە، رژێمی تورکیا تەنگی پێ هەڵچنیون و، روویان لە رۆژئاوای کوردستان کردووە و، لێرەدا ژیاون . . کوردستانی شیرینمان، بە باکوور و باشوور و رۆژهەڵات و رۆئاواویەوە، یەک کوردستانە و، نیشتمانی شیرینی هەموو کوردانە .
مەهاباد و کەرکووک و دیاربەکەر و قامیشلوو
چـوار گـوڵن لە دڵـی منــــداڵانی کورد، هەموو

سەرەڕای ئەو هەموو گوشار و ستەم و ناهەقی و چەوسانەوە و بێویژدانییەی، دەرهەق بە گەلی کوردمان لە رۆژئاوای کوردستان دەکران، بەڵام داگیرکەران نەیانتوانی هەستی کوردایەتی و سۆز و خۆشەویستی بۆ کوردستان، لە دڵ و دەروونی کوردا کز و کاڵ بکەنەوە، نەیان توانی بەر لە خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان بگرن و، کۆڵیان پێ بدەن . . بەڵکو ئەو ستەم و زۆرداری و ناهەقییانە، زیاتر ئێمەی کوردی دەوروژاندوون و، زیاتر سووری کردووین، لە تێکۆشان، لە پێناوی گەیشتن بە ئامانج و بە مافە رەوا زەوتکراوەکانمان و، سوورین لە بەدەستهێنانی ئازادی و ئاشتی .
نزیکەی هەشتا ساڵ زیاتر بەر لە ئێستا لە رۆژئاوای کوردستاندا، لە سایەی کۆمەڵێک شاعیر و نووسەر و رۆشنبیر و سیاسەتمەداری تێکۆشەری کورد و کوردستان پەروەرمان، بزووتنەوەیەکی سیاسی و رۆشنبیری و ئەدەبی و رۆژنامەیی کوردی جوقەرەی داو، نەمری و دووبارە سەرهەڵدانی کوردایەتییان سەلماند . . پێویستە ئاماژەش بە رۆڵی گرنگ و بە کاریگەری و دڵسۆزی بنەماڵەی بەدرخانییەکان بکەین . . کە لە بواری رۆشنبیری ورۆژنامەگەریدا، دەست پێشکەربوون، نە ئەوسا و نە ئیستاش، لە بەردەم هەستی کوردایەتی و کوردستان پەروەریدا، سنوورێک نییە کە کورد لە یەکتری دابڕێت و سنوور بخاتە نێوان کوردستانەوە، ئەمانە دەستکردی دەوڵەتە زلهێزەکان و، داگیرکەرانی کوردستانن، تاوان و غەدرێکی گەورەیەکە لە کوردیان کرد، کورد گەلێکە و کوردستانیش یەک کوردستانە . . با داگیرکەرانی کوردستان ئەمە باش بزانن، کە تا گەلی کوردمان ئازاد نەبێت و کوردستانمان رزگاری نەبێت . . گەلان و وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، ناحەسێنەوە و ئارامی و سەقامگیری و ئاشتیش بەرقەرار نابن . . تا زووترش کوردستان رزگاری بێت و کورد ئازاد بێت . . لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی ناوچەکەدایە و، زیان و قوربانییەکان کەمتر دەبن .

دەرچوونی چەند گۆڤار و رۆژنامەی، هەفتانە و مانگانە و وەرزی لە رۆژئاوای کوردستاندا، وەکو گۆڤاری ( هاوار )، ( رووناهی )، ( روژا نو )، ( ستێر )، ( دەنگی کوردستان )، ( پێشەنگ )، ( گوڵستان )، ( کل) ( گەلاوێژ )، ( ئاگاهی ) و، چەندین گۆڤار و بڵاوکراوەی لۆکاڵی تر . . هەروەها دامەزراندنی ( پارتیدیوکراتی کوردستان ـ ١٩٥٧) و ( کۆمەڵەی خۆیبوون ) لە رۆژئاوای کوردستاندا، بوونە مایەی گەشەکردن و پێشکەوتنی رەوتی ئەدەبی و رۆشنبیری و رۆژنامەگەری و چاپکردنی کتێب لە رۆژئاوای کوردستاندا . . چەندین شاعیر و نووسەر و رۆژنامەنووس و نیشتمان پەروەری کوردمان پێ گەیشتن و هاتنە کایەوە .

بە کورتی ناوی چەند نووسەر و شاعیرێکی کوردمان دەهێنین، کە بە شیعر و بە چیرۆک و بە شانۆگەری، بناغەی ئەدەبی منداڵانی کوردیان لە رۆژئاوای کوردستاندا دانان، لەوانەش :

(جگەرخوێن: ١٩٠٣ـ ١٩٨٤)ناوی تەواوی ( شێخ موس حەسەن محەمەد)ە، بە ( جگەرخوێن) ناسراوە، لە ساڵی ( ١٩٠٣) لە گوندی ( هەسار ) لە نزیکی شاریماردینلە باکووری کوردستان لە داک بووە، بە منداڵی شوانی و گاوانی کردووە، رژێمی تورکیا تەنگی پێهەڵئەچنن، بۆیە لە ساڵی ( ١٩١٤) دا، روو لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و، دەچێتە شاری عامودا، لە ساڵانی (١٩٣٧ـ١٩٣٨) دا ( کۆمەڵەیەکی کوردی لە شاری عامودا )دادەمەزرێنێت بەڵام لە لایەن فەرەنسییەکانەوە داخرا . . لە ساڵی ( ١٩٤٦) دا، روو لە شاری (قامیشلو) دەکات و لەوێ نیشتەجێ دەبێت، لە ساڵی ( ١٩٥٩ـ ١٩٦٢) وەکو مامۆستایەکی زمانی کوردی، لە کۆلێجی ئاداب، بەشی کوردی لە زانکۆی بەغدا وانەبێژ بووە، لە ساڵی ( ١٩٦٨)دا، لە شاری قامیشلودا، بە نهێنی گۆڤارێکی کوەردی بە ناوی ( گولستان ) ەوە دەردەکات، لە ساڵی ( ١٩٧٣) دا دەچێت بۆ لوبنان، هۆنراوەی (کیمە ئەز؟) لەوێ دەنووسێت، کە هونەرمەندی گەورە ( شڤان پەروەر ) کردوویە بە گۆرانی . . جگەرخوین لە ساڵی ( ١٩٧٩)دا، بە ناچاری رووی لە وڵاتی ( سوید) دەکات و، لە شاری ( ستۆکهۆڵم ) وەک پەناهەندەیەکی کورد دەژی، تا لە رۆژی (٢٢ /١٠ / ١٩٨٤)کۆچی دوایی دەکات و، لەسەر راسپاردەی پێشتری خۆی، تەرمەکەیان بردەوە بۆ ( قاميشلو ) و، لە حەوشەی ماڵەکەیدا بە خاکیان سپارد، رۆژانە کوردێکی زۆر سەردانی گۆڕەکەی دەکەن و، بە شوێنێکی پیرۆزی دەزانن . . مردنی جگەرخوێن زیانێکی گەورەی بوو بۆ ئەدەبی کوردیمان .
جگەرخوێن، شاعیرێکی گەورە و تێکۆشەر و کوردستان پەروەرێکی گەورەی گەلەکەمانە، لە  زمانی کوردی و عەرەبیدا زۆر بە توانا بوو، لە نێوانی ساڵانی ( ١٩٤٥ـ ١٩٨٥) لە ( ٨) بەرگدا، دیوانی شیعرەکانی لە دیمەشق و لە ستۆکهۆڵم چاپ کردوون، شەش بەرگیان لە ژیاندا بوو چاپ کرا، دوو بەرگیان لە دوای کۆچکردنی منداڵەکانی چاپیان کرد . . لە ساڵی ( ١٩٦١) دا، لە ( بەغدا) کتێبێکی بە ناوی ( دەستورا زمانی کوردی ) چاپ کردووە . . مێژووی کوردستانی نووسیوە و، لە دوو بەرگدا چاپی کردووە . . لە ساڵی ( ١٩٦٢)دا، لە دووبەرگدا ( فەرهەنگی جگەرخوێن ) لە بەغدا چاپ کردووە . . چەند رۆمانێکیشی نووسیوە . ئەگەرچی جگەرخوێن شیعری تایبەتی بۆ منداڵان نەنووسیوە، بەڵام هەندێ لە شیعرەکانی منداڵانیش چێژی لێ وەردەگرن، بۆ نموونە ئەم شیعرەی ( شام شەکرە، وەڵات شیرینترە ) ی، کراوە بە باتێکی ( کتێبی خوێندنەوەی کوردی ) لە قۆناغی سەرەتاییدا . . کە ئەمە دەقی ئەو شیعرەیەتی :

وەڵاتـێ مـن تـــــووی بووکـــــا جیـــــهانی
هەمی بـاغ و بەهەشـت و مـێرگ و کــانی

شەپال و شەنگ و شۆخ و نـاز و گەوری
گەلــەک شـــیرین و رنـــد و پــڕ جـــوانی

ســەرێ تاجــــا سەلاحــــــــەدینی کـوردی
ئـــــەنی رۆژە د بورجـــــــــا ئاســـــــمانی

دوو بورهــێن تە کەڤــانی رۆســتەمێ زال
دو زولفــێن تە ژ تیــــرێن قـەهـرەمـــــانی

رووێ تە ئاگـرێ زەردەشــت و مــەزدەک
ژ تـە هێســـــتر شــــــەرابا کامـــــــــیرانی

دوو چاڤــێن تە وەکـی دەریــایێ هــــورمز
کەپـوو ئەلمـاسە کـــاری مــووش و وانـی

دوو لێــــڤێن تە کتــــێبا حـــاجی قـــــــــادر
زمــــانێ تە ژ بەنـــدا شــــــێخێ خــــــانی

سەروپــا زەنــــد و بــــازن تــەڤ بحـنە
هەمـی ســۆرن ژ رەنــــگێ ئەرخــــەوانی

جگـــــەرخوێنە کـوڕێ تە هـــەر دنـــــالی
ژ بــەر ژانــــــا نـــــــەزانی و خــــــەزانی

شیعری( کیمە ئەز؟ )یەکێکە لە شیعرە نیشتمانییەکانی جگەرخوێن و، سەرناوی بەرگی سێیەمی دیوانەکەیەتی . . هونەرمەند شڤان پەروەر کردوویە بە گۆرانی، هونەرمەند گوڵستانیش دەیڵێتەوە.

کیمە ئــەز ؟
کــوردێ کوردســـــــتان
تەڤ شۆڕش و ڤولکان
تەڤ دینامێـتم
ئاگـــر و پێـتم
سـۆرم وەک ئێـتوون
ئاگـر گــها قـەپسوون
گاڤـــــا بتەقـــــم
دنیـــا دهــــەژی
ئەڤ پیت و ئاگر
دوژمـن دکـوژی
کیمە ئــەز . . . ؟

لە شیعری ( کوردستانم کا . . . ! ) دا، دەڵێت :
بــــاغ و بســـــــــــــتانم
ئـاخ گولســــــــــتانم کا
دوژمن تەڤ گرتن ئاخ
ئـاغ کوردســـــــتان کا

لە شیعرێکی تریدا هەر بە ناوی (کوردستان) ەوە، کە هونەرمەند خاتوو ( گوڵستان ) کردوویە بە سروود، دەڵێت :
کوردســـتانێ کوردســـتان
بەخچێ گولا، دەردێ دلا
ئیــرۆ مـایە بن دەســـتان

کوردســــــتان بلــــــــندی
هەمی بـاژار و گونـــــدی
هەچی کەس بخوازی دڤێ جانێ خۆ بتەدنی
بەشێکی زۆری شیعرەکانی جگەرخوێن بە لای منداڵانی کوردمانەوە گرانن نین و لێیان تێدەگەن . . زۆریشیان لە لایەن هونەرمەندای ناسراوی کوردمانەوە، کران بە سروود و بە گۆرانی .

( دکتۆر نورەدین زازا : ١٩١٩ـ ١٩٨٨): لە قەزای (مەعدەن)کە دەکەوێتە نێوان شاری ( ئامەد) و ( عەزیز) ەوە، لە خێزانێکی، کورد و کوردستان پەروەر لە دایک بووە، باوکی زانایەکی ئایینی بوو . لە شۆڕشەکەی ساڵی ( ١٩٢٥) لە باکووری کوردستاندا، باوکی و ( دکتۆر نافیز) ی برای بەشداریان لە شۆڕشەکەدا کرد، دوای سەرکوت کردنی شۆڕشەکە، روویان لە رۆژئاوای کوردستان کرد و، لە شاری ( حەلەب ) نیشتەجێ بوون، لەو کاتەدا تەمەنی نورەدین لە (١١) ساڵ کەمتر بوو .
دکتۆر نورەدین زازا، ( کۆلێجی پزیشکی) لە لوبنان تەواوکرد و، لە ساڵی ( ١٩٦٥) دا، بڕوانامەی ( دکتۆرا) ی لە ( زانیارییەکانی پەروەردە ) دا، لە زانکۆی لۆزان لە سویسرا وەرگرت، هەر کچێکی سویسریشبە ناوی ( گیلیر ڤاڤۆ ) کە دۆستێکی دڵسۆزی کورد بوو، بوو بە هاوسەری و تەنها کوڕێکیان هەیە بە ناوی ( شەنگۆ ڤالیری ). . نورەدین زازالە ساڵی ( ١٩٣٧) کۆمەڵەی ( هیڤی ) دامەزراند . . لە ساڵی ( ١٩٣٩) دا، لە قامیشلو ( تیپی تۆپی پێی کوردستان )ی دامەزراند، کە لە ساڵی (١٩٤٠) دا، بوون بە پاڵەوانی سوریا . . لە ساڵی ( ١٩٤٦) بوو بە سەرۆکی ( کۆمەڵەی خۆیبوون ) . . هەر لەو ساڵەشدا، قوتابخانەیەکی ئێوارانی کردەوە، بۆ فێربوونی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی . . لە ساڵی ( ١٩٤٩) دا، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی خوێندکاری کوردی، لە ئەوروپادا(یەکێتی قوتابیانی کورد) یان لە ئەوروپادامەزراند . . نوردەین بوو بە سەرۆکی ئەم یەکێتی یە. . گۆڤارێکیشی بە ناوی ( دەنگی کوردستان ) ەوە بە زمانی کوردی و ئینگلیزی و فەرەنسی دەردەکرد . . لە ساڵی ( ١٩٥٧) دا، لە گەڵ شاعیر ( عوسمان سەبری ) و، چەند سیاسییەکی تێکۆشەری تردا ( پارتی دیموکراتی کوردستان ) لە رۆژئاوای کوردستاندادامەزراند، بۆ ماوەیەک سەرۆکی ئەم پارتییە بوو . . لە ساڵی (١٩٤٤) دا، بە نهێنی هات بۆ باشووری کوردستان، تا چاوی بە تێکۆشەری نەمری گەلەکەمان (مستەفا بارزانی ) بکەوێت . . بەڵام لە لایەن رژێمی عێراقەوە گیرا و، بۆ ماوەی ساڵێک لە موسڵ و چەند شوێنێکی تردا بەندیان کرد . . نورەدین لە ساڵی ( ١٩٦٠) دا، خۆی چەند هاوڕێیەکیلەسەر چالاکی سیاسی لە لایەن رژێمی سوریاوە گیرا، سزای لە سێدارەدانیانبۆ دەرکرد، بەڵام لە ئەنجامی ناڕەزایی و گوشاری چەندین دەوڵەت و، کەسایەتی ناسراوی جیهانی، رژێمی سوریایان ناچارکرد کە سزاکەیان گۆڕێ، بە ساڵ و نیوێکی زیندانی . . لە زینداندا، پیسترین ئەشکەنجە و ئازاریان داوە.

نورەدین زازا، تێکۆشەرێکی سەرسەخت و، سیاسیەکی ناسراو و، رۆشنبیرێکی گەورە و بلیمەت و، نووسەرێکی بە توانا بوو، بە دەیان وتار و نووسینی لە گۆڤاری ( هاوار )و ( روناهی ) دا، بڵاوکردوونەتەوە، لە نووسینی کورتە چیرۆکی نوێشدا، دکتۆر نورەدین زازا، بە (تیشخۆفیکورد) ناسراوە . . دکتۆر نورەدین زازا، لە رۆژی (٧/ ١٠/ ١٩٨٨) دا، لە ( نەخۆشخانەی لۆزان )لە(سویسرا ) کۆچی دوایی کرد، هەر لەویش بە خاکیان سپارد . . بە مردنی ئەم تێکۆشەرە قارەمانەمان، زیانێکی گەورەلە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و، لە بزووتنەوەی ئەدەبی و رۆشنبیری کوردی کەوت. . بەڵام هەمیشە نەمرە لە دڵی کوردا و، بە شانازییەوە یادی دەکەینەوە .

نورەدین زازا، لە ژیاننامەکەی ( ژیانی کوردەواریم ) دا، کە چیرۆکی ژیانی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە، باس لە چیرۆکی ئەو دەوڵەتە زلهێز و ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان داگیرکردووە دەکات، کە چ تاوانێکیان لە کورد کردووە و، چۆن کوردیان چەوساندۆتەوە و، ئەشکەنجەیان داون .

دکتۆر نورەدین زازا، لە ژمارە ( ٣٠)ی گۆڤاری ( هاوار )دا، چیرۆکێکی بۆ منداڵان بڵاوکردۆتەوە بە ناونیشانی ( کورد یەکەن)لەم چیرۆکەدا، هەستی رێز و خۆشەویستی و یەکبوونی کورد دەخاتە دڵی منداڵانی کوردەوە، چیرۆکەکە باس لە کوڕە منداڵێکی ئاوارەبووی کوردی باکووری کوردستان لە شاری ( مووش ) دەکات، روو لە جەزیرە ( بۆتان ) دەکات، دەچێتە قوتابخانەیەیەک، مامۆستا داوا لە قوتابییەکانی دەکات، کە وەکو نامۆیەک لێی نەڕوان، ئەویش وەکو ئێوە منداڵێکی کوردە و خەڵکی شاری ( مووش) ە، لەسەر نەخشەش شوێنی شاری ( مووش ) یان، پێشان دەداتت، گەر بە چاوی ئەو سەردەمە لەم چیرۆکەی نوردین زازا بۆ منداڵان بڕوانین، گرنگترین بنەمای چیرۆکی منداڵانی تێدایە، ئەویش ئەویە، کە منداڵان بە هەستێکی کوردانە و بە سۆز و خۆشەویستی بۆ کوردستان، بە گیانی برایەتی، منداڵانی کورد گۆش و پەروەردە دەکات . . چیرۆکی دووەم ( شێری تەین ئەحمەدیخانی ) کە لە ژمارە (٣٠) ی، گۆڤاری ( هاوار ) دا بڵاوکراوەتەوە، باس لە مەزنی کەڵەشاعیری گەلەکەمان ( ئەحمەدی خانی ) دەکات و، منداڵاننی کورد خۆیان بە نەوەی ئەم شێرە بلیمەت و قارەمانە دەزانن . . هەردوو چیرۆکەکە بە ناوی ( فورات جەوەری) یەوەیە، کە ناوێکی خوازراوی نوردین زازایە . . ئەم دوو چیرۆکە کە لە سەرەتای چلەکانی سەدەی رابردوودا، بڵاوکراونەتە، توانا و دووربینی دکتۆر نوردەین زازا دەردەخەن، کە پێویستە منداڵانی کوردمان بە هەستی کوردایەتی و سۆزی نیشتمانی گۆش و پەروەردە بکەین . . دەتوانین ئەوە بڵێین کە ئەو دوو چیرۆکە بەردی بناغەی قۆناغی تازەی ئەدەبی منداڵانی کوردن لە رۆژئاوای کوردستاندا .

( کونی رەش : ١٩٥٣)ناوی ( سلێمان عوسمان) ە، لە گوندی ( کونی رەش ) ی سەر بەشاری قاميشلو، لە رۆژئاوای کوردستان لە خێزانێکی کوردستان پەروە و رۆشنبیر و ئەدەبدۆستی کورد دایک بووە، نازناوەکەشی لە ناوی گوندەکەیانەوە هاتووە، کونی رەش شاعیر و نووسەرێکی ناسراو و رۆژنامەنووسێکی چالاکی کوردمانە، لە زۆربەی گۆڤارە کوردییەکانی ناو کوردستان و، ئەو گۆڤارانەی لە هەندەراندا دەردەچن، کونی رەش بە کوردی و بە عەرەبی شیعر و نووسینەکانی بڵاوکردوونەتەوە. . کونی رەش ئاشقێکی سەرسەختی ئازادی و ئاشتی و نیشتمانییە . . تائێستا چەند کتێبێکی شیعری بە کوردی و عەرەبی چاپکردووە و بڵاوی کردۆتەوە، لەوانە :
(*) دەروازەی ژیان و خۆشەویستی ـ بە عەرەبی ـ ساڵی ـ ٢٠٠١ـ چاپی کردووە .
(*) کتێبێک دەربارەی شاری قامیشلو، لە ساڵی ـ ٢٠٠٣ـ دا، چاپی کردووە .
(*) رووداوەکانی شۆڕشی ئارارات ـ١٩٣٠، لە ساڵی ـ ٢٠٠٠ ـ لە هەولێر چاپ کراوە .
(*) ئەی نیشتمان، لە ساڵی ـ ١٩٩٨ ـ چاپی کردووە .

کونی رەش، منداڵانی کوردیشی لە یاد نەکردوون . . ئاراستەی منداڵانی کوردماندەکات و، هانیان دەدات، بە تایبەتیش منداڵانی کورد لە رۆژئاوی کوردستاندا، کە فێری زمانی کوردی ببن، چونکە زمان ناسنامەیە و، یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی نەتەوەیی . . کوردستانیشیان خۆش بوێت، چونکە نیشتمانمانە . . گەلێ هەڵبەست و چیرۆکەهەڵبەستی بۆ منداڵان نووسیوە و، چاپی کردوون، لەوانە:
(*) کۆمەڵە شیعری یەکەمی بە ناوی ( سیبان و جین ) لە ساڵی ( ١٩٩٣) دا، چاپی کردووە.
(*) کۆمەڵەی شیعری دووەمی بە ناوی ( شاگری بەدرخانم ) لە ساڵی ( ١٩٩٦) دا، چاپی کردووە.
(*) لە رۆژنامە و گۆڤارە کورییەکانیشدا . . گەلێ شیعری بۆ منداڵان بڵاوکردۆتەوە .

کونی رەش، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە ساڵی ( ٢٠٠٠) دا، لە یادی رۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا، لە لایەن وەزیری رۆشنبیری کوردستان خوالێخۆشبو ( فەلەکەدین کاکەیی) یەوە، وەکو نووسەر و شاعیر و رۆژنامەنووسێکی چالاکوان، خەڵاتی رێزلێنانیان پێ بەخشی .
لەم کاتەدا شیعرەکانی ( کونی رەش بۆ منداڵان) لە بەردەستماندا نییە، کە ئاماژەیان پێ بدەین . . بەڵام حەزمان کرد، کە ئەم کە ئەم شیعرە جوانەی، لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی، وەکو نموونەیەک لە لە شیعرە نیشتیمانییەکانی کونی رەش، کە بۆ منداڵانیش گران نییە :
ئەی نیشـتمان !
داهێنان بەبێ ئــــازادی
داهێـنان نیـیە،
ئـازادی بەبێ نیشـتمان
ئــازادی نیـیە
بــــــــــڕوانە !
ئایا نیشــتمان هـــــەیە
بەبــی خـــــــــــــــــــۆر ؟!
ئایا ئاینـــــدە هـــــــەیە
بەبێ نیشتمان یا شوێن ؟!
ئەی نیشـتمان
تۆ داهێنان و ئـازادیمی
بوونــــم و نەبـــوونمی . . .

( ئەحمەد ئیسماعیل ئیسماعیل : ١٩٦١)لە شاری ( قامیشلو )لە رۆژئاوای کوردستان لە دایک بووە، مامۆستایەکی پەروەردەیە، نووسەرێکی ناسراوی کوردمانە، بە تایبەتیش لە بواری نووسینی کورتە چیرۆک و شانۆگەری و لێکۆڵینەوەی شانۆییدا، ئەندامی کۆمەڵەی شانۆنووسانە لە یەکێتی نووسەرانی سوریا . . بە زمانی عەرەبی دەنووسێت، چونکە تا ئەمڕۆش رژێمی شۆڤێنی عەرەبی سوریای داگیرکەری رۆژئاوای کوردستان، دانی بە هیچ مافێکی نەتەوەی کورد و بە زمانی کوردیدا نەناوە، رێی بە منداڵانی کوردمان نەداوە، کە بە زمانی کوردی بخوێنن و بنووسن . . بۆیە ئەحمەد ئیسماعیل و بە دەیان نووسەر و رۆشنبیری کوردمان، لە رۆژئاوای کوردستاندا، قوربانیی ئەم تاوانەن . . بەشێکیان بە زمانی عەرەبی دەنووسن . . ئەحمەد ئیسماعیل، لە چەندین کۆڕ و سیمیناردا لە سوریا، شاریقە، فەلەستین، ئیمارات، مەغریب، عێراق، دوبەی، بەشداری کردووە و، دەربارەی ئەدەب و شانۆی منداڵان، لە سوریا و لە چەند وڵاتێکی تردا، وەکو بابەت پێشکەشکەر بەشداری کردووە، چیرۆک و شانۆگەرییەکانی لە گۆڤارە عەرەبی و کوردییەکاندا ـ کە بە عەرەبی دەردەچن ـ بڵاوکردۆتەوە . . تا ئێستا چەندین خەڵاتیشایستە وچەند بڕوانامەیەکی رێزلێنانیانلە سوریا و لە وڵاتانی تردا پێ بەخشیوە . . بە زۆریش لەو شانۆگەرییانەی کە بۆ منداڵانی نووسیون . . ئەحمەد ئیسماعیل تا ئێستاش بەدەوامە لە نووسین و چاپکردن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی تازەیدا. . ئەمانە ناوی بەشێکن لە بەرهەمەچاپکراوەکانی کە بە زمانی عەرەبی نووسیونی :
١ـ لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی شانۆی کوردی ـ ساڵی ٢٠٠٠
٢ـ شانۆگەرییەکانی ساڵی ـ ١٩٩٩
٣ـ شانۆگەری تۆبەی ڕێوی ـ چوار دەقی شانۆییە ـبۆ منداڵان ـ ٢٠٠٠
٤ـ سەمای عاشق ـ کۆمەڵە چیرۆکێکە ـ ساڵی ـ ٢٠٠١
٥ـ بەدلیسی ـ شانۆگەرییەکە ـبۆ منداڵان .
٦ـ بارزانی نەمر ـ شانۆگەرییەکە ـبۆ منداڵان ـ ٢٠٠٣
٧ـ پشەوا قازی محەمەد ـ شانۆگەرییەکە ـبۆ منداڵان
٨ـ کێڵگەیەکی سەخت ـ شانۆگەرییەکە ـبۆ منداڵان ـ ٢٠٠١
٩ ـ گوناهی ئەسپێک ـ شانۆگەرییەکە ـبۆ منداڵان ـ ٢٠٠٦
١٠ـ کەسایەتی لە شانۆگەری منداڵان دا ـ لێکۆڵینەوەیە ـ ٢٠٠٦
١١ـ کورد لە شانۆی سوریدا ـ لێکۆڵینەوەیە ـ ٢٠٠٦
١٢ـ داوڵ ـ شانۆگەرییەکە ـبۆ منداڵان .
١٣ ـ چیرۆکی سێ چەقاوە سوەکە ـ دووشانۆگەرییە ـبۆ منداڵان ـ ٢٠٠٩
١٤ـ کەلەبەر ـ شانۆگەرییەکە ـبۆ مێردمنداڵان ـ ٢٠٠٤
١٥ـ خەونەکانی گوێدرێژە تەمەڵەکە ـ شانۆگەرییەکە بۆ منداڵانـ ٢٠٠٠
١٦ـ باڵندەیەکی دانا ـ شانۆگەرییەکەـبۆ منداڵان ٢٠١٠ .
١٧ـ شوورە ـ شانۆگەرییەکە .
١٨ـ بە پیرییەوەچوونی شانۆ لە لایەن منداڵاوە ـ لێکۆڵێنەوەیەکە ٢٠٠٥
١٩ـ ببورن مەم و زین ـ شانۆگەرییەکی رەخنەسازی تەوسە.
٢٠ـ بچووکەکە پێ دەکەنیـ چیرۆکێکە .
ئەوانە ناوی هەموو نووسین و بەرهەمەکانی ئەحمەد ئیسماعیل نین . . چەندین کورتە چیرۆک و شانۆنامە و لێکۆڵێنەوە و رەخنەی ئەدەبی تری نووسیون و بڵاوی کردوونەتەوە .

( هەورامان وریا قانیع ) حەوت لە شانۆنامەکانی ( ئەحمەد ئیسماعیل ئیسماعیل ) ی، لە زمانی عەرەبییەوە، وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و، بە ناوی ( حەوت شانۆنامە بۆ منداڵان )، لە ساڵی ( ٢٠٠٨) دا، لە سلێمانی چاپی کردووە .
( نووسەر : دووجار بە تەلەفۆن پەیوەندیم بە مامۆستا( ئەحمەد ئیسماعیل) ەوە کرد، کە ئێستا لەشاری (قامیشلو)دەژی، بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری زیاتر دەربارەی ژیان و نووسینەکانی، بەڵام بەداخەوە، تۆڕی پەیوەندییان تەواو نییە و، بە باش گوێمان لە دەنگی یەکتری نەدەبوو )

نەرویـج :٣٠/١٠/٢٠١٤



ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

Related Articles