گوزاره‌ی نه‌وه‌ی دووه‌می کورد له‌هه‌نده‌ران - به‌ڕێوه‌به‌ری فێیسبووک. . دڵشاد تاقانە

 

ئه‌وکایه‌ی باسی داهێنه‌ره‌ خاوه‌نه‌ ملیاردێره‌که‌ی ناکه‌ین چی کرد و چۆنی کرد ؟ ئێستاس چه‌ندی پێده‌بڕێ ؟ به‌ڵکو کچه‌ زۆرزانه هه‌نده‌رانیه‌‌که‌‌ هاته‌ ژووری حه‌سانه‌وه‌ ڕووی له‌دایک و برا و خوشکه‌کانی کرد: بڕۆن پیرۆزبایی له‌باوه‌‌که‌ن ! چاوکێش بوون ژنه‌ش له‌دڵی خۆی وای لێکداوه‌ به‌ختی بیستویه‌ک ملیۆنی جاکپۆتی لۆتۆی هه‌فته‌یان لۆده‌رچووه‌ ! لۆچی چ بووه‌ ؟ کچه‌ به‌پێکه‌نینه‌وه‌ : باوکم دڵی زۆرخۆشه‌ لایکی زۆری بۆکراوه‌ له‌وێنه‌که‌ی دوێنی دایبه‌زاند ! تریقه‌ی پێکه‌نینیان ڕۆژه‌ڕێیه‌ک ده‌ڕۆیی. ژنه‌ش بۆڵه‌بۆڵی ده‌سپێکرده‌وه‌: سبیانێ تا ئێوارێ ئێوارێش تا سبیانێ به‌چاویلکه‌وه‌ خه‌ریکی فه‌یسبووکه‌ ! ئه‌دی ته‌ماشای لاپتۆپ ژنی دووه‌میتی هه‌موو ده‌م له‌سه‌ر کۆشی داده‌نێ به‌په‌نجه‌کانی کرت کرتی تی ! هه‌رهیچ نه‌ما له‌ته‌له‌فۆنه‌ ده‌ستیه‌که‌ی توک توکیتی ! کۆمه‌ڵه‌ک ژنی براده‌ره‌ تێیاندایه‌ له‌ڕه‌شه‌کانی مۆزه‌مبیقه‌وه‌ تا زه‌رده‌ماره‌ی چینی له‌گه‌ڵ سۆروسپی ئه‌وروپی نازانم کو تێیان ده‌گا ؟ جار جاره‌ش خۆی ده‌کاته‌ کچ براده‌رایه‌تی لۆ براده‌ره‌ پیاوه‌کانی ده‌نێری ئه‌وحه‌زه‌ش تاقی ده‌کاته‌وه‌ که‌پیاوه‌ک مجامه‌له‌ی بکا بزانێ خۆشه‌ ! یه‌ک له‌کوڕه‌کان دایکی وه‌ستان : ده‌ی گێی مه‌ده‌نێ هه‌موو ژنی ئێستا هه‌وێباری کۆمپیوته‌ر‌ن. ها ها ها کوڕی گچکه‌: دایه‌گیان ئه‌ی دوێنێ ئێواره‌ ‌هاتمه‌وه‌ بینیم تۆ و باوکم له‌ژووری ژیان‌ به‌جیا له‌واڵی فێیسبووکا سه‌یری لاپتۆپی خۆتان ئه‌‌کرد له‌به‌ره‌وه‌‌ پێئه‌که‌نین، وایی دابڕاوبوون هه‌ریه‌کێک له‌دنیایه‌کی تر نه‌ک له‌ژوورێک و سه‌رمێزیک دانیشتبن !

فێیسبووک واتا پیتیه‌که‌ی له‌کوردی ده‌کاته‌ ( په‌رتوکی ده‌موچاوه‌کان ) به‌ڵام ڕاستیه‌که‌ی یانه‌ یا هه‌وارگه‌یه‌کی میدیای په‌یوه‌ندگیری کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌می خێرایه‌ له‌تیشکه‌په‌ڕه‌کاندا وێستگه‌یه‌کی خۆشی به‌خشی دڵنه‌وایی هه‌روا نوێکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه دابڕاوه‌‌کانه‌ به‌تایبه‌ت کوردستانیانی هه‌نده‌ران، کۆگیر به‌بڵاوکراوه‌ی وێنه‌یی له‌گه‌ڵ نوسین و ڤیدیۆ، لایک و ڕانوسی و بڵاوکردنه‌وه‌، خۆشگوزه‌ری دنیای جه‌نجاڵی پرئارێشه‌ی ئه‌مڕۆیه‌. فێسبووکچیه‌کان زۆرکاره‌ن هه‌ندێ شاعیری له‌شه‌وێکدا دوو هۆنراوه‌ ده‌نوسن چیان پێ نه‌ماوه‌ پیتی وشه‌کان ح ن ج ه‌ ی ی ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ نوسه‌ره‌ زۆربڵیه‌کان هه‌میشه‌ کای کۆن به‌با ده‌که‌ن، مۆزسیانه‌ چه‌قیوه‌کان فۆلکلۆر و گۆرانی جوانی کوردی نه‌ما نه‌یشێوێنن ! هه‌ندێ ئیسلامی ئه‌ڵاچی خودانه‌ناس وێنه‌ نوسی مووی سه‌رزگی بزنێک ده‌خوێننه‌وه‌ داواده‌که‌ن بێ لایک لێ ی ده‌رنه‌چی ! هه‌ندێکیش چونکه‌ ژنه‌که‌ی کورد نی یه‌ و بیانی یه‌ تێرخواردن نابی هه‌ر وێنه‌ی خواردن داده‌به‌زێنی تومه‌زا کوردیش خۆی چڵێسه‌‌ ! به‌شێک سیاسه‌تباز و به‌شێک مه‌سولباز به‌شه‌کیش حۆقه‌باز ! که‌چی ئه‌م فێیسبووکه‌ حه‌یاته‌ هه‌موو دنیای کۆکردیته‌وه‌ له‌ناوماڵێ ژن و مێرده‌ی لێک تۆراندیه‌، ژنه‌ بۆڵه‌ی ته‌واو نابی ناوی مێرده‌که‌ی گۆڕیه‌ له‌بابی فڵان و ‌ئازیزه‌که‌م به‌ته‌وسه‌وه‌ بانگی ده‌کا: ‌مدیری فێیسبووک وه‌ره‌.

 This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

 

Related Articles