چیرۆكی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پارتی چییه‌؟ ... شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا

 

 

 

له‌ سه‌روبه‌ندی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و دواتر مه‌سه‌له‌ی پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت و بانگه‌شه‌ی ئه‌مجاره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگه‌كان و نوێنه‌رانی عێراق، له‌لایه‌ن میدیای هه‌ر یه‌ك له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان زۆرترین كه‌یس بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌ پارتی دروستكرا تا رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی بهێننه‌ خواره‌وه‌، له‌ مه‌سه‌له‌ی خه‌نده‌ق و كێشه‌ی نه‌وت و نه‌مانی پاره‌ له‌ بانكه‌كان و .....به‌ڵام هه‌ردوو ده‌رئه‌نجام شتێكی تریان پێ گوتین و پارتی له‌ ناو ئه‌و ئاڵۆزییه‌ سیاسیه‌دا توانیوێتی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی كوردستان به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌مه‌ رێكلام نییه‌ بۆ پارتی، به‌ڵكو قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامه‌كان، ئاخر ئه‌و حیزبه‌ كه‌ خاوه‌نی میدیایه‌كی لاوازه‌ له‌ چاو میدیای ئه‌و چوار حیزبه‌داو میدیای ئه‌هلیش كه‌ نه‌یاری پارتین خێره‌ براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌! ده‌توانین بڵێین هێشتاكه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان متمانه‌یان به‌ پارتی هه‌یه‌، هیچ نه‌بێت پارتی سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌وه‌ی بتوانێت ناڕه‌زاییه‌كان له‌ خۆی دووربخاته‌وه‌و بیخاته‌ گۆڕه‌پانی حیزبه‌كانی تره‌وه‌، سیاسه‌تیش ئه‌مه‌یه‌، خۆ گێڕانه‌وه‌ی حه‌كایه‌ت نییه‌! ره‌نگه‌ هه‌ندێ لایه‌ن باسی ته‌زویر بكه‌ن، به‌ڵام خۆ ده‌نگه‌كانی پارتی زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ له‌ ته‌سه‌وڕاتی ته‌زویردابێت، ئاخر هێز هه‌یه‌ له‌م باشووره‌ بتوانێت 38 كورسی به‌ ته‌زویر بهێنێت، ئه‌گه‌ر هه‌ندێك كه‌س به‌و لۆژیكه‌ بیر بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وا له‌ سیاسه‌ت نه‌گه‌یشتوون و پێویستیان به‌وه‌یه‌ به‌ سیاسه‌ت و ستراتیژی میدیایی و هه‌ڵبژاردنی خۆیاندا بچنه‌وه‌.

له‌ هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ له‌ چاو ئه‌و چوار حیزبه‌، پارتی زۆر به‌ ئارامی به‌ره‌و پرۆسه‌ی ده‌نگدان ده‌ڕۆیشت، هێرشی نه‌ده‌كرده‌ سه‌ر ئه‌م حیزب و ئه‌و لایه‌نی سیاسی و له‌سه‌ر ستایله‌كه‌ی خۆی به‌رده‌وام بوو كه‌ ته‌نیا بیری له‌ هێنانی ده‌نگی زۆرینه‌ ده‌كرده‌وه‌ بێ هاشوهوشی میدیایی، ئاخر ئه‌وه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان به‌ یه‌كیان كرد، زیانی بۆ هه‌ردوولایان هه‌بوو، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پارتی توانی سوود له‌م ململانێ نا لۆژیكیه‌ی ئه‌وان وه‌رگرێت و پیرۆزیشی بێت، چونكه‌ سیاسه‌ت ئه‌وه‌یه‌ تۆ بتوانیت ده‌رفه‌ته‌كان بقۆزیته‌وه‌ له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی خۆتدا، هاوكات ئه‌و دژایه‌تیه‌ی بزوتنه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵ بۆ یه‌كگرتوو، یه‌كگرتووش بۆ هه‌ردوو هێزه‌ سیاسییه‌كه‌، رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی بۆ خه‌ڵك ئاشكرا كرد و به‌مه‌ش ده‌نگه‌كانی یه‌كگرتوو و بزوتنه‌وه‌ له‌ كورتیدا.
تۆ وه‌ك بینه‌رێك سه‌یری ده‌رئه‌نجامه‌كان بكه‌ كه‌ له‌سه‌ر شاشه‌ی تیڤییه‌كانه‌وه‌ په‌خش ده‌كرێت، له‌ هه‌ندێك كاتدا به‌ هه‌ر چوار حیزبه‌كه‌ ناتوانن نیوه‌ی كورسییه‌كانی پارتی به‌ده‌ست بێنن، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت، پارتی گوێی به‌ ره‌خنه‌ی كه‌س نه‌داوه‌و ئیشی خۆی كردووه‌ له‌ په‌یڕه‌وكردنی ستراتیژیه‌كانی، بۆ نموونه‌ هه‌موو كه‌س ده‌یگوت نابێت نه‌وت ده‌ربهێنرێت، ته‌نیا پارتی ده‌یگوت ده‌بێت ده‌ربهێنرێت، هه‌نووكه‌ هه‌مووان حه‌ز ده‌كه‌ن ئه‌و نه‌وته‌ عه‌مباركراوه‌ی توركیا بفرۆشرێت.
چیرۆكی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پارتی له‌وه‌دایه‌ ئه‌وه‌نده‌ی بیر له‌ كاری سیاسی خۆی ده‌كاته‌وه‌، نیو هێنده‌ سه‌رقاڵی ئه‌م حیزب و ئه‌و لایه‌نی سیاسی نییه‌، هه‌موو شت ده‌كات له‌ پێناوی ئارامی زۆنی زه‌رد، گوێ به‌وه‌ نادات تۆ پێی ده‌ڵێیت خه‌نده‌ق لێ مه‌ده‌، ئه‌و هه‌ر لێیده‌دات، چونكه‌ هه‌ست ده‌كات خه‌نده‌ق باشووری كوردستان له‌ تیرۆریستانی داعش و نوسره‌و ئیسلامییه‌كان ده‌پارێزێت و به‌ قه‌ناعه‌تیشه‌وه‌ ئه‌و خه‌نده‌قه‌ لێده‌دات، مالیكی ده‌ڵێت نه‌وت مه‌فرۆشن و موچه‌ی كوردستان نادات، به‌ڵام ئه‌و به‌رده‌وامه‌ له‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت و هه‌وڵی فرۆشتن و به‌ خه‌ڵكیش ده‌ڵیت ئێمه‌ بێ منه‌تین له‌ به‌غداو مالیكی، رێگه‌ به‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك نادات ئارامی هه‌ولێر بشێوێنێت به‌بیانووی ئازادی رێكخراوه‌یی و چالاكی مه‌ده‌نی، چونكه‌ پارتی نایه‌وێت هه‌ولێریش هه‌مان ئه‌زموونی سلێمانی دووباره‌ بكاته‌وه‌ كه‌ تا نووكه‌ش گه‌وره‌ترین ململانێی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له سلێمانی هه‌یه‌ له‌ نێوان لایه‌نگرانی گۆڕان و یه‌كێتی و ئیسلامییه‌كان! ئیتر خه‌ڵكی بێزاربوونه‌ له‌ ململانێی حیزبایه‌تی و ده‌یه‌وێت ئیش و كاره‌كانیان رانه‌وه‌ستێت!

سه‌رنج: ئه‌مانه‌ بۆچوونی منن له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانی پارتی، تۆش ئازادی چۆن بیر ده‌كه‌یته‌وه‌!

 

 

 

 

Related Articles