مالكی‌ عێراق به‌ره‌و كوێ‌ ده‌بات؟ ... بورهان شێخ ره‌ئوف

وه‌كو لای‌ هه‌مووان ئاشكرایه‌ عێراق له‌دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازاد كردنیه‌وه‌ له‌نیسانی‌ 2003وه‌ به‌توند ترین زنجیره‌ی‌ توندو تیژی‌ دا تێده‌په‌ڕێت به‌تایبه‌تی‌ له‌ناوچه‌ عه‌ره‌بیه‌ سوونی‌ نیشینه‌كانی‌ خۆرئاوایدا كه‌ به‌ناوچه‌ گه‌رمه‌كان (ساخن) ناوده‌برێت له‌ڕوی‌ ئه‌منیه‌وه‌و به‌تایبه‌تی‌ له‌ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكادا كه‌ له‌سه‌ر زاری‌ ئه‌مریكیه‌كان  خۆیان‌و خودی‌ ژه‌نراڵ پاتریۆس دانیان به‌شكست‌و بێده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیاندانا له‌به‌رامبه‌ر مقاوه‌مه‌ی‌ سه‌رسه‌ختی‌ عه‌ره‌به‌ سوونه‌كان له‌و ناوچانه‌دا، تا له‌ كۆتاییدا به‌هه‌وڵی‌ سه‌رۆك خێڵه‌ كانی‌ ئه‌نبارو به‌تایبه‌تی‌ شێخ عه‌بدولسه‌تار ئه‌بوریشه‌ به‌یارمه‌تی‌ و كۆمه‌كی‌ ئه‌مریكیه‌كان توانی‌ گورزێكی‌ گورچك بڕ له‌ڕێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ قاعیده‌ بدات‌و تارو ماریان بكات بۆماوه‌یه‌كی‌ باش ئارامی‌‌و ئاسایش بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی‌ خۆرئاوای‌ عێراق‌و هه‌موو ناوچه‌ گه‌رمه‌ سوونه‌ نشینه‌كان‌و كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ ئه‌مریكا جۆرج بۆشی‌ كوڕ سه‌ردانی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار بكات‌و ببێته‌ میوانی‌ شێخ عه‌بدولستار ئه‌بو ریشه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ ئه‌نجامبدات به‌ئاماده‌بونی‌ مه‌سعود به‌رزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش. 


به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ر به‌ماوه‌یه‌كی‌ كورت دوای‌ ئه‌وه‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌ توانیان پیلانێك ڕێكبخه‌ن له‌ كرده‌وه‌یه‌كی‌ خۆ كوژیدا  شێخ عه‌بدولستار ئه‌بوریشه‌ له‌ناو به‌رن، به‌ڵام له‌دوا خۆیشی‌ شێخ ئه‌حمه‌دی‌ برای‌ جێگه‌ی‌ گرته‌وه‌ و به‌رده‌وام بوون له‌به‌گژاچونه‌وه‌ی‌ قاعیده‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كان، ئه‌مه‌ درێژه‌ی‌ كێشا تا كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ 2011.  له‌وه‌ به‌ دواوه‌ وه‌كو سونه‌كان خۆیان‌و هه‌موو ئاژانسه‌ هه‌واڵیه‌كانی‌ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ باسیان ده‌كرد  نوری‌ كامیل مالكی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق زۆربه‌ی‌ مووچه‌و كۆمه‌ك و یارمه‌تیه‌كانی‌ لێبڕین كه‌وته‌ پرژو بڵاوه‌پێكردنیان وه‌كو هه‌ست كردن به‌جۆرێك له‌مه‌ترسی‌ له‌به‌رامبه‌ر هێزیكی‌ سوونه‌ مه‌زهه‌بی‌ پڕچه‌ك له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ تازه‌و ساوای‌ شیعه‌ له‌عێراقداو پاشتر سه‌رهه‌ڵدانی‌ كێشه‌ی‌ تاریق هاشمی‌ جێگری‌ سه‌رۆك كۆمارو ده‌ركرنی‌ یاداشتی‌ ده‌ستگیركردن بۆی‌‌و ڕاوه‌دوونانی‌ هێماو سه‌ركرده‌كانی‌ سوونه‌ و دواتر په‌لاماردانی‌ رافیع عیساوی‌ وه‌زیری‌ دارایی‌‌و ده‌ستگیركردنی‌ پاسه‌وانه‌كانی‌ و دوا ڕووداویش ڕووداوه‌كانی‌ ساڵی‌ نوێی‌ 2014 ه‌ ن په‌لاماری‌ گۆره‌پانی‌ مانگرتنه‌كانی‌ روومادی‌ به‌زۆر چۆڵكردنی‌ پێیان بێبه‌رامبه‌ر هیچ شتێك كه‌ نزیكه‌ی‌ ساڵێك درێژه‌ی‌ هه‌بوو هه‌روه‌ها ده‌ستگیر كردنی‌ په‌رله‌مانتاری‌ لیستی‌ عێراقیه‌ ئه‌حمه‌د عه‌لوانی‌‌و كوشتنی‌ براكه‌ی‌ كه‌ كشانه‌وه‌ی‌ هه‌موو په‌رله‌منتاره‌كانی‌ لیستی‌ متحدونی‌ ئوسامه‌ نوجیفی‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێنا له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران كه‌ 41 ئه‌ندامن.

هه‌موو ئه‌مانه‌ موژده‌ی‌ خۆش‌و ئاماژه‌ی‌ باش ناده‌ن بۆ پێكه‌وه‌ ژیان و یه‌كپارچه‌یی‌ خاكی‌ عێراق كه‌ زۆرێك له‌ سیاسیه‌كانی‌ وڵات فرمێسكی‌ تیمساحی‌ بۆ ده‌ڕێژن و پابه‌ند بوون به‌ ده‌ستووره‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی‌ گه‌لی‌ عێراقه‌وه‌ به‌ده‌نگی‌ به‌ڵێ‌  ده‌نگی‌ له‌سه‌ر دراوه‌، ئه‌مانه‌و ئاڵۆزكردن و بارگاوی‌ كردنی‌ بارودۆخی‌ وڵات به‌كێشه‌ی‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌ك له‌لایه‌ن مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌و كۆكردنه‌وه‌ی‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌منیه‌كان له‌ده‌ستی‌ خۆیداو چاره‌سه‌ر نه‌كردنی‌ هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ ووڵاتدا به‌ كێشه‌كانی‌ هه‌رێمی‌  كوردستانیشه‌وه‌دابین نه‌كردنی‌ سه‌ره‌تاییترین خزمه‌تگوزاریه‌كان بۆ هاووڵاتیان وێڕای‌ بوونی‌ زلترین و زه‌به‌لاحترین بوودجه‌ له‌ مێژووی‌ عێراقدا ,بۆیه‌ له‌ ئاوا بارودۆخێكدا  كه‌ ووڵات له‌سه‌روبه‌ندی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ گشتیدایه‌ له‌كۆتایی‌ نیسانی‌ ئه‌مساڵدا هه‌موو چاودێرێكی‌ بارودۆخی‌ عێراق گومانێكی‌ لادروست ده‌بێت كه‌ ته‌گه‌ره‌و كۆسپ و ئاسته‌نگ بۆ هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ ووڵات بێته‌ خولقاندن‌و درێژه‌دان به‌ حوكمی‌ تاكڕه‌وی‌ تا بۆیان بكرێت.

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

Related Articles