ئەو سیاسەتەی داگیرکەرانی کوردستان پیادەیان کردووە تەنها داگیرکراوی خاکی کوردستانی لێ نەکەوتۆتەوە ، بەڵکو شێواندنی مێژوو و تێکدانی کلتوور و فەرهەنگ و تەنانەت خۆ بە کەمزانینی تاکی کوردیشی بە دواوە بووە ، یەکێک لەو هۆکارانەش کە یارمەتیدەر بووە بۆ سەرکەوتنی سیاسەتەکانی داگیرکەران ناوچەگەرێتی و خۆ بە بەشێک زانین لە وڵاتی داگیرکەر بووە لەلایەن هەندێک حیزب و ڕێکخراوی کوردیەوە .
بەڵام کاتێک هێزێکی شۆڕشگێڕ سەر هەڵبدات و ڕاستی و چەوتیەکان وەک خۆی پێناسە بکات ئەو کات هاوکێشەکان پێچەوانە دەبنەوە ، هەم تاکی داگیرکراو خۆی لە تاکی داگیرکەر بە کەمتر نابینێت و هەم داگیرکەریش ناتوانێت بە ویستی خۆی یاری بە چارەنووس و فەرهەنگ و مێژووی گەلی داگیرکراو بکات ، نموونەی ئەمەش باکووری کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستانە .
ڕۆژگارێک هەبوو کە تاکی کورد لە باکووردا شەرمی دەکرد وەک کورد خۆی پێناسە بکات و تەنانەت بە زمانی کوردیش بدوێت و هیچ بایەخێکی ئەوتۆشیان بۆ هونەر و کلتوری نەتەوەکەیان نەبوو ، کە باشترین نموونەش هونەرمەندی شۆڕشگێڕ و یادزیندو "ئەحمەد قایا" بوو ، کە سەردەمانێکی زۆر لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە خزمەتی بە زمانی تورکی کرد .
بەڵام کاتێک شۆڕشێک سەر هەڵدەدات و بە ڕەش دەڵێت ڕەش و بە سپیش دەڵێت سپی ، ئەو کات هەم گەل زیندو دەبێتەوە و هەم هونەرمەندانیش ڕێچکەی خۆیان دەدۆزنەوە ، سەرکێشی کردنی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ بەرپاکردنی شۆڕش و قامکدانان لەسەر زامەکان ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات کە نە داگیرکەران ئەو هێزەن کە لە بن نەیەن و نە گەلی کوردیش ئەو نەتەوەیەیە کە بە ئاسانی قوت بدرێت ، بەڵکو گرفتاریەکە ئەوە بووە کە پارت و لایەنەکانی دیکە نەیان توانیبوو ڕاستیەکان وەک خۆی ببینن و خاڵە بەهێزەکانی دوژمنان و خاڵە لاوازەکانی کوردان دەستنیشان بکەن .
هەر بۆیەش بە سەرهەڵدانی پکک گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی دێتە ئاراوە ، ئەو گۆڕانکاریەش چەندە کاریگەری دەکاتە سەر کوردان بەو ئەندازەیەش کاریگەری دەکاتە سەر دوژمنان و تەواوی زلهێزەکانی جیهانیش ، ئەنجامی ئەو گۆڕانکاریانەش هۆکارێک دەبێت کە کەسانی وەک ئەحمەد قایا بە گوتنی تەنها دوو وشە کە گوتی "من کوردم" گەورەترین گۆڕانکاری دروست بکات لە تورکیا و باکووری کوردستاندا .هەڵبەت ئەو دوو وشەیەی ئەحمەد قایا لەو کاتەدا سەرەتایەک دەبێت بۆ پساندنی هەموو کۆت و بەندەکانی سەر زمان و ناسنامەی کوردی ، پاش ئەم ڕووداوە ئەحمەد قایا وێڵی وڵاتان دەبێت بەڵام ئەو خولیایەی کە لە دوای وێڵ بوو (واتە خولیای ئازادی) ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە دڵ و مێشکی ئەحمەد قایادا زیاتر دەبێت و لە دوای نەمانی ئەحمەد قایاش کاریگەریەکانی ئەو دوو وشەیە (من کوردم) زیاتر ڕەنگ دەداتەوە و دەوڵەتی تورکی بێ چارە هێشتۆتەوە .
شەهرامی نازریش یەکێکی دیکەیە لەو هونەرمەندە کوردانەی کە سەدەمانێکی زۆر بە زمانی فارسی هونەرەکانی پێشکەش دەکرد و تەنانەت زۆر کەسیش وەک کورد نەیان دەناسی ، ئەگەرچی ماوەی چەندین ساڵە لێرە و لەوێ گۆرانی کوردی دەچڕی بەڵام هێشتا تێری ئەوەی نەدەکرد کە کاریگەریە نەرێنیەکانی کلتووری داگیرکاری لەسەر خۆی نەهێڵێت کە لە ڕابردوودا خزمەتی پێکردبوو ، تا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە چڕینی گۆرانی (خۆم کرماشانی فارسی نیەزانم ، وە زوانی کوردی قەزاو وە گیانم) تەواوی کاریگەریەکانی داگیرکەرانی لەسەر هونەرەکەی سڕیەوە و تەنانەت وەک سەرەتای وەرچەرخانێکی نوێش دێتە ئەژمار ، کە من لەو باوەڕەدام ئەو وەرچەرخانە هەم بێچارەبوونی کۆماری ئیسلامی بەدوادا دێت و هەم دووبارەبوونەوەی ئەو ڕۆژگارانەش دەبێت کە ئەحمەد قایا بە گوتنی دوو وشە داگیرکەری تورکی پێ لەرزاند .
کارم بەوەوە نییە کە لە داهاتوودا کاک شەهرامی نازری هەمان ڕێچکەی ئەحمەد قایا دەگرێتە بەر واتە ( ڕێچکەی شۆڕشگێڕێتی تا ماڵئاوایکردن لە ژیان) یان دەگەڕێتەوە بۆ ڕێچکە کۆنەکەی خۆی کە زیاتر خزمەتکردن بە هونەری گەلی سەردەست و داگیرکەر بووە ، بەڵام دڵنیام کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئەو گۆرانییەی شەهرامی نازری سەرەتایەک دەبێت بۆ سەرهەڵدانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ، سەرهەڵدانێک کە داگیرکەری ئێرانی لەسەر ڕۆژهەڵات بخاتە دۆخی بێچارەییەوە و دووبارەبوونەوەی سەرهەڵدانە جەماوەریەکانی باکوور دەبێت لە ڕۆژهەڵاتدا .