(به‌ره‌ی گه‌ل) له‌ نیوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆندا .. قادر عبدالصمد

 (به‌ره‌ی گه‌ل) له‌ ساڵانی سیه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌ ئه‌وروپا سه‌ری هه‌ڵدا به‌ ( (Popular Front ناسرا لای عه‌ره‌به‌کانیش به‌ (الجبهه‌ الشعبیه‌) له‌ هه‌ر وه‌ڵاتێک و له‌ هه‌ر کات و ساتێکدا بۆ چه‌ندین مه‌به‌ستی جوودا به‌کار هاتووه‌ به‌ڵام زۆربه‌ی کات هه‌ر بۆ بواری سیاسی بووه‌. . لای من مه‌به‌سته‌که‌ جیاوازتره‌ کورد واته‌نی ئه‌و (داری خێره‌ ئه‌بێت) به‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆندا ده‌هێنرێت هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو کۆمه‌ڵگای کوردی له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌ سیاسی کراوه‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی. به‌ره‌ی گه‌ل لای ئێمه‌‌ ‌هێنده‌ی نه‌ماوه‌ بۆ دروست بوونی زۆربه‌ی قۆناغه‌کانی حکومڕانیمان بینی به‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌، ئاستی ڕۆشنبیری تاک زیاد له‌ پێویست به‌ره‌و پێشچوون ده‌ڕوات به‌هۆی ئه‌و کرانه‌وه‌ به‌رفراون و په‌یوه‌ندی کردنه‌ی به‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی‌ که‌ زه‌مینه‌یه‌کی وا له‌باری خۆش کردووه‌‌ بۆته‌ فاکته‌رێک و پاڵنه‌رێک که‌ هه‌موو کار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بکه‌ین لێره‌ به‌دواوه‌ کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ کۆت و به‌ندی حیزبایه‌تی و گه‌رد و تۆزی چه‌ند ساڵه‌ی به‌ سیاسی بوونمان له‌ خۆمان بکه‌ینه‌وه‌.

له‌ دوای ڕاپه‌رینه‌که‌ی ساڵی 1991 سیاسه‌ت لای ئێمه‌ به‌ چه‌ند قۆناغێکدا ڕۆیشتووه‌ له‌ خواره‌وه‌ زۆر به‌کورتی ئاماژه‌ی پێ ده‌ده‌م.

قۆناغی یه‌که‌م

ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له‌ مێژووی سیاسی خۆمان بده‌ینه‌وه‌ زۆر دوور نه‌ڕۆین له باشووری کوردستان پارته‌ سیاسیه‌کان‌ له‌ ڕۆژی دروست بوونیانه‌وه‌ تا ئێستا له‌ چه‌په‌کانه‌وه‌ بۆ ئیسلامیه‌کان، ناسیۆنالیسته‌کان به‌ هه‌موو ڕه‌نگه‌کانیه‌وه‌ به‌رنامه‌ی کارکردنیان به‌ حیزبی کردنی کۆمه‌ڵگا بووه‌ به‌ ئاشکرا بێت یان نهێنی خۆیان خزاندۆته‌ ناو هه‌موو سێکته‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگاوه‌ هه‌موو کایه‌کانیان پاوه‌ن کردووه‌ به‌ جۆرێک ته‌نها جێگایه‌ک‌ بۆ هه‌ناسه‌یه‌کی بێلایه‌ن و ده‌نگێکی جیاواز نه‌بێت.

قۆناغی دووه‌م

له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌ مێژوویه‌که‌ی ئازاری ساڵی 1991 هه‌ڵبژاردن کرا سیستمی حکومڕانی (نیوه‌ به‌ نیوه‌) پیاده‌ کرا بۆ ئه‌و قۆناغه‌ ناسکه‌ی ئه‌و کاته‌ به‌ هه‌موو خراپیه‌کانیه‌وه‌ چاره‌سه‌رێکی گونجاو و له‌ باربوو وه‌لێ ئه‌فسووس زۆری نه‌خایه‌ند شه‌ڕی ناخۆی دوو پارته‌ سیاسیه‌که‌ ئه‌م حکومڕانیه‌ی له‌ کار خست و ئیفلیجی کرد ده‌رئه‌نجامه‌که‌شی دوو زۆنی سیاسی ده‌سه‌ڵاتداری لێ که‌وته‌وه‌‌ تا دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق و تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وا‌می هه‌یه‌.

قۆناغی سێیه‌م

له‌م قۆناغه‌ ئۆپۆزسیۆن دێته‌ ناو کایه‌ی سیاسی کوردستانه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ دوای دروست بوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بۆ یه‌که‌مین جار ڕووی ئۆپۆزسیۆنمان له‌ گۆڕه‌پانه‌که‌دا بینی که‌ له‌گه‌ڵ دوو هێزی ئیسلامی کوتله‌ی ئۆپۆزسیۆنیان پێکهێنا گۆڕانکاری ته‌نها به‌سه‌ر ڕێژه‌ی ده‌نگی حیزبه‌کاندا هات به‌ڵام بارودۆخی سیاسی و حکومڕانی گۆڕانکاریه‌کی ڕیشه‌یی و جه‌وهه‌ری به‌سه‌ردا نه‌هات.

قۆناغی چواره‌م

له‌گه‌ڵ دروست بوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆچوونێکی وام هه‌بوو هه‌وڵ بۆ دروست کردنی (به‌ره‌ی گه‌ل) ده‌دات و کۆمه‌ڵگا کوردی له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی سیاسیه‌وه‌ ده‌کاته‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی کار بۆ ڕۆشنبیری و په‌روه‌رده‌کردنی تاک ده‌کات ده‌یبه‌خشێته‌وه‌ به‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی دوور له‌ ئایدۆلۆژیای سیاسی و پارتایه‌تی نه‌ک ڕاکێشانی تاکی ناڕازی بۆ دروست کردنی بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی که‌ کۆمه‌ڵگایی ئێمه‌ به‌ده‌ست سیاسه‌ت و حیزبایه‌تیه‌وه‌ واگیری خواردوه به‌جۆرێک نه‌زانێت کێ سپیه‌ و کێ ڕه‌شه‌ ‌به‌داخه‌وه‌ ڕابه‌رانی بزووتنه‌وه‌که‌ شێوازێ کاری سیاسیان بۆ بزووتنه‌وه‌که‌یان‌ هه‌ڵبژارد ئه‌وانیش بوونه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی هه‌روه‌ک ئه‌و پارت و حیزبه‌ سیاسیانه‌ی که‌ له‌ کوردستان هه‌یه‌ به‌ڵام به‌ فۆرمێکی تر، به‌ سیاسی بوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ لایه‌ک دروست بوونی به‌ره‌ی گه‌لی زیاتر دواخست له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ‌هێنده‌ی تر ده‌نگه‌کانی په‌رت و بڵاوکرده‌وه‌.

قۆناغی پێنجه‌م

ئه‌مێستاکه‌ کۆمه‌ڵگای کوردی له‌ سه‌ره‌تای قۆناغێکی نوێی چاره‌نووسازی ئه‌به‌دییه‌ که‌ له‌ دروست بوونی (به‌ره‌ی گه‌ل) دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ چاره‌نووسی تاکی کورد و کۆمه‌ڵگاکه‌ی له‌ ده‌ست پارته‌ سیاسیه‌کان وه‌ربگرێته‌وه‌ هاوکێشه‌ سیاسیه‌که‌ به‌ته‌واوی پێچه‌وانه‌کاته‌وه‌ سیاسه‌ت کردن و چاره‌نووسی سه‌رجه‌م پارته‌ سیاسیه‌کان بکه‌وێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ره‌ی گه‌له‌وه‌.

لێره‌دا مه‌به‌ستم دروست بوونی پارت و حیزبێکی سیاسی نوێ نیه‌ به‌ڵکو داوای ئازادبوونی کۆمه‌ڵگا له‌ سیاسه‌ت ده‌که‌م به‌ مانای ئه‌وه‌ی که‌ تاکی کورد له‌ چوار ساڵدا ته‌نها ئه‌و کاته‌ سیاسی بێت که‌ ده‌چێته‌ به‌رده‌م سندوقی ده‌نگدان دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حیزب و سۆزی ڕابردوو و فشاری هێزێک، عه‌شیره‌ت، دین، ناوچه‌گه‌رێتی، کاریزمای که‌سایه‌تیه‌کان، هتد، ده‌نگی خۆی بدات و خۆی ببێته‌ ناوبژیوانی ئه‌و گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ پارتێکی سیاسی بگه‌یه‌نێته‌ ده‌سه‌ڵات و پارته‌کانی تر بکاته‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌ڵبژاردنێکی تر جێگۆڕکێیان پێ بکات، ئه‌و کاته‌ ده‌بینین (به‌ره‌ی گه‌ل) دروست بووه و‌ هه‌موو تاکێک خۆی له‌و‌ به‌ره‌یه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ هه‌ست به‌ بوونی که‌سایه‌تی خۆی ده‌کات که‌ ده‌بێنێت چاره‌نوسی سیاسی و پارته‌ سیاسیه‌کان که‌وتۆته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ره‌ی گه‌له‌وه‌ ئیدی سه‌رجه‌م پارته‌کان له‌ ئیراده‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌ترسن و ناتوانن هیچ جۆره‌ فرت و فێلی حیزبایه‌تی خۆیان له‌ کۆمه‌ڵگا بکه‌ن بگره‌ کۆمه‌ڵگا چۆک به‌ لووت به‌رزیان داده‌دات و هه‌موو مه‌رجه‌کانی خۆی به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێنێت.

له‌ دنیای ده‌ره‌وه‌دا به‌ گشتی و له‌ ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی (به‌ره‌ی گه‌ل) بوونی خۆی سه‌لماندوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی و مه‌ده‌نی هه‌بێت تاکی ده‌نگده‌ر ته‌نها ویژدان و عه‌قڵی سه‌نگی مه‌حه‌که‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و چاودێری کردنی ئه‌و پارته‌ سیاسیه‌ی که‌ له‌ چوار ساڵدا حکومڕانی ده‌کات ئه‌گه‌ر باش بوو ده‌نگی پێ ده‌داته‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌توو نه‌بوو ده‌یهێنێته‌‌ خواره‌وه‌.

ئاواته‌خوازم له‌ داهاتوویه‌کی زۆر نزیکدا، له ‌هه‌ڵبژاردنێکدا سیمای (به‌ره‌ی گه‌ل) ببینم به‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ئه‌و کاته‌ ده‌بینین که‌ ویژدانی که‌سه‌کان چه‌نده‌ ئاسووده‌یه‌ گرنگ نیه‌ سه‌ر به‌ چ پارتێکی سیاسی ئه‌وه‌ مافی خۆته‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ گرنگتره‌ که‌ تۆ بڕیار بده‌ی که‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ ئه‌م پارته‌ و سیاسه‌ته‌که‌ی ده‌گوونجێ و له‌باره‌ بچێته‌ ده‌سه‌ڵات و حکومڕانی بکات یان پشوویه‌ک بدات و له‌ ئۆپۆزسیۆنیدا بێت ده‌توانێ زیاتر خزمه‌ت به‌ کۆمه‌ڵگا بکات.

 

Related Articles