بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بەڕیزان دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
بەڕیزان سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارە بەڕێزەکان بەڕێز سەرۆک و سکرتێر و ئەندامانی حزبە کوردی و کوردستانیەکان سڵاوێکی کوردستانیانەی پڕ لە هیواو ئاواتی سەرفرازی یەکجاررەکی. من تەنها کوردێکم و خەڵکی ئەو کوردستانە داگیرکراوەم،ئەم نامەیە بۆ هەموو لایەکتان دەنووسم داواتان لێدەکەم و لێتان دەپاڕێمەوە ، دەستەکانتان ماچ دەکەم ، خزمەتکاریتان دەکەم ،هەلێک بۆ کورد هاتۆتە پێشەوە با لە کیسی نەدەین ،زۆر بە سانایی ناوچە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی هەرێم هاتۆتەوە ژێر دەستەڵاتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان با بە هەموومان بیپارێزین.پاراستنی ئەو ناوچانەیش بە یەکڕیزی و یەکڕیزی و یەکڕیزی هەموومان دەپارێزرێت،با ماڵی خۆمان رێکبخەینەوە ، با دەنگمان یەک دەنگ بێت ، هەڵوێستمان یەک هەڵوێست بیت، میللەتی کورد چاوی لە دەستی ئێوەیە ، با هەموو سەرکردە و ئەندامانی ئەو حزبانە یەک بن ، با پلە و پایەی بەغدا نەمان خەڵەتێنێ ، زۆرجار دەستخەڕۆ کراوین چیتر با لە خشتەمان نەبەن.
دوژمن کە دێتەسەرمان و دەمان کوژن لێت ناپرسێت تۆ چ حزبێکی یان خەڵکی کام دەڤەری ، وەکو کافرێک دەمان کوژن .هەموومان هەڵەبجە و ئەنفالمان لەبیرە کە چۆن کۆمەڵکوژیان کردین و هیچ کەسێک تەنانەت دەوڵەتە ئیسلامیەکانیش نەهاتنە دەنگ.هەموو دنیا کۆکن لەسەر ئەوەی دەبی خاکی عێراق بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە ! ئەدی بۆ خۆمان لەسەر یەک پارچیی خاکی خۆمان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست نەبین.من وەکو تاکێکی کورد دەیڵێم ئەگەر یەک دەنگ و یەک هەڵوێست نەبن هەرگیز لێتان خۆشنابم و هەمووتان بەر نەعلەتی مێژوو دەکەون.
سوێندتان ئەدەم بە ئێسک و پرووسکی ئەو نازدارانەی کە تاکو ئێستاش لە بیابانەکانی عەرعەر ماونەتەوە ، بە خوێنی هەموو ئەو شەهیدانەی کە سنگیان کردە قەڵغانی پارێزگاری لە ئێوە و ئێمەی زیندوو ، بەگیانی هەموو قوربانیانی کیمیابارانەکانی کوردستان، بە داروبەردی وێرانکراوی وڵاتەکەم ،ئیتر بەسە ناکۆکی ئیتر بەسە من من و تۆ تۆ ئیتر بەسە شەڕەپەڕۆ ، ئیتر بەسە ناو و ناتۆرە لە یەکدی .مێژوو رەحمی نییە.
برتان
ماهیرعلی