سیما‌و ره‌واڵه‌ت و بریشتی كه‌سایه‌تی سه‌ربازی (عه‌سكه‌ری) له رێزگرتن خوێ ئه‌نوێنێ و هاورێ مه‌حمود حه‌سه‌ن جه‌نگاوه‌رێكی رێزدار بوو، رێزی له خودی خوێ و خێزان و كه‌سوكارو پێشمه‌رگه‌و هاورێیان و خه‌ڵك ئه‌گرت و، خاوه‌نی متمانه‌و ده‌ستپاك و موراڵێكی بێ وێنه‌و تێكۆشه‌رێكی جه‌ربه‌زه‌و بێ هاوتا بوو، رۆڵه‌یه‌كی به ئه‌مه‌كی خێزانێكی جوتیاری هه‌ژار، هێمن و له سه‌رخۆ، ئازا‌و چالاك و دڵسۆز، سهركردهیێكی كارا‌و مه‌زن، قاره‌مانێكی كه‌م وێنه، توانایه‌كی پۆڵایین، راستگۆ‌و زیره‌ك، خۆنه‌ویست و ماندوونه‌ناس، هه‌ست ناسك، وریا‌و مرۆڤدۆست و، ئاماده بۆ خۆبه‌ختكردن له پێناو بیروباوه‌رو ئامانجه به‌رزه‌كانی گه‌ل و نیشتمان و حزبه‌كه‌ی.
بێگومان به درێژایی مێژوو له به‌ره‌به‌یانی بوونه‌وه گه‌لان له پێناو نان و ژیان و ئازادی و سه‌ربه‌ستی به‌رامبه‌ر به داگیركهرو دوژمنانی نه‌ته‌وه‌و خه‌باتیان كردووه‌و تێكۆشاون و له ئاكامدا سه‌ركه‌وتنیان وه‌ده‌ستهێناوه‌و زوربه‌ی گه‌لان بوونه‌ته خاوه‌نی وڵاتی سهربهخۆو، ئێمه‌ش به درێژایی مێژووی پر له كاره‌ساتی ژێرده‌ستی شاهانه‌ی فارس و كه‌مالیسته ره‌گه‌زپه‌رسته‌كانی تورك و شۆفهنیزمهكانی عه‌ره‌ب بێ‌وچان خه‌باتمان كردووه‌و له پێناو ئامانجه به‌رزه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان تێكۆشاوین و، تا ئێستاش به‌رده‌وامین و، له‌و رێگا پیرۆزهداو له به‌رنگاربوونه‌وه له گه‌ڵ دوژمنان و رژێمه خوێنرێژه‌كان ژماره‌یه‌كی زۆر شه‌هیدمان پێشكه‌ش كردووه‌و به خوێنی ئاڵیان هه‌ندێ ده‌ستكه‌وتیان تۆمار كردووه.
شیوعییه‌كان و حزبه نه‌به‌زه‌كه‌یان له‌و خه‌بات و تێكۆشانه خوێناوییه بێبه‌ش نه‌بوون و، هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زرانی حزبه‌كه‌یان و تا ئه‌مرۆ بۆ خۆشه‌ویستی نه‌ته‌وه قارهمانهكهیان ونیشتمانهخۆشهویستهكهیان وبیروباوه‌ری پۆڵاینی شیوعییه‌ت خوێنی زۆریان داوه‌و هه‌زاران شه‌هیدیان هه‌یه‌و، یه‌كێك له‌و شه‌هیدانه كوره جوتیارێكی هه‌ژاری دێی ژاڵه‌ناوی كوردستانه‌و هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا له‌به‌رنه‌بوونی ونه‌داری خێزانه نیشتمانپهروهرهكهیان وازی له خوێندن هێناوه‌و رووی له كاركردن كردووه‌و بووه‌ته مرۆڤێكی زه‌حمه‌تكێش و له‌به‌ر وریایی و هوشیاری زوو هه‌ستی به چه‌وسانه‌وه كردووه‌و ئه‌وه‌ش پاڵی پێوه‌ناوه له ته‌مه‌نی مێرمنداڵیدا بیر له ژیانی حزب و رێكخستن بكاته‌وه‌و، ئه‌و مرۆڤه مێرمنداڵه ناوی {مه‌حمود حه‌سه‌ن ژاڵه‌ناو} یه.
به‌ڵێ، مه‌حمود ژاڵەناوی ناسراو بە مەحمود حەسەن لەساڵی 1950 لە دێی ژاڵەناو له بناری شاخی زمناكۆی نزيك بەقەزاى دەربەنديخان لەبنەماڵەيەكى هەژار و نیشتمان پەروەر و تێكۆشه‌ر چاوى بۆ ژيان ههلێناوە.
دێی ژاڵه‌ناو له به‌ر هاتووچۆو نیشته‌جێی ژماره‌یه‌ك شیوعی چالاك و كادیره‌كانی حزب و دۆستانیان له‌ده‌ورووبه‌ری دێ و ناوچه‌كه، وه‌ك مه‌لا ئه‌حمه‌دی بانیخیڵانی ومه‌لا ئه‌سعه‌دی برای و عه‌لی ره‌ش {عه‌له ره‌ش} و حه‌مه فه‌ره‌جی فه‌تاح و هه‌ندی له دانیشتوانی دێ، له به‌ر ئه‌و هۆیانه دێی ژاڵه‌ناو بووه‌ته مەڵبەندێكى دێرينى شيوعيیەكان و، هەميشە شوێنی كۆڕ‌و كۆبوونەوەى هاوڕێيان بووە. هەر بۆيە ئەو دێیه بەردەوام لەلايەن ڕ‌ژێمى ئەو سەردەمەو نەيارانى حزبەوە سووتێنراوه‌و تاڵان و چوڵكراوهو دانیشتوانی ئاواره بوون و، دوژمنان بەچاوى رق و قينەوە تەماشایان كردووه.
مه‌حمود حه‌سه‌ن لەتەمەنى حەوت ساڵی چۆوتە قوتابخانەو، به هۆێ نه‌بوونی قوتابخانه له دێكه‌یان، رۆژانه به رێگایه‌كی سه‌ختی شاخاوی له ژاڵه‌ناو به‌پێ رۆشتووه بۆ ده‌ربه‌ندیخان و گه‌راوه‌ته‌وه تا بتوانێت لەرێگەى قوتابخانەوە زياتر بچێتە نێو دونيای زانست وپەروەردەوەو فێربوونداو لەدوا ڕۆژيشدا خزمەتى منداڵە هەژارەكانی وڵاتەكەى بكات. بەڵام بەداخەوە لەبەر هه‌ڵگیرسانی شه‌ری نه‌گریس و چه‌په‌ڵی رژێم دژ به كورد‌و حزبی شیوعی و، له‌به‌ر هەژاری و نەداری خێزانەكەى و قورسی ژيان ناتوانێت درێژە بەخوێندن بدات و بەناچاری و دوور لە ويست و ئارەزووى خۆی قوتابخانەو هاورێ وهاوپۆلەكانى بەجێ ئه‌هێڵێ، بەڵام خوێندن يەكێك ئه‌بێت لەحەزو خولياكانى و ئەم حەزەش لە ناخی دا نامرێت و بەڵكو زياتر گەشە ئه‌سێنێ و، كاتێ ده‌ست له خوێندن ههلئهگرێت بەردەوام هەوڵ ئه‌دات تا بەتەواوى فێری خوێندنەوەو نووسين ئه‌بێت و، زۆرحه‌زی له خوێندنه‌وه‌و بابه‌تی مێژوو كاری سیاسی بووه.
له كاتی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌و گیروگرفت له نێوان جوتیاران و خاوه‌ن موڵكه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و چالاكی حزبی شیوعی وكارامه‌یی و لێهاتووی ئه‌ندامه‌كانی كه‌ڵكیان له مه‌حمودی مێرمنداڵی زیره‌ك و هوشیار وه‌رگرتووه‌و جێی متمانه‌یان بووه‌و زۆر جار پۆست و بڵاوهكراوهی حزبیان پێداوه‌و، ئه‌ویش به جوانی هه‌ڵیگرتووه‌و تا شوێنی مه‌به‌ست پاراستوویه‌تی ونهێنییهكانی گه‌یاندووه‌و، ئه‌و كاره له‌و رۆژگارهنهدا زۆر ئاسان نه‌بووه‌و چونكه رژێم و هه‌ندێ له كادیره‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان به دووای بچوكترین به‌ڵگه ئه‌گه‌ران و نیاز‌و ئاواتیان ئه‌وه بوو ناوچه‌كه بۆ خۆیان قۆرغ بكه‌ن و چالاكی شیوعییه‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه.
لەساڵی 1963 دێكه‌یان، دێی ژاڵه‌ناو وەك سەدان دێهاتی ديكەى كوردستان ئەكەوێتە بەر شاڵاوى سوتان و ڕوخان و تاڵانكردن له لایه‌ن چەتەكانی حەرەس قەومى و كودەتاچيەكان، هەربۆيە بەناچاری دێ بەجێ ئەهێڵن وبەماڵەوە ڕوو ئەكەنە دێی سەليم پيركى ئەوساو قەزای دەربەنديخانى ئێستا‌و، لەوێ نیشتەجێ ئەبن، هەر ئەمانەش ئەبنە هۆی ئەوەى ئەم هاوڕێيە زیاتر هەست به چەوساندنەوەى چينايەتى و نەتەوايەتى بكات و، ئه‌و له‌و ته‌مه‌نه بیر له‌دانانى پلانێك بۆ لە ناوبردن و نهێشتنی چەوساندنەوە ئه‌كات له پێناو بەديهێنانی دادپه‌روه‌ری و يەكسانی و ژيانێكی ئاسووده‌و، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ڕێگای تيكۆشانى چينايەتى و خەباتی نیشتيمانی لەڕيزەكانى حزبی شيوعی عێراقدا هەڵئهبژێرێت و، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی هێشتا پێنج ساڵی ماوه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ببێت به ئه‌ندامی حزبی شیوعی، ئه‌و لەساڵی 1963 وه پەيوەندى بەڕێكخستنەكانى حزبەوە ئه‌كات تا بتوانێت لەو ڕێگەيەوە داكۆكى لەمافی هەژاران و جووتياران و كرێكاران و زەحمەتكێشان بكات.
مەحمود حه‌سه‌ن ژاڵه‌ناوی پاش چه‌ند ساڵێك وەك ئەندامێكى حزب و دواتر وەكو كاديرێك بەهۆی ئەو ڕۆڵ و كەسايەتيە كۆمەڵايەتيەى هەيبووە هەر زوو لە دەربەنديخان و گەرميان و شارەزور جێگای خۆی لەنێو دڵى خەڵکى ئەو ناوچانەدا ئهكاتەوەو، چەندين كێشەی كۆمەڵايەتى بە دانايی و ژيرى و لێهاتوويی خۆی چارەسەر كردووەو، لەساڵی 1968 لەلايەن ڕ‌ژێمى بەعسەوەو بۆ باشورى عێراق دوور ئه‌خرێته‌وه، واته (نه‌فی) ئه‌كه‌ن و، ماوەيەك دەست بەسەرئهبێت. لەساڵی 1970 لەگەڵ خاتوو توبای كچی پورى ژيانى هاوسەرگیری كردووه و بەرهەمی ئەو هاوسەرگيريەش ئه‌م منداڵه چاوگەشانهیه: نوخشه {فه‌رمانبه‌ر له به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان}، تارا {د. تارا. دكتوراه له نه‌خۆشییه‌كانی چاودا}، ئارا {مامۆستای زمانی ئینگلیزی}، هێرۆ {پزیشكی ژنان و مناڵبوون} و شه‌یدا {مامۆستای زمانی عه‌ره‌بی} و، ژیانی سه‌ختی هاورێ مه‌حمود لێره‌وه ده‌ستپێئه‌كات، ئه‌ركی ماڵ و به‌خێوكردنی كومه‌ڵێ منداڵ و، دابیكردنی بژێویان و خه‌می خه‌ڵكی هه‌ژارو زه‌حمه‌تكێش، به‌ڵام زیره‌كانه كاری ئه‌كردو كه‌مه كه‌مه به‌ره‌وپێش هه‌نگاوی هه‌ڵهێناو باری ئابووری و گوزه‌رانی ژیانی خوێ و خێزانه‌كه‌ی زۆر باش بوو به هۆێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت (ئیجازه)ی كانی به‌ردو كووره‌ی گه‌چ و كاروباری تره‌وه.
هاوڕێ مەحمود جگە لەوەى كەسێكى سه‌رگه‌رمی سیاسه‌ت و سياسی و كۆمەڵايەتى بووە هه‌ر به‌و جۆره‌ش سه‌رگه‌رمی كاری هونه‌ری بووه‌و، زۆر جاريش وەك ئه‌كته‌رو شانۆكارێك له بۆنه نهتهواییهتییهكان و، ئاهه‌نكی حزب و بۆنەكانى تر وەك جه‌ژنی نەورۆز و 1ى ئايار بەشانۆگەری بەشداری كردووەو لەڕێگەی شانۆگەريەكانيەوە نەهامەتى و چەوساندنەوەى كرێكارانى ئهخستە ڕوو.
ساڵی 1978له لایه‌ن (ئه‌منی) ده‌ربه‌ندیخانه‌وه ئه‌گێرێ و بۆ ماوه‌ی سێ مانگ بێ سه‌رو شوێن ئه‌كرێ و پاش ئه‌شكه‌نجه‌و و تێهه‌ڵدان و ئازاردانێكی زۆر، سه‌ربه‌رزانه به‌رگری له بیروباوه‌ره‌كه‌ی ئه‌كات وهیچ نهێنییه‌كی حزب نادركێنێ و، به هوێ لێبوردنی گشتی (عفو عام) ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی رژێمی به‌عس ئازاد ئه‌كرێ به‌ڵام هه‌ر له ژێر چاودێری و بێنه‌و به‌رده‌ی رژێم ئه‌مێنێته‌وه‌و، له كۆتایی هه‌مان ساڵدا رژێمی خوێنرێژی سه‌دام حسه‌ین هێرش وشاڵاوێكی درندانه دژ به حزبی شیوعی له سه‌رانسه‌ری عێراق ده‌ستپێئه‌كات، راونان، گرتن، ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاردان و كوشتن.
هاورێ مه‌حمود ژاڵه‌ناوی بریاریدا بچێته ده‌ره‌وه‌و، له‌وێ له گه‌ڵ هاوری رهۆوفی حاجی محه‌مه‌دی گوڵانی {جه‌وهه‌ر} و هاوری حه‌مه ره‌شید قه‌ره‌داغی و هاورێ نه‌سره‌دین هه‌ورامی و دوو سێ هاورێ تر یه‌كه‌م مه‌فره‌زه‌ی پێشمه‌رگه‌ی حزبی شیوعییان له قه‌ره‌داغ پێكهێنا.
رژێمی فاشستی عێراق له رێی سوپا‌و و ئێستخبارات و ئه‌من و جاش و به‌عسییه‌كان له ده‌ربه‌ندیخان كه زانیان مه‌حمود حه‌سه‌ن ژاڵه‌ناوی چووه‌ته ده‌ره‌وه‌و، بووه‌ته پێشمه‌رگه‌ی حزبی شیوعی هه‌موو كه‌ره‌سته‌و شتومه‌كی كانه به‌رده‌كه‌و كووره‌ی گه‌چه‌كه و شتی تریشیان تاڵان كرد‌و بردیان بۆ خۆیان و، هاوسه‌ره ئازاكه‌ی {توبا خان} و منداڵه‌كانی و ئه‌و خێزانه گه‌وره‌یه له گه‌ڵ هه‌ردوو براكه‌ی {ئهحمهدو محه‌مه‌د} و 13 لەكەسە نزيكەكانى شاريان جێهێشتوو ڕويانكردە شاخ و لەوێشەوە بەرەو ئێران چوون بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی تاڵی ئاواره‌یی بچێژن.
له به‌هاری ساڵی 1981 مه‌حمودی ئازا‌و چاونه‌ترس و هاورێیانی حزبی شیوعی به هاوكاری هێزی لایه‌نه كوردستانییه‌كانی تر (یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و حزبی سۆسیالتی كوردستان) له دێهاته‌كانی شاره‌زور (ئالان و حاصل و قه‌ڵبه‌زه) به‌رنگاری گه‌وره‌ترین هێرش و شاڵاوی دوژمنی دیكتاتۆری و سه‌ربازو جاش و تانك وكۆپتهرهكانی بوونه‌وه‌و، له‌و شه‌ره گه‌وره‌دا هاورێی سه‌ركرده به سه‌ختی بریندار ئه‌بێت.
هاورێی قاره‌مان بێ له‌و كچانه كه له سه‌ره‌وه ناویان هاتووه، كچێكى تری{تانیا} هەر بەمنداڵى ئه‌مرێ و، له ساڵی 1982 ته‌نها كوڕێكی {رێباز} هه‌بوو، ئه‌ویش له دێی سه‌رچاو له سیناریۆیه‌كی پر له تراجیدیا به گوللەیه‌ك لە دەستى پێشمه‌رگه‌یه‌كی میوانیان دهرئەچێت و بەر كوره‌كه‌ی ئهكەوێت گيان لەدەستئهدات وهه‌ر به هه‌مان فیشه‌ك برایه‌كی بریندار ئه‌بێت، بەڵام هەموو كاردانەوەو تورەيی هاوڕێ مەحمود بۆ ميوانەكەى و لەبەرانبەر لەدەستدانى جگەر گۆشەكەى زۆر به هێمنی ئه‌ڵێت: پێم نەوتى ياری بەدەمانچە مەكە؟، هاوڕێ مەحمود ئەوكاتەى لەپرسەى كورەكەيدا بوو {سه‌رلقی هێزێ گه‌رمیان} بوو هەواڵ شەهيدبوونى 18 هاوڕێی پێئه‌گات كە لەشەڕی دێی بەكر بايەفی ناوچەی سەنگاو بەدەستى جاشە چڵكاوخۆره خۆفرۆشەكان و هه‌لیكۆپته‌ره‌كانی رژێمی فاشستی عێراق شەهيد كران و، ئەمەش زياتر هاوڕێ مەحمود نيگەران ئه‌كات، لەلايەك جگەر گۆشەكهی و لەلايەكى تریشه‌وه 18 هاوڕێ و هاوسەنگەرو هاوڕێبازى لەدەست ئه‌دات، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هاوڕێ مەحمود هەر شيوعيیەكهی جارانه‌و، ورە به‌رزو خاوه‌ن هه‌ڵوێست.
بە لێبوردنێكى گشتى رژێمی دیكتاتۆری عێراق خێزانەكەى هاوڕێ مەحمود له ئێران ئهگەڕێتەوە بۆ دەربەنديخان بەڵام بەهۆی نەگەڕانەوەى هاورێ مەحمود هاوسەرەگەى بەردەوام بۆلێكۆڵينەوە بانگ ئهكرايە ئەمن تا بتوانن لەڕێگەی به‌خشینی ئیمتيازاتەوە بتوانن هاوڕێ مەحمود قایل (رازی) بكەن و بگەڕێتەوەو خۆی بدا به‌ده‌سته‌وه (تەسليم) بێته‌وه، بەڵام ئه‌و هه‌وڵانه لەلايەن توبای شێره‌ژن پوچەڵ ئهكرانەوە.
هاورێ مەحمود لەماوەى تەمەنى پێشمەرگايەتيدا نموونەی پێشمەرگەيەكى قارەمان و ئازا‌و چاونەترس ئه‌بێت و هەميشە لەسەنگەردا جێگەى بڕوا‌و متمانە بووەو ئامادەنەبووە سەنگەرەكەى بەرانبەر بەدوژمن چۆڵ بكات لەهەڵمەت و هێرش بردنيشدا هەميشە خۆی لەپێشەوەى هاوڕێيان دابووە بەشداری چەندين چالاكى و شەڕو پێكدادانى لە دژی هێیزەكانى ڕژێمدا كردووەو ڕۆڵی بەرچاوى هەبووە لەوانەش شەڕەكانى عالان و حاسڵ.
هاوڕێ مەحمودی ره‌وشت جوان و كادیری كارا‌و چالاك و ناسراو بەهۆی قسە خۆشه‌كانی و هەڵسوكەوتە جوانەكانى و مرۆڤ دۆستیيەوە لای پێشمه‌رگه و هاورێیان و خه‌ڵكه‌وه زۆرخۆشەويست بوو، دەرگای ماڵەكانى دێهاتی ناوچەكانى قەرەداغ و گەرميان و شارەزور هەميشە بۆ هاوڕێ مەحمود واڵابوون، و بڕياربوو هاوڕێ مەحمود بكرێت بەفەرماندەى بەتاليۆن، بەڵام مه‌خابن له‌و شه‌ره نه‌گریسه‌ی كه برۆكی گه‌له‌كه‌مانی گرتبوو، شه‌ری خۆكوژی و ماڵوێرانكاری كە هەميشە هاوڕێ مەحمود دژی بوو، له شه‌وێكی تاریكی شوومدا له دێی چناره سه‌ر به قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان له شه‌وی 23/24-8-1983 شه‌هید ئه‌كرێ.
تەرمى پيرۆزى شه‌هید مەحمود بەئامادەبوونى كەس و كار‌و خزمان و ئه‌ندام و دۆستانی حزب و خەڵكێكى بەرچاوى ناوچەكە لەدێی ئەحمەدبرنە بەخاك ئه‌سپێرێ.
هه‌زاران سڵاو له‌و مرۆڤه كۆڵنهدهرهو ئازایه كه دووا وته‌ی ئه‌مه بوو:
سڵاوم هه‌یه بۆ هاوڕێیان، بژی ماركسی لینینی، بژی حزبی شیوعی.
هه‌زاران سڵاو له شه‌هیدی نه‌مر مه‌حمود حه‌سه‌ن ژاڵه‌ناوی وگشت شه‌هیدان.
مردن وسهرشووری بۆ دوژمانی گه‌ل و نیشمان وحزب.
27/12/2013