پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان یان (پۆلیسی نەهێشتنی ئاژاوەگێڕی) بەو هێزە ئەمنییە دەگوترێت كە بەرپرسیارێتییەكەیان بڵاوەپێكردن یاخود هەندێك جار دەستگیركردنی ئەو خۆپیشاندەرانەیە كە ئاژاوە دەنێنەوە و رێگە دەگرن لە خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی و ئاژاوەنانەوە.
هێزەكانی پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان، بە شێوەیەكی گشتی لە چەك و تفاقێك سوود وەردەگرن كە كوشندە نین، بۆ نموونە دارعەسا و هەندێك چەكی دیكەی ناكوشندە ئەویش بە مەبەستی بڵاوەپێكردن و یاخود دەستگیركردنی خۆپیشاندەران و كۆنتڕۆڵكردنی گردبوونەوەكان.
بە شێوەیەكی گشتیش لە دەیەی 1980 وە ئەو هێزە كەڵك لە چەكی دیكەی وەك (سپڕای تایبەت) و گازی فرمێسكڕێژ و دارعەسای كارەبایی و گوللەی پلاستیكی وەردەگرن.
ئەو هێزەی پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان، لە كاتی پێویستدا دەتوانن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران سوود لە ئۆتۆمبێلی ئاوپرژێن، زرێپۆشی تایبەت و هەروەها سەگی پۆلیسی وەربگرن.
پۆلیسی نەهێشتنی ئاژاوەگێڕی، بە مەبەستی پاراستنیان لە تووڕەیی و هەڵسوكەوتی ناشیاوی خۆپیشاندەران، تەیار و ئامادە كراون و پێداویستییەكانی خۆپاراستنیشیان بریتییە لە كڵاوی تایبەت بە پارێزەری سەر و دەموچاو و قوڕگ، پۆشاكی تایبەت و ئەژنۆبەند و هەروەها ماسكی دژە گاز و چەند پێداویستییەكی تر.