سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەراست بەندە بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ... کەماڵ مام خزری

ئەوململانێی سیاسی و ئابوورییەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی ولە نێوان دەوڵەتە داگیرکارانی کوردستان بە تابەتی دەیان ساڵە بەردەوامە و هەنووکەش کۆتایی پێنەهاتووە پێویستە بخرێتە رۆژێرڤی گۆرانکاریە جیهانییەکان لە ناچەکدا، بە واتایەکی دیکە پاوانخوازی و هزری داگیرکاری دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم ناوچەیە و دەوڵەتە بەرژەوەند خوازانی جیهان هۆکاری سەرەکی دیاردە ناتەندرووستەکانی سیاسی و ئابوورین کە تا دێت ئەم ناوچەیە بەرە و ئالۆزی هەر چی زیاتر ئەبات و لە کیبرکێی ململانێ سیاسییەکاندا باڵانسی سەقامگیری ناوچەکە لە زەوار دەر ئەچێت و گرووپە توند ئاژۆ ئایینییەکان وەک کارتێکی گوشار بە مەبەستی گەیشتن بە موڕاڵی سیاسی و خۆسەپاندنی هەر چی زیاتر کەڵکیان لێوەر دەگیردرێت.

 ئەمەش راستەو خۆ هۆکاری بە تاڵان چوونی ژێزخانی ئابووری و کاولکاری هەر چی زیاترە لە ناچەکەدا کە لەم ناوەندەدا هەم داگیرکارانی کوردستان و هەمیش وڵاتانی بەرژەوند خوازی جیهانی لە هەر دوو حاڵەتدا وێرای ئەوەی کە سوودی خۆیانی لێوەردەگرن، دەورو رۆلێ کاریگەریان هەبووە و هەیە لە ناسەقامگیری ناچەکەدا.

 گۆڕانکاری و رووداوەکانی ئەم دوایانەی ناوچەکە ئەو ئەسەلمێنن کە ئەم سیاسەتە ناتەندرووستەی کە دەیان ساڵە بە مەبەستی سەرکوت و تاڵانی ژێزخانی ئابووری ئەو ناوچەیە بە گشتی و ناوچە کورد نشینەکان بە تایبەتی کەڵکی لێوەر دەگیردرێت و پەیڕەو ئەکرێت، سیاسەتێکی شکست خواردووە و پێویستی جیددی بە گۆرانکاری هەیە.

کاریگەری دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان لە هەمبەر پرسی کورد و دەور و رۆڵیان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا و گوتاری دژە کوردیان لە کۆمەڵگەی جیهانی کە بەردەوام نەتەوەی کوردیان وەک نەتەوەیەکی ئاژاوەگێرو تیرۆریست بە جیهان ناساندووە و لە قەلەمداوە و دەیان ساڵە کاری بۆ دەکەن و تەنانەت لەم پەیوەندییەدا باجی زۆریشیان داوە، ئیتر کۆتایی پێهاتووە و بایەخێکی ئەوتۆی نێونەتەوەیی و جیهانی نەماوە.

بە واتایەکی دیکە ئەگەر تا دوێنی نەتەوەی کورد بە ئاژاوە گێر و تێرۆریست ئەناسرا لە لایەن داگیرکارانی کوردستانەوە بە کۆمەڵگەی جیهانی، ئەوە ئەمڕۆ هەم کۆمەڵەگەی جیهانی و هەمیش نێوەنەتەوەیی ئەبینن کە نەتەوەی کورد بە پێچەوانەی گوتاری دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان وێڕای ئەوەی کە نموونەی دیموکراسی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەیە لەو ناوچەکەیە، ئەتوانێ بە تەنیا شەڕی تێرۆریزمی نێوە دەوڵەتی بەکات و هۆکاری سەرەکی ئەمنیەت و سەقامگیری بێت لە ناوچەکەدا.

وەگەڕ خستنی پرۆژەی سیاسی تێرۆریزمی نێوەدەوڵەتی داعش لە لایان وڵاتانی دیار و نادیارەوە بە مەبەستی موڕاڵی سیاسی خۆیان وێرای هەموو سوود و خەسارەکانی ئەوە راستییەی بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و جیهانی سەلماند کە بوونی دەوڵەتی کوردی لە ناوچەکەدا زەروورە و پێویستە بە زووی و جیددی کاری بۆ بکرێت، بە واتایەکی دیکە رووبەروو بوونەوەی کورد لە بەرانبەر تێرۆریزم و، توانایی و کاریگەری کورد بە سەر رووداوەکاندا ئەوی سەلماند کە شەقامگیری ناوچەکە بەندە بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی.

کەوابوو پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کورد بە دوور لە هەر ململانەیەکی سیاسی، بە شێوەیەکی گشتی ئەم هەلە زیرینە بقۆزنەوە و دڵنیا بن لەوەی کە فاکتەری سەرەکی بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پیرۆزە پێویستی بە یونایتێدێکی نوێ هەمە لایانە هەیە.

کەماڵ مام خزری

2014/10/15

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles