دەبێ بەهەموو لایەک پارێزگاری لە یەکگرتوویی ئاخاوتەی سیاسی کورد بکرێت و ڕێگا بە کەرتبوونی نەدرێت ... پشکۆ نەجمەدین

 

ئەو جەنگەی وا خەریکە سەرتاپای ئێراق دەگرێتەوە و چارەنووسی ئاییندەی قەوارەی سیاسی و نێواخنی ئیتنیکی و مەزهەبیی ئەم “نیشتمان”ە داتاشراوە دیاری دەکات، جەنگی نێوان سوننە و شێعەیە لە ئێراق و نێوچەکەدا، جەنگی نێوان بەرژەوەندییە ئیقلیمی و نیودەوڵەتییەکانە، جەنگێکە بۆ کۆتاییهێنان بە قۆناخێک و کردنەەی دەرگا لەسەر قۆناخ و سەردەمێکی تر.

شەڕی نێوان سوننە و شێعەیە، سوننە بە تەواوی مەییل و خەسڵەتە سیاسییە جیاوازەکانییەوە، بە پێکهاتەیەکەوە کە یەکێک لە ڕەگەزەکانی گرووپێکی دڕندەی سەلەفیی داعشە و گەمەیەکی پۆخڵی مەزهەبیی بێسنوور جێبەجێ دەکات، ڕەگەزی دووەمی ئەم پێکهاتەیەی سوننەکان بەعس و لایەنگرانی بەعسن لە ئێراقدا و لە هەوڵی گێڕانەوەی “سەروەری”یە لەدەستچووەکانیاندان.
دەبێ ئەوە بزانین کە بەعس لە ئێراقدا تەنیا بەفەرمی و بەپێی “یاسا” هەڵوەشاوەتەوە، دەنا لە واقیعدا، بەعس جگە لە لەدەستدانی حوکمڕانی و ئیعدامکردنی سەدام و چەند سەرکردەیەکی، ئیدی وەکوو خۆی ماوەتەوە!
ڕەگەزێکی دیکەی نێو پیکهاتەی سوننەکان، جەماوەرێکی ناڕازیی پەراوێزخراوی سوننەیە لە ئێراقدا، کە دەسەڵاتی حوکمڕانیی شێعەکان لە ماوەی نزیکەی دە ساڵدا، لە هەر مافێکی بەشداریی جیددیی لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بێبەشی کردووە.
ئەم جەنگە و تەقینەوەی ناکۆکییە تاییفی و مەزهەبییەکانی پێکهاتەکانی ئێراق، دەروویەکی چارەنووسسازی لەبەردەم کورد و مافە سروشتییە نەتەوایەتییەکانیدا ئاوەڵا کردووە، دوا چانس و دەرفەتی لەبەردەم کورد و سەرکردەیەتییە سیاسییەکەیدا داناوە.
سەکردەیەتیی سیاسیی کورد لەبەردەم چەند ئەگەرێکدا وەستاوە و دەشێ بەپێی لۆژیکی سیاسەت و دۆخی نێوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا، مامەڵەی لەتەکدا بکات و هەوڵ بدا بە شوێن و سەردەمێکی کوردخوازی بگەیەنێت.
ئێستا کورد و هێزە سیاسی و چەکدارییەکەی، پاشی شکست و هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێراق، (هێزێک کە پێکهاتە و دامزراندنەکەی فشۆڵ و بێ بنەما بووە)، زیاتر لە سەدا نەوەد و پێنجی ڕووبەری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی لەبندەستدایە و نابێت:
_
لەژێر هیچ پاساو و فشارێکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا پاشەکشێی لێ بکات.
_
هەوڵێکی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی بخاتە گەڕ بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەو ناوچانەدا و ئەنجامیش دیارە گەڕانەوەیان دەبێت بۆ نێو سنووری هەرێمی کوردستان.
_
کورد هیچ ڕێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی ئاییندەی ئێراقدا لەسەر مەسەلەی پۆست و جێگاو پایەی خۆی لە حکومەت و دامەزراوەسییەکانی ئێراقدا بکات، بێ لە دیاریکردنی سنووری کوردستان و سەربەخۆییی ئابووری لە کوردستاندا.
لەسەر ئاستی ئێقلیمی و نێودەوڵەتی، مەییل و دەنگێک ( با لاوازیش بێت) لەمەڕ پرۆسەی سەربەخۆییی کوردستان هەیە و دەبێ سەکردەیەتیی سیاسیی کورد، لە هەوڵی فراوانکردن و بەهێزکردنی ئەم دەنگ و پشتیوانییەدا بێت.
لەسەر ئاستی نێوخۆی کوردستان و فرەلایەنیی هێزەسیاسییەکانی کوردستان، دەبێ پارێزگاری لە یەکگرتوویی ئاخاوتەی سیاسی کورد بکرێت و ڕێگا بە کەرتبوون و بەلاڕیدابردنی نەدرێت.
گەشبینی و بینینی دواڕۆژێکی ڕووناک بۆ چارەنووسی کوردستان لەم تەنگژەیەی ئێراقی تێ کەوتووە، سەرکردەیەتیی کورد لە پلەی یەکەمدا لێی بەرپرسیارە.
٢٩ی یونیی ٢٠١٤ سلێمانی

 

 

 

 

Related Articles