ڕێكه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و گۆران دیموكراسی خنكاند !! ... دانا مه‌نمی

 

 

 

هه‌ر له‌ ئیستا به‌ داوه‌، به‌ راشكاوی ده‌لێم : من هیچ بڕوایه‌كم به‌ دیموكراسی كوردی نیه‌و من دیموكرات نیم و نامه‌وێت گه‌ردی گومان له‌ دڵی هیچ كه‌سێكدا بمێنیته‌وه‌، له‌ ژینگه‌ی سیاسی ئه‌م ووڵاته‌ی ئێمه‌دا هه‌مووان له‌ پشت دیواری شه‌رمه‌وه‌ ده‌دوێین، پێمان په‌شمه‌ شته‌كان به‌ ناوی ره‌سه‌نی خۆیانه‌وه‌ بانگ بكه‌ین، له‌م ووڵاته‌ی ئێمه‌دا حزبێكی عه‌شایه‌ری شه‌ق و شڕ دروست ده‌كه‌ین و ده‌ڵێین : حزبه‌كه‌مان سۆسیال دیموكرات و مۆدیرن و پێشكه‌وتنخوازو دیموكراتخوازو ئاشتیخوازه‌، وه‌یان حزبێكی كۆنه‌پاریزی عه‌شایه‌ری دواكه‌وتوو داده‌مه‌زرێنین و ناوی دیموكرات و پێشكه‌تنخوازی به‌سه‌ردا ده‌بڕین، خاوه‌نی چه‌ندین باندی مافیاو پیاو كوژو دزو رێگرین، وه‌لی به‌رمال به‌سه‌ر شاندا ده‌ده‌ین و ته‌سبیح به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرین و ریشیش ده‌هێلینه‌وه‌ !!

به‌ڵی حۆری به‌وانه‌ ده‌ده‌ین كه‌ بازرگانی له‌گه‌ڵ داعش دا ده‌كه‌ن !!

له‌ دیموكراتی ترین هه‌لبژاردن دا قورسی عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌و ئه‌خلاق و شه‌ره‌ف و ره‌وشت ده‌وری سه‌ره‌كی ده‌بینن، ره‌نگه‌ به‌رنامه‌و پرۆژه‌ له‌ پله‌ی سێیه‌م دا بن !!

ئێمه‌ ناویرین ووشه‌كان سه‌روبۆر بكه‌ین و به‌ راشكاوی له‌گه‌ڵ خۆشمان بدوێین، فێر بووین له‌گه‌ڵ خۆمان و خه‌ڵكدا درۆ بكه‌ین و راستی به‌ژێر لیوه‌وه‌ بكه‌ین، ئه‌مه‌ كوردستانه‌و به‌شێكه‌ له‌ رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست و درۆ له‌ بره‌ودایه‌ !!

هۆكاری درۆكردن، بۆخۆی نه‌ویرانه‌، یه‌كێك بویرو ئازا بێت، ده‌توانێت به‌راشكاوی بیروراكانی خۆی ده‌رببرێت، باله‌سه‌ری بدرێت و كه‌لله‌ی سه‌ری له‌ نیزه‌ به‌رزبكرێته‌وه‌، با پرسیارێك بكه‌م، ئه‌گه‌ر یه‌كێك دیموكرات نه‌بێت، ده‌ریاچه‌ی دوكان ووشك ده‌بێت . . . ؟!

كاره‌ساتی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌هه‌له‌، له‌ هه‌له‌كان تێده‌گه‌ین !!

من له‌ ئیستاوه‌ دیموكرات نیم بروام به‌ سه‌ره‌تایی كه‌مایه‌تی و زۆرایه‌تی مافی مرۆڤ و ئازادی نیه‌، ئه‌وه‌ ملی من و شمشێری ئیوه‌، ته‌نیا له‌ پارێزگای سلێمانی (40,000 ) چل هه‌زار ( نوسه‌ر ) هه‌یه‌، نه‌مبینی نوسه‌رێك وه‌یان توێژی رۆشنبیران له‌سه‌ر بیڕیزیكردن به‌ مافی ده‌نگده‌رو ده‌نگده‌ران له‌ پارێزگای سلێمانی دا بێنه‌ ده‌نگ، هه‌مووان ریكه‌وتنی نیوان یه‌كێتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆرانمان بینی له‌سه‌ر پێكهینانی پارێزگاو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌م نزیكانه‌یش ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ واژۆ ده‌كرێت، وه‌لی ئه‌وه‌ی گرنگ نه‌بوو به‌لایانه‌وه‌ كه‌رامه‌ت و ده‌نگی ئینسان بوو، ئیتر بۆچی هه‌لبژاردن بكه‌ین و بۆچی رووبكه‌ینه‌ بنكه‌كانی ده‌نگدان . . ؟!

ئیتر بۆچی پۆسته‌رو لافیته‌و بانگه‌شه‌ی هه‌لبژاردن بكه‌ین ؟

ده‌نگدانێك كه‌ نه‌بێته‌ بنه‌مای سه‌ره‌كی بۆ ته‌داولی ده‌سه‌ڵات و جیگۆركێ‌ له‌ نیوان حزب و حكومه‌ت و خه‌ڵكدا، بۆچی باشه‌ . . ؟!

له‌ ئیستاوه‌ زۆرم پی عه‌یبه‌ به‌ خۆم بلێم دیموكرات، دیموكراسی بوون به‌رپرسیاره‌تی یه‌، وه‌لی ئه‌م به‌رپرسیاره‌تی یه‌ له‌سه‌ر شانی حزبی كوردی جێگه‌ی نابێته‌وه‌، چونكه‌ حزبی كوردی شانازی به‌ تیره‌و تایه‌فه‌و بنه‌ماله‌و عه‌شیره‌ته‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئیشكالی سه‌ره‌كی ئالیره‌دایه‌، به‌رله‌وه‌ی مرۆڤ سه‌ر به‌ خیل و هۆزو عه‌شیره‌ت و حزب بیت، پێویسته‌ سه‌ر به‌ خودی خۆی بێت، خۆی خاوه‌نی ده‌نگ و ره‌نگی خۆی بێت، ئیدی ئه‌م سه‌رئیشه‌یه‌ی هه‌لبژاردن و ده‌نگدانه‌ بۆچی یه‌ . . ؟؟!

یه‌كێتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆران كتیبه‌كانی نغوام چۆمسكی و فۆكۆیاما چاپ ده‌كه‌ن و ئینته‌رنێت و كۆمپیوته‌ر به‌شێكی جیانه‌كراوه‌یه‌ له‌ ژیانیان، ئیدی چۆن دیموكرات و مافی ده‌نگدانی هاولاتیانیان به‌لاوه‌ كرنگ نه‌بێت !!

پارتی دیموكراتی كوردستان سیسته‌می ( فیفتی به‌ فیفتی ) ریشه‌كیش كردوو به‌ پێی خصوصیه‌تی نیزامی دیموكراسی كه‌ زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی له‌بن ده‌ستدایه‌، پاریزگاو ئه‌نجومه‌نی پاریزگای له‌ ( هه‌ولێر و دهۆك ) پێكهیناو له‌ كاروانی خزمه‌تكردنی به‌ خه‌ڵك و دانیشتوانی هه‌ولیرو دهۆك دوانه‌كه‌وت، لیره‌دا ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بووترێت، ده‌نگده‌ری پارتی دلخۆش و ئاسوده‌ن، چونكه‌ خودی پارتی له‌ ئاست متمانه‌ی ده‌نگده‌ران و لایه‌نگرانیه‌تی و به‌بێ‌ گه‌رانه‌وه‌ بۆ سیسته‌می په‌نجا به‌ په‌نجا پارێزگاو ده‌زگا محه‌لیه‌كانی خۆی پێكهینا .

 

دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆران جگه‌له‌وه‌ی له‌ مناڵدانی یه‌كێتی كه‌وته‌ خواره‌وه‌، ئامانج و ستراتیژیان نه‌مان و ریشه‌كێشكردنی حكومه‌تی په‌نجا به‌ په‌نجا ( فیفتی به‌ فیفتی ) بوو، وه‌لێ‌ ئیستا هه‌قیقه‌ت و رووی ده‌مامكداری بزوتنه‌وه‌ی گۆران بۆ خه‌ڵكی كوردستان روون بویه‌وه‌، كه‌ هه‌موو ئه‌و دروشمانه‌ی له‌ ژێر چه‌تری ئۆپۆزسیۆن بووندا هه‌لیانده‌دا، جگه‌ له‌ سیناریۆی سیاسی و درۆیه‌كی شاخدار هیچی تریان له‌ هه‌گبه‌دا نه‌بوو، هه‌لبه‌ت سه‌نگی محه‌ك لای خه‌ڵكی كوردستانه‌ !!

دیموكراسی بوون كرده‌وه‌و هه‌لوێسته‌، نه‌ك ته‌نیا بۆچوون زانینی تیۆری، دیموكراسی بوون پرۆسه‌یه‌كی ژیاری گشت لایه‌نه‌ و به‌ ئاره‌زووی تاقه‌لایه‌نێك نایه‌ته‌ دی، دیموكراسی كلتورو هه‌لومه‌رج و كه‌شوهه‌وای خۆی ده‌وێت، دیموكراسی دامه‌زراوه‌و دام و ده‌زگای خۆی ده‌وێت، بۆ پاراستنی ماف و رێساكان و توانای جوڵانه‌وه‌، هه‌موو ئه‌و ده‌ستدرێژی و توندو تیژیانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان رووده‌دات، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئیمه‌ و سیسته‌می سیاسی و ئه‌حزابی كوردی له‌ ناو كلتورێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نادیموكراسی دا له‌ دایك بووین و په‌روه‌رده‌ بووین .

ئه‌مه‌ به‌شێكی كێشه‌كه‌یه‌، به‌شه‌كه‌ی تری ئه‌وه‌یه‌، كلتوری دیموكراسی له‌قه‌دوباڵای ئیمه‌ نایه‌ت و به‌ زۆر ده‌مانه‌وێت بیسه‌پێنین،  هه‌ر به‌ زۆر ده‌مانه‌وێت له‌ ئه‌وروپا دیموكراتتر بین، ئه‌م حه‌زو ئاره‌زووه‌، وه‌كو ئه‌لته‌رناتیڤ و بۆچوون كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌و زۆر كه‌س خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینیت، به‌ڵام له‌ ئه‌رزی واقیع و ئه‌زموون، ده‌بینین دیموكراسی درك و چزوی تاڵی هه‌یه‌ و حزبه‌كوردییه‌كانیش ته‌نیا سه‌یری لایه‌نی شیرینی ده‌كه‌ن و لایه‌نه‌كانی تری پشتگوی ده‌خه‌ن !!

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

Related Articles