بـه‌رگی دووەمـی تـه‌نيايــی .. کــەژاڵ عـەلــــــی

سەرگەرمی قەت کردنی

سێبەرەکانی ئاگر بووم..
کە تاقەکانی جەسارەت
پر بوون لە ئاو..
لە هەلخستنی گۆرانيە
تەرەکانی رووبار
نەبووبوومەوە هێشتا..
کە ئاو
وەک کورێکی برۆنزی
خۆی کرد بە مالی کەنارما و
لە بەر خۆری چاوەروانیم
راکشانی هەلخست..

* *

تازە خۆشەويتی بە هێزی چەند
ئەژنۆی شکاوی ئەم بێ باوەری يەم
ئەبا بۆ ئەوبەری يەقين..
وەفا بە پلەی چەندی رووناکی
دلنياييم دادەگيسێنێ..
دلنيايی بە پێوەری چەندی وەفا
تەنياييم پر دەکاتەوە لە نيشتيمان..
من ئەزانم لەسەر نەخشەی بێئومێدی
پنتی گومان ئەکەوێتە کوێی هێلی
ئيستيوای غەريبي يەوە..
ئێستا نا
پاش خەمێکی تر
پۆلە بێزاري يەک دێن و
ئەم ناوە پر دەکەن
لە چەهچەهەی فرين
لە نۆتەی تەنيای
لە جريوەی مەراق..
دێن و بە لای چاوەروانيم دا ئەدەن و
بە ئاستەميش
جوامێريان بەر کبريائم ناکەوێ..

 *
هەميشە وا بووە
شتێک لە هەناومدايە و ماندووم ناکا
دايکێتيمە بۆی ئەژيم..
ئەوەی بە دوامەيە و بەردەوام
بە دوای خۆمدا کێشی دەکەم
کۆيلەييمە لێم نابێتەوە..
ئەوەش پياسەی لەگەل دەکەم..
لە پارکەکانی مەحەببەت
ئەوەش بە قاچەکانمەوە گرێ دراوە
سێبەرەکەی خۆمە خۆم
سێبەرەکەی خۆمە و بەس..

 * *

ديقەت دە
کۆترەکان نەياندا لە شەققەی ئاشتی
گولەکان لە دەرگای بەرائەت..
نەگەيشتين تالەکانی حوزن
لە ريشی ئەو مندالانە کەينەوە ،
بە بيانووی دلۆپێ ويژدان
دەم لە مەمکی تفەنگەکان ئەکوتن..
بە هەنجەتی تيکەيەک بەزەيی
مندالي يان وەک ئاوەرۆ
بە حيکايەتی سەردابی
زبلخانەکاندا دەکەن..
نەشياين سياسەت وەرگێرينە سەر
زمانە زيندوەکەی خۆسووتاندنی بەفر..
نە وڕێراين
نينۆکەکانی غەيب بۆيە کەين و
پەنجەکانی ئاين بگرينە خەنەی پرسيار..
دە با رێگاکانی بەرائەت پاک کەينەوە
لە درک و دالی خيانەت ..
لە وردە شووشەی فيراق
ئێستا نا
پاش کەمێکی تر
کەژاوەی خۆر ئاوا بوون ئەگات..
بە سپايی دەست بەرە
بە تەنيشت زەمەندا
گلۆپی سۆز پێکە
پەنجەرەی تەمەن
بخە سەر گازەرای ليقا
با شنەبای ئەوين
پەردەکانی گومان
تا راددەی دلنيايی بلەرێنێتەوە..

15/7/2012

زيـوريــــخ
کــەژاڵ عـەلــــــی

 

Related Articles