پلانگێڕیی: هه‌ستیارترین ئامراز‌و ڕۆحی هونه‌ری ده‌سه‌ڵاتدارێتی یه. ڕه‌نگه به‌ئاسانی بزانیت، پلانی ده‌وڵه‌تێك له‌مه‌ڕ: ئاوه‌دانكردنه‌وه، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه، یان سێكته‌رێكی په‌روه‌ده‌یی ئاشكرابكه‌یت، چاوێك بخشێنه به‌حیسابی خیتامی یان شێوازی دابه‌شكردنی بودجه‌كه‌یدا زۆربه‌ی شته‌كان تێده‌گه‌یت. . به‌ڵام تێگه‌یشتن لهپلانگێریی بۆجینۆستایدو له‌ناودانی میلله‌تێك، له‌باری جوگرافیی و كلتورییه‌وه، زۆرقورسه، به‌تایبه‌ت له‌سه‌روه‌ختی مۆدێرنیته‌و تازه‌بونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كان و فه‌تحكردنی جیهان له‌لایه‌ن خۆرئاواوه. ڕونتریش تێگه‌یشتن لهزهنیهتی فه‌لسه‌فی و سیاسی پشت پلانگێڕییهكان، بایه‌خداره‌و گرنگیه‌كی زۆری هه‌یه.
مۆدێرنیته: ئه‌گه‌رچی شانازیی به‌ڕه‌شه‌بای جیهانگیرییه‌وه ئه‌كات، خۆی توند توند به‌ستووه به: ئابوریی و ئاڵوگۆڕه داراییه‌كانی جیهانه‌وه، له‌ولاشه‌وه ته‌كانێكی ته‌كنه‌لۆژیی و داهێنانی یه‌كله‌دوای یه‌كی خستۆته ئیش، به‌جۆرێك بووه‌ته مۆته‌كه، مرۆڤایه‌تی وه‌ك ئامێرێك و، تاكی وڵاته بهكاربهرو شهرقیهكانیش وه‌ك ڕۆبۆتێك ئه‌بینێت. كت و مت به غهربهنهكردن (غربنه) وه به ئهمرهكهكردن (ئه‌مریكا) یی كردنی جیهانه، به‌قازانجی قوتابخانه‌ی واقیعیه‌ت، كه‌ته‌نها (هێز) ئه‌بینێت. بگه به (هێز) و بگه (به‌ده‌سه‌ڵات) . ئیدی هه‌موو زه‌وییه‌ك له‌باره بۆكێڵان به‌ومه‌رجه‌ی به‌رهه‌مێكی باشی لێ وه‌ده‌ستبخه‌ی، ئه‌م سیاسه‌ته (په‌رتكه و زاڵبه) (فرق و تسود) تاده‌گه‌یته ئامانجی خۆت.
ههرچركهساتێكی مێژووی كورد بگریت، ئه‌توانیت سه‌دان پلانگێڕیی ڕیزبكهی، كهبهردی ژێر كۆڵه‌كه‌ی هه‌ر قۆناغێكن، ئه‌گه‌ر لهباكوردا، یه‌ك قۆناغی كورتی مێژوویی هاوچه‌رخ وه‌ك نمونه وه‌ربگرین، پیلانگێریی فیرقه‌كانی حه‌میدیه (1914) لهبتلیس دژی مه‌لاسه‌لیم، له‌ساڵی (1925) دژی شێخ سه‌عیدی پیران، پیلانگێڕیی (1930) ی ئاگری، ئینجا (1937) ی كۆمه‌ڵكوژیی دێرسیم، دۆزی (49) كه‌سی (1959) و (400) كه‌سییه‌كه‌ی (1960) و، ئه‌وسا كوشتنی فائیق بوجاق و تیرۆری سه‌عید قرمزی له‌لایه‌ن (pdk) وه. سه‌دان پیلانگێڕیی دیكه تا ڕۆژی ئه‌مڕۆمان له‌دژی كورد‌و په‌كه‌كه ڕێكخراوه، به‌تیرۆری ساڵی (2013) ی سێ ژنه چالاكه‌كه‌ی كوردیشه‌وه له‌فه‌ڕه‌نسا. ئه‌ری هه‌ر به‌جدیی كاتی ئه‌وه نییه كورد بیرێك له‌خۆی و ئاینده‌و به‌رامبه‌ره‌كانی بكاته‌وه؟.
دڵنیام، مێژوو غه‌زه‌ب له‌و كوردانه ئه‌گرێت، كه‌زوو له گه‌له‌كۆمه‌كییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ی سه‌ر ئۆجه‌لان و په‌یامه‌كانی تی نه‌گه‌یشتون، یان نایانه‌وی تێبگه‌ن. شێوازی گرتنی ئۆجه‌لان زۆر به ته‌كنیك و ته‌كتیكێكی سه‌یر داڕێژراوه، ڕه‌نگه كورد و خودی ئۆجه‌لانیش تا ئه‌مێستاكه له‌و كرده ئازاراویی و خه‌مهێنه‌ره نه‌گه‌شتبن، چونكه زۆر هێزی ناكۆك له‌ناو پیلانگێرییهكهدا خۆیان ئه‌گرن: له‌ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكاوه تا فیدراسیۆنی ڕوسیا، له‌یه‌كێتی ئه‌وروپاوه تا كۆمكاری عه‌ره‌بی، له‌توركیاوه تا یۆنان، لهتاجیكیستانهوه تا كینیا بۆ ئینگلته‌را، له‌پلانه‌كه‌دا بون، بۆخۆشی له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگێكدا به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ئه‌وروپا، هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی كردووه‌و، ده‌ریانكردووه. چاودێریی ووردیان خستۆته سه‌ر. ئه‌ری خێره تورك و یۆنانیه‌كان دوژمنی سه‌د ساڵه‌ی یه‌كن، له‌گرتنی ئۆجه‌لاندا پێكه‌وه پلانگێریی ئه‌كه‌ن!. به‌گوێره‌ی ئۆجه‌لان خۆی، ئهمریكاو ئینگلته‌را، پابه‌ندی ئه‌و به‌ڵێنه بون، كه له‌ساڵی (1925) به‌توركیایان داب‌و (به‌ومه‌رجه‌ی په‌نجه بۆكوردستانی عێراق نه‌به‌ن، كوردستانی توركیا بكه‌نه قوربانی) . له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش بو كه توركیا بو به ئه‌ندامی ناتۆ و له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا سه‌باره‌ت به‌كێشه‌ی كورد ڕێككه‌وتون. به‌واتایه‌كی تریش خۆرئاوا، ئهمریكاو ئیسرائیل، ئیشیان له‌سه‌ر خوڵقاندنی دوالیزمه‌ی وه‌كو فه‌له‌ستین-ئیسرائیل، كردووه. به‌رهه‌می شه‌ڕه ئیتنییه‌كانی به‌لقان، ئه‌رمه‌نییه‌كان، دابه‌شبونی قوبرێ، كورد و تورك و تایه‌فه‌گه‌ریی عه‌ره‌ب ئه‌چننه‌وه. خۆبهم پێیه بێت توركیا هێنده‌ی كورد زه‌ره‌رمه‌ند بووه له گرتن و زیندانی كردنی "ئۆجه‌لان" دا. "بڵند ئه‌جه‌وید" سه‌ره‌كوه‌زیرانی ئه‌وسای توركیا بۆخۆی ووتی: من ئێستاش تێ نه‌گه‌شتم بۆچی ئۆجه‌لانیان ته‌سلیم به‌ئێمه كرده‌وه!.
له‌كۆتاییدا هه‌ردولا ده‌زانن، شه‌ڕی كورد‌و تورك، شه‌ڕی ناسنامه‌و چاره‌نوسه. هه‌رنه‌بێت كورده‌كان سوكه باوه‌ڕێكیان به‌ئایدۆلۆژیای ئیسلامیی یان چاره‌كه ناسیۆنالیزمێكیان هه‌یه، تا مه‌ساری ڕه‌فتاری سیاسییانی پێ دیاری بكه‌ن. بهلاَِم توركه‌كان و عوسمانییه نوێیه‌كان ته‌نها فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ناو توركیا‌و برابچوكیان به‌ئامانج گرت، ده‌ست لهسهرسینه بۆ پرۆژه نێگه‌تیڤه‌كانی سه‌روه‌ختی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری ڕاوه‌ستان. كه‌هه‌موو ده‌زانن كۆنترۆڵه‌كه‌ی لای كێیه‌و كێش خاوه‌نیه‌تی.
زۆركه‌س، زۆركه‌سی چی، هه‌موو حكومه‌ته‌كانی دونیا، له‌دوای ده‌ستگیركردنی ئۆجه‌لانه‌وه سه‌رسامن، واقیان وڕماوه، وه‌ك وه‌زیری نێوخۆی ئه‌ڵمانیا له‌م ساڵانه وتبوی: نازانم چۆن ئاوه‌ها په‌كه‌كه له‌م ئه‌وروپایه، له‌هه‌ر شارێكدا بهفیكهیهك، ، ملیۆنان كه‌س بۆخۆپیشاندانێك كۆئه‌كه‌نه‌وه. بۆخۆپیشاندانێك بچۆ لهباكوریان له‌هه‌ر شارێكی تر، وائه‌زانی كه‌س ئاماده‌گی نییه، له‌پڕێكدا مهسیرهیهكی سه‌دهه‌زاری دروسته بێت!. له‌كام خۆپیشاندانی ئه‌م جیهانه‌دا، بۆههركارهساتێكی مرۆیی و گه‌وره، ده‌یان و ده‌یان ملیۆن سه‌دان جار بهههوهنتهیهك دێنه شه‌قام، شه‌قامێكی ئه‌وروپیش!. كه كوردانی هه‌رچوار پارچه به‌بێ ناسنامه‌ی ده‌وڵه‌ت و نیشتمانێك تیایدا گوزه‌ر ئه‌كه‌ن. ئاخر كه موحه‌مه‌د (د. خ) كوچی دوایی ئه‌كات، تا (3) ڕۆژ ته‌رمه‌كه‌ی نا‌نێژن، شه‌ڕ له‌سه‌رده‌سه‌ڵات و پێگه‌كه‌ی ئه‌كه‌ن، كه عیسا له‌خاچ درا، ئه‌وانه‌ی له‌ده‌وری بون ته‌نها گریان. كهلینین مرد، هیچ شتێكی ئه‌وتۆ نه‌كرا، به‌ڵام "ئۆجه‌لان" بهگهلهكۆمهكیهكی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌واڵگریی، ده‌كه‌وێته ده‌ست توركه‌كان، به‌سه‌دان و بگره هه‌زاران كه‌س خۆیان له‌به‌رده‌م وه‌ها كۆستێكدا پێ نه‌گیراو، گڕیان له‌جه‌سته‌ی خۆیان به‌ردا. ئه‌گه‌ر زووش هۆشداری نه‌دایه ڕۆژهه‌ڵات ئه‌بووه ده‌ریایه‌ك له‌خوێن.
دواجار كورد ده‌بێت، په‌ند له‌گرتن و گه‌له‌كۆمه‌كی سه‌ر "ئۆجه‌لان وه‌ربگرێت" به‌تایبه‌ت له‌م جیهانه ئاڵۆزه‌دا، هه‌موو شته‌كان ئالۆز بون. ئه‌گه‌رنا له‌ناوخاكی كوردستان ده‌یان گه‌له‌كۆمه‌كی و ئه‌نفالی تر ده‌بینین، ئه‌ی ئه‌وه ئه‌نفال نییه، عه‌ره‌بێك بتوانێت ده‌یان شۆفێری ته‌كسی له‌كوردستان بكوژێت و بیانخاته ژێر خۆڵه‌وه؟.