بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره، پێویستمان بهڕوبهرێك له تێگه‌یشتنه بۆ چه‌مك و فه‌لسه‌فه‌ی (ده‌سه‌ڵات، سیسته‌می سیاسی، گۆڕان) .
یه‌كه‌م: ده‌سه‌ڵات (power)
ده‌سه‌ڵات له چوارچێوه‌ی سیاسیی و ئاینی و فه‌لسه‌فی و ئه‌كادیمی و سایكۆلۆجیا دا، پێناسه‌ی جۆراوجۆری بۆ كراوه. بۆنمونه: ده‌روونناسی وای ده‌بینێت مرۆڤ هه‌ربۆخۆی كه‌سێتیه‌كی شه‌ڕانگێزی هه‌یه، وه‌كو له ئه‌زمونی (میلیگرام) دا هاتووه، كه حه‌ز بهزاڵبون ده‌كات به‌سه‌ر ئه‌ویتردا، چێژ له ده‌سه‌ڵات وه‌رئه‌گرێت. هه‌میشه لای (وه‌رگر) ووشه‌ی ده‌سه‌ڵات و هێز، هه‌ست و گوژمێكی خراپه‌كاریی و ناچاركردنی تیا هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌ركی ده‌روونناسی ئه‌وه‌یه، له‌ڕه‌فتاری تاكه‌كان بكۆڵێته‌وه، سیاسه‌تیش هه‌ر ئه‌مه‌یه. به‌ڵام به‌كۆمه‌ڵێ چه‌مك و باكگراوه‌ندی قووڵه‌وه، ناوكی سیاسه‌ت بریتی یه له‌دووشت: (ده‌سه‌ڵات) و (ململانی –ێراع-conflict) . . هه‌موو دیارده‌كانی سروشت، هه‌موو زانسته‌كان، له‌ململانێیه‌كی هه‌ست پێنهكراودان، له‌ڕووی پراكتیك و زمانیشه‌وه، (ده‌سه‌ڵات و هێز) ئه‌وه‌نده لێك نزیكن جیاناكرێنه‌وه، ته‌نانه‌ت له‌زمانی ئینگلیزی‌دا بۆ هه‌ردوكیان ووشه‌ی (power) به‌كاردێت. گه‌یشتن به (هێز) یانی گه‌یشتن به (ده‌سه‌ڵات) . یانی گه‌یشتن به (سیاسه‌ت) . . چۆن ده‌گه‌ین به‌هێز؟. چۆن ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرین؟.
بۆیهكهمیان، ده‌كرێت، تاكه‌كه‌سێك، دامه‌زراوه‌یه‌ك، ده‌وڵه‌تێك، به (2) شێوه خۆی به‌هێزبكات، یان خۆی خۆی به‌هێز ئه‌كات، وه‌یاخود ده‌بێت له‌گه‌ڵ (به‌هێز) ێكدا ڕێك بكه‌وێت. به‌گشتی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ بههێزێكدا، له‌قوتابخانه‌ی ڕیالیستی دا، ته‌نها یه‌ك قازانجی هه‌یه، ئه‌ویش (ده‌تهێڵێته‌وه) . . واتا بۆ مه‌به‌ستی مانه‌وه ده‌وڵه‌ت یان لایه‌نێكی لاواز له‌گه‌ڵ بههێزێكدا ڕێك ده‌كه‌وێت، وه‌كو كوه‌یت و ئه‌رده‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا. . ئه‌گه‌رچی ئه‌م جۆره ڕێككه‌وتنه زیانه‌كانی زۆرترن، به‌ڵام مانه‌وه‌یه‌ك مسۆگه‌رده‌كات. كه‌سێك نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك ده‌كات، بۆچه‌ندین شوێنی دیكه‌ی باش نابێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه نه‌كات، ده‌مرێت. . ئێمه له‌مه زیاتر بڕۆین، ده‌چینه سه‌ر دیدی تیۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه كلاسیكی و هاوچه‌رخه‌كان بۆ ده‌سه‌ڵات و، دوورمان ئه‌خاته‌وه له‌ئامانجی نوسینه‌كه.
دووه‌م: سیسته‌می سیاسیی (political system) .
سیسته‌می سیاسیی: سیسته‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه. كه‌تیایدا ڕۆڵه‌كان دابه‌شكراون، بۆپاراستنی ئاسایشی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵ له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا. له‌به‌رئه‌وه‌ی شارستانیه‌ته‌كان و كلتوره‌كان له‌سه‌رده‌می جیهانگیریی و ئامرازه‌كانی مۆدێرنیته‌دا به‌ریه‌ك ئه‌كه‌ون، وه پرسیار دێته سهركۆمهڵگه. هاوكات پرسیاریش دێته سه‌ر ده‌وڵه‌ت، كه ئیدی (ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه) له‌ماناكانی چوارسه‌د ساڵی پێشووی دائه‌ماڵرێت. كه‌وابێت به‌پێی (زه‌مه‌ن وزه‌مین) نه‌بێت، ناتوانین پێناسه‌یه‌كی جێگریش بۆ سیسته‌می سیاسیی بكه‌ین. وه‌كو ڕه‌فتار سیسته‌می سیاسیی كۆمه‌ڵێك مامه‌ڵه‌ی به‌یاسایی كراوه، بۆتاكهكانی ناو كۆمه‌ڵ. . وه‌ك په‌یكه‌رو دامه‌زراوه‌و ڕێكخستنیش، سیسته‌می سیاسیی ڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌یه بۆ (3) ده‌سه‌ڵاتی گه‌وره كه‌به‌شداری له‌دروستكردنی بڕیاردا ئه‌كه‌ن. ده‌سه‌ڵاته‌كانی (جێبه‌جێكردن، یاسادانان، داوه‌ری) . .
ئێمه ویستمان، بگه‌ین به‌وه‌ی كه، سیسته‌می سیاسیی هه‌رگیز بریتی نییه له حكومه‌ت و یه‌ك دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار. . به‌ڵكو سیسته‌می سیاسیی و كۆمه‌ڵگه دووشتی ته‌واو ڕاسته‌وانه‌ن. ئه‌وه‌ی له‌ناو ئه‌م كۆمه‌ڵه‌دا بگوزه‌رێت به‌شێكه له‌سیسته‌می سیاسیی وه‌كو }سی ده‌سه‌ڵاته سه‌ره‌كیه‌كه، حزبهسیاسییهكان، ئۆپۆزسیۆن (ئه‌گه‌ر هه‌بێت)، میدیاكان به‌هه‌موو ئامرازهكانیانهوه، ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، پیاوه ئاینییه‌كان) . . هه‌مموو ئه‌مانه لقێكن له‌سیسته‌می سیاسی وله‌و چوارچێوه‌دان كه بڕیاربو بگۆڕرێت!. . چونكه په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی پێكه‌وه گرێدراویان هه‌یه. لاوازی هه‌ریه‌كێكیان، لاوازی سوڕی جوڵه‌یه له‌ناو سیسته‌مه‌كه‌دا، لاوازی هه‌مووشیان مت بون و مه‌رگی سیسته‌مه‌كه‌یه.
سێهه‌م: فه‌لسه‌فه‌ی گۆڕان.
كه‌سێك، كێشی (140 كگم) ه. له‌ماوه‌ی (90) ڕۆژدا، توانی كێشه‌كه‌ی دابگرێت بۆ (80 كگم) . ئه‌مه گۆڕانێكی هه‌ست پێكراوه له‌كێش دا؟. به‌ڵام چۆن؟. یه‌كه‌م: به به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراو، ئه‌م گۆرانه ڕوویداوه. دووه‌م: به‌گوێره‌ی لێكدانه‌وه ته‌ندروستییه‌كان، كه ئایا ئه‌م گۆڕانه له‌كێشدا، زیان به‌هیچ ئه‌ندامێكی جه‌سته ناگه‌یه‌نێت؟. سه‌یركه، لای ماركس ته‌واوی جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگه ئابورییه. ئابوریی ده‌توانێت كۆمه‌ڵ لهبارێكهوه بباته بارێكی تر. به‌ڵام لای دۆركهایم و ماكس وێبه‌ر كۆمه‌ڵگه وه‌ك په‌یكه‌ری جه‌سته‌ی ئه‌م مرۆڤه وایه، هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی پێویستن، نه‌ك به‌ته‌نها ئابوریی. ئازارێك له‌بڕبڕه‌ی پشتدا، لانی كه‌م ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی به‌ئاسانی هه‌ناسه نه‌درێت، وه‌یارمه‌تی ڕێك ڕاوه‌ستان نادات. بۆ كۆمه‌ڵ و لقه جیاوازه‌كانی ناوسیستهمهكهش هه‌روا. .
فه‌لسه‌فه، واتا حه‌زكردن به‌دانایی، له‌ڕێگه‌ی بیری قووڵ، گومان، پرسیار دروستكردن، ڕه‌خنه‌گرتن. كه به‌پێچه‌وانه‌ی ئاینه‌وه به‌رده‌وام لهسێرچدایه، له‌خاڵێكدا ناوه‌ستێت. . فه‌لسه‌فه له‌یۆنانی كۆنه‌وه، ڕێگه‌یه‌كی دوور‌و درێژ، ته‌حه‌دایه‌كی زۆری كردووه، تا ئه‌مدواییه ده‌گاته تیۆریی ڕه‌خنه‌گه‌رایی (نه‌زه‌ریه‌ی نه‌قدی) . تیایدا به‌پێی (تیۆدۆر ئادۆرنۆ) و له"دیالێكتیكی ڕۆشنگه‌ری" دا. ئێمه هیچ ڕێگایه‌كی ترمان له‌به‌رده‌ست نه‌ماوه، ئه‌وه نه‌بێت به‌رده‌وام ڕه‌خنه بگرین، وه خۆمان ڕاده‌ستی شته‌كان و دیارده‌كانی ده‌وروبه‌ر نه‌كه‌ین". گۆڕانیش یانی لهحاڵهتێكهوه بازبده‌ین بۆ حاڵه‌تێكی تر. بۆنمونه: ئه‌مانه‌وێ له‌سیسته‌می سیاسیی‌دا، گۆڕان بكه‌ین، كه‌واته ده‌بێت له‌بنه‌ڕه‌تدا سیسته‌مێك هه‌بێت، تابیگۆڕین به سیسته‌مێكی تر. ئێمه باس له‌جۆره‌كه‌ی ناكه‌ین كه كه‌س نازانێت چییه، به‌ڵكو ئایا له‌بنچینه‌دا ئه‌وه‌ی له كوردوستان هه‌یه سیسته‌مه؟. یان دوو حزبن و هه‌ندێ پاره له‌به‌غداوه دێت، به‌ناڕێكی دابه‌شی ئه‌كه‌ن و هیچی دی؟. بۆ ئه‌مه له‌دیدی قانونی ده‌ستوریی و قانونی سیاسییه‌وه، پێویستمان به‌ناسینی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سیسته‌مێكی سیاسییه:
یه‌كه‌م: سیسته‌می سیاسیی خاوه‌نی باڵاترین ده‌سه‌ڵاته له‌كۆمه‌ڵدا، به‌پێی ده‌ستورو یاسا‌و ڕێنمایی و بڕیاره‌كان ڕه‌نگ ڕێژ كراوه. . به‌م پێیه كوردوستان ده‌ستوری نییه!. 22 ساڵه دوو حزبی سیاسیی ده‌ستورێكیان نه‌نوسیوه‌ته‌وه!. ده‌ستور خه‌ڵك و كۆمه‌ڵ ده‌كاته خاوه‌ن ماف و ئه‌رك، مه‌هامه نیشتمانییه‌كانیش پیشانی وڵاتانی جیهان ئه‌دا.
دووه‌م: سیسته‌می سیاسیی ئه‌وه‌یه، كاریگه‌ریی دروست بكات له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ و سیسته‌مه فهرعیهكانی دی، بۆ نمونه: له‌سه‌ر سیسته‌می كاره‌با، خوێندن، ئاسایش، ئاو، ته‌ندرووستی، كرێ، باج. . بۆ دوایی. دواجاریش كۆنترۆڵی ئه‌م سیسته‌مه فه‌رعیانه ده‌كات، ر ِیتمی په‌یوه‌ندیی و ڕایه‌ڵه‌كانی نێوانیشیان ده‌ست نیشان ئه‌كا.
سێهه‌م: سیسته‌می سیاسیی ئه‌وه‌یه، كه ڕاسته‌وخۆ، كارلێك ده‌كات له‌گه‌ڵ سیسته‌مه ئابوریی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتورییهكاندا. . . (ئا ئه‌مه ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌كه‌یه. . تا فه‌رهه‌نگ و كلتور‌و جۆری بیركردنه‌وه‌كان نه‌گۆڕێن، چی ده‌گۆڕێت؟. ) .
ڕه‌نگه گۆڕان، گۆڕانێكی نێوخۆیی كۆمه‌ڵگه بێت، له‌خاڵێكدا وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره دروست بكات، وه‌ك شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی (1789) . شۆڕشێكی پڕتوندوتیژیی و كوشتار، دوای زیاتر له (20) ساڵ. بنی نایه‌وه‌و به‌روبومی شۆڕشه‌كه، مێژووی جیهانی كرد به دووله‌ته‌وه، پێش شۆڕش و پاش شۆڕش. . . ڕه‌نگیشه گۆڕان ته‌نها بابه‌تێكی شكڵی بێت له‌سیسته‌مه‌كه‌دا، وه‌كو شۆڕش/كوده‌تای (14ی ته‌مموزی 1958) سیسته‌مه‌كه له پاشایه‌تیه‌وه بوو به كۆماریی، به‌ڵام هه‌یكه‌لی ئیداریی و ئابوریی و سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌روه‌ك خۆی مایهوهلهعێراقدا. بگره پێشووتر له‌هه‌ندێك ڕووه‌وه باشتر بوو. هه‌روه‌ها ده‌كرێت گۆڕان له‌ڕێگه‌ی هه‌ندێ شتی پڕوپوچی وه‌ك كاسێت و پارچه كاغه‌زی فڕێدراوه‌وه بێت، وه‌كو شۆڕشی ساڵی (1979) له‌ئێران. دواجارئهمه به پارچه كاغه‌زو كاسێتیهكیش هه‌ر له‌ناو ئه‌چێت.
چواره‌م: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان فیفتی به‌فیفتی كرد به ئه‌یتی به توێنتی؟.
وه‌ك به‌شێك له (ی، ن، ك) له‌ساڵی (2009) چوار ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی و شه‌ش ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه جیابونه‌وه، به‌سه‌ركردایه‌تی نه‌وشیروان موسته‌فاو سه‌دان كادری دیكه‌ی پێشوی یه‌كێتی، جاڕی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان یان دا، به (10) ملیۆن دۆلاری یه‌كێتی و (122) دۆنم زه‌وی موڵكی گشتی و به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی پارێزگای سوله‌یمانی بۆ شوێن خۆ خۆشكردن، سود وه‌رگرتن له‌چه‌ندین كارگه‌و كارخانه‌ی دی. توانیان به‌خستنه‌گه‌ڕی ماشێنێك له‌میدیای هێرشكه‌ر، ببنه چه‌ترێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگه ناڕازییه‌كانی كه ساڵانێك له‌شه‌قامدا، چاوه‌ڕێی چركه‌ساتی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی یان بوو، تا ڕقی په‌نگخواردووی خۆیان له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌كێتی بڕێژن. . ئه‌مجاره توانییان (25) كورسی مسۆگه‌ر بكه‌ن. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م هێزه نه‌یتوانی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بداته‌وه، كه ئه‌وان گروپێكی بێ ئایدۆلۆژیان، بێ به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یین، بێ دونیابینییه‌كی ته‌واون. هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌كانی (17) ی شوباتیشی هاته سه‌ر. !. (63) ڕۆژ خۆپیشاندان، به‌رهه‌مه‌كه‌ی ته‌نها ئه‌وه‌بوو هه‌ندێ ڕۆشه‌نبیر و ڕۆژنامه‌وانی فهل و موزه‌یه‌ف، چه‌ند وێنه‌یه‌كیان گرت، هاتوهاوارێك و دوایی پێی چوونه په‌رله‌مانه‌وه؟.
پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووش، له‌ساڵی (2009) بۆچی به‌شداری حكومه‌تیان نه‌كرد، كه كورسیه‌كانیان ئه‌و كات زیاتریش بوو؟. بۆچی به‌یاننامه‌ی (7) خاڵیان بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان دهركردو داوای حكومه‌تی ته‌كنۆكراتی بێلایه‌نیان كرد؟ ئێستا دوای (4) ساڵ كه هه‌مان ڕێژه‌ی كورسییان هه‌یه، چی‌یان گۆڕیووه، وا ده‌چنه هه‌مان په‌رله‌مان وحكومه‌ته‌وه و ده‌یگۆڕن؟. ئه‌بێت ئێمه حیسابی ڕهشهولاخمان بۆ كرابێت كه ئه‌م درۆ و كلاواتانهمان بۆ ده‌كه‌ن! ئه‌گه‌ر پێشوتر قۆناغی (50 به 50) بوو، ئێستا له‌وه‌ئه‌چێت ڕێككه‌وتنی پارتی و گۆڕان (80 به 20) بێت؟. چی ئه‌گۆڕن له‌ناو ئه‌م (3) ده‌سه‌ڵاته‌دا.
گریمان من به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی په‌رله‌مانم، له‌سه‌ر لیستی پارتی، ئه‌گه‌ر ملكه‌چی فه‌رمانه‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان (له‌پشكی گۆڕان) نه‌بم، چی ئه‌كا؟. به‌وه‌رگرتنی چه‌ند وه‌زاره‌تێك كۆمه‌ڵگه‌و ئابوریی و فه‌رهه‌نگ ده‌گۆڕێت؟. زمانی ستانداردی كوردیی دروسته بێت؟. ناوچهداگیركراوهكان دێنه‌وه سهركوردوستان؟. مێژوویه‌كی هاوبه‌شیی یه‌كگرتوو دروسته بێت؟. تاك و كۆمه‌ڵ ته‌وزیف ئه‌كرێت له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌دا؟. یان له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مه هاتنه‌دی ڕاستیی قسه‌و هاواره‌كانی ئێمه‌یه، كه‌له (17) ی شوبات جیابوینه‌وه، به‌خه‌ڵكمان ووت: له‌ئاینده‌دا ئه‌م داخوازییانه‌ی خه‌ڵك ئه‌فرۆشن به‌ده‌سه‌لات. . جنیۆ نه‌ما، ، شوێن نه‌ما، به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنیمان نه‌ما مونتاژی نه‌كه‌ن، تا تیرۆری كه‌سێتیمان بكه‌ن. .
پێنجه‌م: ده‌نگه‌كانی خه‌ڵك
چوار ڕێگه هه‌یه بۆ گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات }یه‌ك: میرات و بۆماوه لهباوكه بۆكوڕبۆ وه‌چه‌و براكان. دوو: دانان و دامه‌زراندن وه‌ك دانانی سه‌رۆكێك، سێ: ڕێگه‌ی كوده‌تا یانی له‌ڕێگه‌ی هێزه‌وه لایه‌نێك لایه‌نێكی دی لائه‌بات، چوار: هه‌ڵبژاردن {.
هه‌ڵبژاردن، جیا له‌وه‌ی باشترین بژارده‌و سیمایه‌كی گرنگی دیموكراسییه‌ته، به‌گشتی له‌زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتدا، ته‌نها بۆ فریودانی خه‌ڵكه، شتێكه باس ئه‌كرێت، به‌س نابینرێت. ترسی گه‌وره له هێزه ڕیفۆرمخوازه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه ئه‌وه‌یه، دواجار هه‌ر ده‌بنه‌وه به‌وه‌ی پێش خۆیان. بۆ سه‌لماندنی ئه‌مه‌ش له‌هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، بێجگه له‌ئیسرائیل كه گۆڕانه ڕیشه‌ییه‌كه‌ی پێشوتر، له‌فه‌رهه‌نگدا كردووه، ئه‌وسا ده‌ستی بۆ ئامرازه‌كانی دیموكراسیی بردووه. باشترین وڵاتیان له‌ناوچه‌كه‌دا توركیایه، هه‌رچه‌نده پشتگیریی ئهمریكاو مووشه‌كی دوورهاوێژدهكڕێت و ئه‌ندامی ناتۆیه‌و پێگه‌ی ئابوریی وگه‌شتیاری گرنگی هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كێڵگه كلتوریی و ئایدۆلۆجیهكهی نایواتی. بولغاریا و كرواتیا له‌مدواییه ده‌بنه ئه‌ندام له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا، كه‌چی توركیا ههرخهوی پێوه ده‌بینێت. !. .
دیموكراسیه‌ت، باشترین فۆڕمه كه‌مرۆڤایه‌تی پێی گه‌یشتووه، له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری دونیا له‌سه‌ری ڕێككه‌وتون، كه‌سێكی وه‌ك خاته‌می له‌ئێران ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر خۆمان فریو نه‌ده‌ین له‌دیموكراسیی باشتر، شتێكی دیمان ده‌ست ناكه‌وی ". ههڵهدهكهین ڕاسته‌وخۆ كۆی دیموكراسییه‌ت ببه‌ستین به هه‌ڵبژاردنه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر كێڵگه‌كانی دیموكراسیی له‌ڕێگه‌ی سه‌نته‌ركردنی ئه‌قڵ و پیشه‌سازیی كردن له مێژوو له كلتوره‌وه، دانه‌مه‌زرابن. درۆ ده‌كه‌ین باسی ده‌نگی خه‌ڵك بكه‌ین، له‌كاتێكدا نه كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه، نه ده‌زگای ئه‌منی و داوه‌ریی سه‌ربه‌خۆ، نه ڕۆشنبیر و بیركه‌ره‌وه‌ی باش. . ئه‌وه‌شی سه‌ربار بێت كه بۆخۆی سیسته‌می دیموكراسیی بێ عه‌یب و عار نییه، ئه‌گه‌ر دیموكراسییه‌ت ئه‌وه‌یه زۆرینه‌ی خه‌ڵك حوكم بكات، ئه‌مه قسه‌ی قۆڕه، له‌هیچ شوێنێكی دونیا زۆرینه‌ی خه‌ڵك حوكم ناكه‌ن. به‌ڵكو ئامانجه‌كه ئه‌وه‌یه تۆ خاوه‌نی ملیۆنێك دۆلار بیت!. نه‌ك باوه‌شێك به‌ها و مۆراڵ.
شه‌شه‌م: گۆڕانێكی ڕیشه‌یی له‌كۆمه‌ڵی كوردیدا چۆن ده‌كرێت؟
تاكی كوردیی، تائه‌م چركه‌یه گیرۆده‌یه، به‌ده‌ست دوو ته‌ڵه‌زگه‌ی گه‌وره‌وه، یه‌كه‌م: تێنه‌گه‌یشتن له‌ئه‌رك و مافه‌كانی خۆی، دووه‌م: گرفته غه‌ریزییه‌كانی، له‌غه‌ریزه‌ی سێكسه‌وه بۆ ئه‌وانی تر. ئه‌م تاكه ڕق و حه‌ز ده‌كاته تای ته‌رازوویه‌ك، له‌چركه‌ساته‌كانی یه‌كه‌م بینینی دا، هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین له‌ناوه‌وه‌یدا كۆمه‌ڵێك غه‌ریزه‌ی كهبتكراو هه‌یه، كۆمه‌ڵگه ڕێی پێنه‌داوه‌و، ئه‌میش له ئه‌قڵی باتندا هه‌ڵیگرتووه. هه‌ربۆخۆی به‌شی هه‌ره زۆری خوێنه‌وارو قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌كانی كورد، به‌شێكن له‌و مادده خاوه خێڵه‌كی و شارچێتیهی كه‌هه‌یه. . توند ده‌ستیان گرتووه به‌و په‌تانه‌ی كه نایگۆڕێت.
له‌به‌رئه‌وه، یه‌كه‌م هه‌نگاوی گۆڕانێكی ڕیشه‌یی له‌وێوه ده‌ست پێده‌كات، كهجڵهوی ئاڕاسته‌كردنی كۆمه‌ڵگه، له‌ده‌ست ئه‌م جیله نهخوێنهوارو میدیا ناكاره ده‌ربهێنرێت، ئه‌م جیله‌ی كه‌هه‌ركه‌سێك و سایت و گۆڤارێكی بۆدانراوه، خراپتریان لهوجیله كردووه كه‌شه‌ڕی ناوخۆی كردووه له‌ساڵانی ڕابردوو، خه‌ڵك لێره نابێته ڕۆژنامه‌نووس و ڕۆشنبیر، تاكاری پیشه‌یی بكات، یان كۆمه‌ڵگه بگۆڕێت، به‌ڵكو بۆ ڕیكلام و ڕاوه مامزو تالهپڕێكیشدا ببێت به‌كاندیدی په‌رله‌مان یان مودیرعامێك!!. بۆ وێنه‌گرتن دێته ناوئاپۆڕای خۆپیشاندانێكه‌وه؟؟.
قۆناغی دووه‌م: ئاماده‌كردنی پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانی –كلتوریی. . كه‌توانای فه‌رزكردنی هه‌بێت، له‌چوارچێوه كۆمهڵایهتیهكهدا. به‌زانینی ئه‌وه‌ی، گۆڕانێكی ڕیشه‌یی به بێ ئاگابوون له‌وه‌ی ئێستا له‌م دونیایه چی ده‌گوزه‌رێت، له‌م جوگرافیایه‌ی ده‌وروبه‌رمان چه‌ند ده‌ستی چه‌په‌ڵ نان ئه‌خوات. . حیساب بۆنه‌كردنی، هه‌نگاونانه له‌خه‌ودا.
سه‌رئه‌نجام:
یه‌كه‌م: له‌ڕێگه‌ی به‌شداریكردن له‌ده‌سه‌ڵاته‌وه، سیسته‌می سیاسیی ناگۆڕێت. هیچ نمونه‌یه‌كیش له‌مێژووی گۆڕانی سیسته‌مه سیاسییه‌كاندا، ئه‌وه‌مان پێ نیشان نادات.
دووه‌م: له‌باشوری كوردوستان، ئه‌وه فێربوین، كه‌له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه، دیموكراسییه‌ت نه‌ك كامڵ نابێت، به‌ڵكو ئه‌تك ئه‌كرێت. له‌ڕێگه‌ی ته‌زویرو پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت بۆ ساڵێك!. خروقاته‌كانی بانگه‌شه‌و. . . هتد. . ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی ئێران ده‌توانێت له‌عێراق و هه‌رێمی كوردوستان هێزی ژماره 3 بكات به ژماره 1، نیوه‌ی شه‌و خه‌ڵكی عێراق نوستون، ئه‌و ده‌ستكاریی ده‌نگه‌كان و ئه‌نجامه‌كه‌شی ئه‌كا. !. كارگهشتۆته ئه‌وه‌ی كاندیده‌كان به‌ده‌نگی خه‌ڵك، ده‌ریش ده‌چن. حزبه‌كان و كۆمسیۆن ده‌ستكاریی ده‌نگه‌كانیان بۆقازانجی كه‌س و خه‌ڵكی تر ده‌كه‌ن!. واته ئه‌گه‌ر كاندیدێك ده‌ریش بچێت به‌ده‌نگی خه‌ڵك، لایه‌نه‌كه ئه‌توانێت یه‌كێكی توڕه‌هات بخاته شوێنه‌كه‌ی!!.
سێهه‌م: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ده‌ركه‌وتنی چه‌ندین كه‌سی وه‌ئاگا له‌چوارچێوه‌یدا، ته‌نها كهفوكوڵێك بوو، هه‌نگاوێك بۆ پیًشهوه، دوان بۆ دواوه. له‌تێگه‌یشتنی خه‌ڵك. شێوازی ده‌نگدانی خه‌ڵك به‌كاندیده‌كان و كه‌سه‌كان، ئه‌مه باش ده‌رئه‌خات. كه سه‌قافه‌تی خه‌ڵك نه‌جوڵاوه. كه‌سێك له‌ناو ئه‌م هێزه‌دا (250000) دووسه‌دو په‌نجا هه‌زار ده‌نگی هێناوه، له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م هێزه ڕه‌نگه بتوانێت (2500) دووهه‌زارو پێنج سه‌د ده‌نگ مسۆگه‌ر بكات؟. ئه‌مه چییه!!.