داعش و ڕاگه‌یاندنی كوردی .. به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

له‌م ساڵانه‌ی دواییه‌وه‌، ڕاگه‌یاندن و ده‌زگاكانی موخابه‌راتی له‌جیهاندا، خزمایه‌تییه‌كی باشیان په‌یدا كردووه‌، ئه‌مه‌ زۆر هۆكارو لایه‌نی هه‌یه‌، به‌شێكی بۆ ئامرازه‌كانی پۆستمۆدێرنه‌و ته‌كنه‌لۆژیاو داهێنانی نوێ و ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیی كردن و سانسۆركردن ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌، لایه‌نی دیكه‌شی وه‌ك جه‌نگی ده‌روونی و ئیختراقكردنی نه‌رم، كارتێكردنی ئایدۆلۆژیی و گۆڕینی ڕای به‌رامبه‌رو شریتی جیاواز جیاوازی تر.

- له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دوایی ئه‌رده‌ن له‌ (2013) وێستگه‌ی جه‌زیره‌ی قه‌ته‌ریی، ڕاسته‌وخۆ به‌ فه‌رمانی " شێخ حه‌مد بن خه‌لیفه‌" ی ئه‌میری ده‌وله‌ی قه‌ته‌ر، به‌هه‌ماهه‌نگی و گه‌مه‌یه‌كی هه‌والگریی بۆ لێدان له‌پیاوه‌ لیبراڵه‌كانی ئه‌رده‌ن له‌كاتی هه‌ڵبژاردندا، چه‌ند فه‌زیحه‌و گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له‌یوتیوب بڵاوئه‌كه‌نه‌وه‌.

- جه‌نگی سارد، به‌درێژایی زیاد له‌ (40) ساڵ ڕۆڵ بریتی بو له‌ڕۆڵی ڕاگه‌یاندن و پڕوپاگه‌نده‌ دژی یه‌كدیی، جه‌نگی ده‌رونی و ده‌ستشكانه‌وه‌ی یه‌كدیی بوو. . ڕاگه‌یاندنی ئه‌مریكی سه‌ركه‌وتو بو له‌وه‌ی ڕوویه‌كی گه‌ش بدا به‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، هاونیشتمانیه‌كانی خۆشی له‌مه‌ترسییه‌كانی بیری سۆشیالیزم بۆ سه‌ر ئه‌مریكا ئاگادار بكاته‌وه‌، وه‌ك چۆن له‌قۆناغی دوای (11) ی سێپته‌مبه‌ردا له‌ كاره‌سات و فكره‌ی تیرۆریزم سوپاكه‌ی خۆیان حاڵی كرد.

ڕاگه‌یاندن، له‌كوردوستان، له‌هه‌موو شته‌كانی تر خه‌ته‌رتره‌، ئه‌بینم زۆركه‌س و هاوڕی هه‌رله‌خۆیانه‌وه‌، ناوی خۆیان ناوه‌ ڕۆژنامه‌نووس و چاودێری سیاسیی، یان به‌په‌یوه‌ندیی شه‌خسی كه‌ناڵه‌كان بۆیان ئه‌نوسن، به‌م ئه‌زمونه‌ی چه‌ند ساڵه‌ی خۆم " كۆنه‌ جاش، پێشمه‌رگه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ، چایچی، خوێنه‌وارێكی هاكه‌زایی، خوێندكارێكی ئاسایی زانكۆ، بێ ئیشوكارم بینیوه‌، باجی ئه‌ندامی كارای سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان و فیدراسیۆنی ڕۆژنامه‌نوسانی نێوده‌وڵه‌تی شیان هه‌ر بۆ دیعایه‌ خستۆته‌ گیرفانیان!!. بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ له‌ژیانیاندا هه‌واڵێكیان داڕشتبێت، ته‌حلیلێكی زانستی و توێژینه‌وه‌یه‌ك، یان خولێك، یان بڕوانامه‌یه‌كی ئه‌كادیمییان هه‌بێت!!. یان هه‌یانه‌ حزبێك، كوتله‌یه‌ك، گۆڤارێك، په‌یجێكی به‌ناوێكه‌وه‌ بۆ داناوه‌و، شته‌كانی بۆئه‌نێرێت، ئه‌میش بێ ئه‌وه‌ی بیخوێنێته‌وه‌، ئه‌یخاته‌ پێش چاوی خه‌ڵك. . سه‌رئه‌نجام ئه‌بێت كێ باجی ئه‌مانه‌ بدا؟؟.

سه‌یر نییه‌، گوێمان لێیه‌، زۆربه‌ی ڕاگه‌یاندنی كوردیی ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، هاتنی داعش و چالاكییه‌كانیان به‌مجۆره‌ "چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو!!" وه‌زیفه‌ی توێژه‌رو ڕۆژنامه‌وانێكی به‌ئه‌زمون و ته‌عقیبكه‌رێكی باش، له‌پاڵ ئه‌و په‌یامه‌ی ده‌یگه‌یه‌نێت ئه‌وه‌یه‌، بزانێت ساڵێكی تر چی ڕووئه‌دات؟. خاڵ و دێره‌كانی ئه‌ودیو نوسینه‌كان بخوێنێته‌وه‌، خۆئه‌گه‌ر ئه‌ویش هه‌رته‌نها سه‌یری ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندن بكا، چ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ وه‌رگر (هاوڵاتیانی ئاسایی) هه‌یه‌؟. چۆن ئه‌بێت 3ساڵه‌ داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ له‌پاڵ ئێمه‌دا گرمه‌یان دێ، میدیا كاتژمێرێك به‌رنامه‌ی بۆ ته‌رخان نه‌كردبێت؟. چۆن ده‌كرێت داعش پێش گرتنی موسڵ به‌ 8 مانگ په‌لاماری زیندانی ئه‌بوغرێبی داو، سه‌دان زیندانی به‌ڕه‌ڵاكردو، سه‌دانی كوشت، ئێمه‌ له‌مه‌ترسییه‌كانی نه‌گه‌ین؟. چۆن ده‌بێت داعش به‌ته‌نها 6 چه‌كداره‌وه‌ له‌سه‌ری ساڵی (2014) ه‌ دا، بۆ 11 كاتژمێر كه‌ركوك و باره‌گای هه‌واڵگریی عێراقیان گرت، ئێمه‌ ئه‌مه‌ نه‌خوێنینه‌وه‌؟. چه‌ندین هه‌واڵهێن و سه‌رچاوه‌یان تیا دروست نه‌كه‌ین، بێ ئه‌وه‌ی ده‌زگای ئاسایشیی ئێمه‌ش بیكات، میدیای نیشتمانی (كه‌نیمانه‌) ئه‌یتوانی ئیختراق و په‌رت په‌رتیان بكات!!. سه‌یر نییه‌ كورد به‌م هه‌موو كه‌ناڵه‌وه‌، هه‌ر خه‌ریكی شیكاری بێنه‌و به‌ره‌ی ناوچه‌گه‌رێتی و ناوخۆییه‌، بۆ بازاڕخۆشكردنی كه‌سانێك، كه‌له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌ژین، نه‌یتوانیوه‌ تائێستا قسه‌ له‌سه‌ر كاره‌ساتێكی وه‌ك ئه‌نفال بكات!!. چه‌ند هاوڵاتی و نه‌وه‌ی نوێ به‌باشی له‌ئه‌نفال و لێكه‌وته‌كانی تێگه‌یشتون؟؟ ئه‌ی چه‌ند كه‌س بیروباوه‌ڕو ئامانج و نه‌خشه‌و مه‌ترسییه‌كانی داعش ده‌زانن؟.

ئه‌مانه‌ به‌ڵگه‌ن، كه‌له‌پاڵ ئه‌وه‌ی له‌هه‌رێمی كوردوستان، ده‌زگای ئه‌منی نیشتمانی و میدیای نیشتمانی نه‌خه‌مڵیون. ئه‌وانه‌ی ڕاگه‌یاندنی كوردیش به‌ڕێوه‌ ئه‌به‌ن، حه‌وت هه‌شت هه‌زار ڕۆژنامه‌نووسی بێده‌نگكراو، ناخوێننه‌وه‌، زمان نازانن، ناگه‌ڕێن، هێلێكیان نییه‌ لێوه‌ی تیشك بگرنه‌ زاویه‌كانی تر. هه‌ر بۆ ناو و هاتو هه‌را، تا شتێك وه‌ربگرن، بونه‌ به‌ڕۆژنامه‌نووس. . بۆیه‌ به‌په‌له‌ سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان ئه‌گه‌ر هه‌یه‌، با به‌په‌له‌ (2) شت بكات:

یه‌كه‌م: كار بۆ داخستنی ئامرازه‌كانی میدیای سه‌له‌فییه‌كان، به‌تایبه‌ت كه‌ناڵێك به‌ناوی ئامۆژگاریی و له‌چه‌ندین قۆڵی دیكه‌وه‌، خه‌ڵكی ئێمه‌یان داخستووه‌و، دۆگمایان كردووه‌، به‌هێمنی مێشكی زۆربه‌ی دایكان و باوكانیان داگیركردووه‌. . له‌ڕووی فكرو كاره‌وه‌، یه‌ك تاقه‌ جیاوازیی له‌نێوان سه‌له‌فییه‌ت و داعشدا نییه‌. .

دووه‌م: دوور له‌كاریگه‌ریی و ده‌ست تێخستنی حزب، پاكو پیسێك له‌ناو سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووساندا بكه‌ن. خه‌ڵك له‌خۆیه‌وه‌ هه‌ڵنه‌سێت، وه‌كو مودیرعام خۆی بگۆڕێ و بۆنی خۆش له‌خۆی بات، ڕۆژنامه‌نووسی بندیوار بێت، به‌ڵكو له‌ (5) ڕێسا جه‌وهه‌رییه‌كه‌ی كه‌ مه‌رجه‌ له‌هه‌ر په‌یامێكی ڕۆژنامه‌وانیدا هه‌بێت (بیروباوه‌ڕ، سه‌ربه‌خۆیی، ڕاستگۆیی، بابه‌تی بون، نه‌زاهه‌ت " ڕه‌چاوبكرێت.

سێهه‌م: ژووری ڕاگه‌یاندنی هاوبه‌ش بۆ پێشمه‌رگه‌ بكه‌نه‌وه‌، تا ته‌نها له‌وێوه‌ زانیاریی و په‌یامه‌كان بنێررێن. دیسان ئه‌مه‌ش خه‌ڵكی ئه‌حمه‌ق و بێ ئاگا نابێت به‌ڕێوه‌ی ببا، چونكه‌ هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وت و په‌یامێك، دوژمنان لێی ئاگادارئه‌بن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ نوسینه‌كانیشمان ته‌رجه‌مه‌ ئه‌كه‌ن و ئه‌یخوێننه‌وه‌. . بۆیه‌ باشترین به‌رگریی لێره‌ ده‌بێته‌ هێرشكردن و په‌رتكردنی به‌رامبه‌ر.

هه‌موو ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌، باعیزی ئه‌وه‌ن، تائێستا ڕێگه‌ نه‌دراوه‌ 2 ده‌زگای توێژینه‌وه‌و دیراساتی ستراتیجی و ڕاپرسی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت.

 

Related Articles