قەتەر، ژانێکى ناوچەیی ... بەهرۆز جەعفەر

 

 

 

قەتەر لە ناو (7) وڵاتەکەى کەنداودا،لە حەوزەى ناوەڕاستدا،زۆر بەنهێنى و بەپەلە،دوور لەچاوى ڕاى گشتى ناوچەیی و جیهانى پێش ئەکەوێت ،ئەتوانین بڵێین بازى بەسەرمیسرو تورکیاشدا داوە ، بەبڕواى من ئەمە لە (6) هۆکارى سەرەکیدا کۆئەبێتەوە :

یەکەم: لەقەتەردا شەڕى تایەفى نییە.

دووەم: لەقەتەردا سیستەمێکى قەبەلى مۆدێرن هەیە.

سێهەم: لەقەتەردا سەقامگیریی و گەسەندنێکى ئابوریی خێراو بەرچاو هەیە.

چوارەم: قەتەر خاوەنى گەورەترین کەناڵى ئاسمانى و ناوەندى توێژینەوەیە لەجیهاندا،کە جەزیرەیە.دەکرێت بڵێین جەزیرە بەتەنها خۆى بەقەد وڵاتى قەتەر ماهییەتى هەیە.

پێنجەم: گەورەترین بنەو بارگەى سەربازیی ئەمریکى لەقەتەر هەیە .

شەشەم: قەتەر بڕى جیاجیا لەغازو نەوت و کانزاو کشتوکاڵ و گواستنەوەى ئاویی و ووشکانى هەیە.

لەدواى ساڵى (1968) ەوە کە بەریتانیا بڕیارى کشانەوەى لە خەلیجى عەرەبى دا،قەتەریش یەکسەر چووە پاڵ ئیماراتى یەکگرتوو.یەکیگرت لەگەڵیان.دواى (3) ساڵ لە (1971) قەتەر بەبیانوى ناکۆکى هەرێمی،سەربەخۆیی خۆى ڕاگەیاند .لەدواى ئەم مێژووەوە قەتەر ڕۆڵێکى بەرچاو ئەبینێ،بەتایبەت لەجەنگى دووەمى کەنداو ،بێگومان عێراق تیا زەرەرمەندى یەکەم بوو.

ئەم وڵاتەى کە حاڵى حازر ژمارەى دانشتوانەکەى ناگاتە (2) ملیۆن کەس،لە یەکێک لەڕاپۆرتەکانى ویکلیکسدا و لە (ئابى 2010) دا بەکۆدى تایبەتى هاتووە،کە دەزگاى خزمەتگوزاریی قەتەریی (موخابەرات) و کەناڵى جەزیرە لەگەڵ ئیسرائیل بەنهێنى کۆبونەتەوە،کە گورزێک لەمیسرو موبارەک بوەشێنن،تاوەکو قەتەر شوێنى میسر بگرێتەوە،هەم لەجیهانى عەرەبییدا،هەم لە ڕووى نێوچەییدا.

من لەکاتى خۆى ئەمەم نوسى،کەس باوەڕى نەئەکرد،،هاکا بینیمان لە (2011) لەچوارچێوەى بەهارى عەرەبیدا شۆڕش لەمیسر سەریهەڵدا،جەزیرە بەنزینى بەسەردائەکردو،گڕى ئەدا .هەرە هۆکارى سەرەکى ڕووخانى دیکتاتۆر جەزیرە بوو،لەبەرژەوەندیی خۆى..بەم دەرکەوتەیەش هەرکەس باوەڕى نەدەکرد..چونکە دەیانگوت :

میسر،لانکەى شارستانییەت و فەراعینەکانە،مێژووییەکى قووڵى هەیە،ژمارەى دانشتوانەکەى و ڕووبەرە جوگرافییەکەى (70) ئەوەندەى دانشتوان و سنورى جوگرافى قەتەرە .ئەیانگوت :حەیفە میسر بکەیتە ڕەفیقى قەتەر ...چمەز ئەم توێژەرانە بارگاوین بەفیلمەکانى عادل ئيمام و نوسینەکانى هەیکەل و شەخسییەتى جەماڵ عەبدولناسر لەشەستەکانى سەدەى ڕابردوودا..خافڵن لەوەى کە جیۆپۆڵەتیک لەدواى جەنگى ساردەوە،ڕۆلى نەماوە .ئێستا ڕۆڵ ڕۆڵى بازاڕە،بازاڕ یانى پرۆژەى لیبڕاڵیزم،لیبڕاڵیزم یانى بەهاى خۆرئاوا.

ئێستا،هێدى هێدى ئەبینین،میسر وەک شێرەکەى لێهاتووە کە ڕێوى شەرمى لێ ناکاو کلکى رائەکێشێت، نیل بووە بە چڵکاو و سیماکەى تێکدرا .ژێرخانەکەى وێران بوو..بەزەبرى ئیسرائیلیش دەرگاى لەسەرسنورى فەلەستینیەکان داخستووەو دەبابەى خستۆتە سەر سەریان !!.تەنانەت بەپێی ڕاپۆرتێک کەلەلایەن سەرکردەى ڕێکخستنەکانى قاعیدە لە میسر (عاسى بن ابى بکر) ەوە هاتووە،بۆ بەرپرسى ڕێکخستەکانى داعش (ابوبکر البغدادى) لەعێراق نێردراوە لەسەرەتاى (2014) ە دا،تیایدا داواى هاوکارى لەداعش دەکرێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەى دەزگا ئەمنییەکانى میسر،لێرەدا ئەوە دەرئەکەوێت یانى دەزگاى هەواڵگریی عەسکەریی داعش لە عێراقە .

قەتەر هەربەمانەوە نەوەستاوە،ئاژاوە گڕئەدا،لەدەرەوەى خۆى دۆزەخ دەخوڵقێنێت و،ناوەوەى خۆى دەکاتە بەهەشت.هاوکارى دەیان گروپى تیرۆریست و دەزگاى ڕاگەیاندنى جیهانى کردووە بۆ لێدان لەوانەى خۆى دەیەوێت .داعش زیندوترین نمونەیە، کە قەتەرییەکان بە هاوکارى سعودیەى دراوسێیان کە پێکەوە چپە چپ و تەکبیرى هاوبەشیان هەیە.بۆ ئاڕاستەکردنى لەعێراق و ناوچەکە...مەزەندەى عەقڵ جیایە بۆ خوێندنەوە..سەلماندنى زانستى و زانیارى وورد و تەتەڵەکردنى شتێکى ترە .هەموو سەیارەکانى کە کورد پێی دەڵێت (مەرزییە) و پێکاب.خەلیجى و سعودین .

جگەلەوەى قەتەر ئەیەوێ قەناعەت بەخۆرئاوا بکات،ئەوەى تورکیا بۆتان ئەکات،من بەزیادەوە بۆتان ئەنجام ئەدەم .بەمەرجێک بازێکیش بەسەر ئەودا بدەم .

ئەمە سیاسەتى وڵاتێکە لەسەر زەوى کە ڕووبەرى جوگرافییەکەى تەنها (11437) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە .نیوهێندەى ڕووبەرى جوگرافى ئیسرائیل..تەنانەت نیوهێندەى ڕووبەرو سنورى جوگرافى پارێزگاى سولەیمانى لەباشورى کوردوستان .كه تاکە وڵاتى عەرەبییە،بۆ یەکەمجار لەئایندەیەکدا مووشەک ڕەوانەى سەر مانگ ئەکات.

بەهرۆز جەعفەر- خویندکارى ماستەر له بەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان .

 

 

 

 

Related Articles