نەتەوە، بە مانا کلاسیکیەکەى واخراوەتە بەرباس، کە کۆمەڵێک خەڵکن، لەوەئەچێت کۆمەڵێک هۆکارى هاوبەشی وەک مێژوو، زمان و داب و نەریت ( traditions) و لەوەڕگەو جوگرافیاو پەیوەندیی خوێن، پێکەوەى گرێداون، واتە هەرکاتێک ترس کەوتبێتە سەر ئەم فاکتەرە هاوبەشانە، ترس کەوتۆتە سەر نەتەوە .ترس کەوتۆتە سەر کورد وعەرەب تورک و ئەرمەن، ئەمە وەکو (کار- فعل) وەکو ( کاردانەوە – رد فعل) یش، کوردایەتى و عەرەبایەتى و تورکایەتى و ئەرمەنایەتى و ئینگلیزایەتى … بۆ دوایی .دروست بووە… پێش ئەوەى ڕەفتارى شارچێتیانەى هەندێک سیاسیی و، خەڵکى عەوامیش، بمخاتە سەر ڕێبازى ئەم نوسینە، دەمویست کلیک لەسەر ” تیۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە دەوڵەت – نەتەوە ” دا، بکەم .
یەکەم : ئاشتبونەوەى گشتى و پەیماننامەى وێستڤالیا .
لە (15/ى مایۆ 5/1648) .گەورەترین سوڵح و ڕێککەوتتنامەى مێژوو، لە وێستڤالیا، بەزمانى فەڕەنسى نوسرایەوە .کۆتایی بە جەنگى (30) ساڵەى ئیمپراتۆری ڕۆمانی پیرۆز هێنا.کۆتایشى بەشەڕى (80) ساڵەى ئیسپانیاو کۆمارى حەوت کانتۆنە دابەزیوە یەکگرتووەکە یا کۆماری هۆڵەندی هێنا .جگەلەوەى ئەم ئاشتى نامەیە بۆ هەتاهەتایە گەورەترین خاڵى وەرچەرخانە لەئەوروپاى دواى سەدەکانى ناوەڕاست .بۆ هەتا هەتاشە هەموو ئۆروپیەکان و وڵاتانى جیهانیش قەرزارى ئەم ڕێککەوتننامەیەن، لەبەر (3) هۆ :
یەک : کۆتایی بەجەنگى کەنیسەو شەڕى کاسۆلیک و پرۆتستانتیزم و دەستوەردانەکانیان هێنا .پێش ئەمە لەبنەڕەتدا شێوازەکانى داهێنان لەکوشتن و ئەتککردنى مرۆڤ و توندترین سزاکان لەئەرووپاوە، سەریدەرکێشا.
دوو : هاتنە دونیاى یەکەم پرەنسیپى سەروەرى نێودەوڵەتى دەستى پێکرد، بەپێی دەرئەنجامەکانى ئەم پەیوەستنامەیە سویسراو هۆڵەنداو چەندین دەوڵەتى دیکە بەفەرمى دانیان پیانرا.
سێ : هاتنى ( دەوڵەت – نەتەوە – دولە قومی ) – (Nation-state).لەدواى ویستفالیاوە، بەم پێیە دەوڵەت نەتەوە دروستەکات .لەگەڵ هاتنى دەوڵەت ئیتربێجگە لەدەستپێکى خولى دیبلۆماسیی نوێ، نەتەوەو زمانى ستاندار خۆى ئۆتۆماتیکى دروستەبێت .کەنەتەوەو زمانى هاوبەش دروستبوو، بازاڕى هاوبەش و ئابوریی هاوبەشیش وەک سەرەکتیرین خاسیەتەکانى دروست ئەبن .
کەواتە، بۆ باسکردن لەڕۆڵى کەنیسەو، بۆ باسکردن لە سەرەتاى دەستپێکى دیبلۆماسییەتى نوێ و سەروەریى وڵاتان، بۆ قسەکردن لە سەر ( دەوڵەت – نەتەوە) هەموو کاتێک دەبێت باسی ڕێککەوتننامەى وێستڤالیا بکرێت .هەموو کاتێکیش دەوترێت (Westphalian &postwestphalian) .
دووەم : قۆناغى دواى دەوڵەت – نەتەوە ( پۆست وێستڤالیا).
ئەگەر لەدواى وێستڤالیاوە، شۆڕشی فەڕەنسى لەکۆتایی سەدەى هەژدە (1789) و شۆڕشی پیشەسازیی لەسەدەى نۆزدە، تێ بپەڕێنین، کەگوڕی گەورەیان بەدرێژەپێدانى ڕێنسانس و هەستانەوەى ئەوروپا دا، هەروەها هاتوهەراى سەنتەربونى ئەقڵ و بانگەشەى ئەقڵانیەتیان و، لەناکاو هەڵگیرسانى دوو جەنگى گەورەى جیهانیش لەبیر بکەین، دواى ئەوەش دروستبونى تیۆریی ڕەخنەگەرایی ( قوتابخانەى فرانکفۆرد- ئەڵمانیا) لەبیربکەین، کە بۆ یاخى بون لەئەقڵانیەتى خۆرئاوا هاتەدى .لەدواى هەموو ئەمانە .هیچ دیاردەیەک بەقەد هاتنى مۆدێرنیتەو پرۆسەى گڵۆباڵیزەکردنى جیهان، کاریگەریی بەرەو کاڵبونەوەى نەخستۆتە سەر ( دەوڵەت – نەتەوە) .بۆ ؟.یەک لە سادەترین هۆکارەکان ئەوەیە کە دەوڵەت – نەتەوە، لەهەناوى وێسڤالیاوە، بانگەشەى سیادەى دەوڵەت و پرەنسیپەکانى کرد، بەڵام شوناس و سیفاتى جیهانگیریی (Globalization) ئەوەیە سنورەکان ئەبەزێنێت .لەڕێگەى تەکانە یەکلەدواى یەکەکانى تەکنەلۆژیاو داهێنانە نوێیەکانەوە، پرسیار لەسەر ئەرکى مرۆڤ لەکۆمەڵدا دروستەکات ؟.لەڕێگەى بەیەکداکێشانى کلتورەکانەوە، پرسیار لەسەرشارستانیەت و ناسنامەى نەتەوەیی دروستەکات ؟.
قۆناغى دواى جەنگى سارد، تا (11ى سێپتەمبەرى 2001) هێشتا خۆرئاوا مەستى بالۆرەو هۆنینەوەى بەیتەکانى سەرکەوتن بەرینەدابوو، هێشتا دواى ڕووخانى دیوارى بەرلین و یەکگرتنەوەى ئەڵمانیا وەک دڵ و چەقى ئەوروپا، ئاهەنگگێران بۆ دروستبونى یەکێتى ئەوروپاو سیاسەتى بەرگریی لەڕێگەى (NATO) ەوە کۆتایی نەهاتبوو، ئەو ماوەیە ئەگەرچى گەرمەى باس و خواستە لەسەر جیهانگیریی و بیرى عەلمانیەت، بەهاتنى ( دەوڵەتى مۆدێرن) .گورزێکى تەواو بەر نەتەوەو دەوڵەت دەکەوێت .
بەبڕواى من (11 ى سێپتەمبەر ) بە ئەداتەکانى مۆدێرنیتە گورزێکى لەخۆرئاواى ئەوروپاو ئەمریکادا، لەمەزیاتر قولبونەوەى مۆدێرنیته و ئامرازەکانى، بۆ هەموو جیهان جێگەى قبوڵ کردن نییه، بەڵگەش بۆئەمە هەر پرۆژەى خۆرەهەڵاتى ناوەڕاست و، ڕووخانى سەدام و شەڕى ئەفغانستان نەبوو، هەر بەتەنها تەقاندنەوەى بورجى بارزگانى جیهانى نەبوو، بەڵکو دەستکاریکردنى هەموو تاوەرە جیهانییەکان بوو، بە بارتەقاى دوو جەنگى جیهانى 11ى سێپتەمبەر کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە نێو – دەوڵەتییەکان دانا ..
سێهەم : کاریگەریی دین و نەتەوە .
لەبەرئەوەى لەزەمەنى ئێستادا، دەوڵەت – نەتەوە، قسە لەسەر ئاوابونى دەکرێت، ئێمەش نامانەوێ لەچوارچێوەی سیستەمی سیاسییدا، قسە لەسەر بەراوردکاریی نێوان دوو دەوڵەت بکەین، نامانەوێ دووشاریش بەیەک بچوێنین، لەبەرئەوەى باس لەنەمانى سنوریش دەکرێت لەسایەى ئامرازەکانى مۆدێرنیتەوە، کەواتە ئێمەش ڕێگە بەخۆمان ئەدەین، بۆ یەک سات تەنها پارێزگاى سولەیمانى لەباشورى کوردستان، بەراورد بکەین بە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا .
دەزانین ئەمریکا بەئاو دەوردراوە، سلێمانیش بەعەربەت و چەمچەماڵ .بەڵکو تەنها گەرەکمانە لەکاریگەرییە سلبیەکانی جینات و بونیادی ئاینی و نەتەوەیی بدوێین، هیچى تر .سەرنج بە : ئەمریکا ساڵی (١٧٧٧) سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندووە، سلێمانیش ساڵی (١٧٨٣) دروست بووە، واتە ھەردوکیان بەنزیکی (٢٥٠) ساڵێک تەمەنیانە، کە بۆمێژوو ھیچ نییە .ئەمریکا کەدروست بوو، خەڵکی وڵاتانی ئەوروپا چوونە ناوییەوەو، دروستیانکرد .لەھەر وڵاتێک سەدان و ھەزاران کەس بوون بەھاوڵاتی ئەمریکا .ئەوانەی کە دروستی یان کرد دەوڵەمەندەکان و عەقڵ کراوەکان بوون، سلێمانیش کەدروست بوو، خەڵکی ناوچەی پشدەرو قەڵاچوالان و قەرەداغ و پیرەمەگرون و دەوروبەرەکەی، ھاتنە شارەکەوە .واتە ئەوخەڵکانەی دەوڵەمەند بوون و، توانای دروستکردنی خانوویان لەشارەکەدا ھەبوو، ھەروەھا ئەوانەش کە خاوەن عەقڵ و داھێنان و ڕچەشکێن بوون، با بپرسین بۆچی ئەمریکا لەماوەیەکی کەمدا توانی دروست بێت و ببێتە سەرداری عالەم، سلێمانیش، ڕۆژ بەڕۆژ چەندین دەستی ئەمنی و حزبی و گرێ بچڕاو، بەبەرنامەوە سیماو دیمۆگرافیای شارەکە دەشێوێنن .
سلێمانی کەدروست بوو، ھەموو ئەھلەکەی موسڵمان بوون، کەمێکی زۆرکەم جولەکەش ھەبوو، ئەمریکا کەدروست بوو، مەسیحیەت و یەھودیەت و بێ دینی تیابو، لەناو مەسیحیەتیشدا سێ مەزھەب ھەبوو ( کاسۆلیک و پرۆتستانت و ئەرسەدۆکسیش کەدەکاتە ماسۆنیەتی جاران ) .واتە دین پەرت پەرت بوو، زاڵێتی خۆی نەنواند .لەسلێمانی دین وحوجرەو فەقێکان ھۆکاری بڵاوبونەوەی عەقڵ و خوێنەواری بوون، کۆمەڵگەیەکی تاسەر ئێسک خێڵەکی و داخراو لەکوردستان بەرجەستە بوبو .ئێستاش ھەمان ڕیتمە بەڵام تەکنەلۆژیا تەکانێکی پێی داوەو ئاڕاستەی ئەکا.لەئەمریکا مادام ھاونیشتمانییەکانی خڵتەیەکن لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاو دەوروبەرو ناوخۆیی، کەواتە شتێک نەبووەو نی یە ناوی ( نەتەوە) بێت .بەڵکو (نیشتمان) ی ئەمریکا ھەیە.ھەموو کەسێک ھەموو بەیانیەک، لەتەنیشت خوێندنگەیەکەوە تێدەپەڕێت، کەگوێی لەسرودی نیشتمانی دەبێت، وەک ڕێزێک دەبێت بوەستێت .پیرۆزترین شتێک بریتی یە لەئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا.ئەوان یەکەم ھەنگاو کەھاتن ( نیشتمانێک) یان بۆخۆیان دروست کرد.لەسلێمانی و کوردستانیش، ھەموو شتەکان بەستراون بە ( نەتەوە) ەوە.مزگەوتەکانیش پرکراون لەبیری ئوسوڵی و سەلەفی و چەندین بیروبۆچونی ئاینی، بۆبەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتی .گەورەترین شەرەف و شانازیی لای تاکێکی ئەمریکیی ئەوەیە لەدەزگایەکی ئاسایشی نیشتمانیدا کاربکات، لای ئێمە دەزگاکانی زانیاری و پاراستن وەکو دێو خەڵکی لێیان دەترسێت .
ئەمڕۆکە، بەملیۆنان کورد، وەک خەڕات لەوڵاتانی ئەمریکاو ئەوروپا بەبێ نیشتمان دەژین، تەنانەت ھەرکەسێک لەئێمە کەسەفەردەکات، پێی دەڵێن (where are u from) واتە ( لەکوێوە ھاتووی ؟) دەبێت بڵێین ( لەعێراقەوە) یان ئێمە ( عێراقین).لەھەر شوێنێکی دونیا کوردەکانی سوریا بەسوری ناویان تۆمارئەکرێت، ئەوانەی ئێران و تورکیا بە ئێرانی و بەتورکی ناویان دەنوسرێت، لەھەر وڵاتێک بن و بۆی بچن .کەواتە نەبونی ( دین و نەتەوە) لەھاوکێشەی دەوڵەتداریدا، ئەمریکای کرد زلھێزترین وڵاتی جیھان، تاک جەمسەرانە لەھەموو کونجێکی ئەم کەونەدا بونی ھەیە، سلێمانیشی کرد بەو شارەی کەھێدی ھێدی دابخرێت.
ڕونتریش، مرۆڤى کورد تەنها لەسەفەردا، لەغوربەتدا، لەبەرمەبناى تێکەڵبون و ڕامکردنى فەرهەنگى ئەوانیتردا، لەبەهاى ناسیۆنالیزم ( ناشناڵێتى ) .تێدەگا، ئەگەرچى چەمکى ( نیشتمان) لە (نەتەوە) گەورەترو پیرۆزترە، دەکرێت لەنیشتمانێکدا چەند نەتەوەیەک هەبن وەکو ( هیندستان) دەیان ئاین و نەتەوەو زیاتر لە (100) زمانى جیاجیاى لەخۆگرتووە، بەڵام ناکرێت ( نەتەوە) یەک لەیەک نیشتمان زیاترى هەبێت، یاخود نەتەوە بێ نیشتمان مانایەکى نییە .لەزمانى ئینگلیزیدا بەرمبەر هەردوو چەمکى ( نەتەوە- قومیە) لەگەڵ ( نیشتمان- وەتەن) تەنها یەک ووشە هەیە ئەویش (national) یاخود (Nasionalisim) ە.بەدامودەزگاکانى پاراستن هەرگیز ناوترێت ( ئاسایشى نەتەوەیی) ..( ئاسایشى نیشتمانى-national security) هەیە .هەروەک چۆن میدیاى حزبى و نەتەوەییش نییە، میدیاى نیشتمانى هەیە، هەموو تاکەکان دەرفەتى یەکسانیان بۆ قسەکردن هەیە .تەنها ئالەتێکە بۆ کۆمینیوکەیشن و پەیوەندیکردن بەخەڵکەوە..
چوارەم : کوردایەتى چییە ؟.
سەیر نییه، کەسانێک تا ئەم چرکەساتەش وا لەکوردایەتى گەشتبن، یان وا لەناونیشانى بابەتەکە بنواڕێت کە بمانەوێ باسی ( کەرتى 4ى جەبارى وشەرى خواکورک و سەرهەڵدانى شۆڕشی نوێ لەباوەشی بێگانە) بکەین !..گرێی نێگەتیڤى سایکۆلۆجیایانەى کوردایەتى، نەک هەر هەندێک لە پیاوە خانەنشینەکانى کورد، بەڵکو بەرۆکى ژمارەیەکى زۆر لە ڕۆشەنبیرو سەرکردەى سیاسیی کوردى هەر بەرنەداوە، لەپاڵ ئەوەى حیکایەتى گەورەمان بۆدەکەن، جارجاریش ئەو ڕاستیەمان بۆ دووپات دەکەنەوە، کە عەقڵیەتى ئەمانە بەکەڵکى دەوڵەتداریی مۆدێرن و نەتەوەیی نایات، بەکەڵکى پیشەسازیکردن لە کلتورو زمان و فەرهەنگ نایات ..بیرکردنەوەیان سنورى قەزایەک یان پارێزگایەک، یاخود شەقامێکى ناودار تێ ناپەڕێنێت و ناویشیان ناوە ( شارچێتى) ..لە ئەجێندەى کام حزبى باشورى کوردوستاندا موسڵ هەیە ؟.ئامەدو مەهاباد و قامیسلۆ هەیە ؟.حەمرین هەیە ؟.لەبەرنامەى کوامە سەرکردەى سیاسییدا دروستکردنى لۆبیەکى تێگەیشتوو هەیە لەئەمریکاو ڕووسیاو ئیسرائیل و فەڕەنساو بەریتانیا ؟.لەتورکیا ؟.چەند ڕایەڵەى نیشتمانیی جۆراوجۆر لەنێوان کوردەکانى تورکیاو سوریاو ئێران و عێراق و ئەردەن و ئازەرباینجان و ڕوسیاو پەناهەندەکانى هەندەران هەیە ؟.ئەى چەندى میتى تورک و ئیتڵاعاتى ئێران و موخابەراتى عێراقى و مۆسادى ئیسرائیل و سى ئاى ئەى ئەمریکى هەیە ؟.سەیرەکە، لێرەوە دەست پێدەکات، ئەم سەدان تیۆرە، ئەم دەیان گۆڕانکارییە نێو- نەتەوەییە ئیکۆنۆمییە مێژووییە، لەجیهاندا ڕوویانداوەو، ڕووئەدەن، زیاتر لە (100) ملیۆن کورد هێشتا هەر لەجێی خۆیەتى، نە زمانى یەکگرتوو، نە نەتەوە ( بەپێی دەوڵەتى قەومى) نە نیشتمان، نەبازاڕ هاوبەش، نە کێڵگەکانى بەرهەمهێنانى ڕەئى، نەخەمڵیون !.
بۆیە ئەمانە تا ئەو شوێنە ئازادن کە دەمامکى غەریزە شکستخواردووەکانى خۆیانمان بۆ ئاشکرابکەن، چونکە لەمە ترازا، ڕوانینى کوردانە بۆ سیاسەتى دەرەوە، تێگەشتن بەپێوەرى ” کوردایەتى و عەتفێکى درۆزنانە ” بۆ سیاساتى ئەمریکا بەرامبەر کوردو ناوچەکە، وەها شێوازێکى بیرکردنەوە بەرامبەر هەموو دیاردە جیهانى و حوکمە جیهانییەکان (Global Goverment) ئابڕوچونێکى گەورەیە، نەک بۆ خەبات و بەرخۆدانى پیاوە شاخاوییەکانى دوێنێ، کەئەمڕۆکە لەشاردا دەگەن بە ئافرەت ئەتکى ئەکەن، نەمام ئەبینن هەڵیدەکێشن، پارەو سامان حەپەلووش دەکەن، دەست لەهیچ سنورێکى مرۆیی و نیشتمانى ناپارێزن .ناوبەناویش گڕووى ئاژاوەیەکى شارچێتى لە هەناویانایە، بەنهێنى کارى بۆئەکەن و بەئاشکراش دەریدەخەن .بەڵکو بۆئایندەى هەر تاکێکى کورد، کە لەفڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان دائەبەزێت، شەرمێکى زۆر گەورەیە، هەرکات دەڵێێت: کوردم ..ها !.ئێوە ئەو میللەتە بون کە بیناکەتان لەسەر لم دروست کردبوو .!!.
ئێمە بۆ ئایندە پێویستمان بە شرۆڤەکردنى سێکوچکەى ( نەتەوە- زمان-دەوڵەت) ە .ئایا ئەوە ڕاستە کە هۆکارى مانەوەى کوردەکان، لەدواى هەموو ناڕەحەتییەکان، زمانەکەى بووە ؟.ئایا دەوڵەت نەتەوە دروستەکات ؟.دەکرێت پێش دروستبونى دەوڵەتى یەکگرتووى کوردیی باس لەزمانى ستاندارى کوردیی بکرێت ؟.ئایا تاکى کورد، ڕۆشنبیران، سیاسییەکانى، دەزانن کورد تائێستا نە ( نەتەوە) یە.نە نیشتمانیشى هەیە ؟..ئێستاى کورد لەکوێی تیۆرە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکانى وەک مارکس و دۆرکهایم و وێبەردایە .؟.یان هەر لەبنەڕەتدا دەبێت بزانین کورد کێیە ؟.
- بەهرۆز جەعفەر-
- ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.