(٣١) ی ئاب و دابه‌شبون. ... به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

 

 (٣١) ی ئاب و دابه‌شبون. ... به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

سی و پێنج ساڵبو، لێكترازان و براكوژیی له‌ناو ماڵی كورددا، به‌رده‌وامی هه‌بوو، جه‌لالی و مه‌لایی هه‌موو كونجێكی شارودێی پڕكردبو، هاتبوه‌ سه‌رسفره‌و خوان و، سه‌دان ناكۆكی ئه‌هلی و خێزانی دروست كردبوو. هه‌موو چركه‌ساتێك ده‌ستی یان له‌سه‌ر په‌له‌پیتكه‌ی تفه‌نگه‌كانیان بو، ناوبه‌ناو له‌سه‌رده‌مه‌ قاڵه‌یه‌كی ناوكۆڵانه‌كان له‌هه‌ر شارو ناوچه‌یه‌كدا شه‌ڕی دوو بنه‌ماڵه‌ دروسته‌بوو، تا له‌ساڵی (1994) له‌سه‌ر ڕیزه‌ دوكانێك، له‌قه‌ڵادزێ شه‌ڕی گه‌وره‌ هه‌ڵگیرسایه‌وه‌، هاوته‌ریبیش به‌مه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌و خورماڵ له‌سه‌ر قازێك شه‌ڕی یه‌كێتی و بزوتنه‌وه‌ هه‌ڵگیرسا.

دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردوستان، له‌سه‌ر جاده‌ی مه‌سیف و هامڵتۆن و قاسمه‌ڕه‌ش، ده‌ستییان كردبوو به‌شایی و هه‌ڵهه‌ڵه‌ی سه‌ركه‌وتن، جێگه‌یه‌كیان به‌ده‌ست پارتییه‌وه‌ نه‌هێشتبو، بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان (پ، د، ك) په‌نایان برده‌ به‌ر دوژمنه‌ هه‌ره‌گه‌وره‌كه‌ی كورد، كه‌حزبی به‌عسی ئیشتراكی و سه‌ددام حوسه‌ینه‌، پێشوتریش ده‌زگای پاراستن و میتی تورك و موخابه‌راتی عێراقی و مۆسادی ئیسرائیل له‌لایه‌ك چووبونه‌ به‌ره‌یه‌ك، ده‌زگای زانیاری و ئیتڵاعاتی ئێران و موخابه‌راتی سوریاش له‌به‌ره‌یه‌ك. . كه‌به‌ره‌نجام ده‌بابه‌و هێزه‌كانی به‌عس و پارتی له‌ ڕۆژی (31/8/1996) ئه‌م شه‌ڕه‌یان برده‌وه‌و گسكیان له‌دوژمنه‌ كورده‌كه‌یان دا.

تاڵه‌بانی، نمونه‌ی سیاسه‌تمه‌دارێك كه‌ مه‌گه‌ر هه‌ر خۆی بزانێت چۆن شكست ئه‌كاته‌وه‌ سه‌ركه‌وتن. خاوه‌نی ئه‌زمون و سیحرێكی باش له‌ئیغراكردن و قه‌ناعه‌تپێهێنانی سیاسیی دا. دوای ئه‌م جه‌نگه‌ كه‌ نزیكه‌ی (40000) چل هه‌زار براو خوشكی تیا كوژرا. سه‌دان دیلی یه‌كیان كوشت و گوێ بڕی. زیانێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریی و ده‌رونییان له‌ كۆمه‌ڵی كوردیی دا. كه‌ڕه‌نگه‌ بۆ ده‌یان ساڵی ئاینده‌ش ئاسه‌واره‌كه‌ی به‌سه‌رجه‌سته‌ی نه‌وه‌ی نوێوه‌ دیار بێت. ده‌ستوبرد تاڵه‌بانی دوای كۆتایی هاتنی جه‌نگ و نێوبژیوانییه‌كه‌، ووتی: من به‌ ژوورێك له‌هه‌ولێر ڕازیم. . !!. به‌ هه‌زاران كه‌س له‌جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی و هاوڕێكانی لێی زویر بون. . ئه‌نجامه‌كه‌ی واشكایه‌وه‌ ئه‌مڕۆكه‌ یه‌كێتی له‌ژوورێكه‌وه‌، له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی پارتی بووه‌ته‌ خاوه‌نی كۆشكێكی سپی و ده‌یان باره‌گاو سه‌دان هه‌زار نفوس. .

من له‌مه‌ زیاتر قسه‌یه‌كم له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌و به‌ره‌نجامه‌كانی نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی جێی سه‌ره‌نجدانێكی قووڵه‌، هێشتا تۆوی دووبه‌ره‌كی و یه‌كتركوژیی و ته‌خوین و بۆنی شه‌ڕ، هێشتا دابه‌شبون و جه‌مسه‌رگیرییه‌ ئیقلیمییه‌كه‌ هه‌روه‌ك خۆیه‌تی. كورد له‌شه‌ڕی (چاڵدێران-23/ئابی 1514) ه‌وه‌، دابه‌شبووه‌، به‌سه‌ر تورك و فارسه‌كاندا. . ئه‌وسا چۆن بووه‌، (31) ی ئاب چۆن بووه‌، ئێستاش هه‌روایه‌. . !!.

ڕه‌نگه‌ له‌ناو كورددا، هیچ ده‌ردێك به‌قه‌ده‌ر خۆخۆری و خۆكوژی، ترسناك و كاره‌ساتبارتر نه‌بووبێت، له‌سه‌رده‌می میرنشینه‌كورده‌كاندا، یه‌ك ئه‌ماره‌ت نییه‌ براكه‌ی یان هاوخه‌باته‌كه‌ی خیانه‌تی لێنه‌كردبێت، به‌جۆرێك ده‌ستی له‌گه‌ڵ تورك و فارس و بێگانه‌دا تێكه‌ڵ كردووه‌، تا هاوڕه‌گه‌زو زمانه‌كه‌ی خۆی له‌ناوبدات و شانازیشی پێوه‌ كردووه‌. "ئه‌حمه‌د پاشا"ی میری بابان به‌ "ڕیچ" ئه‌لێت: ئه‌نجامی دووبه‌ره‌كی میره‌كانمان، تیاچوونی خۆمانه‌، ئه‌گینا فارس و عوسمانیه‌كان ده‌ره‌قه‌تمان نه‌ده‌هاتن.

به‌ڕێز"نه‌وشیروان مسته‌فا" له‌كتێبی "میرایه‌تی بابان له‌نێوان به‌رداشی ڕۆم و عه‌جه‌م"دا، له‌ژێر سه‌رباس و مانشێتی "5براو 37ساڵ براكوژیدا"، باس له‌وه‌ ئه‌كات كه‌ میره‌كانی بابان، چۆن بۆ سه‌رشۆڕكردنی براكانی خۆیان، په‌نایان بردۆته‌ به‌رئێران و عوسمانیه‌كان، كه‌ بۆماوه‌ی (37) ساڵ ئه‌مه‌ پیشه‌ی ئه‌و (5) برایه‌ ده‌بێت. له‌هه‌موو شۆڕش و مه‌رگه‌ساته‌كاندا سه‌ركرده‌یه‌ك خه‌تی تورك و ئه‌وی تر هی فارس و یه‌كێكی تر بێگانه‌یه‌كی تری هه‌ڵبَژاردووه‌، له‌به‌ره‌به‌یانی مێژووه‌وه‌ وابووه‌، هه‌تا ئه‌گاته‌ (17) ی شوبات، كه‌ یه‌كێتی و پارتی چوون یه‌خه‌ی ئێرانیان گرت تاڕزگاریان بكه‌ن له‌و دۆخه‌ی تێیكه‌وتوون، (بێگومان ئێرانیش مه‌رجی هه‌یه‌) . گۆِرانیش له‌په‌رله‌مانی به‌غداو ماڵه‌كه‌ی مالیكیدا دادو بێدادی خۆی هه‌ڵڕشت. . .

دابه‌شبونی جیهانی ئه‌مجاره‌، له‌شه‌ڕی داعش و كۆی ئه‌وشه‌ڕو به‌رژوه‌ه‌ندییانه‌ی ئێستای جیهان، له‌نێوان بلۆكه‌كاندایه‌. به‌م شێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه‌یه‌:

به‌ره‌ی یه‌كه‌م: ئه‌مریكاو ئه‌وروپا و، وڵاتانی كه‌نداوو توركیا و سووننه‌كان.

به‌ره‌ی دووه‌م: چین و ڕووسیاو ئێران و شیعه‌و هه‌ندێ گروپ و شوێنی دیكه‌.

ڕوونه‌ پارتی دیموكراتی كوردوستان له‌به‌ره‌ی یه‌كه‌مدایه‌و، یه‌كێتی نیشتمانی كوردوستان و پارتی كرێكارانی كوردوستان (PKK) له‌ به‌ره‌ی دووه‌مدان. . !. ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش بداته‌وه‌ بۆچی ئه‌مریكا (3) ساڵه‌ له‌سوریا له‌ "داعش" نادات. ساڵێكه‌ له‌ فه‌للوجه‌و ئه‌نبار لێی نادات، له‌موسڵ لێی نادات. كه‌نزیك ئه‌بێته‌وه‌ له‌هه‌ولێر فڕۆكه‌كانی گورج ئه‌نێرێت بۆ لێدانی داعش. . پرسیاری ئه‌وه‌ی دابه‌شبونی ئه‌مجاره‌ كورد كورد به‌چی ئاقارێكدا له‌وتارێكی تردا وه‌ڵامم داوه‌ته‌وه‌.

به‌ڵام، ئه‌وه‌ی سه‌یره‌! دوای ئه‌م هه‌موو ده‌ره‌تانه‌، یه‌كێتی و پارتی ده‌ست ئه‌كه‌ن به‌تاڵانكردنی سه‌روه‌ت و سامانی نیشتمانی و، قیت و قنج دێنه‌ سه‌ر شاشه‌ی تیڤییه‌كان ئه‌ڵێن: به‌ڵێ گه‌نده‌ڵی و كه‌موكورتی زۆر هه‌یه‌!!. جگه‌له‌وه‌ی خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌ت و مه‌حكومه‌كان به‌گشتی له‌چه‌پڵه‌لێدان و شه‌ڕه‌ چه‌له‌حانی به‌رده‌وامن، قه‌ڵه‌مه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆش هه‌رماون و به‌رده‌وامن!!. جارێكی تر دوای ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان شه‌ڕێكی قورسیان بۆ "نه‌وشیروان مسته‌فا" و بزوتنه‌وه‌كه‌ی كرد، سوكایه‌تی و ته‌خوین و ته‌شهیر، هێرشكردن بۆسه‌ر ژیانی شه‌خسی یه‌كترو خوشك و دایكی یه‌كتریان (5) دانه‌ ساڵ له‌م عه‌سره‌ تازه‌یه‌ كرد، ئه‌وسا له‌سه‌ره‌وه‌ بۆخۆیان ڕێككه‌وتنه‌وه‌و، به‌چوار به‌رنامه‌ی تیڤی هه‌قیقه‌ته‌كه‌یان له‌خه‌ڵك ئاوه‌ژوو كرده‌وه‌. قسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكێك بی مه‌رج شه‌ڕ بۆ ئه‌مانه‌ بكاو خۆی بخاته‌ ژێر ده‌ستی یان، چۆن ئه‌مانه‌ یاری پێ ناكه‌ن، ئاخۆ چه‌ند جاری تر خه‌ڵك ئه‌م هاتوهاواره‌ بۆئه‌وان ئه‌كاو، ئێمه‌یه‌ك هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كمان له‌م نوسینه‌و هیچ هه‌ڵوێستێكی تری توند و شل نه‌بوه‌، جگه‌ له‌ یه‌كڕیزیی و هوشیاری پتر. زۆرجار به‌م تافی گه‌نجییه‌ كراوین به‌تێكده‌ری ئه‌زمونه‌كه‌و جاشو خۆفرۆش و هه‌زار شتی دی، ئه‌وانیش پیاوی چاك و بۆخوا و میلله‌ت سوڵحاو و كه‌سێتی گه‌وره‌ گه‌وره‌. . . !!

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

Related Articles