ڕابواردن به‌خه‌ڵك وه‌ك ستراتیژ ... به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

 

 

 

ئیتر له‌مه‌ولا:

*هیومان ڕایتس وۆچ، هیچ ڕاپۆڕتێك له‌سه‌ر ڕه‌وشی مافی مرۆڤ له‌كوردوستان بڵاوناكاته‌وه‌.

* به‌رپرسه‌كان، له‌به‌غدا به‌ ئۆتۆمبیلی درعه‌وه‌ ناگه‌ڕێن و، دایكه‌كان له‌كه‌ركوك جه‌رگیان ناسوتێت و پلانی ئه‌منی هاوبه‌ش و تۆكمه‌و ژووری هه‌واڵگریی نیشتمانیمان ئه‌بێت.

* بۆ له‌مه‌ولا، زانكۆكان توێژینه‌وه‌كان ناخه‌نه‌ ته‌نه‌كه‌ی زبڵه‌وه‌. ئه‌و خوێندكارانه‌ ئاماده‌یش (100%) یان هێناوه‌ به‌هه‌قی خۆیان شاد ئه‌بن.

* بكوژانی كاوه‌ گه‌رمیانی به‌ تۆبزی له‌به‌رده‌رگا ئه‌بینین.

*ده‌زگای زانیاری، پاراستن، دژه‌ تیرۆر، ، له‌بری تیرۆر، چاودێریی ئێمه‌و ته‌له‌فۆنه‌كانمان ناكه‌ن.

*له‌مه‌ولا مافیاكانی ده‌رمان و ده‌رزییه‌ به‌سه‌رچووه‌كانی شێرپه‌نجه‌ له‌سه‌رای ئازادیی له‌دارئه‌درێن، ئه‌وانه‌ی قاچاخچێتی نه‌وت و ئۆتۆمبیلیان له‌گه‌ڵ داعش و دوژمنان كردووه‌، ئه‌كرێن به‌په‌ند!.

* به‌كۆمپانیاكانی زه‌كه‌ریاو گوندی ئیتاڵی و ئه‌ڵمانی و به‌ڕێزو. . . تاد. ئه‌وترێت شووققه‌و ڤیه‌للا له‌سه‌ر زه‌وی به‌لاشی كوردوستان مه‌ده‌نه‌ 100 ده‌فته‌رو 40 ده‌فته‌ر. .

* له‌مه‌ولا سه‌له‌فییه‌كان دانامه‌زرێنن، بۆ سه‌رقاڵكردنی خه‌ڵك و، گه‌نجه‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌و كاراكان كاریان بۆ ئه‌دۆزرێته‌وه‌، كۆمه‌ڵگه‌ ناخه‌وێت، ڕائه‌په‌ڕێت. . !.

* نوێنه‌ره‌كانی خه‌ڵك به‌سینگی ڕووته‌وه‌، ئه‌چنه‌ به‌رته‌نكه‌ره‌كانی نه‌وت " ئه‌مه‌ بۆ كوێی ئه‌به‌ن؟. ". .

* ئیتر پرۆژه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، شارو ناوچه‌یه‌ك تێ ئه‌په‌ڕێنن و سه‌رانسه‌ری كوردوستان حوكمی یاسا و مافی مه‌ده‌نی ئه‌یگرێته‌وه‌.

ئه‌ونه‌ ساڵه‌، ده‌سته‌ڵات و سیسته‌می سیاسیی له‌كوردوستان، ڕابواردنیان به‌هاونیشتمانیان كردووه‌ به‌ "ستراتیژ". . دوای ساڵ و نیوێك ده‌نگدان حكومه‌تێك پێك ئه‌هێنن و، دوای ساڵێك ئه‌نجومه‌نی پارێزگایه‌ك پێكدێت، ئه‌یانه‌وی به‌ده‌ستكه‌وت به‌خه‌ڵكی بفرۆشن و، پیرۆزبایشیان لێبكرێتَ!!؟؟.

ئه‌و فیفتی به‌فیفتی یه‌ی مێشكی تاكی كوردییان پێ كاس كردبو، كراوه‌ به‌ سێڤنتی به‌ توێنتی. . ئه‌گه‌ر خۆیان له‌ده‌سته‌ڵات دا بوون، هیچ كێشه‌ نییه‌و، ئه‌گه‌ریش ئۆپۆزسیۆن بوون عاله‌می خوا خۆفرۆش و جاش و كۆیله‌و به‌كرێگیراوه‌، هه‌ر ئه‌وان عه‌بقه‌ری و خاوه‌ن پرۆژه‌و پرۆسه‌كه‌ن. . !!؟.

هه‌رچه‌نده‌ تاقه‌تی ئه‌وه‌م چووه‌، ئیتر بڵێم سه‌راپا ئه‌م هێزانه‌ یه‌ك پارچه‌ قووماشی ڕزیون، بۆ هه‌ڵپه‌كردن و به‌هه‌ده‌ردان و فریودان و چه‌له‌حانێی نێوخۆیی و موزایه‌ده‌ده‌ستی باڵایان هه‌یه‌. زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌ستی باشی له‌ها هوو چه‌پڵه‌لێدان هه‌یه‌ بۆیان. هی واهه‌یه‌ فلوسێك له‌گیرفانیا نییه‌، وه‌خته‌ چاومان ده‌ربێنێت كه‌ ئه‌م قسانه‌ به‌و حزبانه‌ ئه‌ڵێین. . !!. یاخووا من زه‌ره‌رم كردبێت و ئێوه‌ش قازانج. .

ساده‌و ساكار هاوارێكم بۆهه‌رچی ئازادیخوازو سه‌ربه‌خۆكارێك ئه‌وه‌یه‌: ئه‌بێت فریای ئه‌م نه‌وه‌یه‌ بكه‌وین كه‌ دێت، دۆڵی گورگه‌كان، دۆڵی ده‌زكان، به‌رینتر ئه‌بێت. درۆی وا ئه‌كه‌ن هه‌ر ئه‌ڵێی ڕاستییه‌كی ڕووتو قووته‌. وه‌ها خۆیان ئه‌دزنه‌وه‌ له‌ لووببی باسه‌ ستراتیژیی و چاكسازییه‌ ڕیشه‌ییه‌كان، هه‌روه‌ك بڵیی سه‌ره‌تای به‌هاره‌كه‌یان هه‌تا ئه‌ژنۆ هێناوه‌.

دیاره‌، ئه‌بێت ئێمه‌ حیسابی چیمان بۆ كرابێت به‌م شێوه‌یه‌ قسه‌و نمایش ئه‌كه‌ن!!. بڕۆ. . بابه‌. . بڕۆ خۆت بدۆزه‌ره‌وه‌.

باش نه‌بوو، ئه‌م به‌زمه‌ زۆر درێژه‌ی نه‌خایاند، قۆناغێك بۆ خه‌ڵك كه‌شف بو، ئه‌مانه‌ گۆڕان نازانن و ناكه‌ن، قۆناغێكیش دوای ماوه‌یه‌ك درۆ و ده‌له‌سه‌، بڕیاریاندا پێكه‌وه‌ بخۆن و بدزن و پیرۆزبایی له‌یه‌ك بكه‌ن له‌سه‌ره‌وه‌. . . ئه‌مان وازیان له‌خه‌ڵك هێناوه‌، به‌س خه‌ڵك وازیان لێ ناهێنێت. !!.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

 

 

Related Articles