خه‌ڵاتی چل و نۆ ملیۆن دیناری دوا پارووی چه‌وری خولی سێیه‌می په‌رله‌مان و دوا كه‌ره‌سه‌ی موزایه‌ده‌ی سیاسی په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆن بوو، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی خه‌ڵاتی چل و نۆ ملیۆن دینار بۆ هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی خولی سێیه‌می په‌رله‌مان، په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆن وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆیان كردیانه هه‌راو موزایه‌ده‌ی سیاسی، ئه‌وه قووتی خه‌ڵكه، موڵكی گشتی و سه‌روه‌تی نیشتیمانییه‌و نابێ به‌هه‌ده‌ر بدرێ، به قسه ئه‌و خه‌ڵاته‌یان به ناڕه‌وا ده‌زانی و به په‌نجه‌ش كلیلی ده‌رگای قاسه چه‌ند ته‌نیه‌كه‌یان هه‌ڵده‌سووڕاند، كورد گوته‌نی له‌گه‌ڵ گورگ گۆشتیان ده‌خوارد و له‌گه‌ڵ مه‌ڕیش شینیان ده‌گێڕا.
ئای ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئێمه چه‌ند ساویلكه‌و خۆشباوه‌ڕه! به درووشمی ساخته و فریوده‌ری حزبی باڵده‌گرێ و به ئاسمانی موزایه‌ده‌ی سیاسی‌دا ده‌سووڕێنرێنه‌وه، زیاتر ده‌بیستن و كه‌متر ده‌بینن، نه‌فره‌تبارانی دز ده‌كه‌ن و گوڵی خۆشه‌ویستی له یه‌خه‌ی پاشدز ده‌ده‌ن، پرسیار ده‌كه‌ن و وه‌ڵام وه‌رناگرنه‌وه.
هه‌موومان له‌بیرمانه په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆن خه‌ڵاته چل و نۆ ملیۆن دیناره‌كه‌یان به حه‌رام و ده‌ستدرێژی كردنه سه‌ر موڵكی گشتی ده‌زانی، كه‌چی به لۆفه‌و ده‌ورانی سیاسی شه‌قام و رای گشتیان خڵه‌تاند، به بانگه‌شه‌ی خزمه‌تی كردنی خه‌ڵك و به ناوی ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ش هه‌م حه‌رامیان خوارد و هه‌میش ده‌ستدرێژیان كرده سه‌ر موڵكی گشتی.
چل و نۆ ملیۆن دیناره‌كه وه‌رگیرا، به‌ڵام هیچ پرۆژه‌یه‌كمان نه‌دیت.
چل و نۆ ملیۆن دیناره‌كه حه‌په‌لووش كرا، به‌ڵام هیوای به‌به‌ر نه‌خۆشخانه‌ی هیوادا نه‌كرد.
ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه خه‌ڵك په‌رده‌ی چاوه‌ڕوانی لاداو به‌و موزایه‌ده‌چیانه بڵێ: موزایه‌ده‌و لۆفه‌و ده‌ورانی سیاسی تا كه‌ی؟
كوا پرۆژه‌و كوا خزمه‌تی خه‌ڵك؟
چل و نۆ ملیۆن دیناره‌كه چل و نۆ جاری له كه‌ناڵه‌كان ده‌رخستن.
چل و نۆ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی پێبه‌ستن.
ده‌مێكیشه چله‌ی ژانی وه‌رگرتنتان به‌سه‌رچووه، كه‌چی ده‌سترازه‌ی سه‌ر سینگی پرۆژه‌یه‌كتان هه‌ڵنه‌بڕی!
ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه خه‌ڵك میكیاج له‌سه‌ر ده‌موچاوی ئه‌و كاراكته‌ره حزبیانه لادات كه به‌ناوی رۆشنبیر و رۆژنامه‌نووسی سه‌ربه‌خۆ، سواری شه‌پۆلی داواكاری شه‌قام ده‌بن و به ئاراسته‌ی توندوتیژیدا خه‌ڵك هانده‌ده‌ن و له ئاست موزایه‌ده‌ی په‌رله‌مانتارانی حزبه‌كانیشیان خۆیان ده‌كه‌نه كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت فرۆش؟
ئه‌گه‌ر به راستی میدیای سه‌ربه‌خۆ هه‌یه‌و هه‌ڵگری سیاسه‌تی ژێربه‌ژێر و ئامانجی شاراوه نییه! ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه به‌دواداچوون بۆ ئه‌و موزایه‌ده سیاسییه گاڵته‌جاڕییه بكات، كه یاری به سۆز و ئیراده‌ی شه‌قام و رای گشتی ده‌كات؟
ئۆپۆزسیۆن له ماوه‌ی چوار ساڵ كار كردنیدا به‌ڵێنه‌كانی به ئاراسته‌ی مه‌رامه سیاسییه‌كانیدا ده‌ڕواندن، واتا له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشان و داكشانی مه‌رامه سیاسییه‌كان به‌ڵێنه‌كانیش له به‌رز و نزمیدا بوون، خه‌ڵك زۆری چاوه‌ڕوانی به‌ڵێنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن كرد‌و هیچی به چاوانی نه‌دی، ئێستا دوای ئه‌و هه‌موو به‌ڵێن فڕێدان و چاوه‌ڕوانیه، كاتی ئه‌وه هاتووه ئه‌و خه‌ڵكه به ده‌نگ بێ و به‌و موزایه‌ده‌چیانه بڵێ:
ده‌هۆڵ كوتان و فیتفیته لێدان
بانگه‌شه‌و هه‌راو به درۆ به‌ڵێندان
كاری چوار ساڵه‌ی ئۆپۆزسیۆن بوو
باخه‌ڵتان پڕ كرد، پیرۆز بێ لێتان
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.