ئه‌و حزبانه‌ی كه بێ مێژوون و له رۆژه سه‌خته‌كاندا له پێخه‌فی خۆپارێزیدا خه‌وتبوون و خوێن و خه‌باتی كوردپه‌روه‌ر و شۆڕشگێڕان ده‌رگای به روویاندا كرده‌وه و زه‌نگی دیموكراسی به‌ئاگای هێنانه‌وه، یان ئه‌و ده‌سته و گرووپانه‌ی كه پاشخانێكی گوماناوی و ئامانجێكی ناڕوون و تا راده‌یه‌كی زۆریش خواستی تاكڕه‌وی و تیرۆریستیان هه‌یه، ئه‌وه‌نده تامه‌زرۆ و خولیای گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵاتن بیر له‌وه ناكه‌نه‌وه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یڵێن سبه‌ینێ وه‌ڕێیان دێته‌وه، به‌ڵێن ده‌ده‌ن و پێیانوایه (هێمن) گوته‌نی به‌ڵێن و سیاسه‌ت هه‌ر قسه‌ی رووته‌و قسه‌ش ناچێته ناو گیرفانه‌وه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و راستییه بزانن ئه‌گه‌ر به‌ڵێندان كۆمه‌ڵێ درووشمی سۆزداری و ریزكردنی چه‌ندین ده‌سته‌واژه‌ی باق و بریق و ده‌ربڕینی شێواندن و چه‌واشه‌كردنی راستییه‌كان بێ، ئه‌وا جێبه‌جێ كردن و راستگۆیی له‌گه‌ڵ ئه‌و درووشم و ده‌سته‌واژه‌و ده‌ربڕینانه به‌رپرسیارێتی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقییه.
ئه‌وه‌ی له به‌ڵێن و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌ندێ لایه‌ن و قه‌واره‌ی سیاسی به‌دی ده‌كرێ جۆرێكه له گاڵته گردن به سیاسه‌ت و سیاسه‌ت به ئامرازی له خشته بردنی خه‌ڵك به‌بینن، ده‌كرێ له سه‌ره‌تای هه‌ندێ قۆناغی دیاریكراودا كه‌سانێك بتوانن گاڵته به سیاسه‌ت بكه‌ن و خه‌ڵكیشی پێ له خشته به‌رن، به‌ڵام له كۆتایی قۆناغه‌كه‌دا خۆیان ده‌بن به گاڵته‌جاڕ و له خشته‌براو، چونكه سیاسه‌تكردن وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وانه لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ن له كڕینی كیلۆیه‌ك ته‌ماته ئاسانتره كه بچی له بازاڕ كه‌مێك گرانتر بیكڕی و بگه‌ڕێیته‌وه، سیاسه‌ت ئه‌گه‌ر به مانا زانستیه‌كه‌ی پێناسه‌ی بۆ بكه‌ین بریتیه له كار و كاردانه‌وه‌ی دژه‌كان و به‌ریه‌ككه‌وتنی جیاوازیه‌كان و كاركردنی به پرۆژه و هه‌وڵدانی به‌جێ بۆ تێركردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان و گه‌یشتن به خواست و مه‌رامه جوانه‌كانی كۆمه‌ڵگا. به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێ هه‌ر هه‌نگاو و هه‌ڵوێستێكی سیاسی ده‌بێ ئامانجێكی ده‌ست نیشان كراوی له پشت بێ، به مانایه‌كی تر ئامانجه‌كه ده‌ست نیشان ده‌كرێ و بۆ به‌دیهێنانی كارنامه‌یه‌كی سیاسی دیاریكراوی بۆ گه‌ڵاڵه ده‌كرێ، گومان له‌وه‌دا نییه كه له‌م فۆناغه‌دا بۆ كورد ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه له پێشه‌وه‌ی هه‌موو ئامانجهكانهو له هه‌مووشیان گرنگتر و پیرۆزتره، بۆیه پێویسته كارنامه‌ی سیاسی سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان له بازنه‌ی كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییدا بچنه‌وه پاڵیه‌ك، به‌ڵام درووشمه‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌و په‌رۆشیه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی پێوه دیار نییه، مه‌رامه حزبیه‌كان وای به‌رچاو تاریك كردوون چاوه‌ڕوانی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ره‌شه‌ی دوژمنانیان له‌بیر كردووه، له كاتێكدا پێویست بوو كارنامه‌ی سیاسی ئه‌و چوار ساڵه له خواست و ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ربگرن و به‌و كارنامهیهش هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ بده‌ن، كه‌چی دێن و سیاسه‌تی چه‌واشه‌كاری و ناشیرین كردنی یه‌كتری ده‌كه‌نه كارنامه و ئه‌و كارنامهیهش ده‌كه‌نه بنچینه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ، ئه‌وه‌ش ئه‌و هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌ییه له‌بارده‌بات كه كورد بتوانێ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو كه‌ش و هه‌وا له‌بار و ده‌رفه‌ته رهخساوهدا له به‌غدا شه‌ڕی ئامانجه‌كانی پێبكات.
كورد له 30ی نیسان دوو هه‌ڵبژاردنی به دوو ئامانجی جیاواز له پێشه، كه‌چی چه‌ند لایه‌نێك ئامانجه‌كانیان تێكه‌ڵ كردوون و به یه‌ك زووڕنادا دهتووڕێنن، لێره‌دا پێویسته ده‌نگده‌ر به ئاگابێ و بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌به‌رچاو بگرێ و له‌كاتی ده‌نگداندا به‌ده‌نگهاتن له رووی دوژمنان و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی بكاته پێوه‌ر، بۆ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانیش ئاوه‌دانی و له بواره جیاوازه‌كاندا پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و به‌ده‌نگه‌وه هاتنی خواست و داواكاریه‌كانی خۆی له‌به‌رچاو بگرێ، بۆ ده‌نگدانیش ئاوڕێك له رابردوو بداته‌وه‌و كار و پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری لایه‌نه‌كان و ئاوه‌دانی و دابینكردنی خۆشگوزه‌رانی و ئاسایشی هاوڵاتیان بكاته پێوه‌ر.