سه‌رۆك بارزانی كلیلی سه‌ركه‌وتنی دایه‌ ده‌ست رۆژئاوای كوردستان ... سووره‌ مه‌رگه‌یی

 

 

 

نه‌بوونی یه‌كهڵوێستی و گوتاری نه‌ته‌وه‌یی له‌ لایه‌ك و داخرانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ رووی شۆڕشی كوردانی رۆژئاوای كوردستان له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، دوو له‌و مه‌ترسیانه‌ بوون كه‌ مه‌ترسی هێرش و په‌لاماره‌كانی داعشی بۆ سه‌ر كوردانی رۆژئاوا به‌ گشتی و كۆبانێ به‌ تایبه‌تی به‌دوای خۆیدا هێنا، چونكه‌ ئه‌وه‌ی رێگای بۆ سه‌ركه‌وتن و پێشڕه‌ویه‌كانی داعش خۆش ده‌كرد و گه‌مارۆی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان توندتر ده‌كرد، نه‌بوونی یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و پشتیوانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بوو.

سه‌رۆك بارزانی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای رووداوه‌كانی سوریا هه‌ستی به‌ بوونی ئه‌و دوو مه‌ترسییه‌ كرد، ده‌شیزانی كه‌ ئه‌و دوو مه‌ترسییه‌ ده‌رگا به‌ڕووی زۆر مه‌ترسی تردا ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ش بۆ پێشگرتن به‌و دوو مه‌ترسییه‌ هه‌وڵه‌كانی له‌سه‌ر رێكخستنی ناوماڵی كورد و كۆده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و تێكشاندنی گه‌مارۆی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ر رۆژئاوای كوردستان چڕ كردنه‌وه‌، دوژمنانیش له‌ چه‌ندین لاوه‌ كه‌وتنه‌ درووست كردنی به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانی، خۆش به‌ختانه‌ ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی و خواستی رزگاریخوازی سه‌رۆك بارزانی سه‌ركه‌وت و وه‌ك ده‌بینین چاوچنۆكی دوژمنان و هه‌ڵپه‌ی حزبی و موزایه‌ده‌ی سیاسی روو له‌ به‌زینن.

دوای ئه‌وه‌ی داعش هه‌ستی به‌ بوونی ئه‌و دوو خاڵه‌ لاوازه‌ كرد، هێرش و په‌لاماره‌كانی بۆ گرتنی كۆبانێ و كۆمه‌ڵكوژی كورد چڕ كردنه‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك بارزانیش بۆ رێگری له‌ هێرش و په‌لاماره‌كانی داعش بۆ سه‌ر كۆبانێ و پێشگرتن به‌ جینۆساید و دووباره‌ بوونه‌وه‌ی مێژووی كۆمه‌ڵكوژی كورد، به‌ ئاراسته‌ی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی هه‌ردوو مه‌ترسییه‌كه‌دا كه‌وته‌ هه‌نگا و هه‌ڵگرتن، وه‌ك ئاماژه‌مان بۆ كرد یه‌كێك له‌ هه‌نگاوه‌كان كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بوو به‌ رووی خه‌باتی رزگاریخوازی خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستاندا، له‌م هه‌نگاوه‌دا دوای هه‌وڵێكی زۆر له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی دژی تیرۆریزم توانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بێنێته‌ سه‌ر خه‌ت، بۆ یه‌كخستنی ناوماڵی كوردیش وه‌ك ئه‌و مه‌ترسیه‌ی له‌ لایه‌ك هێزی نه‌ته‌وه‌یی له‌ شۆڕشی ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان له‌ به‌رامبه‌ر دوژمنان داماڵی بوو، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌ هۆی تاكڕه‌وی حزبی، شۆڕش و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان كه‌وتبوونه‌ ژێر گومان و پرسیارگه‌لێكی ترسناكی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، سه‌رۆك بارزانی بۆ به‌ نه‌ته‌وه‌یی كردنی هێزی شۆرش و ره‌واندنه‌وه‌ی گومان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، دوای سازدانی چه‌ندین دیدار و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی رۆژئاوای كوردستان، توانی ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتیمانی له‌ نێوانیان درووست بكات و كۆتایی به‌ په‌رته‌وازه‌یی و نه‌بوونی هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی بێنێ كه‌ دوژمنان له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ ئیشی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌ی من گوێبیستی بووم و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادارم سه‌رۆك بارزانی له‌ هه‌ردوو كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ولێر یه‌ك و هه‌ولێر دوو به‌ لایه‌نه‌كانی رۆژئاوای كوردستانی راگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر ناوماڵی خۆتان یه‌كبه‌خه‌ن و به‌ گوتاری نه‌ته‌وه‌یی بچنه‌ ناو رووداوه‌كان، ئه‌وا حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو جۆره‌ هاوكارییه‌كتان ده‌كات به‌ هاوكاری سه‌ربازی و ناردنی پێشمه‌رگه‌شه‌وه‌، له‌وه‌شدا سه‌رۆك مه‌به‌ستی بوو له‌ رۆژئاوای كوردستان ئاماده‌سازی نه‌ته‌وه‌یی بكرێ بۆ ئه‌گه‌ری هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ سوریا رووبدات، ئێستا ده‌بینین هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانی له‌ رۆژئاوای كوردستان بۆ كورد چ ده‌ستكه‌وتێكیان لێكه‌وتۆته‌وه‌، كه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ بۆ كردنیان به‌ پێویست ده‌زانم.

+ هه‌ر كه‌ مه‌ترسی كه‌وته‌ سه‌ر كۆبانێ، سه‌رۆك بارزانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی هێنانه‌ سه‌ر خه‌ت.

+ ناوماڵی كورد به‌ شێوه‌یه‌ك په‌رته‌وازه‌یی تێكه‌وتبوو كه‌ حزب بتوانێ كۆی بڕیاره‌ چاره‌نسسازه‌كان بۆ خۆی قۆرخ بكات، سه‌رۆك بارزانی به‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی ناوماڵی كورد بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كانی بۆ كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی گێڕانه‌وه‌.

+ جووڵانه‌وه‌ی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دابڕێنرابوو، سه‌رۆك بارزانی توانی به‌ هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه‌ وه‌ك جووڵانه‌وه‌یه‌كی ره‌وا بێنێته‌وه‌ ناو بڕیار و سیاسه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی.

+ سه‌رۆك بارزانی به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستا و توانی به‌ كار و هه‌وڵه‌ دیبلۆماسیه‌كانی ته‌می گومانی سه‌ر شۆڕشی رۆژئاوا بڕه‌وێنێته‌وه‌ و هه‌ڵوێستی نه‌یاره‌كان بگۆڕێ، وه‌ك ده‌بینین لێكه‌وته‌ی كار و هه‌وڵه‌ دیبلۆماسیه‌كانی به‌ ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی توركیا بوو بۆ ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ خاكی وڵاته‌كه‌یانه‌وه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ هاوكاریه‌ مرۆیی و سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی بۆ گه‌مارۆ دراوانی كۆبانێ.

ئه‌و راستیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ و ئاراسته‌ی رووداو و گۆڕانكاریه‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌ حزب و لایه‌نه‌كان و كه‌سایه‌تی و رۆشنبیرانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان ده‌خوازێ، له‌ روانینی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ پشتیوانی سیاسه‌تی سه‌رۆك بارزانی بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ سه‌رۆك (بارزانی) یه‌ پرسی كوردی به‌ پێناسه‌ی نیشتیمانی و ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی بردۆته‌ ناو سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

 

 

Related Articles