ئه‌وه عه‌ره‌به یان به‌غدایه، دژی کورده؟. نه‌جمه‌دین شێخ بزێنی- سوید

جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه که‌به‌درێژایی چه‌ندین سه‌ده‌یه، له‌لایه‌ن عه‌ره‌ب و فارس و تورکه‌وه، خوێنی به‌ناڕه‌وای کورد ئه‌ڕێژرێت و ئاسایی ترین مافی پێشێل کراوه‌و، چه‌ندین مه‌ر‌گه‌ساتی له‌لایه‌ن ئه‌وسێ نه‌ته‌وه‌‌یه به‌سه‌ر هینراوه، له‌ کاتێکدا که‌هه‌میشه هاوسوزی و دڵسۆزی بۆ ئه‌و نه‌ته‌وانه هه‌بووه، چ له‌ڕوی ئاینی و چ له ‌بوواری دراوسێیه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ستی مرۆڤایه‌تیه‌وه، ڕێزی له‌پێکه‌وه ژیان گرتووه.

به‌هێزترین به‌ڵگه‌ش بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستیانه، هه‌ر له‌نه‌خوێنده‌وارێکه‌وه تا ئه‌گاته سیاسه‌ت مه‌داران و ڕوناکبیران و هه‌موو چین و توێژه‌کانی گه‌لی کورد، په‌نجه‌ی تاوان بارییان بۆ ئه‌و نه‌ته‌وانه درێژ نه‌کردووه، به‌ڵکو هه‌میشه ڕژێمه‌کانیان به‌تاوانبار زانیوه!. جا ئه‌لێره‌دا ئێمه عێراق به‌نمونه ئه‌هێنینه‌وه، ئایه ڕاسته که‌ ته‌نها ڕژێم تاوانبار ئه‌کرێت، نه‌ک نه‌ته‌وه؟.

بۆ ڕونکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچونه‌ش، ته‌نها عێراق به‌نمونه ئه‌ههێنمه‌وه بۆ ‌به‌ڵگه‌ی یه‌کلایی که‌ره‌وه‌. له ‌هه‌‌مان کاتیشدا به‌پێویستی نازانم بگه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌رده‌مه‌کانی زۆر کۆن، که‌پڕه له‌کاره‌ساتی قێزه‌وه‌نی عه‌ره‌ب، بو دژایه‌تی کردنی ڕچه‌ڵه‌کی کورد، که ‌ته‌نها کوشتنی سه‌رکرده‌ی به‌ناوبانگی کورد، ئه‌بو موسلیمی خۆراسانی، که‌دووای ئه‌وه‌ی کاریان پێێ نه‌ما، ئه‌بوده‌لامای شاعیری به‌ناوبانگیان، به ‌ئه‌بوعه‌باسی سه‌فاح ئه‌ڵێت، ئه‌بو موسلیم چونکه به‌ڕچه‌ڵه‌ک کورده هه‌رخائینه‌و پێویسته له‌ناو ببرێت، دیاره داواکاریه‌که‌یشی زۆر به‌زویی ئه‌نجام درا. له‌کاتێکدا‌‌به‌هۆی ئازایه‌تی ئه‌‌بو موسلیمه‌وه‌بو، که خه‌لافه‌تی له‌ئه‌مه‌وییه‌کان سه‌نده‌وه!.

به‌هه‌ر حاڵ دووای ئه‌وه‌ی له‌ژێر په‌رده‌ی ئاینیدا کوردستان داگیر کراو کورد بو به‌ئیسلام، پێناسه‌ی برایه‌تی عه‌ره‌بی پێ به‌خشرا، سه‌تان ساڵ وه‌ک ژێرده‌سته، له‌ژێر په‌رده‌ی ئاینیدا خوێنیان مژین، زمانی دایکیان بڤه کرد لێمان، پێناسه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی سڕایه‌وه‌و ته‌نها ئه‌بو بڵێن ئیسلامین و برای عه‌ره‌بین، ته‌نانه‌ت ناونانی منداڵه‌کانیشمان ئه‌بو به‌عه‌‌ره‌بی بێت، گووایه پیرۆزه، له‌کاتێکدا ناوی منداڵی خۆیان ئه‌نا(چه‌لوب!.

لێره‌شدا ته‌نها چاوێک به‌سه‌ر ئه‌و ماوه کورته‌‌دا ئه‌گێڕێن، که ‌باشوری کوردستان به‌ناڕه‌وایه‌تیخرایه‌ سه‌ر عیراق و ‌تاکو ئێستاش بۆته قیر و زفت و، به‌ئامان و زه‌مانیش له‌کۆڵمان نابێته‌وه، به‌ڕوبار خوێنمان ڕشتووه له‌چنگی عه‌ره‌ب ڕزگار بین بێ سوده‌و، وه‌ک ئه‌وه‌ی باشوری کوردستان خاکی باب و باپیریان بێت و، ئێمه‌ش لێیانمان داگیرکردبێت به‌زۆر، وه‌ک ئه‌ڵێن: خاوه‌ند ماڵ ویستی دز بگرێت، که‌چی دز خاوه‌ند ماڵی گرت!.

دووای دروست بونی ده‌وڵه‌تی عێراق، له‌ کۆتایی ده‌یه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مداو، لکاندنی باشوری کوردستان به‌بێ ڕه‌زامه‌‌‌ندی کورد، دووای تێپه‌ڕبونی ده‌ساڵێک، نه‌وت دۆزرایه‌وه له‌که‌رکوک، له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا، بیرۆکه‌ی به‌عه‌ره‌ب کردنی ئه‌و پارێزگایه هاته ئاراوه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سه‌ره‌تا ئاوبه‌ندی دوبزیان دروست کرد بۆئاودێری ناوچه‌ی حه‌ویجه‌و هێنانی جوتیار و ئاژه‌ڵدارانی عه‌ره‌ب، دووا به‌دووای ئه‌وه‌ش گواستنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌‌رانی عه‌ره‌ب بۆ ناوجه‌رگه‌ی که‌رکوک و . . . . هتد!.

ئه‌‌وسه‌رده‌مه‌مان ناونا ده‌سه‌ڵاتی پادشایه‌تی بۆگه‌ن و هه‌وڵدان بۆ له‌ناو بردنی، تاکوساڵی١٩٥٨، به‌‌به‌شداری لایه‌نی کوردی، به‌تایبه‌ت پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕژێمی پادشایه‌تی بۆگه‌ن له‌ناوچو، ده‌سه‌ڵاتی کۆماری هاته کایه‌وه‌و، کورد به‌وپه‌ڕی تواناوه پشتگیری لێکرد و دڵسۆزی خۆی له‌به‌رانبه‌ریدا نیشاندا، به‌ڵام موخابن سێ ساڵی نه‌برده سه‌ر، عه‌ره‌ب وه‌ک دوپشکه، چزوی هه‌ڵبڕێ و به‌کوردیه‌وه‌دا، ڕژێمی پێنج سه‌رۆک کۆماری عێراقمان به‌ڕێ کرد، له‌ خۆێن ڕشتن و ماڵوێرانی و فه‌رهود کردن و دووا جارێش، کراین به‌کافر و ئه‌نفالیان کردین به‌جۆرێک، تاگه‌یشته ئاستی پاکتاوی ڕه‌گه‌زی(جینوساید) که کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ئویژدانی جوڵاو ناوچه‌ی ئارامی بۆ دابین کردین بۆ به‌شێکی باشوری کوردستان، تا له‌ئه‌نجام ئه‌و ڕژێمه‌ش ڕوخا، که‌ناوزه‌ند کرابو به‌ڕژێمێکی فاشیستی و دیکتاتۆری سه‌دامی و به‌عس!.

به‌له‌ناو چونی ئه‌و ڕژێمه‌ش، گه‌لی کورد ئارامیه‌ک هاته‌وه ده‌رونی و به‌تایبه‌تیش، ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی زیاتر که‌وته ده‌ستی لایه‌نی شیعه‌مه‌زهه‌ب، که کورد ساڵه‌های ساڵ بو به‌دۆستی خۆیو، لا‌یه‌نێکی میانڕه‌وی دانابو به‌جۆرێک وای هه‌ست ئه‌کرد، ١٠٠%، له‌گه‌ڵ مافی چاره‌ی خۆنوسینی گه‌لی کوردستاندا بێت.

به‌ڵام موخابن، ئه‌وا لایه‌نی شیعه‌ مه‌زهه‌بی به‌ناو دۆستی کورد و میانڕه‌و، چوار کابینه‌ی حکومه‌تی به‌ڕێکرد، ته‌نها ئه‌وه‌مان بۆ مایه‌وه که‌بڵێن، سه‌د خۆزگه به‌کفن دز، دیاره تاسه‌رده‌می ڕژێمه‌که‌ی سه‌دام، به‌ده‌سه‌ڵاتی سوننه مه‌زهه‌ب ناوئه‌برا‌و، گه‌لی کورد و شیعه‌مه‌زهه‌ب نه‌فره‌تیان لێ ئه‌کرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه، ئه‌وه ئێستاش ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه مه‌زهه‌بێش، بۆگه‌نی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان، به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می نوری مالیکیدا گه‌یانده ئاستێک، ئه‌مجاره کورد و سوننه نه‌فره‌تیان لی ئه‌کات، سه‌لماندیان ئه‌وه‌ی له‌مشک بێت جه‌وواڵ دڕه!!.

جا له‌م سه‌رده‌مه‌دا، سه‌رکردایه‌تی سیاسی و ئیداری گه‌لی کوردستان، ووشه‌ی ڕژێمیان سڕیوه‌ته‌وه‌و، ئه‌ڵێن حكومه‌تی ناوه‌ند، وه‌یان ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی به‌غدا. بۆیه لێره‌دا ئه‌پرسم، ئیتر به‌س نیه سیاسه‌تی دبلۆماسیانه، هیچ تاکێکی کورد ماوه بڕوای به‌ووشه‌ی ‌برایه‌تی کورد و عه‌ره‌ب مابێت و به‌فڕوفێل و سیاسه‌تی نه‌زانێت. تاکو که‌ی نه‌وێرین، ڕاستیه‌کان ده‌رببڕین و به‌ئاشکرا به‌عه‌ره‌ب بڵێن، سه‌تان ساڵه دوژمنایه‌تیمان له‌گه‌ڵدا ئه‌که‌ن و خاکی ئێمه‌تان داگیر کردوه، بۆیه قه‌ت برا نه‌بوینه‌و ناشبین به‌برا، له‌کاتێکدا به‌زۆره ملێ خاکمان لێ داگیر بکه‌‌ن و به‌هی خۆتانیشی بزانن، دیاره بێ ده‌نگیمان هۆکاری بێ هێزی و بێ پشتیوانی بو، به‌ڵام ئێستا له‌سایه‌ی ئیزدانی مه‌زنه‌وه، له‌هه‌ردو بوواری هێز و پشتیوانیه‌وه، له‌سه‌‌روی ئێوه‌وه‌ین، بۆیه به‌ئاشکرا ئه‌ڵێن: ئه‌وه عه‌ره‌بی عێراقه دژی کورده، نه‌ک ڕژێم، وه‌یان به‌غدا، ئیتر بوه‌ستن(ستۆپ)!.

                                            28-8-2014.

 

 

 

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles