داوای ده‌وڵه‌ت بون و سوکایه‌تی پێکردنی چ واتایه‌که؟. نه‌جمه‌دین شێخ بزێنی - سوید

گومان له‌وه‌دا نیه، هه‌مو تاکێکی مرۆڤی کورد، ئاواته خووازی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردیه، نه‌ک ته‌نها پارته سیاسیه‌ کوردستانیه‌کان، به‌تایبه‌ت پارتی و یه‌کیه‌تی به‌به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشم، پێشه‌نگن له‌و بوواره‌دا، به‌ڵام‌ له‌کردار و هه‌ڵوێست وه‌رگرتندا، جیاوازی سه‌یر و سه‌مه‌ره دێنه‌کایه‌وه، که به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ، ئه‌ودروشمه ته‌نها سیاسیه ‌لای هه‌ندێ لایه‌ن، به‌ڵگه‌ی دروستیش لێدوانی هه‌ندێ له به‌رپرسه باڵاکانیانه، هه‌رچه‌نده‌ش له‌ڕاگه‌یاندنه‌کانیادا، هه‌وڵی تێکه‌ڵاو کردنی بابه‌ته‌کان ئه‌ده‌ن، بۆ جوره شێواندنیك هه‌ست به‌و هه‌ڵوێسته نه‌خوازراوه نه‌کرێت، به‌ڵام لای ڕوناکبیران، به‌جوانی هه‌ستی پێ ئه‌کرێت و ئه‌بینرێت. بۆ نمونه:

من لێره‌دا به‌هیچ جۆرێ مه‌به‌ستم تووانج لێدان و ڕه‌خنه گرتن نیه، بۆیه ئه‌یخه‌مه بواری پرسیار کردنه‌وه‌و هیوادارم خوێنه‌رانی به‌ڕیزیش هه‌ر به‌و هه‌سته‌وه بڕواننه ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌که‌، که‌بریتیه له‌چه‌‌ند پرسیارێ ئاراسته‌ی برای به‌ڕیز، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کیه‌تی، کاک مه‌لا به‌ختیاری ئه‌که‌م، له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی ئه‌وڕاگه‌یاندنه‌ی، له‌به‌رنامه‌ی ڕوداوی ئه‌مڕۆی ته‌له‌فیزیۆنی ڕوداو ئاماژه‌ی پێکردوه‌و، ‌له‌به‌روای ئه‌مڕۆ واته 9-10-2014. له‌‌ماڵپه‌ڕی ئه‌لیکترۆنی ڕوداو به‌ڵاو کراوه‌ته‌وه.

هه‌روه‌ک ئاماژه‌م پێکردووه، که‌مه‌به‌ستم تووانج و ڕه‌خنه‌گری نیه، بۆیه ناچمه ناوه‌ڕۆکی ووته‌کانی به‌ڕێزی، ته‌نها شرۆڤه له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی ئه‌و مانشێته ئه‌که‌م، که‌ڕوداو دای گرتووه‌و بریتیه له‌ ووته‌یه‌کی به‌ڕیز، کاک مه‌لا به‌ختیار، که ده‌قی مانشێته‌که به‌م جۆره‌یه: مه‌لا به‌ختیار: ئێمه‌و پارتی، چه‌کمان بۆ کۆبان نوردووه.

خۆ گومان له‌وه‌دا نیه، کاک مه‌لا به‌ختیار، که‌سایه‌تیه‌کی سیاسی و زۆر ڕوناکبیره، له‌ به‌ڕیزی ئه‌پرسم، ئایه له‌ناوه‌ڕۆکی ئه‌وڕسته‌یه‌دا که‌ڕایگه‌یاندوه، هیچ هه‌ست به‌بونی حکومه‌تێکی پاڕله‌مانی هه‌ڵبژێردراو ئه‌کرێت که‌خۆیان به‌شداریکی سه‌ره‌کین تێیدا، وه‌ک له‌به‌رچاوه جێگری سه‌رۆکی هه‌ڕیم و جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تو سکرتێری پاڕله‌مانی کوردستان، پشکی ئه‌وانه‌و پڕیش کراوه‌ته‌وه؟!.

ڕاسته لێره‌دا من پرسیاره‌که‌م ڕاسته‌و خۆ ئاراسته‌ی به‌ڕیز کاک مه‌لا به‌ختیار کردووه، به‌ڵام شاراوه نیه زۆر له‌ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی یه‌کیه‌تی، گوزارش له‌بونی حکومه‌تێکی ناوخۆیی کوردستان ناکات، به‌ڵکو زیاتر هه‌ست به‌بۆنی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی دوو پارتی سیاسی ئه‌کرێت، له‌ئاستی شۆڕشگێڕیدا، نه‌ک بونی ده‌سه‌ڵاتێکی ئیداری یاسایی، ته‌نانه‌ت زۆر به‌زه‌قی هه‌ست به‌جیاکردنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانیش ئه‌کرێ وه‌ک دوو هێزی جیاواز، له‌کاتێکدا هێزی پێشمه‌رگه هی گه‌لی کوردستانه نه‌ک ته‌نها پارتی و یه‌کیه‌تی، پێکهاته‌ی ئه‌و هێزه له‌ هه‌موو چین و توێژه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیسنوری ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمه، ئه‌و به‌شه‌ی یه‌کیه‌تیش به‌هی خۆی ئه‌زانێت، زۆر هه‌ڵه‌یه، له‌هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا ده‌رکه‌وت، که ڕێژه‌یه‌كی زۆری سه‌ر به‌گۆڕانه، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی داخه‌و، به‌ڕاستی سوکایه‌تی پیکردنه به‌حکومه‌ت و پاڕله‌مانی کوردستانیش!.

پرسیارێکی تری له‌به‌ڕێز کاک مه‌لا به‌ختیار، ئایه له‌وحکومه‌ته‌ی یه‌کیه‌تی تێدا به‌شدارێکی سه‌ره‌کیه، بونی وه‌زاره‌تێک هه‌یه به‌ناوی وه‌زاره‌تی"پێشمه‌رگه" ئه‌گه‌ر بڕواتان به‌و وه‌زاره‌ته هه‌یه، ئه‌وجیاوازی کاریانه له پێناو چیدا، ئه‌گونجێ بووترێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه پشکی گۆڕانه‌و، به‌ڕیز وه‌زیری پێشمه‌رگه ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تی گۆڕانه. خۆ ئه‌گه‌ر واشبێت، ئه‌ی گۆڕان لیستی دوهه‌م نیه له‌حکومه‌ت‌دا، بۆخۆتان به‌خاوه‌ن و به‌شداربوی حکومه‌ت ئه‌زانن، قه‌بوڵکردن له‌چی و سه‌رپێچی له‌ڕێ نوماییه گشتیه‌کان له‌چی؟.

به‌ڕاستی سه‌یره تێکه‌ڵاو کردنی دوو شتی دژ به‌یه‌ک، ئه‌گه‌ر بڕواتان به‌پیرۆزی حکومه‌ته‌که نیه، ئه‌ی بۆ چی به‌شداریتان تێدا کردووه، ئه‌گه‌ر به‌لاتانه‌وه پیرۆزه، بۆ سوکایه‌تی پێ ئه‌که‌ن؟!.

له‌کاتێکدا ده‌سه‌ڵاتێکی بنکه ‌فراوان، خاوه‌ند پاڕله‌مان و د‌ام و ده‌زگای یاسایی بڕوا پێکراو له‌ئارادا هه‌بێ، بۆچ ئه‌بێت بڕیاری هاوکاری و پێوه‌ندی سیاسی و ئیداری و جوڵه‌ی سه‌ربازی، به‌ناوی دوو پارتی به‌شداربوی ده‌سه‌ڵاته‌وه بێت، له‌کۆی پێنج پارتی به‌شداربودا له‌‌وده‌سه‌ڵاته، ئه‌وه کام یاساو ڕێسایه له‌گێتیدا؟!.

ئایه که‌س ئه‌توانێ نکۆڵی له‌باڵاده‌ستی پارتی بکا، له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، به‌ڵام که‌س گوێ بیستی ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تی، وه‌یان سه‌رۆکی پارتی بووه، له‌کاتی سه‌رکه‌وتنه‌کان و جوڵه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌، له‌ ووشه‌ی هیزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان زیاتر، ناوی لایه‌نێکی تر به‌کار هێنرابێت، ئایه پێوه‌ندی سیاسی و ئیداری ده‌ره‌کی، بینراوه به‌ناوی پارتیه‌وه ڕاگه‌یندرابێ، دیاره ئه‌وه‌ش بۆ ڕێز گرتنه له‌وده‌سه‌‌ڵاته پیرۆزه کوردیه‌و، سه‌رجه‌م گه‌لی کوردستان، که ئه‌و حكومه‌ته به‌هی خۆیان ئه‌زانن.

من دڵنیام، تووانای سیاسی و ڕوناکبیری به‌ڕێز، کاک مه‌لا به‌ختیار، زۆرزۆر له‌و ئاسته به‌رزتره، که ‌تێنه‌گات، له‌هه‌ڵوێستی پێچه‌وانه‌ی سیاسی و سه‌ربازی و یه‌کڕێزی و کۆده‌نگی و دیبلۆماتی، له‌به‌رانبه‌ر لایه‌نه‌کانی تری کوردستان به‌گشتی و پارتی به‌تایبه‌تی، به هیچ جۆرێ له‌خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌ته‌وایه‌تیدانیه‌و ناشتوانێت نکۆڵی له‌بونی ئه‌وهه‌ڵوێسته پێچه‌وانانه‌دا بکات، به‌ڵام ئایه چۆن پێی قه‌بوڵ ئه‌کرێت. ئایه ئه‌و هه‌ڵوێسته پێچه‌وانانه‌ی، به‌شێ له‌ئه‌ندامانی باڵای سه‌رکردایه‌تی سیاسی یه‌کیه‌تی وه‌ری ئه‌گرن، سوکایه‌تی کردن نیه به‌حکومه‌تی هه‌رێم، له‌ژێر په‌رده‌ی دژایه‌تی کردنی پارتی، چونکه حكومه‌ته‌که ئاشکرایه به‌ته‌نها هێ پارتی نیه‌و، هی سه‌رجه‌م گه‌لی کوردستانه به‌یه‌کیه‌تیشه‌وه، که‌واته جێگه‌ی خۆیه‌تی ئه‌لێره‌دا بپرسین، له‌به‌ڕێز، کاک مه‌لا به‌ختیار، داواکاری به‌ده‌وڵه‌ت بون و سوکایه‌تی پێکردنی چ واتایه‌که، ئایه ڕاگه‌یاندنی ناردنی هاوکاری بۆ کۆبانێ، به‌ناوی ئێوه‌و، واته یه‌کیه‌تی و پارتی، خستنه‌ په‌روێزه‌وه‌ی حكومه‌تی کوردستان نیه، ئایه خستنه‌ په‌راویزه‌وه به‌واتای بایه‌خ پێ نه‌دان و سوکایه‌تی کردن نیه به‌و ده‌سه‌ڵاته؟؟؟؟.

 

 

 

 

 

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles