کارازمه‌ی ئه‌و کورسیه‌ چیه؟!. ... نه‌جمه‌دین شێخ بزێنی - سوید

هه‌رله‌کاتی مناڵیمه‌وه، که له‌ناوه‌ڕۆکی گێڕانه‌وه‌ی مه‌ته‌ڵ و چیرۆکه‌کاندا باسی کورسی(سیحری) ئه‌کرا، ئه‌م ووت خودایه ئه‌بێت ئه‌وکورسیه‌ چیی بێت؟. به‌ڵام ئه‌وا له‌سایه‌ی یه‌زدانی مه‌زنه‌وه به‌ر له‌وه‌ی بمرم، زانیم ئه‌وه کورسیه کۆماریه نه‌گبه‌ته‌که‌ی به‌غدای عه‌ره‌بیه‌و، بۆته جێگه‌ی سه‌رسوڕمان و خه‌ریکه پێگه‌ی خاڵێک له ‌ترسناکترین نه‌خشه‌و پلانی دوژمنانی کورد و کوردستان بگرێته‌وه، که ‌دیاری کراوه بۆ پشکی کورد له‌ژێر په‌رده‌ی هاوبه‌شیدا، له‌ده‌سه‌ڵاتی کۆماری به‌ناو فیدرالی عێراق،

ئه‌بو سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد، هه‌ر له‌سه‌ره‌‌تاوه له‌وه بگه‌یشتنایه، پۆستێکی به‌قه‌باره گه‌وره‌و ناوه‌رۆک به‌تاڵ، ئه‌بێت چ واتایه‌ک بگه‌یه‌نێت، ئایه ئه‌‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌و پۆسته بۆ عه‌ره‌ب دیاری بکرایه، ئا به‌و ده‌سه‌‌ڵاته لاوز و سنورداره ڕازی ئه‌بو، بێگومان نا. که‌واته هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه وه‌ک ته‌ڵه‌یه‌ک بۆ کورد دیاری کرا بۆچاوبه‌ست کردن و ڕازی کردنیان به‌که‌م ترین ده‌ست که‌وت، هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌تاوه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆی دایه ده‌سته‌وه‌، له ‌زیان گه‌یاندن به‌مافه‌ڕه‌واکانی گه‌لی کورد زیاتر، هیچ سود و ئاکامێکی تری به‌دوواوه نه‌هات، هه‌ر بۆ نمونه:

ئه‌وشاکارانه‌ی به‌دیکرا له‌‌هه‌وڵه‌کانی سه‌رۆک کۆماری پێشوی عێراق، ڕێزدار مام جه‌لال تاڵه‌بانی، به‌ڕاستی دیاری ترینیان بریتیبو له‌: چاره‌سه‌ر کردنی کێشه ناوخۆییه‌کانی، لایه‌نه سیاسی و سه‌رکرده عه‌ره‌به‌کانی دوژمنانی سه‌رسه‌ختی کورد و کوردستان له‌نێوان شیعه‌و سوننه، له‌کاتێکدا ئه‌یتوانی ناوه‌ڕۆکی ماده‌ی١٤٠ی ده‌ستوریش یه‌کلایی بکاته‌وه بۆ کورد، به‌ڵکو زۆر به‌داخه‌وه هه‌ر ئاوڕیشی لێنه‌دایه‌وه.

جگه له‌وه‌ی ‌به‌هه‌مو پێوه‌رێکی دیکۆمێنتی سیاسی و مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌لمێندراوه که‌رکوک خاکێکی کوردستانیه‌و هیچ گومانێکی له‌سه‌ر نیه، به‌ڕیز تاڵه‌بانی به عێراقی بچوک ناوی برد و به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستا، له‌بوواری ئیداریه‌وه بڕیاری٣٢به‌٣٢ی هێنایه‌کایه‌وه‌، له‌سه‌رجه‌م داموده‌زگاکانی شاره‌که‌دا، به‌وه‌ش زۆرینه‌ی کوردی له‌شاره‌که‌دا کرده قوربانی پێگه‌ی خۆی له‌به‌رانبه‌ر عه‌ره‌ب، ڕێژه‌ی کوردیش له‌دام و ده‌زگاکاندا هه‌ر وه‌ک خۆی به‌که‌مترین ڕێژه مایه‌وه‌و به‌دووادا چونی بۆنه‌کرا، له‌کاتێکدا‌له‌مێژوودا ڕوی نه‌داوه‌و هیچ کاتێک نه‌بینراوه، که‌مینه نه‌ته‌وییه‌کان به‌هه‌مویانه‌وه‌ش هاوتای کورد بوبن، به‌ڵگه‌ی زیندوش سه‌رژمێری(١٩٥٧) ته له‌سه‌ر ده‌می پاشایه‌تیدا، که کورد خۆی هیچ کاریگه‌ری تێدا نه‌بووه، ئه‌نجامه‌که‌ش٥٧% دا کورد بووه!.

هه‌روه‌ها ئاشکرایه که‌به‌ڕیزیانیش، له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی دروست بونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردیدا نه‌بووه، به‌بیانوی ئه‌وه‌ی گووایه زه‌مینه له‌بار نیه، به‌واتایه‌کی تری عه‌ره‌ب ڕازی نابێت، دیاره گومان له‌وه‌دانیه، که عه‌ره‌ب ئاسته‌مه هه‌تاهه‌تایه به‌وه ڕازی بێ، بۆیه ماف به‌زۆر ئه‌سه‌ندرێت نه‌ک به‌خۆشی. دیاره وورده‌کاری تریهه‌یه، به‌ڵام بۆ ئێره پێویست ناکات ئاماژه‌ی پێ بکرێت، به‌هه‌ر حاڵ، کۆتایی به‌ده‌وری به‌ڕیزیان هات!.

ئه‌وا بۆجاری دوهه‌م، ئه‌و کورسیه ناوه‌خن کڵۆله پێشکه‌ش به‌کورد کرایه‌وه، به‌بێ کێشه‌و ململانێی عه‌ره‌ب، چونکه وه‌ک له‌پێشه‌وه ئاماژه‌مان پێکردووه، به‌تایبه‌تی بۆ کورد به‌وجۆره ئاماده کراوه، هه‌روه‌ک له‌‌سه‌ره‌تای باسکردن له‌پێک هێنانه‌وه‌ی حکومه‌تی تازه، پێشنیاری سه‌رکرده‌یه‌کی عه‌ره‌ب کرا بۆ ئه‌و پۆسته، به‌ڵام ئه‌وی هه‌رزو ڕایگه‌ێاند، ئاماده نابێت به‌وده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستاوه ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت، به‌ڵام دیاره کورد ئه‌ڵێت، هه‌ر چۆنێ بێت له‌نه‌بوو باشتره، به‌س ناوی له‌ناواندا بێت، بۆیه کورسیه حه‌یاته‌که‌ی به‌ده‌ست هێنایه‌وه به‌خۆش حاڵیه‌وه، به‌ڵام دیاره واچاوه‌ڕوان ئه‌کرا، ئه‌مجاره‌ که‌سایه‌تیه‌کی خاوه‌ن هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی زۆر به‌هێزتر، ده‌ست به‌وکورسیه‌وه بگرێ و، گۆڕانکاری له‌هه‌ڵوێسته‌کانی پێشوتردا بکا، به‌ڵام دیاره چاره‌نوسی گه‌لی کورد، له‌قوڕدا چه‌قی به‌ستووه‌و، ئاره‌زوو ئه‌کات هه‌رده‌م له‌خزمه‌تی عه‌ره‌بی دوواکه‌وتو و نه‌زاندا بێت بۆیه‌ش، ئه‌و هه‌ڵوێسته سه‌ری نه‌گرتو، به‌ڕیزێکی تری باوشی به کورسیه‌که‌دا گرد، ئه‌بێتن هه‌ر بڵێن، سه‌ت خۆزگه‌مان به‌ پێشوتر، ویستمان ڕیش ڕێش به‌ده‌ست بێنین، سمێلێشمان له‌سه‌ر دانا!.

خۆ گومان له‌وه‌دا نیه، سه‌رۆک کۆماری تازه‌ی عێراق، به‌ڕیز کاک دوکتۆر فوئاد مه‌عسوم، خۆی که‌سایه‌تیه‌کی سیاسی و ڕوناک بیر و تێکۆشه‌رێکی دێرینی کوردایه‌تیه‌و، ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستانی به‌ڕیزه، که‌خاوه‌نی سه‌دان شه‌هیدی قاره‌مانی ڕێبازی کوردایه‌تیه‌، له‌پێناو گه‌یشتن به‌مافه‌کانی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، خاوه‌نیچه‌ندین دروشمی پیرۆزی کوردایه‌تین، که‌یه‌ک له‌وانه" نه‌سره‌وتن تا‌سه‌رکه‌تن"ه، ئایه مه‌به‌ست له‌و سه‌رکه‌وتنه گه‌یشتن بو، به‌پۆستی سه‌رۆک کۆماری ده‌سه‌ڵات سنوردار کراو، وه‌یان مافی چاره‌ی خۆنوسین، که ده‌یان جار له‌ده‌می خودی سکرتێری گشتی، ڕیزدار تاڵه‌بانیه‌وه بیستراوه؟.

به‌ڕاستی جێگه‌ی سه‌رسوڕمان و نیگه‌رانیه‌کی دڵ ته‌زینه، که به‌ڕیزیان له‌ ناوه‌ندێکی هه‌ستیار و پێگه‌یه‌کی دیاری جیهانیه‌وه، ڕای ئه‌گه‌یه‌نێت( کورد ده‌وڵه‌تی کوردی ناوێت). ئه‌وه له‌کاتێکدایه هه‌موو جیهان ئاگداره به‌ڕیزیان، وه‌ک سه‌رۆک کۆماری عێراق به‌شداری پێکراوه، نه‌ک سه‌رۆکی کوردستان، دیارهله‌لایه‌ن کورده‌وه دیاری کراوه بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته، نه‌ک دیاری کردنی چاره‌نوسی گه‌لی کوردستان، وه‌یان نوێنه‌رایه‌تیی لایه‌نه سیاسیه‌کان و گه‌لی کوردستان، که‌به‌ناوی کورده‌وه نکۆڵی له‌مافی ڕه‌وای گه‌لێک بکات، که‌به‌هه‌زاران هه‌زار شه‌هید و ده‌ربه‌ده‌ری له‌پێناودا به‌خشیوه!.

بۆیه سه‌یر له‌وه‌دا نیه، که‌خاوه‌ن ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ لاوازه نه‌ته‌وایه‌تیه‌یه، له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تاکه که‌سی و پارتکه‌ی خۆیدا، که ئه‌وی گه‌یانده ئه‌و پۆسته، به‌ڵکو سه‌یر له‌وه‌دایه، چۆن ئه‌و مافه‌ به‌خۆی ئه‌دات، به‌بێ ئه‌وه‌ی، نه ‌له‌لایه‌نه سیاسیه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی کوردستان و نه له‌لایه‌ن گه‌لی کورده‌وه، ئه‌و مافه‌ی پێدرابێت، ئه‌و ڕاگه‌یاندنه بدات، ته‌نانه‌ت ئه‌و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانیش نیه، هه‌روه‌ک ئاشکرایه، ئه‌و سه‌رۆککۆماری عێراقه‌، که ده‌یان ساڵه باشوری کوردستانی داگیر کردوه‌و، ئێستاش له‌دووای ده‌یان ساڵ شۆڕشی چه‌کداری و ماڵوێرانی و ئه‌نفال کردنی زیاتر له‌(٢٠٠) هه‌زار مرۆڤی کورد و له‌ناو بردنی به‌کۆمه‌ڵیان، هه‌ر به‌رده‌وامه‌و ئاماده‌ی ده‌ست به‌ردار بونی نابێ به‌زۆر نه‌بێت، هه‌ربۆیه ئێستا بۆنی به‌ڕیزیان له‌به‌غدا، به‌شێکه له‌هه‌وڵی گه‌لی کورد، بۆ به‌ده‌ست هێنانی ئه‌و مافه ڕه‌وایه، نه‌ک وه‌رگرتنی پۆستێکی کڵۆڵ و بێ سود!!.

له‌کۆتاییدا ئه‌ڵێم، ئێستا زانیم، کارازمه‌‌ی کورسیی(سیحری چییه، واده‌رکه‌وت کورسیه کۆماریه‌که‌ی به‌غدای عه‌ره‌بیه‌و، هه‌ر که‌سێک بچێته سه‌ری، له قودره‌تی قادره‌وه، له‌ماوه‌ی شه‌و و ڕۆژێکدا، وه‌کو جیاوازی شه‌و و ڕۆژ ئه‌گۆڕێت، ترسناکیه‌که‌شی له‌وه‌دایه، له‌دژی خۆیه‌تی و دڵخۆشه به‌خزمه‌ت کردنی دوژمن!!.

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles