زۆرن ئەو هونەرمەندانەی لە تێکڕای رشتە هونەرییەکان (مۆسیقا و گۆڕانی و سەما و شێوەکاریی و نیگارکێشیی و وێنەگرتن و کاریکاتێر و دیزاین و نەخشەسازیی و شانۆ و نواندن و فیلمی تەلەفزیۆنیی و سینەمایی و. . . هتد) گللەیی و رەخنەیان لە خراپی و بێسەروبەریی سیستەمی کارگێڕیی و بەڕێوەبەرایەتییە هونەرییەکان و وەزارەت و دەزگایە رۆشنبیرییەکان هەیە و بەردەوام ناڕەزایەتی خۆیان لە بەرانبەر دەسەڵاتدارانی سیاسیی دەردەبڕن کە هونەریان کردیتە کاڵایەک و سات و سەودای پێ دەکەن و لە پێناو بانگەشە سیاساسەتبازییەکانی خۆیان وەکاری دەبەن.
دیارە ئەو گللەیی و رەخنانەی هونەرمەندان لە نێو هەر دەسەڵاتەکی سیاسیی لە سەرتاسەری جیهان وە تایبەتیش لە نێو سیستەمی دەسەڵاتە گەندەڵەکانی وەک ئەوەی کوردستانی خۆمان زۆر راست و دروست و بەجێن، لێ پێویستە ئەو هونەرمەندانە لە خۆیان بپرسن لەبەرچی ئەو گازاندە و ناڕەزایەتییانە هەر بەردەوامن کەچی گۆڕان و چاککاریی و چاکبوون هێندە لاوازن تا رادەی ئەوەی هەست وە بوونیان نەکرێ؟!
وە تێڕوانینی خۆم دەتوانم وە کورتییەکەی لەو چەند خاڵەی خوارێ پەنجە بخەمە سەر کێشە و گرفتەکان:
یەکەم: هونەر وەک هەر یەک لە گرنگترین کار و کایەکانی نێو کۆمەڵ ئەنجامی چالاکییە جوانناسییەکانی هونەرمەندانە. . لێ هونەرمەندانیش وەک تێکڕای کۆمەڵ وەسەر چین و توێژەکان دابەش بوونە و وە گشتییەکەی لە دوو بەرەی (هەژار و زەنگین - چەوساوە و چەوسێنەر) خۆ دەبیننەوە، ئەو دوو بەرەیەش وە هۆی سیاسەتی چەوسێنەرانەی سیستەمی تا ئێستای دەسەڵاتداران وە شێوەی شەڕی سارد لە بەرانبەری یەک راوەستانە، ئەنجامی ئەو شەڕەش تا ئێستا هەر لە قازانجی هونەرمەندە زەنگین و چەوسێنەرەکانە، لێ وە پێی گۆڕانکارییە سیاسییەکان چەندەی سیستەمی دەسەڵات ناچار بکرێ پتر دان بە ماف و ئازادییەکانی خەڵک دابنێ و مرۆییانەتر هەڵسوکەوت بکا ئەوە باری نەرێنیی هونەر و هونەرمەندە هەژار و چەوساوەکان ئەرێنییتر دەبی، لەبەرئەوە گۆڕانکاریی لە سیستەمی سیاسیی یان هاتنەسەرکاری سیستەمی سیاسیی تازە کاریگەرترین هۆیە لۆ گۆڕانی بارودوخی هونەریش.
دووەم: تا ئێستاش زۆربەی هونەرمەندان لە چینە هەژار و چەوساوەکانن چونکە بێجگە لەوەی چینە هەژار و چەوساوەکان وە ژمارە زۆربەی زۆری کۆمەڵ پێکدەهینن. . کەسە زەنگین و چەوسێنەرکان کە کەمایەتییەکی کەمی کۆمەڵن تا بتوانن وە زەبری هێزی پارە و پێویستییەکانی ژیان و گوزرەان هونەرمەندە هەژار و چەوساوەکان بکڕن هەر دەیانکڕن و هێندە پێویستیان بەوە نابی خۆیان ببنە هونەرمەند چونکە بە سروشتی خۆیان کەسانی تەمبەڵ و مشەخۆرن و حەز و ئارەزووەکانیان بەوە دێنەدی کە وە بێ ماندییبوون هونەر و هونەرمەندان بکڕن. . دواییش ئەو جۆرە کەسانە کە وە هیچ جۆر و شێوەیەک وە هزر و فەلسەفەیەکی مرۆڤپەروەرانە پەیوەست نین هەرگیز ناتوانن داهێنانی هونەریی - کە لە رێگەی پەیدۆزکردنی جوانییەکان دوا ئامانجی خزمەتکردن و ئاسوودەکردنی مرۆڤەکانە - ئەنجام بدەن و ببنە هونەرمەند، باشترین چارەی ئەو ئاریشەیەش ئەوەیە هونەرمەندان کە زۆرینەیان سەر بە چینە هەژار و چەوساوەکانن بتوانن خۆڕاگرانە لەسەر پێی خۆیان بوەستن و چیدی خۆیان لە پێناو هێندەک مادە و خۆدەرخستن و ناوبانگ پەیداکردن هەڕاج نەکەن و بەرهەمە هونەرییەکانیان نەفرۆشن و بتوانن لە رێگەی کاری ئاسایی ژیان و گوزەرانی خۆیان دابین بکەن وەک هەر وێژەوانەکی هەژار و چەوساوە کە هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نییە خۆی بە هۆی نووسینەکانی بژیێنێ.
سێیەم: وێژە و هونەر کە دوو بەشی (رۆشنبیرییە جوانەکان*)ن کۆمەڵە چالاکییەکی مرۆییانەن و کاریان جوانناسی و پەیدۆزکردنی جوانییەکان و سەرەنجام رازاوەترکردنی سروشت و ئاسوودەکردنی مرۆڤ و گیانەوەرەکانە. . فرە فرە لە یەک نێزیک و ئاوێتەی یەکن. . لێ وە تێڕوانینی من هونەر پتر پێویستی وە وێژە هەیە. . چونکە وێژە تێڕامان و چالاکییەکی هونەرییانەی مێشک و هزرە و تێکڕای رەگەزەکانی هونەری لە بوونی خۆیدا هەڵگرتییە و ئەگەر رشتە هونەرییە دەستکردەکانی مرۆڤیش نەبن ئەو کاری خۆی هەر دەکا. . کەچی هونەر رێک وە پێچەوانەی وێژە وەک چالاکییەکی فیزیکیی و میکانیکیی جوولەی ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ لە سادەترین کاری تا دەگاتە هەرە ئاڵۆزەکەی پێویستی وە وێژە هەیە و هەرگیز ناتوانی وە بێ ئەو یەک تاکە هەنگاویش چییە بهاوێژی، لەبەرئەوە هەر هونەرمەندەک بێجگە لەوەی وەک هەر وێژەوانەک پێویستی وە خووندنەوە و خۆ هۆشیارکردنەوە و خۆپەروەردەکردن هەیە لە بوارەکانی هزر و فەلسەفە و سەرجەمی زانستەکان زۆر پێویستیشی وە خوندنەوە و خۆ هۆشیارکردنەوە و خۆ پەروەردەکردن هەیە لە رووی وێژەییەوە، لێ لە سەردەمی ئێستا دەسەڵاتی سیاسیی و ئابووریی - کە وەک دووانەیەکی تەواوکەری یەکدی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵ و جیهان وە شێوەیەکی گشتی سەرتۆپن - بێجگە لەوەی هزر و فەلسەفەی وە رشتە وێژەییەکانیشەوە لە قاوغ گرتییە - کە رووبەرەکی چاک و لەبارن لۆ پەرەسەندن و گەشەکردنی هونەرەکی مرۆڤپەروەرانە - کاروبارەکانی وە زانستە هیشکەکانی وەک فیزیا و کیمیا و بایۆلۆژیا و بیرکاریی وە تایبەتییش تەکنەلۆژیایە ئەلەکترۆنییەکان باشتر دەگوزەرێ. . هونەری کردیتە کۆیلەی ئەو تەکنەلۆژیایە ئەلەکترۆنییانە و بەردەوام لە کۆششی ئەوە دایە لە وێژەی دوور دوور بخاتەوە، جا سەرەنجام ئەگەر لەنەوپاش هونەرمەندان دەگەڵ وێژە ئاشت نەبنەوە و هۆشیارییەکی چاکی وێژەییان نەبی یان نەتوانن ببنە ''نیمچە وێژەوان'' ئەوە تەکنەلۆژیا قووتیان دەدا و دەبنە پارچەکانی ئامێر و دەزگایە ئەلەکترۆنییەکان.
چارەم: تێکرای ژیان سیاسەت بەڕێوەی دەبا. . هونەرمەندیش وەک هەر کەسەکی دیکەی کۆمەڵ ئەگەر لە سیاسەت دوور بی ئەوە خەڵکانی بوارەکانی دیکە هەر وە سیاسەت وەک یەک تۆپی بێ گیان تۆپتۆپانێی پێ دەکەن و هەر دەمەوە یەکەک وە ئارەزووی خۆی شاپی تێهەڵدەدا، دیارە مەبەستم ئەوە نییە کە هونەرمەند وەک سیاسەتکارەک کاتەکانی خۆی لە کۆڕ و کۆبوونەوەی حیزبیی یان هەر جۆرە رێکخرابوونەکی دیکەی سیاسییدا وەفیڕۆ بدا بەڵکە پێویستە هۆشیارییەکی چاکی سیاسیی هەبی تا بتوانی لە رێی هونەرەکەیەوە لایەنگریی لەو هزر و سیاسەتانە بکا کە بەرانگژی سیاسەتە دژەمرۆییەکان بوونەتەوە یان وەلایەنی کەم بتوانی لە رێگەی بەشداریینەکردنی لە هونەری چرووک و چەواشەکاریی و بانگەشەی سیاسەتبازان و خزمەتنەکردنی سیاسەتە نەرێنییەکان رۆڵی هونەرییانەی خۆی بگێڕی.
بێ گومان لەو کڕین فرۆشتنەی هونەر و هونەرمەندان مەبەستمان ئەوە نییە کە هونەرمەند خەرجیی تێچوونی بەرهەمەکەشی هەر لە بەڕکی تایبەتی خۆی دەربچی بەڵکە لەسەر دامودەزگایە هونەرییەکان پێویستە ئاسانکاریی بکەن لە رێی خودی بەرهەمی هونەرمەند خەرجیی بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکەی دابین بکرێ نەک پارەی هیشکە بدەنە هونەرمەند تا بەرهەمی کرچوکاڵی پێ دەربکا و خۆشی تووشی گەندەڵیی ببی و لە پای ئەوەش ببیتە تووتی دەسەڵات. . هیچ کاری هونەرمەند نییە خەریکی ئەوە بی نەک لە نێو هونەرەکەی بەڵکە لە دوان و قسەکردنیش وە شانوباڵی سیاسەتبازان و بازرگاناندا هەڵبدا یان لایەنگیریی سیاسەتی حیزب و رێکخراوەیەکی سیاسیی بی یان بانگەشە لۆ هەڵبژاردن و بۆنە سیاسییە تایبەتەکانی سیاسەتبازان بکا. . نموونەی ئەو هونەرمەندانەش زۆر زۆرن کە وەک دەیبینین کەم هونەرمەندی ناودار یان مامناوەندیی کورد هەیە خۆی و هونەرەکەی نەفرۆشتبی. . تەنانەت دیاردەکە هێندە باوە کار گەیشتیتە ئەو رادەیەی کە زۆر هونەرمەند خۆشیان هەڕاج دەکەن لێ زەنگین و سیاسەتبازەکان پێویستیان نییە چونکە زۆریان کڕییە و تەنێ هەر بەوە رادەگەن جۆری زۆر ملکەچ و زۆر باش وە پێی خواستەکانی خۆیان بکڕن!!!
_______________________________
* تا نها ئەوە هەر باوە کە وێژە و هونەر هەردووکیان پێکەوە وە دەستەواژەی (رۆشنبیریی) پێناسە دەکرێن، لێ رۆشنبیریی کە فەرهەنگیشی پێ دەگۆترێ دەستەواژەیەکی زۆر بەرفراوانە و لە راستییدا هزر و فەلسەفە و زانستەکان و هەموو ئەو چالاکیی و پڕۆسانە لەخۆ دەگری کە تێڕامان و بیرکردنەوەیەکی رۆشن و هۆشمەندانەیان گەرەکە، وە رای من ئەگەر لۆ وێژە و هونەر پێکەوە (رۆشنبیرییە جوانەکان) وەکارببردرێ زۆر چاکتر و راستترە.
١\٤\٢٠١٤ - لەندەن
dxunce@yahoo. co. uk