ئەوشۆ خەونم وە ''دنیا''وە دیت و لێمپرسی:
- · وە رای خۆت کێ لە کوشتنت تاوانبارە؟وە پێکەنینەکی تفت و تاڵەوە بەرسڤی دامەوە و گۆتی:
- · ئەتوو تاوانباری..بێ گومان ئەتووش یەکەکی لە تاوانبارەکان!
هەرگیز بە بیر و ئەندێشەمدا نەدەهات کە ''دنیا'' بەو جۆرە بەرسڤم بداتەوە، هەر لە جێی خۆم سۆر هەڵگەڕام و تووشی حەپەسان و سەرسوڕمان هاتم! پاشان لەپڕ گۆتی:
- · نا نا..سەرسوڕمانی پێ ناوێ کاکە، ئەتوو کە تاکەکی لە نێو یەکەک لەو سێ بەشەدا (دەسەڵات و حیزبەکان، دین و ئەفسانەکان، نێرسالاریی و دابونەریت و فەرهەنگی گشتیی کۆمەڵ) ئەگەر گریمان بێ وەیترین و چاکترین کەسیش بی هێشتا هەر تاوانباری چونکە ئەتوو خۆت لە تاوانەکە گێل دەکەی؛ ئەدی ئەوە نییە لە من دەپرسی کێ تاوانبارە؟! ئەوە پرسیارەکی زۆر زۆر بێ واتا و پووچە! ئەگەر ئەتووش تاوانبار نەبای ئەوە دەچووی وە جۆرەک لە جۆرەکان خەریکی لەنێوبردنی تاوانی کوشتنی من و هەموو تاوانەکان دەبووی نەک بەو جۆرە هێندە بیر لە من بکەیەوە تا بێمە خەونیشت..کاتەکیش کە وەئاگادێیەوە هەر بە گێڕانەوەی ئەو خەونە و کۆمەڵەک قسەی گەورە و پڕوپووچ (وەک ئەو قسانەی کە رێکخراوەکانی ژنان و میدیا و رۆشنبیران و حیزب و رێکخراوە وە ناو ئازادییخوازاەکان دەیکەن) دڵسۆزیی و یەکسانیخوازیی درۆزنانەی خۆت لۆ ژنان و تەواوی کۆمەڵ نمایش دەکەی''!
قسەکانی وە جۆرەک تەنگەتاوی کردم؛ دەگەڵ راچلەکینم لە خەوەکەم وەئاگاهاتم!
دیتنی ئەو خەونە و گێڕانەوەکەی رێک واتای ئەوە دەگەیەنێ کە خاوەن خەونەکەش تاوانبارە وەک ئەوەی ''دنیا'' گۆتی، ئاخەر خەریکبوون بەو خەون و قسە گەورە گەورانە هەرگیز تاوانی کوشتن لەنێو نابا..خۆ پێش کوشتنی دنیا و دەیان هەزار دنیای دیکەی پێش ئەویش ئەو قسە گەورانەمان هەر دەکردن..پاش کوشتنی دنیاش هەر بەردەوامین و دەیانکەین..بەڵام هێشتا وە هەزاران دنیای دیکەش هەر چاوەڕێی هەمان چارەنووس دەکەن!
ئیدی ئەگەر هێندەک وە هووردیی و راشکاوانە بیر بکەینەوە دەبینین لەمێژە سەردەمی ئەو قسە گەورە و بێ کردارانە وەسەرچووە، ئێستا کاتی کار و رفتارە، دیارە مەبەستم لە کار و رەفتار ئەوە نییە کە خەریکی تۆڵەکردنەوە بین و ئەمەش دەستی خۆمان وە خوون سۆر بکەین..بەڵکە کار و رەفتار ئەوەیە کە:
١-وە هیچ جۆر و شێوەیەک هاوکاریی دەسەڵات و حیزبەکان نەکەین و لە هیچ تشتەک بەشدارییان نەکەین..واتە نەبینە ئەندام یان لایەنگری هیچ حیزب و رێکخراوەکی سیاسیی و لە هیچ جۆرە هەڵبژاردنەکیاندا دەنگیان پێ نەدەین و لە هیچ دامودزگەیەکیان کار نەکەین و هەر تشتەک وە ئاستەم سوود بەو دەسەڵاتە نێرسالار و خێڵەکییە - کە دینی کردیتە داردەستی خۆی و خەڵکی پێ گەمژە دەکا - بگەیەنی توخنی نەکەوین..هاوکات وە دەربڕینی هەر جۆرە ناڕازیەتییەک کە لە نێوخۆ و دەرێی وڵات لە دەستمان دێ و دوور بی لە توندوتیژیی و خوونڕشتن قاویان بدەین.
٢-دینەکان لە لایەن پیاوانەوە دامەزرانە و لە بەرژەوەندیی پیاوسالاریی وەکاردەبردرێن پێویستە ئازادییخوازان و یەکسانیخوازان دەستبەرداریان ببن و کۆشش بکەن دین لە دەسەڵات و کایە کۆمەڵایەتییە گشتییەکان جودا بکرێنەوە؛ واتە دەستوور و یاسایەکان و دادوریی لە هزر و فەلسەفەی دینەکان پاک بکرێنەوە، هیچ توانایەکی مادیی و فەرهەنگیی کۆمەڵ لە مزگەوت و حیزب و رێکخراو و خوێندنگە و زانکۆ و دامودەزگە دینییەکان خەرج نەکرێن، خەڵک ئازاد بی لەوەی چ دین و مەزهەبەکی هەبی و پەیڕەوی دینەکەی خۆی بکا بەڵام رێ نەدرێ هێرش بکەنە سەر خەڵکی بێ دین و جێیە گشتییەکان بکەنە سەکۆی دینیی و خەڵک لەسەر دین پەروەردە بکەن و وە تۆبزیی ناچاریان بکەن ملکەچی پەیڕەوەکانی دین ببن.
٣-پیاوسالاریی و دابونەریتی زیانبەخش و دژەمرۆیی و خێڵەکیی کە بوونەتە بەشەکی گەورە و کاریگەر لە فەرهەنگی کۆمەڵ لە خۆماندا بتەکەێنین؛ واتە هەر یەکەمان لە کنە خۆمان (رەوشت و ئابڕووی)ی بێ رەوشتیی و بێ ئابڕوویی پیاوسالاران لە بنوبۆتکەوە دەربکێشین و لە گفتار و رەفتاردا دان وە ماف و ئازادیی تەواو و وەک یەکی نێوان ژنان و پیاواندا بنێین، وە کورتییەکەی فەرهەنگ و دابونەریتی کوردەواریی خۆمان لە بن پێمان بنێین و لە جێی ئەواندا فەرهەنگی چاک و پێشڤەڕۆیانەی ئەو گەلانە وەربگرین کە ژنکوژیی لە نێویاندا نەمایە و وە خێرایی بەرەو ئەوە دەڕۆن تێکڕای توندوتیژییەکانی دژ وە ژنان بنەبڕ بکەن.
داوای بووردنەکی گەورە لە ''دنیا'' دەکەم و پێی دەبێژم:
- · “دنیا'' گیان..ببوورە ئەوە خەونی من نەبوو..ئەوە خەونی ئەو کەسانەیە کە وە دەسەڵات و حیزبەکان ئاڵوودە بوونە و لە نێو دین و ئەفسانەکان نوقم بوونە و ناتوانن لە فەرهەنگی نێرسالاریی و دابونەریتی داڕزای کوردەواریی لابدەن، دڵنیابە ئەمن خۆم وەک یەک تاک زۆر لەمێژە هەر سێ خاڵم جێبەجێ کردییە (دەسەڵات و حیزبەکانم لە مێشکمدا رەش کردیتەوە، دین و ئەفسانەکانم لە ناخمدا فڕێ دایتە دەرێ، نێرسالاریی و دابونەریتی کوردەوارییم لە بن پێم نایە) هەر بەردەوامم و هەر بەردەوامیش دەبم لەسەریان.
دە با هەمووان پێکەوە وەها بکەین تا بتوانین تێکڕای ''دنیا''یەکان بپارێزین و دنیایەکی بێ کوشتن و جوان و ئاسوودە بنیات بنێین!
٣١\٥\٢٠١٤