حیزب تەنێ یەک خێڵی مۆدێرنە و هیچی دیکە!
ئێستا وازهینان لە حیزب و حیزبایەتیی وەک کاردانەوەیەکی وەهێز لە دژی بیرتەسکیی دەستەگەریی و بیرۆکراسییەت و گەندەڵیی و ستەمکاریی حیزبەکان خەریکە دەبتە دیاردەیەکی فرە زەقی سەر گۆڕەپانی سیاسیی لەسەر ئاستی تێکڕای جیهان، لەو ماوانەی دواییدا رێژەیەکی بەرچاو لە کەسانی هۆشیاری بەرەی گەل لە نێو کۆمەڵی کوردستانی باشووریش - ئەوانەی گفتار و رەفتاریان وەک یەکە وە تایبەتییش کەسانی ئازادییخواز و یەکسانییخواز - دەستبەرداری حیزب و حیزبایەتیی بوونە، (رێژەی کەمیی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژادنەکان ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە).
کاتی ئەوەیە حیزب و حیزبایەتیی لە خۆمان دابتەکێنین!
ئەمن خۆم پێش بیست و سێ ساڵ لەوەوبەر پاش ئەوەی لە چەند حیزب و رێکخراوەیەکی سەردەمی بەر لە راپەڕین - ئەوانەی لە نێو جەماوەر وە باش و شۆڕشگێڕ ناویان دەرکردبوو - وەک خەباتەکی پێویستی ئەو کات بەشدارییم کرد. . لە پاش تەواوبوونی راپەڕین وە یەکجاریی وازم لە حیزب و حیزبایەتیی هینا، ئەوەش لەبەرئەوە نا کە وە ئەزموون لۆم وەدەرکەت ئەو حیزب و رێکخراوانە خراپن و زۆر وە کەمیی پەیوەستی ویست و ئامانجەکانی گەلن و دەکرێ حیزب و رێکخراوی باش و باشتر چێبکرێن و سەر وە گەل بن، بەڵکە لەبەئەوەی هەر لە بنەڕەتەوە لە رووی هزریی و رامیارییەوە گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە ''حیزب بێجگە لەوەی یەک خێڵی مۆدێرنە هیچی دیکە نییە!'' و ئیدی ئەو سەردەمە وەسەرچووە کە مرۆڤ تا ئەو رادەیە گێل بی خۆدوژمنیانە هەڵسوکەوت بکا و وە دەستی خۆی دیکتاتۆریەت چێبکا و وەکی کۆیلەیەکی زۆر ملکەچ خۆی بخاتە ژێر فەرمانەکانی بیرۆکراسیەتی حیزب کە پێکدێ لە (سەرۆکەکی پاشائاسا و نووسینگەیەکی هەلپەرست و ئەنجوومەنەکی گەندەڵکار) لە هەمووشی عەنتیکەتر ئەوەیە وەهای بخاتە بەرچاوان کە لە پێناو گەل و سەرلەبەری مرۆڤەکانی جیهان لێبڕاوانە لە خەبات و تێکۆشان دایە!
رێکخرابوون وەک تەکنیکی تێکۆشان زۆر جۆری هەیە، حیزب جۆرە هەر خراپەکەیەتی!
هەڵبەتە من مەبەستم ئەوە نییە کە ''رێکخراوبوون'' وەکی میکانیزمی تێکۆشان پێویست نییە، چونکە کە مرۆڤ بوونەوەرەکی کۆمەڵایەتییە هەرگیز ناتوانی بێ رێکخراوبوونی کۆمەڵایەتیی گۆڕان و وەرگۆڕانە گەورەکان ئەنجام بدا، لێ وە رێکخراوبوونی حیزبیی نا. . چونکە رێکخراوبوونی حیزبیی کاتەکی زۆری لە مرۆڤەکان وەفیڕۆ دا و وەک هێلکەیەکی پیس هیچی هەڵنەهێنا، ئێستا لە چارچیوەی ئەو پێشڤەچوونە هەمەلایەنە خێرایانەی کە لە جیهان روودەدەن ئیدی خەڵک بای ئەوەندە هۆشیارییان هەیە پێویستیان بەو رێکخراوبوونە دیکتاتۆریەتەی حیزب نەمینێ کە ئازادییەکان و دەستپێشخەرییەکانی مرۆڤەکان سەرکوت دەکا و دەیانکاتە فەقێی سیپارەخوون، بەڵکە خۆیان - ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز و ئازادییخواز - دەتوانن بێجگە لە تێکۆشانی کەسیی هەر تاکەک رێکخراوگەلی ناحیزبییانە و سەر وە خۆیان وەک (ئەنجوومەنی گەڕەکەکان و گوندەکان، کۆمەڵە و یەکێتییەکانی نێو کارگە و فەرمانگەکان، یەکێتیی و رێکخراوە پیشەیی و رۆشنبیرییەکان و. . . هتد) لە نێو خۆیان چێبکەن و هەر خۆشیان لە یەکگرتنەکی گشتییدا سەرپەرشتیی خۆیان بکەن و وە پێی سیستەمی خوازیاری خۆیان لە هەر سێ کایەی (کار و ئەرک، ئامانج و ماف، جۆر و شێوازی ژیان و گوزەران) یاساگەلەک دابنێن و جێبەجێی بکەن و ئیدی پێویستیان وە حیزب و دیکتاتۆریەت و بیرۆکراسیەتەکەی نەمینێ کە کۆمەلە کەسەکی کارنەکەر و مشەخۆر و چەقەچەقکەر وە کرێ دەگرن و وە ناوی پەرلەمان (فەرمانبەری حیزبەکان) و حکومەت (سەرۆک و وەزیرەکان - سیخوڕگەلە مشەخۆرەکانی حیزب -) و دەسەڵاتە دادوەرییە پڕ نادادەکەیان دایاندەمەزرێنن کە پێکدێ لە هێندەک ئەکادیمیستی رۆبۆتی دەستووریی دەسەڵاتداران و دەیانکەنە بارەکی زۆر قورس وەسەر شانی میللەتەوە تا وەک زێروو خوونی یەک وە یەکی تاکەکانی کۆمەڵ وە تایبەتییش ئی خەڵکە بێ لایەن و هەژارەکە بمژن!
ئێستا ئەگەر هەر سەرپێیی تەماشایەکی حیزب و حیزبایەتیی لە کوردستان بکەین دەبینین حیزب:
● لە رێی پارچەپارچەکردنی میللەت و دوژمنانیەتیی نانەوە لە نێو تاکەکانی کۆمەڵ تەنێ لە پێناو پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندییە مادییەکانی (سەرمایەداران و بازرگانان و چەک وەدەستان) وە تایبەتییش سەرکردە و سەرپەرشتیارەکانیان و وە تایبەتییتریش تاوانکارەکانیان کار دەکا و چین و توێژە هەژار و کرێکارییەکانیش کە چێکردنی ژیان و گەشەسەندنی لەسەر ئەرک و ماندییبوون و قوربانییدانی ئەوان راوەستایە لە ژێر پێی خۆی دەنێ!
● لە داگیرکەرانی کوردستان و دوژمنە نیشتیمانیی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان پتر خەریکی لەیەک دوورترخستنەوەی پارچەکانی کوردستان و پەرتەوازەکردنی میللەتە، هەمیشە تۆی چەندبەرەکیی لە نێوان خودی یەک پارچە و ناوچەکان و زاراوەکان و دینەکان و جوایەزیی رەگەزیی و دابونەریتە جوایەزەکانی نێوی دەچینی، خۆ وەکەم دیتن و لاوازکردنی هەستی رزگاریی نەتەوەیی و نیشتیمانیی پەرە پێدەدا، دوژمنی سەرسەختی سەربەخۆیی کوردستان و نیشتیمانەکی ئازاد و یەکسانە.
● بەرجەستەترکردنی پیاوسالاریی و نێرسالاریی وە گشتیی ئاکار و خەسڵەتی هەرە دیار و ئاشکرایەتی، یاسا و رێسا و دەستوور و نەریتە پیاوانەییەکەی و رێکارە یاساییەکان و هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی رەنگدانەوەی ژنکوژیی و توندوتیژییەکانی دژ وە ژنان و پێشێلکردنی تێکڕای ماف و ئازادییەکانی ژنانە، وەکاربردنی دینەکان - کە خۆیان لەبارن لۆ وەکاربردن - و وەکاربردنی دابونەریتی داڕزا و پاشادمایی و فەرهەنگی جۆتیاریی و خێڵەکیی سەرەتاییترین بەرنامەکاریەتی دژ وە ژنان.
● ئیدی و. . . ئیدی. . .
سەرەڕای هەموو ئەوانەش حیزب وە پێچەوانەی (کەسی شیاو لە جێی شیاو) کار دەکا و بەو شێوەیە رۆڵەکان دابەش دەکا:
خێڵ لە جێی دامەزراوە و دامودەزگە کار دەکا، سەرۆک و سەرکردە و سەرپەرشتیاران میراتگر و بێ تواناترین و نەزانترین کەسی نێو کۆمەڵن، ئاسایش و پاراستنی نێوخۆ لەبەردەستی سیخوڕان و تاوانکارانن، سەرۆک و بەرپرسانی مافەکانی مرۆڤ لە کەسانی تیرۆریستی ئیسلامیی و کەسە توندوتیژەکانی نێو کۆمەڵن، سەرۆک و دەستەی دەستپاکیی لە گەندەڵکاران و بازارگانانن، سەرۆک و سەرپەرشتیارانی رێکخراوەکانی ژنان لەو ژنانەن کە لە لایەن پیاوسالارانەوە ئاراستە دەکرێن یان هەر خۆیان وەک پیاوانی حیزب و دەسەڵات و پیاوە دینییەکان هەلسوکەوت دەکەن، داد و دادوەر و دادگە و دادوەرە گشتییەکان و پارێزەران لە هەموو کەسەکی دیکەی نێو کۆمەڵ پتر ملکەچی بێ یاسایی و بەرنامەکاری سیاسەتبازانن و فڕیان وەسەر داد و دادگەرییەوە نییە، نووسەر و هونەرمەند ئەفسەری خانەنشینن، چەکداری خۆفرۆش و بەعسی شەهیدن یان پێشمەرگەی خانەنشین یان سەرکردەی سەربازیین، رۆژنامەنووس دەربار و بەردەستی سیاسەتبازانن، سەرکردەی تاوانکاری سەربازیی خاوەنی کۆمپانیای نەفتە، قاچاغچی بەرپرسی فڕۆکەخانەیە، قاچاغچیی داودەرمان سەرۆکی خەستەخانەیە، و. . . هتد!
وە کورتییەکەی ئێستا حیزب لە کوردستان ئەو پەتایە هەرە پیسەیە کە سەرتاپای هزر و جەستەی کۆمەڵی تەنییە، وەک ئەوەی کە هەمیشە دەستپێشخەرییە ئەرێنییە گرنگ و پڕ بایەخەکانی نێو کۆمەڵ لە لایەن کەسە ئازادییخواز و یەکسانییخوازەکان وە تایبەتییش چەپڕەوەکانیان ئەنجام درانە. . ئێستاش لابردنی حیزب وەک مۆتەیەک لەسەر سینگی میللەت ئەرکی هەر قورسی ئەو قۆناغەی هەنووکەی ئەوانە.
daraxunce@yahoo. com
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.