( لامارتین ) دەڵێت : " جوانترین هۆنراوە لە سەرانسەری جیهاندا لای لایەی دایکانە " .لای لایەو گۆرانی و لاواندنەوەی دایکان بۆ کۆرپەکانیان، بەشێکی گرنگن لە ئەدەبی منداڵانی کورد و، لە کەلەپووری رەسەنی کوردیمان ..دایکانی دڵسۆز و میهرەبانی کورد، لە گەڵ راژەنینی لانکی ساواکانیاندا ..لەگەڵ خڕەخڕی موتوموور و مەرجان و کوژەکەدا ..لەگەڵ زڕەزڕی پۆیلە و زەرتکە و تەتکە و پەتکە و ..تەق و خڕوهۆڕی خول خولەی هەڵواسراوی قەد کەمەری لانک و بێشکەکانی کۆرپەکانیاندا ..لەگەڵ خڕوهۆڕی بازنگەگەکانی قۆڵە نەرمۆڵە و ناسکەکانیاندا ..لەگەڵ زرینگەزرینگی زەنگڵۆڵە و پلپلەی خڕخاڵی پێیە قنجەکانیاندا ..کە تێکەڵ بە بۆن و بەرامەی خۆشی حەت حەتۆکەکانی ملیان دەبن ..بە لای لایە و بە گۆرانی خۆش ..بە لاواندنەوەی پڕ لە سۆز و جۆش ..بە سەدایەکی ناسک و، سۆزێکی خۆشتر لە خۆشترین موزیک و ئاواز ..بەیتی کوردی و گورگانە شەوێیان بودەڵێن ..لە ناخی دڵیانەوە گوزارشت لە دڵسۆزی و سۆز و خۆشەویستی خۆیان بۆ کۆرپەکانیان دەکەن ..هەر بە لای لایە ژیر و ئارامیان دەکەنەوە و، بە خۆشییەوە دەیان کەنە خەو ..( فایەق بێکەس ) ی نەمر لە شیعرت ( دایک ) دا، دەربارەی شەونخونی دایک دەڵێت : بە لای لایــــــــــە و گـــــۆرانی
رایـــــــــــژەندووم تا بەیـــــانی
پسپۆرانی بواری پەروەردە و دەروونناسی منداڵان ، ئەوەیانبۆ ساغ بۆتەوە، کە لای لایەی دایکان، لە رووی دەروونییەوە بایەخ و کرنگی بۆ منداڵانی ساوا هەیە،ئاسوودەیی و ئارامییان پێدەبەخشێ.
لە هەموو دیالیکت و شێوە زاراوەکانیزمانی کوردیمان، لە هەموو ناوچەکانی کوردستانی بەریندا ..بە سەدان دێڕ و کۆپلە هۆنراوەی لای لایە و بەیت و هۆنراوەی فۆلکلۆری و، شیعری خۆش و ناسکی تازەشمان هەیە ..کە بەسەر زاری دایکانەوەن، یا دایکان خۆیان رێکیان دەخەن و، بە ئاوازەوێکی ناسک و، بە سۆزێکی شیرین و، بە جۆش و خرۆشێکی کوردییە بۆ ساواکانیان دەڵێن ..لای لایەش بە پێی کات و سەردەم و باردۆخی سیاسی و، دەروونی ئەو دایکانەی لای لایە دەکەن دەگۆڕێت ..گەلی کوردمان لە ریزبەندی هەرە پێشەوەی گەلە دەوڵەمەنەکانی جیهاندایە لە بواری لای لایە و گۆرانی و بەیتی لاواندنەوەی منداڵاندا ..لە رووی واتاشەوە هەموو ئەو لای لایانە و گۆرانییانە واتای جوانیان هەیە و مەبەستدارن ..هەندی لای لایە و گۆرانی منداڵان ، مەبەستیێکی نیشتمانی هەیە، یا مەبەستێکی سیاسییان هەیە ..بەشێکیشیان توانج و تانە و تەشەر و پەلارن ..تەنانەت بەشێک لە نووسەرە بە ناوبانگەکانی جیهانییش تا رادەیەک سوودیان لە لای لایە وەرگرتووە، لەوانەش : (شەکسپیر، کیتس، بایرۆن، رۆبیرت) لە شاعیرانی کوردیشمان ( هەژار، قانیع، فایەق بێکەس، کامەران موکری ) ئەمانەش چەند نموونەیەکن لە لای لایەی رەسەنی کوردی و، چەند نموونەیەکیش لەو دێڕە فۆلکلۆرییانەی کە دەربارەی لانک و بێشکی منداڵان وتراون :
داری لانـــــــــــــــکیداری بی یە
سەرچاوکەکەی چیت هـەوری یە
داری لانــــــــــــکی داری خـۆخە
سەرچاوکەکەی چیت شـــــــلۆخە
داری لانــــــــــکێ دار هەنــــــارە
کەمەی لانـــــــــکێ بە بزمـــــارە
لانکت بۆ ئەکەم لە داری قەزوان
ئەیڕازێنمەوە بە شـەوە و شیلان
وەستا دیـــــــــــــــــنم لە تــارانی
لانک دروست کا بۆ چاو جــوانی
داری لانـــــــــک داری گـــــــیزە
کەمەی لانـــــــکی بە زریـــــــزە
کوڕ لە مەمـــــکان بوەزیــــــزە
دار بێـــــــــشەکەی داری لاولاوە
وەستای کــارگەی شێخی زەهاوە
لای لایــــــە رۆڵـــــە لای لایـــــە
شەوگار درەنگە بۆ خەوت نایـــە
لای لایـــــە رۆڵـــــە لای لایــــــە
هیوای دواڕۆژم لە دەست تۆدایە
لای لایەت بۆ ئەکەم لە ئێوارەوە
سەبەکــــــارت بێ بە ســێدارەوە
لای لایــــە کۆرپــــەکەم بخــەفێ
خەو خێر وەبان دیدەی بکـــەفێ
لای لایــــــــــەت بۆ ئەکـــــــەم بە دڵ و بە گیان
یا خــــــــــــوا دوژمــنان نەیــــــــەنە ســـەرتان
لای لایــــــەت بۆ ئەکـــــــەم بە وێـــــنەی کەوێ
قەزای برسی و تینویەتییەکەت لە دایکت کەوێ
هەی لایـة لایە روونـاک لای لایـە
خۆزگە لەم جەهلە رزگار بووینایە
هەی لای لایـــە کچـــــــم لای لایـە
دەبا کچ و کوڕ وەک یەک بوونایە
گورگـــــــــانە شـــەوێ گورگـــــــــانە شــــەوێ
یاخوا خەو لە چاوانی رۆڵەی شیرینم کــــــەوێ
لـــوورەی تۆی نـــاوێ، لای لایـــــەی ئـــــەوێ
ئەڵێ لە مــــــــــــاڵی ئـــــــــێمە دوور کـــــەوێ
کەمتـــیاری سـم پـــــان کەمتـــیاری سـم پـــــان
لاچــــــــۆ، بـــــــــڕۆ بۆ مــــــــاڵی یابۆکــــــان
هۆ ســەگە بــــــــــۆرە مــــــــــەوەڕە لــــــــێرە
کۆرپەکــــــــەم ناتــــــــرسێت نەوەی شـــــــێرە
کۆرپەکـــەم هەســـتاوە لە خـــەوێ
ناهـــێڵی دایــــــە بــــــنوێ شــەوي
گۆشــــــتی کەڵەبــــابی لــــێم دەوی
لای لایەی ( ئامینە )ی ژنی ( قانـع )بۆ ( کوتـەک)ی کوڕی :
هــــــەی لای لایـــــــــــە رۆڵــە لایلایــە
خۆزگە لای لایـەی گشت کەس وابووایــە
بەنی دەســــرازەت خـــــوری شـــەکی کاڵ
پەروەردەی کوێـستان چــەراگای سەر یاڵ
ئـاوی خواردنەوەت کــانی ( جەیــــران)ە
هـەی لای لایــــە رۆڵـــــــــــــــە لای لایــە
خۆزگە تـۆوی نفـــــــاق هەرگـیز نەبوایــە
لای لایەی ( دایکەکوردێکی) شاری ( سـنە ) لە رۆژهەڵات کوردسـتان :
رۆڵەم لایە لای، کۆرپــەکەم لای لای
جگەرگۆشەکەم، کۆرپـەکەم لای لای
رۆڵـە خــەوت بێ، خـەوی نـازت بێ
سەحــرا و سەرزەوی پایـەنـازت بێ
رۆڵـەی ئازیــــزم، جگـــەرگۆشەکەم
ئــارامی دڵــی پـــڕ خـــــــــرۆشەکەم
بینای چــــــــاوم، روحـــــــی رەوانـم
دڵخــــۆشی دڵــــم، ئـــــــارامی گیانـم
رۆڵــە بۆ خاتـــــر ئــــــەواڵانلە کۆ
دایــــە نەوینێ مـــەرگ دیــــدەی تۆ
رۆڵە لایە لای، کۆرپەکەم خەوت بێ
دەس فریشتەکان، لە ژێر سەرت بێ
شاعیری نەمرمان( هەژار موکریانی) هۆنراوەیەکی بە ناوی ( لای لایە ) ەوە هەیە کە هونەرمەندی خوالێخۆشبوومان ( محەمەدی ماملێ ) کردوویە بە گۆرانی ..ئەمەش دەقی ئەو لای لایە یە:
لای لایـــــــــە ، رۆڵــــــە لای لایـــــــــە
ئەمشـــەو بەزەیت بە مــــندا نایــــــــــە
ژیـــربەوە رۆڵـــەی شــیرین و جــــوانم
لە داخـــی لانـــــک دەگـــــری دەزانـــــم
دەڵێـی بۆ حەپســـم بۆ دەســتە بەســتەم !
بەو بەند و حەپسە من جەستە خەستەم !
لە نێــو کـورد نەبـێ دەســــــرازە نــــیە
ئەو بەنـــد و قـــفڵ و قــــــەڕازە چــــیە ؟
کـوڕم مــن بـــــیرم لە تــۆ زیــــــــــاترە
دەســــرازە و لانــــــک ببێ چـــــــــاترە
راســــتە تـۆ نــەوەی شــــێری ژیــــانی
نەتــــەوەی پــــاکی گـــــەلی کــــوردانی
بەڵام چونــکە کورد ئەمــڕۆ بــــێکەسە
بەشــیان لە دنــیا کــۆت و مەحــــبەسە
بۆیــە دەتپــێچم تا خـــووی پێ بــــگری
نەک تا مــن مــــاوم لە بەنــــدا بــــمری
هـــەی لای لایــــە ، رۆڵـــە لای لایـــــە
هــــــــەزار تێـــــــبینی دواڕۆژم لایــــــە
ئەمانە و بە سەدان دێڕ و کۆپلە لای لایەی ترمان هەیە کە بوونەتە وێردی سەر زمانی دایکان ..بە سەدانیش بەیت و گۆرانی منداڵانمان هەیە ..کە منداڵە چاوگەشەکانی کوردمان، لەگەڵ یاریکردنی بە کۆمەڵدا دەیڵێنەوە ..تا ئێستا تەنها بەشێکی کەم لەو یارییە کوردەوارییانەمان کۆکراونەتە و لە کتێبدا نووسراون ..هیوادارم پێش ئەوەی لە بیربچنەوە یا لە ناوبچن، کەسانی شارەزا و دڵسۆزی ئەم بوارە بیر لە رزگارکردنی ئەم سامانە کەلەپوورییە نەتەوەییەمان بکەنەوە ..چونکە ئەمانە بەشێکن لە مێژووی ئەدەبی گەلەکەمان و، ئەو راستییەش دەسەلمێنن، کە گەلی کوردمان لە دیڕ زەمانەوە بایەخیان بە پەروەردەی دروستی منداڵان داوە .
(*) سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە :
١ـ دیوانی قانـع ـ بورهـان قانع ـ سلێمانی ـ ١٩٧٩
٢ـ بۆ کوردســتان ـ هــــەژار موکریانی
٣ـ ئەدەبی منداڵان ـ سەعدوڵڵا شێخانی
٤ـ گۆڤـاری( گەلاوێـژ ) ژمارە ( ٨ ـ ساڵ :١٩٤٣ ز)
٥ـ پێگەی ئەدەبی منداڵان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ـ شەریف فەلاح
رەزا شوان /نەرویج : ٢٧/ ٦ / ٢٠١٤