بڕواناکەم لە هەموو جیهاندا گەلێک هەبێت، کە لە پێناوی بە دەستهێنانی مافەکانیان و سەربەخۆییاندا، هێندە گەلی کورد قوربانییان دابێت ..ئێمەی کورد تا ئێستا بە هەزاران قوربانیمان داوە لە پێناوی بە دەستهێنانی مافە رەواکانمان ..ئەو دەسکەوتانەیکە لە باشووری کوردستانداهاتوونەتەدی ..کەس خێری پێ نەکردووین ، بە ڵکو بەریئەو هەموو قوربانیانەن کە داومانن ..بە دەریایەکی خوێن، بە کیمیابارانی هەڵەبجە و بەدەیان شوێنی ترمان، بە زیندەبەچاڵکردنی ( سەد و هەشتا و دوو هەزار ) کورد لە شاڵاوە دڕندەکانی ( ئەنفالی بەدناو ) دا، بە شەهیدکردنی( دە ) هەزار لاوی فەیلیمان، کە تا ئەمڕۆش گۆڕ نادیارن، بە شەهیدکردنی هەشت هەزا بارزانی ( کە بە شێوەیەکی نامەردانە لەبیابانی عێرق ) دا لە ناویان بردن ..بە لە سێدارەدان و بێ سەروشوێن کردنی بە سەدان گەنجمان، بە شەهیدبوونی بە سەدان پێشمەرگەی بە جەرگمان ..بە تاڵانکردنی ماڵ و سامانمان، بە کاولکردنی نزیکەی پێنج هەزار گوند و شارەدێ و ناحیە و گەڕەکمان، بە دەرکردن و راگواستنەوەی بە هەزاران خێزانی کوردمان، بە بەعەرەبکردنی خاکێکی زۆری باشووری کوردستانمان، بەم هەموو قوربانییانە ئەم دەستکەوتانەمان هاتوونەتەدی ..ئەم خوێنڕێژە دڕندە و بێ رەوشتانەی سەدەی بیستەم ، ئەم گورگە بیابانییانە ئەوەی نەکرابوو، بە ئێمەی کوردیان کرد ..؟!ئەو تاوانانەی سەرەوە، مشتێکن لە چەندین خەرواری تاوانی قێزەوەنتر، کە لە لایەن هەڵگرانی دروشمی ( ذات رساڵة خالدە ) وە ئەنجام دران ..لەراستیدا ئەمانە خاوەنی پەیامێکی خوێناوی و قێزەوەنن ..بەم تاوانە قێزەوەنانەیان، راستیی دروشمەکەیان سەلماند، کە لە راستیدا ( ذات رساڵة فاسدە) ن .
ئەو دەستکەوت و نیوچە سەربەخۆییەی کە ئەمڕۆ لە باشووری کوردستاندا هەیە ..لە چاو ئەو هەموو قوربانییانەی داومانن، لە چاو ئەو هەموو ماڵوێرانی و نەهامەتییانەی بە سەریان هێناوین، زۆر زۆر کەمن و، هاوسەنگی قوربانییەکانمان نین ..کەچی لە ئەمڕۆشدا هەندێ لە کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی شۆڤێني عەرەبی لە حکومەتی عێراقدا، وەکو ئەوان خێریان پێ کردووبین، ئەو دەستکەوتانەما بە زیاد دەزانن ..خۆ ئەگەر دەستیان بڕوات ئەنفال و هەڵبجەیەکی تر لە باشووری کوردستاندا ئەنجام دەدەن ..چونکە کوشتن و بڕینی کەسانی بێ تاوان و، وێرانکردن و، تاڵانکردن و دزیبۆنەتە بەشێک لە کولتووری بۆگەنیان، ئایینی ئیسلامیشیان کردووە بە پەردەپۆش بۆ پۆشینی تاوانە قێزەوەنەکانیان و داگیرکردنی کوردستان و هێنانەدی مەرامە گڵاوەکانیان .
ئەم دەستکەوتەکانەیکە لە باشووری کوردستاندا هاتوونەتەدی، دەستکەوتی هەموو کوردێکەلە هەر کوێیەکی کوردستان و لە دەروەشدا بێت ..ئەمڕۆ باشووری کوردستان بووە بە رووگەی هەموو کوردستان ..پێویستە ئەم دەستکەوتانەمان بپارێزین وزیاتر درێژە بە خەباتی بێوچانمان بدەین ..لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستاندا ..سەردەم سەردەمی راپەڕین و بەدەستهێنانی مافی چارەنووسە، ئەمەش مافێکی رەوای هەر گەلێکی تیکۆشەری ماف زەوتکراوە لەسەر خاکی خۆیدا ..ئیمەی کورد نە خاک و نە مافی هیچ میللەتێکمان داگیرنەکردووە و، داگیریشی ناکەین ..هەردەم ئاشتی پەروەر بووینە دژی شەڕدۆست نەبووینە، چەک هەڵگرتمان تەنها بۆ بەرگری و وەرگرتنەوەی خاکی داگیرکراو و مافە زەوتکراوەکانمان بووە .
ئەوەی کە جێی داخە، زۆر جار مێژوو دووبارە بۆتەوە، چەند جارێک تا ئیستا ئەو ماف و دەستکەوتانەی کە بە دەریایەکی خوێن بە دەستمان هێناون، کەچی لەسەر مێزی گفتوگۆدا بە ئاسانی لە دەستمان داون ..ئێمەی کورد میللەتێکی دڵپاک و خۆشباوەڕین، زوو بە قسە و بەڵێنی درۆ و بە سوێندخواردنی بە شەرف و، بە زەدەخەنەی ژەهراوی داگیرکەرانی کوردستان باوەڕمان کردووە..بەڵام نەیارانی گەلەکەمان وەکو ( مارەکەی مام هۆمەر) وا بوونە و هەر واشن، کە گەرم بووبێتنەوە، لێمان هەڵگەڕاونەتەوە و، هەموو ژەهرێکیان کردوونەتە خوێنی ئێمەی کوردی ئازادیخوازەوە ، هەردەم ئەوان بە نامەردی پاداشتی چاکەی کوردیان داوەتەوە ..كامەیان باشن ؟! کامیان دەڵێی لەوی تریان دڕندەتر و شۆڤێنی ترە ..تا ئێستا چەندین جار، جار لە دوای جاریش خراپتر تێکەوتین ..هاتووینەتەوە سەر سفر.ئەوەی کە زیاتر بۆتە داخ لە دڵی ئێمەدا، ئەوەیە کە سەرکردەکانی ئێمە زۆر کەم پەند وانە لە شکستی و لە هەڵە و لە نەهەماتییەکانی رابردوومان وەردەگرن ..ئەگینا دووبارە و سێ بارەیان نەدەکردنەوە ..گەورەترین هەڵەش کە ئەمجارە تێی کەوتن ئەوەبوو، کە رازی بوون بە ئەنجامدانی راپرسی بۆ گەڕانەوەی ( کەرکوک ناوچە تازە رزگارکراوەکانی ترمان) کێ هەیە خاکی خۆی بخاتە راپرسییەوە ..؟! دەی ئەوە رۆی رابورد و، باجی ئەو هەڵەیەش گەلەکەمان دایەوە ..بابێینە سەرئیستا کە ( پارێزگای کەرکوک و ئەو ناوچانەی تازە رزگارکراون )، کە سەرجەم لە (٩٥ ./.) ی خاکی رزگارکراوی باشووری کوردستاندەگرنەوە، هیوادارم ئاڵای کوردستان لەسەر چیای حەمریندا هەڵبکەین ..نابێت ئەمجارە وەکو جارانی کە ئەم هەلە زێڕینە لەدەست بدەین ..( سوپای کوردستان )کە ( هێزی پێشمەرگەی) یقارەمانە نابێت بەبێ دانانی کردەوەیی حکومەتی عێراق بە گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ باوەشی کوردستانی دایک، پاشەکشێ بە هێزی پێشمەرگە بکرێت ..نابێت جارێکی تر ئەم ناوچانە بکەونە بەردەستی سوپای بەزیوی تایفی و شۆڤێنی و جاشە ئیسلامییەکانی داعش ..گەر ئەم هەلە لەدەستی خۆمان بدەین ..رێسەکەمان دەبێتەوە بە خوری ..گەرچی وەکو دەڵێن ئازادی لە لوولەی تفەنگدا هەڵدێ .بەڵام پێویستە هەموو رێگایەکی دیبلۆماسی و سیاسیش بگرینە بەر ..هەوڵ بدەین پاڵپشتێکی ناوخۆیی و نێوچەییو نێودەوڵەتی بە لای خۆماندا رابکێشین ..بۆ ئەم مەبەستەش پێویستیمان بە سیاسەتێکی ژیرانەی میانڕەوی و بە ستراتیجیەتێکی دیبلۆماسییانەی سەرکەوتوو هەیە ..پێویستە چەند دەستەیەکی سیاسەتمەداری زمانزانمان، سەردانی حکومەتەکانی ئەوروپا و روسیا و ئەمریکا و وڵاتانی تری دنیا بکەن تا پاڵپشتیمان لێ بکەن ..ئامانجەکانمان بە کار و تێکۆشان دێنەدی، نەک هەر بە قسە و بەرزکردنەوەی دروشم .
قارەمانێتی پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانمانبەرزرابگرین ..حکومەت و سەرجەم جەماوەری کوردمان لە کوردستان و لە هەندەراندا، بە ئەوپەڕی توانامانەوە هاوکاری پێشمەرگە بکەین ..پێشمەرگەن کە سنگی خۆیانیان کردوون بە قەڵغانو،بە ئەوپەڕی نەبەردییەوە بەرگری لە سنووری باشووری کوردستانماندەکەن و، شەو و رۆژ ئەنۆز ناکەن و، دەستیان لەسەر پیتکەی چەکەکانیاندان و، رووبەڕووی، جاشە ئیسلامییە کۆنەپەرست و بێ رەوشت و مێشک بۆگەنەکانی ( داعش ) و کۆنە بەعسییە شۆڤێنی وخوێنڕێژەکان بوونەتەوە ..تا ئێستا چەند شەهیدێکی قارەمانمان بوونەتە قوربانی، پێویستە هێزێکی زیاتری پێشمەرگە رەوانەی ئەو ناوچانە بکرێن ..پێویستە حکومەتی کوردستان بە هەچ شێوەیەک بێت چەکی قورستریان بۆ دابین بکات ..چونکە بەرگری کردن تەنها بە باوەڕ ناکرێت ..بەرگری و شەڕکردن بە چەک دەکرێت ..چەکی باش باوەڕی سەرکەوتن و، ورەی پێشمەرگە بەهێزتر و بەرزتر دەکاتەوە .
پێویستە ستراتیجیەتێکی نەخشە دارێژراوی تۆکمەی نەتەوایەتیمان هەبێت ..بە پێی نەخشە و پلانێکی یەکگرتووی نەتەوەیی کوردیمان، گفتوگۆ و دانووساندن لەگەڵ لایەنەکانی غەیری کورد بکەین ..قسە و لێدوانەکانی بەرپرسەکانمان لەمەڕ کێشە نەتەوایەتییەکانمان جیاواز نەبن..پێویستە گەمەکەریکی سیاسی و دیبلۆماسییەکی وریا و زیرەک بین ..ئەمجارەش وەک جارانی پێشتر فێڵمان لێنەکەن و سێ بارە تێ نەکەوین ..وەکو دەڵین مروڤی ژیر گەر جارێک دەستی بە کونێکدا کرد و مار پێوەی دا ..نابێت دووبارە دەست بەو کونەدا بکاتەوە ..تا ئێستا چەند جارێک مار بە ئێمەی کوردییەوە داوە و، بە داخەوە نە پەند و نە وانەمان لێ وەرنەگرتوون ..نازانم بو هێندە دڵپاک و خۆشبڕواین و، بە زەدەخەنەی داگیرکەران بڕوا دەکەین .
پێویستە ئەوە بزانین ـ لەگەڵ رێزمدا بۆ سیاسەتمەداران ـ لە سیاسەتدا، بەهای رەوشتی سیاسی زۆر کەمە ، گەر فێڵ نەکەیت فێڵت لێ دەکەن ..گەر نەخەڵەتێنی دەتخەڵەتێنن .
( ڤۆڵتێر ) دەڵێت : " سیاسەت هونەری هەڵخەڵەتاندنە "
( بسمارک ) یش پشتیوانی لەم بۆچوونەی ڤۆڵتێر دەکات و دەڵێت : " سیاسەت زانیاری نییە، بەڵکو هونەرە .." هیوادارم سەرکردەکان و نوێنەرانی کوردمان، پەڕلەمانتارانی کوردمان لە بەغدا..چیتر تێ نەکەون و، گەمەکەرێکی سیاسی باش و بەڵەد بن و، بە باشی لەم هونەرە بگەن ..بە لۆژیکی ئەقڵ کاربکەن نەک بە سۆزداری ..هەرگیز سازش لەسەر مافە رەواکانی گەلەکەمان نەکەن ..بچوکترین هەڵە و سازش وبێئاگایی ..گەورەتین کارەسات بە دوای خۆیاندا دێنن و راستکردنەوەیان کارێکی ئاسان نابێت .
با چیتر خوێنی ئاڵ و پاکی رۆڵە قارەمانەکانی گەلەکەمان بە فيڕۆ نەچێت..هەموومان بەرپرسین لە بەردەم چارەنووس و میژووی گەلەکەماندا، لە بەردەم نەوەی داهاتوومان ..پاکانە و بیانوو هێنانەوە و خۆدزینەوە و دوورەپەرێزی لەکەس قبوڵ ناکرێت .
کورد وتەنیش نابێت : " کوڕی خۆمان بکەین بە قوربانی کچی خەڵکی " بە هیچ کلۆجێک نابێت پێشمەرگە رەوانەی دەرەوەی سنووری کوردستاتان بکرێت بۆ شەڕکرد لەگەڵ " داعش و ماعش " دا ..پێویستە تەنهاپارێزگاری لە خاکی کوردستان بکەن ..لە پێناوی چیدا لاوی کورد لە شەڕی تایفی دا خوێنی بڕێژرێت ؟؟
بێگومان هەردەم داگیرکەرانی کوردستان و ناحەزانمان، هەوڵ دەدەن درز بخەنە ریزی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردمان، لە هەموو لایەکەوە داومان بۆ دادەنێن و، پیلان لە دژمان دەگێڕن و، بە دەیان تاوانی بێ بنەما و بێ بەڵگەش دەخەنە، پاڵمان بۆ تاوانبار کردن و ناشیرین کردنی ناوی کورد ..حکومەتی شکستخواردووی عێراق، دەیەوێ بەبێ بنەما هۆیەکی بەزین و هەڵهاتنی سوپاکەی بداتە پاڵ کورد ..ئەمەش مایەی پێکەنین و شەرمەزارییە بۆ مالیکی خۆهەڵکیش و لووت بەرزی فسس پاڵەوان .
بێگومان بە یەکڕیزی و یەکدەنگی و یەک وتاری سیاسی و یەک هەڵوێستی و یەک سەنگەریمان ..دەستەبەریلە باربردن و پوچەڵەکردنەوەی پیلانە گڵاوەکانی دوژمنانی کورد و کوردستانن ..مژدەبەخشی سەرکەوتن و گەیشتنمانن بە هیوا و بە ئامانجەکانی گەلەکەمان ..نابێت ئەمجارە تێ بکەوین و، ئەودەستکەوتانەی بە بە دەریایەکی خوێن بە دەستمان هێناون ..بە ئاسانی بە سیاسەت بیان دۆڕێنین .پێویستە دان بەم راستییەدا بنێین ..کە ئێمەی کور هیچ کاتێک بە شەڕ نە دۆڕاوین ..شکستمان هێناوە، بەڵام زوو هەڵساوینەتەوە، بە گڕتر و بە گوڕتر درێژەمان بە خەبات و بە شۆرشەکانمان داوە ..بەڵام دیسان بە داخەوە ئەو دەستکەوتانەی بە شەڕ وەرمان دەگرتن ..بە سیاسەت دەمان دۆڕاندن ..چونکە دڵمان پاکە و خۆشبڕواین و بە وردیش بەرانبەرەکانمان نەخوێندۆنەتەوە ..گەمەکەرێکی سیاسی سەرکەوتووش نەبووینە ..پێویستە ئەو شکستی و هەڵانەمان ببن بە پەند و وانە و، چواربارەیان نەکەینەوە ..ئەگینا ئەو دەستکەوتانەی بەدەستیشمان هێناون لە دەستییان دەدەین و ..دێێنەوە سەر ساجی عەلی و، خاڵی سفر .
پێویستە سەرکردەکانی کوردمان ترس لە دڵی خۆیاندا دەرکەن ..وەکو دەڵێن : " ئەوەی بترسێ ناخەلەسێ " هەردەم هێزیش لە یەکێتی دایە ..( بێکەس ) ی نەمر دەڵێت:
قـەت مەڵـــێن دوژمن بەهــێزە تـۆپ و تەیـــارەی هــەیە
گـەر ئیتیفاقـتان هــەبێ زۆر زەحـمەتە خـۆی رابـــگرێت
کەواتە تەنها بەیەکبوون دەگەین بە ئامانجەکانمان نەک بە ( فرە کوێخا ) یی و بە پەرتەوازی ..سەد هەزار رەحمەت لە فەیلەسوف و لە شاعیرینەمرمان( پیرەمێرد ) ی نەمر بێت ..کە زیاتر لە حەفتا ساڵ بەر لە ئێستا وەسێتی بۆ کردووین و داوای ئەوەی لێکردووین ..کە چیتر تێنەکەوین و ..پیاوی چاک و بەدکار لێک بکەینەوە :
خەڵــــکەمـن بۆ خــــوا وا پێـــتان ئەڵــــێم
ئەمـە وەســــــــێتە وا مـن لەســــەر رێــــم
ئەگــــەر ئەمجــــــارە لـــێک بپســـــــێنەوه
ئیـــــتر تا مــــــــــــــــردن ناحەســــــێنەوە
ئەمـــە دوو جـــــارە ئەکـــــەوینە چــــــــاڵ
زەرەر دەبیــــــــنین بە مـــــــاڵ و مـــــــناڵ
هێــــشتا پیــــاوی چـــاک لێک ناکـــەینەوە
گـــــــرەو لە پیـــــاوی بــــــەد نابــــەینەوە
نەرویج : ١ / ٧ / ٢٠١٤