پێشمەرگە وشەیەکی پیرۆزی کوردییە، بە واتای ئەو قارەمانە کوردە شۆڕشگێڕانە دێت کە لە پێناوی ئازادی و رزگاری کوردستان دا . . مەرگی خۆیان خستۆتە پێش هەموو شتێکەوە و، هەردەم گیان لەسەدەستن و، شەهیدبوونیان لە پێناوی کوردستان دا. لووتکەی شکۆداری و سەروەری و نەمرییانە، بۆیە پێشمەرگە ترس نازانێت و هەرگیز لە گیانبەخشین و مردن سڵی نەکردۆتەو و سڵ ناکاتەوە.
وشەی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە (٦٨) ساڵ بەر لە ئێستا، سوپای کۆماری کوردستان لە مەهاباد ئەو پێشمەرگە قارەمانانە بوون، کە رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە سوپای شای داگیرکەر رزگارکرد . . لەو کاتەوە ( پێشمەرگە ) بوو بە زاراوەیەکی پیرۆزی دەقگرتووی کوردی . . وشەی ( گریلا ) ش هەر هەمان مەبەست دەگەیەنێت ودوو وشەی هاومانن . . لەوەپێشتر چەندین وشەی تری کوردیمان بەکار هێناوە وەکو : ( جەنگاوەر، شۆڕشگێر، شەڕکەر، چەکدار، پاسەوان )، بەڵام هیچ لەو وشانە بە قەی وشەی ( پێشمەرگە) پیرۆز و شیرین و دەقگرتوو نین . . لە ئەمڕۆدا، پێشمەرگە بۆتە وێردی شیرینی سەر زمانی گەورە و بچووکی کوردمان . . پێشمەرگە بۆتە سونبڵ و هێمای قارەمانێتی و دڵسۆزی و گیانبەخشین لە پێناوی کوردستانی خۆشەویستمان .
تەنانەت ناحەزان و نەیارانی گەلەکەشمان، چ بە زمانی عەرەبی و تورکی و فارسی کە جاران وشەی نابەجێ و ناتورەی ناشیرینیان لە پێشمەرگەی کوردستان دەنا، لە ئەمڕۆدا بە ( پێشمەرگەکان) ناویان دەبەن . . لە ئەمڕۆدا هەموو راگەیاندنەکان و، میدیاکانی جیهان، وشەی ( پێشمەرگە )بەکاردەهێنین، هەمووشیان دەزانن کە لە زمانەکانی خۆیاندا هاومانای وشەی پێشمەرگە هەیە . . بەڵام بەکارهێنانی وشەی پێشمەرگەیان پێ جوانتر و خۆشترە، لە وشە هاوماناکانی خۆیان، وشەی پێشمەرگە چووە فەرهەنگی زمانی گەلانەوە . . ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ قارەمانێتی و دلێری و، بۆ هەڵسوکەوتی راست و دروست و، بۆ رەوشت بەرزی و، مرۆڤایەتی و، رۆڵی جوامیرانەی پێشمەرگەی کوردستان. . لە شەڕی بەرگری و رووبەڕووبوونەوەی دڕندەترین و کێویترین و کۆنەپەرسترین و بێ رەوشترین و شۆڤێنیترینو تیرۆریسترین تیرۆریست لە جیهاندا، کە داعشی دوژمنی هەموو پرانیسپە رەوشتییەکان و دوژمنیهەموو بەها مرۆییەکانن و، دژی هەموو ئایین و بڕواکانن . . ئەوان تەنها باوەڕیان بە ئایدیۆلۆجیای بۆگەن و کۆنەپەرست و شۆڤێنی خۆیان هەیە . . ئەم شەمشەمە کوێرانەی تاریکی، دژی ئازادی ئافرەتانن، ئافرەت بە کاڵایەکی بازرگانی و، بە کۆیلەی پیاوی دەزانن، بە چاوێکی کەمتر لێیان دەڕوانن، بۆیە ئەو تیرۆریستەی کە بەدەستی ژنانی پێشمەرگەی کورد بکوژرێت، بە سووکی ناوی ئەو کوژراوانەیان دەبەن وبە دۆزەخی ناویان دەبەن و، ناچنە بەهەشتەوە . . هەروەکو ئەوەی کە کلیلی دەرگای بەهەشت و دۆزەخ بە دەستی ئەوان بێت، ئەمان بڕیاری چوونە دۆزەخ یا بەهەشت دەدەن . . بەوەش گەنجان دەخەڵەتێنن و لەڕێ دەریان دەکەن . . ئەوە دەخەنە مێشکیانەوە تا زووتر خۆیان بدەن بە کوشتیا خۆیان بتەقێننەوە . . زوتر دەچنە بەهەشتەوە و کۆشکیان بۆ ئامادەکراون، هەریەکەش حەفتا حۆری دەدرێتی . . خەلیفە و والییەکانیشیان جیاوازن و، شوێنیان لە فەرۆستدا دەبێ و پشکی شێری حۆریان بەردەکەوێت . . ئەمەیە ئەقڵییەتی ئەم مێشک بە تاڵ و بۆگەن و کۆنەپەرستانە . . ئەمانە دژی شارستانی و ئاودانی و پێشکەوتنن، ، دژی ئازادی و ئاشتی و دیموکراتی و گەشەکردن و پێکەوە ژیان و فرەڕەنگین . . ریبازی ئەمان سەربڕین و کوشتن و سوتاندن و زیندەبەچاڵکردن و، دزی و تاڵانی و، نامەردی و بێ ڕەوشتی و ئابڕووبردنی ئافرەتانە . . ئەمانە تارکی پەرستن و، دژی رووناکی ئاوەدانین . . دژی بەختەوەری و شادی و خۆشین .
بە پێچەوانەی ئەمانەوە، پێشمەرگە بۆتە هێمای ئازادی و مرۆڤایەتی و خۆشەویستی وبرایەتی و پێکەوەژیان و مرۆڤ دۆستی . . ئای لەو دوو دیمەنە پێچەوانەیەی کە بینیم، دڵنیام زۆر کەسیکەش بینیویانە . . داعشێک چاوی دیلێکی پێشمەرگەی بەستبۆوە و، چەقۆیەکی گەورەی لای ملی راگرتبوو . . بەڵام لە سایتێکی کەدا دیمەنی پێشمەرگەیەکم بینی ئەو شووشە ئاوەی کە بۆ خوی هەڵی گرتبوو، ئاوەکەی خۆی دەکردە دەمی دیلێکی داعشەوە. . ئەمەیە رەوشت و کەلتووری بگۆن و نامەردیی ئەوان . . ئەمەشە رەوشتی بەرز و کەلتووری رەسەن و، لێبووردن و رێزگرتنی پێشمەرگەی کوردستان لەدیلەکان . . لە ئەمڕۆدا پێشمەرگەی کوردستان تەنها بەرگری لە خاکی کوردستان ناکەن، بەڵکو بەرگری لە عێراق و لە هەموو ناوچەکە و لە جیهان دەکەن، تەنها هێزیشن کە شەڕی داعش دەکەن . . داعشی تیرۆریست رێکخراوێکی بەکرێگیراوە، مەترسی بۆ سەر هەموو جیهان هەیە . . ئەمڕۆ پێشمەرگە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی داعش دەکەنگەر پێشمەرگە نەبوونایە، ئەم ڤایرۆسە پیسە تووشی زۆر شوێنی تری جیهان دەبوو . . بۆیە زۆربەی وڵاتانی جیهان دەستخۆشی لە ئێوەی پێشمەرگەی قارەمان دەکەن و، بە ئەوپەڕی ريزەوە ناوتان دەبەن . . ستاییشی ئازایەتی و خۆڕاگری و بەرگریکردن و هێڕش بردن و دەستوەشاندنتان دەکەن. . شەڕ و پاڵەوانییەتییەکانی ئێوەی پێشمەرگە بوونەتە مانشێتی گەورەی رۆژنامەکانیان و، گرنگترین هەواڵی میدیاکانیان . . چەندین دەوڵەتی زلهێز پاڵپشتی خۆیان بۆ ئێوەیە پێشمەرگە راگەیاندن و، ئامادەن کە بە چەک و بە مەعنەویات هاوکاریتان بکەن و، یارمەتی لۆجستیتانبدەن . . ئەوتا فرۆکەوانەکانی ئەمریکا و بەریتانیا گیانیان خستۆتە مەترسییەوە و هاوکاریتان دەکەن . . تادێت دۆستان وپاڵپشتانی ئێوەی پێشمەرگە لە زیاد بووندایە . . بە پێچەوانەشەوە تادێت دوژمنانی داعش لە زۆربووندایە و، هەموو جیهان نەفرەت لە کردەوە قێزەوەنەکانیان و لە بەدڕەوشتیان دەکەن و، پروتستۆ و شەرمەزاریان دەکەن .
ئەی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی کوردستان . . ئەی هەڤاڵانی بەجەرگ و قارەمان، دەست لەو شەمشەمە کوێرانە مەپارێزن، هەر وەکو چۆن شکستیتان بە رژێمی بەعسی رەگەزپەرست هێنا، ئاوهاش ئەم تیرۆریستە دڕندانە بکەنە پەندی زەمانە و . . سنووری کوردستان بکەن بە گۆڕستانیان . . ئەمانە زۆر لەوە کەمتر کە خۆیان بە ئێوەی قارەمان و قاڵەوەبووی خەبات و تێکۆشان تاقی بکەنەوە و، بتوانن لە بەردەم ئیرادەی پۆڵایینی ئێوەداخۆیان بگرن . . کورد دەڵێ : ( گەر بزن ئەجەلی هات . . نانی شوان دەخوات ) . . ئەمانەش خۆیان تووش کرد و، شەڕیان بە کورد فرۆشت، بە دەستی کوردیش کۆتاییان دێت. . ئەوتا كە چۆن لەبەردەم گورزی گورچکبڕی ئێوەی دلێردا، هەڵدین و رۆژ لە دوای رۆژ زەبری قورستر و زیاتریان پێ دەگەیەنن . . دەستەکانتان خۆشبێ . . گەشبین و دڵنیاشبن کە سەرکەوتن بۆ ئێمەی کوردە و، سەرشۆڕی و رووڕەشی و مردن و بەزینیش بۆ داعش و ماعشەکانە .
ئەی پێشمەرگە قادەمانەکانی کوردستان، لە ئەمڕۆدا ئێمەی کورد بە تەنهانین. . هەموو ئازدیخوازان و، هەموو ئاشیخوازان و، هەموو مرۆڤدۆستانی جیهانلەگەڵمانن، خوازی سەرکەوتنمانن تەنها وشەی ( پێشمەرگە ) بەسە . . بۆ بەزین وترس خستنە دڵی رەقی تیرۆریستان . . ئێمە کوردین رۆڵەی گەلێکین کە هەرگیز کوڵنەدان و بەزینمان نەزانیوە و نایزانین . . بۆ نموو ە بۆتان دەگێڕمەوە، کە ( خێزانێکی سویدی ) کە خۆیان بە دۆستی کورد دەزانن . . هێندە باسی ئازایەتی و دلێری ئێوەیان بۆ کراوە، پێشمەرگە بۆتە هێمای ئازادی و قارەمانێتی لایان، ێێوەی پێشمەرگەیان زۆر خۆش دەوێت . . بۆ رێزگرتن و بۆ بەرزراگرتنی ناوی پیرۆزی ئێوە، لە خۆشی ئێوەدا کوڕێکیان بووەو، ناویان ناوە ( پێشمەرگە ) . . ئەمە چەند سەربەرزی و مایەی شانازییە بۆ ئێمەی کود . . کە خێزانێکی بێگانە ناوی منداڵەکەیان بنێن ( پێشمەرگە ) . . خۆزگە خێزانە کوردەکانی خۆشمان، لەمەو دوا ناوی ( پێشمەرگە ) لە کوڕو کچەکانیان بنێن .
شاعیری گەورەی گەلەکەمان ( لەتیف هەڵمەت ) دەڵێت :
لە هەر شوێنێکدا پێشــــمەرگە هــەبێ
لەشکری دوژمن . . دەشـــکێ لەوێـوە
نە کێـومان دەوێ . . نە لووتـکەی بڵند
سنگی پێشمەرگە . . لووتکەیە . . کێوە
* * *
پێشمەرگە خۆڕاگرەکانی کوردستان، هەڵگرانی درۆشمی یان کوردستان یان نەمان، ئەمڕۆ ئێوە لەشەڕێکی چارەنووسازی یەکلایکەرەوەدان . . ئێوە هیوای گەلەکەمانن . . کوردستانی گەورە چاوی لەسەرکەوتنەکانی ئێوەیە . . بە بازووی ئێوە دواڕۆژێکی شیاوتر و ژیانێکی شیرینتر بۆ منداڵانی ئەمڕۆمان مسۆگەر دەکەین . . دڵنیابن زۆر لە سەرکەوتنی یەکجارییەوە نزیک بوونەتەوە . . بواری داعشی گڵاو مەدەن، لێیان دەن، بیان بەزێنن و، تۆڵەی شەهیدانی شەنگال کۆبانی و کوجۆ و برا مەسیحییەکانمان و، شەهیدانی هەموو شوێنەکانی تری کوردستانیان لێکەنەوە . . سەرشۆڕیان کەن .
ئەی هەڤاڵانی پێشمەرگە، هەموومان لەگەڵتانین . . لەو کاتانەی لە سەنگەردان و پەنجەی بەرگریتان لەسەر پیتکەی چەکەکانتانن . . لەگەڵتانین لەو کاتانەی پێشڕەوی دەکەن و داعش راودەنێن و کونە مشکیان لێ دەکەن بە قەیسەری . . لە گەڵتانین کاتێ کە مژدەی سەرکەوتنمان دەدەنێ و . . گوزارات لە شادی و خۆشیتان دەکەن . . لەگەڵتانین . . ئێمە بە ئێوەوە ئێمەین . . بە ئێوەوە سەربڵند و سەرفرازین . . هەموو سات و کاتێ لەگەڵتانین. . ئەی هەڤاڵانی پێشمەرگەی کورستان . . لە هەر شوێنێکی بەرەکانی جەنگدابن . . لە خانەقین، لە کەرکوک، لە حەمرین، لە مەخوور، لە شەنگال لە زەمار. لە رەبیعە، لە کۆبانی، لە قامیشلی، لە سەری کانی، لە قەندیلی سەربەرز، لە هەموو بەرەکانی جەنگدا لەگەڵتانین . . هەروەکو چۆن هۆلاکۆمان بەزان . . داعیشس دەبەزێنین . . ئەی هەڤاڵانی پێشمەرگە . . هەزاران دەستخۆشی و سڵاوتان لێبێ :
ســــــڵاوی گــــەرمی دڵی پـــڕ هومێـــدی مەت پێشــکەش
پڵنـــــــگی هــــــەردی وڵات ئـەی هەڤـــــاڵی پێشـــــمەرگە
لە دەوری دەســــــــــــــــت و تفــــــــــــــەنگت گـــــــــەڕێم
کە رۆژی خەبات لە ئاستی هەڵمەتی تیژت چ ناگرێ بەرگە
نەرویج : ١/ ٩/ ٢٠١٤
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.