لە رۆژی سێ شەممەی رابردوو ( ٢/ ٩/ ٢٠١٤) دا، ( هادي العامري ) بەرپرسی میلیشیای ( فەیلەق بەدری ) شیعە . . سەردانی پارێزگای کەرکوکی کرد . . لە لایەن پارێزگاری کەرکوک دکتۆر نەجمەدین کەریم ەوە وەکو میوانێک بە گەرمی پێشوازی لێکرا . . لە دیوانی پارێزگای کەرکوکیشدا، بە ئامادەبوونی دکتۆر نەجمەدین کەریم و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک و ئامادەبوونیراپۆرتنێری چەند کەناڵێکی کوردی و چەند رۆژنامەنووسێک . . لێدوانێکی رۆژنامەوانی بۆ هادي العامري سازکرا . . العامري لە میانەی قسەکانیدا بەبێ شەرمانە و لە بەردەم پارێزگاری کەرکوکدا وتی : " رازی نابین پێشمەرگە بچێتە ئەو شوێنانەی دەرەوەی ناوچەکانی خۆیان " مەبەستی لە بوونی هێزی پێشمەرگەیە لە پارێزگای کەرکوک و لە ناوچە تازە ئازادکراوەکانمان . . واتە ئەوان دان بە کوردستانییەتی کەرکوکدا نانێن، ئەوەشی وت کە نابێت میلیشیا بمێنێت، مەبەستی ناراستەوخۆشی لەم قسەیەش هەر پێشمەرگەیە، چونکە ئەوان تا ئەمڕۆش بە چاوی میلیشیا لە پێشمەرگە دەڕوانن . . شەکرشکاندنەکەی هادي العامري، لە دیوانی پارزگای کەرکوکدا، کە پارێزگایەکی کوردستانییە، واتە قسەکەی لە ناو ماڵی کورد دا کرد، بەمەش وەکو میوانێک سنووری خۆی بەزان، هادي العامري( نە سەلکی سیرە و نە قنچکی پیازە )، نە نوێنەری حکومەتی عێراقە و نە بەرپرسێکی باڵای سەربازییە تا لێدوانێکی وابدات، ئێمە دەزانین کە چ مەرامێکی سیاسی گڵاو لە دوای ئەم لێدوانە رەگەزپەرستی و تایفەگەرییەی هادي العامري یەوە هەیە، پێشمەرگە میلیشیا نییە، بەڵکو لە راستیدا فەیلەقی بەدر میلیشیا یە و ئاشکراشە کە ئەجندەی چ دەوڵەتێکی دراوسێ و چ تایفەیەک جێ بەجێ دەکات، نامانەوێت بچینە ناو قووڵای کردەوەکانی فەیلەقی بەدەر، کە رۆڵیان لە شەري تایفەگەریدا هەبووە، بەڵام بە العامري دەڵێین ئەو شوێنانەی کە پێشمەرگەیان لێیە، بەشێکن لە خاکی کوردستان . . ئەگەر ئێوە هێندە خۆتان بەغیرەت دەزانن، خۆتان لە تکریت تاقی بکەنەوە، ئەوش باش بزانە گەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان نەبوایە تو نەدەتەتوانی لە بەغداش خۆت بگری . . ئەو پێشمەرگەیە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕ لەگەڵ دڕندەتری تیرۆریست دەکات . . تا ئێستا چەندین لاوی قارەمانمان بوونەتە قوربانی .
ئەوەی من مەبەستمە لەم نووسینەدا، ئەوی من و خەڵکییەکی زۆری تووڕە و نیگەران کردووە، وەڵام و بەرپەرچ نەدانەوەی قسەکەی هادي العامريیە لەلایەن پارێزگاری کەرکوکەوە، کە لە بەردەمی ئەودا هادي العامری ئەو قسەیەی کرد، کەچی دکتۆر نەجمەدین کەریم، نە بەرگری لە پێشمەرگە کردو، نە ورتەشی لێوەهات، خۆ هەر نەبوایە، دەبوایە بە چاوێکی توڕەییەوە لە العامري بڕوانیبایە، یا ئەو شوێنە بە جێ بهێشتایە وەکو گوزارشتکردن لە ناڕەزاییەک بەرانبەر بە قسەکەی العامري، بەڵام بەداخەوە دکتۆر نەجمەدین نە دەمی ببوە تەڵەی تەقیو و فزەی لێوە نەهات و، رووی خۆشی گرژ نەکرد . . بەڵکو بە پێچەوانەوە، بزەخەنەیەکی کرد و دەستی خستە سەر شانی هادي العامري و ئەملا و ئەولای ماچ کرد، لە راستیدا ئەم بێ دەنگی و بێ هەڵوێستییەی و دکتۆر نەجمەدینبە خاڵێکی لاواز دەزانم، نەک تەنها بە لای منەوە بەڵکو بە لای زۆربەی کوردە، نەجمەدین کەریم هيچ جورئەت و هەڵوێستێکی پێویستی نەنواند . . ئەم بێ دەنگی و بێ هەڵوێستییە زۆر لەسەر نەجمەدین کەریم دەکەویت . . یەکەمیان وەک پارێزگارێکی پارێزگایەکی کوردستان، کە ئەو خەڵکە بۆ ئەوە دەنگیان پێدا، کە ببیت بە نوێنەری چاونەترس و بە دەنگی راستییان، چونکە کورد وتەنی : " قسە قافی هات دەبێت بکرێت " . . دووەمیشیان دکتۆر نەجمەدی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە . . قسەکانی گوزارشت لە هەڵویستی حیزبەکەی دەکەن . . واتا وەکو ئەندامێکی باڵای یەکێتیش هیچ هەڵویست و کاردانەوەیەکی بۆ بەرپەچدانەوەی قسەکەی هادي العامري نەبوو . . ؟!
ئەمەو ئەگەر بە هەڵە تێ نەگەیشتبم، دکتۆر نەجمەدین وتی هێزێکی هاوبەش پێک دەهێنین، جا نازانم ئەو هێزە هاوبەشەی ئەو ناوی برد، لەگەڵ فەیلەقی بەدردایە، یا لەگەڵ لایەنێکی تر ؟ . . بەڵام کەرکوک پێویستی بە هیزی بەدر نییە و، ئەگەر بێن ئاسایی و ئارامی کەرکوک دەکەوێتە مەترسییەوە، کەرکوک لە لایەن پێشمەرگە و پۆلیسەوە شارەکەوە کە لە پێکهاتەی هەموو نەتەوەکانی شاری کەرکوک پێکهاتووە پارێزراوە . . چ پێویستی بە فەیلەقی بەدر یاهێزێکی ملیشیا ی تر هەیە. . ؟
ئەمەو بابێت دکتۆر نەجمەدین لە مەڕ پرسە گرنگ و چارەنووسازەکانی نەتەوەکەمان تاکڕەوانە بڕیار بدات . . بەڵکو بڕیار ئەو بڕیارانە بخاتە دەست وەزیری پێشمەرگە و سەرکردایەتی باڵای کوردستان و پەرلەمانی کوردستان . . چونکە هەر هەڵەیەکی ستراتیجی . . باجدانەوەیەکی زۆری دەویت .
من هیچ کێشەیەکی کەسیم لەگەڵ دکتۆر نەجمەدین کەریم نییە، هاوڕێ منداڵین و لە گەڕەکێدا بووین . . کە بووش بە پارێزگار چووم بۆ لای و پیرۆزباییم ڵێ کرد . . بەڵام بەرژەوەندی باڵای کورد و کوردستان، پێویستە لە سەرەوەی هاوڕێتی و، هەموو بەرژەوەندییەکی تایبەتیمانەوە بێت و. . سازش کردن هێڵی سووری هەموومان بێت.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.