ئۆردوگان و ئەبوبەکر بەغدادی . . دوو رووی دراوێکن . . . رەزاشوان

 

 

 

 

 ئێمە لە رۆژی ( ٢٣/ ٩/ ٢٠١٤) دا، لە ماڵپەڕە کورییەکاندا، نووسینێکم لە ژێر ناوی ( تورکیا پیلانداڕێژی تاوانەکانی چەتەکانی داعشە لە دژی کورد ) کە تێیدا، پەردەمان لەسەر رۆڵی ناپاکی تورکیا لە دژی گەلی کوردمان لادا . . ئەم نووسینەشمان درێژەدانە، بە ئیدانەکردنی رۆڵی ناپاکی ئاشکرایتورکیا لە دژی هیوا و خواست و مافەکانی گەلی کوردمان لە کوردستاندا. . بێگومان هەر دەوڵەتێک پشتگیری تیرۆریستان بکات و، یارمەتیان بدات . . ئەویش وەکو ئەوان تیرۆریستە و، هاوبەشە لەو تاوانانەی دەیکەن .

ئەمڕۆ نەک هەر لای کورد ئاشکرایە، بەڵکو بۆ هەموو وڵاتانی جیهان روون بۆوە و، هیچ گومانێکیان نەما لەوەی کە تورکیا، بە ئاشکرا و بێ شەرمانە، بە چک و لۆجستی، هاوکاری ( چەتەکانی جاشە ئسلامییە بێڕەوشتەکان ) و، ( بەرەی نوسرەی ) توندڕەوی جاشی دروستکراوی تورکیا دەکات، بۆ جینۆسایدکردنی گەلی کوردمان لە رۆژئاوا و لە باشووری کوردستاندا، بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەبەستە گڵاوەشیان، تورکیا بووە بە مۆڵگەیەک بو مەشق پێکردن و، راهێنانی تیرۆریستەکان . . تورکیا هەر لە سەرەتای دروست بوونی ئەم گرووپە تیرۆریستانەوە، تا ئەمڕۆش بووە بە پردێک بۆ پەڕینەوە و دەربازبوونی ئەم تیرۆریستانە بۆ سوریا و عێراق، بەڵکو هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ کردوون و، لەلایەن میتی تورکیاوە، لە سنوورەکانی تورکیاوە رەوانە کراون . . تورکیا ناتوانێت نکوڵی لەم راستییە بکات، چونکە گەلێ بەڵگەی ئاشکرا هەن . . تورکیا تەنها یارمەتی لۆجستی و مەشقی تیرۆریستان نادات، بەڵکو بە چەک و بە تەقەمەنی و، بە سیخوڕیکردن لەسەر هێزەکانی کورد، بە ئاگادارکردنەوەی چەتەکانی داعش و نووسرە، لە کاتی پێشوەختی بۆردومان کردنی فرۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ سەر بارەگا و پێگەکانی تیرۆریستان لە سوریا و عێراقدا . . تورکیا ئامادەیە تیرۆریستان چییان بوێت بۆیان دابین بکات، بەرانبەر بە کوردکوشتن . . بۆ دەوڵەتانی جیهانیش، گاڵتەجاڕیی ئەو سیناریۆ نهێنییە داڕێژراوەی نێوان تورکیا و چەتەکانی داعش ئاشکرابوو، گوایە داعش دەستیان بەسەر کاربەدەستانی کونسوڵخانەی تورکیا لە شاری موسڵ گرتووە . . دوایی بەرانبەر بە رێپێدان بە پەڕینەوەی ( ١٨٠) تیرۆریست بۆ سوریا، بۆ چوونە ناو ریزەکانی چەتەکانی داعشەوە . . داعش کاربەدەستەکانیانی بەڕەڵڵا کردن . . ئەم شانۆ گاڵتەجاڕییە مایەی پێکەنینە، چونکە تورکیا پیلانداڕێژی گرتنی شاری موسڵ و شەنگال و شوێنەکانی تر بوون . . لە راستیدا بەرەڵلاکردنی کاربەدەستانی کونسوڵخانەی تورکیالە مووسڵ بەرانبەر بە پەڕاندنەوەی ئەو ژمارەیەی تیرۆریستان نەبوو، بەڵکو بەرانبەرپشتگیریکردنی تورکیا لە هێڕشکردنە سەر شاری کۆبانی قارەمان بوو، وەکو دەزانین هەر ئەو رۆژەی کاربەدەستەکانیان بەرەڵڵاکردن، هاوکات بوولەگەڵ هێڕشی داعش بۆ سەر شاری کۆبانی، تورکیا زەنگی بۆ هێڕشکردنی داعش لێدا، پیلانی ئاشکرای تورکیا جینۆسایدکردنی کوردە، لە هاو شێوەی تاوانی کوشتنی ملیۆن و نیویک ئەرمەنی لە تورکیا، ئامادەشە دەست بخاتە نێو دەستی شەیتانیشەوە، بۆ کۆمەڵکوژیی کورد . . هەر لەبەر ئەوەی کە کوردی گەلێکی ئازادی و ئاشتیخوازە . . بە دامەزراندنی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان، تورکیا کوێرایی داهات و، کەوتە پیلان گێڕان بۆ هەڵوەشاندنەوە و لە باربردنیان . . بە داخەوە هەر لەبەر ئەوەی کە تورکیا ئەندامێکی ناتۆیە و، بۆتە پۆلیسی بەکرێگیراوی ناوچەکە، لەبەر هەندێ بەرژەوەندی، ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا بێدەنگن و، چاویان لە ئاستی تاوانەکانی تورکیا دەنووقێنن و، وەکو پێویست ئیدانەی تاوانەکانی ناکەن لە دژی گەلی کوردمان، هەمووشیان ئەوە باش دەزانن کە تورکیا بە ئاشکرا و بە هەموو شێوەیەک یارمەتی چەتەکانی داعش لە دژی کورد دەدات، ئەمەش هەڵوێستێکی شەرمەزارییە بۆ ئەمریکا و ئەو وڵاتانە، بەرپرسیارن لەو کۆمەڵکوژییەی کە لە کورد دەکرێت . . تورکیا ئەگەر بۆ پەردەپۆشیش بێت، تا ئەمڕۆ بە فەرمی هیچ ئیدانەیەکی چەتەکانی داعشیان نەکردووە . . هیچ کۆمەکێکی مرۆیشیان نە ناردووە بۆ پەنابەرانی کوردمان . . کوردە ئاوارەبووەکانی کۆبانیش، کە روویان لە باکووری کوردستان کردووە، چوونەتە ناو برا وخوشک و کەسوکاری خۆیان، چوونەتە ناو خاکی کوردستانەوە، کە لە لایەن تورکیاوە داگیرکراوە . وەکو بینیمان، بە بەرچاوی جیهانەوە، تورکیا بەربەستێکی پولیس و تانک و زرێپۆش و سیمبەنی لە رووی چوونە ژوورەوەی پەنابەرانی کۆبانی داناوون . . سوکایەتی و بێڕێزیش بە پەنابەران دەکەن.
ئۆردوگان پێرێ لە شاری ( غازی ئەنتاب ) کە مۆڵگەی مەشق پێکردنی تیرۆریستانە . . وتی داعش و پەکەکە، هەردوکیان دوژمنی تورکیان، ئەو جیاوازی لە نێوانی چەتە دڕندە خوێنڕێژەکانی داعش و، پارتی کرێکارانی کوردستان ناکات، بە لای ئێمەشەوە تورکیا و داعش هەردووکیان دوژمی سەرسەختی کوردن . . ئۆردوگان و ئەبوبەکری بەغدادی گەوەرە تیرۆریستیش، دوو رووی دراوێکن . بەڵام ئەو قسەیەی ئۆردووگان کە دۆژمی داعشە راست نییە و رووکەشییە، ئەگەر راستە تورکیا دوژمنی داعشە و هاوکارییان ناکات . . ئەی بۆ تورکیا بووە بە مۆڵگەی مەشق کردنی تیرۆریستانی داعش و بەرەی نووسرە ـ کە جاشی دروستکراوی خۆیانن ـ . . ؟! ئەی بۆ تورکیا بووە بە پردێکی پەڕینەوەی تیرۆریستان بۆ ناو سوریاو عێراق . . تا بچنە ناو ریزی چەتەکانی داعشەوە، بەو مەرجەی کە بە هیچ شێوەیەک دەست لە کورد کوشتن نەپارێزن . . ؟! ئەی بۆ تا ئێستا بە سەدان تیرۆریستی تورکیان ناردۆتە ناو ریزەکانی چەتەکانی داعشەوە بۆ کورد کوشتن . . ؟! ئەی بۆ سیخوڕی دەکەن و، هەموو زانیارییەکی پێویست دەربارەی هێزە کوردییەکان دەدەنە چەتەکانی داعش . . ؟! ئەی بۆ ناهێڵن کۆبانییەکان و لاوە خۆبەخشەکانی تری کورد بچنە کۆبانی و شەڕی چەتەکانی داعش بکەن و بەرگری لە شارەکەیان بکەن . . ؟! ئەی دروستکردنی شوورەیەک، بە تانک و زرێپۆش و تۆپ و، بە هەزاران سەرباز بۆ پاڵپشتی کردنیهێڕشەکانی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانی و، بۆ پشت لە گەریلاکانیکوردستان دەگرن وناهێلن هیچ یارمەتییەکیان پێ بگات . . ؟! ئەی بۆ رێتان لە منداڵان و ئافرەتانی کۆبانیگرتووە کە بچنە باکووری کوردستان . . ؟! ئەی ئەمانە ناپاکی و نامەردی و بێویژدانی و تاوان نییە . . ؟! ئەی بۆ سیخوڕی دەکەن و پێش وەخت، چەتەکانی داعش لە هێڕشی فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتە هاوپەیمانەکان لە دژی داعش، ئاگاداردەکەنەوە تا خۆیان بشارنەوە . . ؟! ئەی ئێوە بۆ گەلی کورد بە دوژمنی خۆتان دەزانن . . خۆ کورد خاکی ئێوەی داگیر نەکردووە و، ئێوە خاکی کوردتان داگیر کردووە و، شەڕی کورد دەکەن . . ؟! ئێوە هیچ مافێک بە کورد رەوا نابینن . . ؟!

ئەحمەد داود ئۆغڵوی سەرۆک وەزیرانتان، مەرج بۆ کورد دادەنێ و دەڵی پێویستە کوردانه رۆژئاوا بچنە ژێردەستی پیاوکوژەکانی بەرەی نوسرەی چاشەکانیان و، باکوری کوردستان بخەنە ژێر دەستی داعش و، چەک دانێن و مافی هیچیشیان نییە . . ئۆردوگان و داود ئۆغڵو، خەون بە زیندووکردنەوەی دەوڵەتی ئیمپریالیزمی و رەگەزپەرستی عوسمانی یەوە دەبین و، بەو چاوەش لە کوردستان دەڕوانن کە ژێردەستەیەکی دەوڵەتی عوسمانی بووە و، دەبێ هەر وا بمێنێتەوە . . ئۆروغان، کە خۆی بە کڵاو و عەبایەکی عوسمانییەوە پێچاوە . . لەژێر ئەم عەبایەدا ژەهرێکی کوشندەیە پێیە . . ! هەموو نیاز و پیلانەکانی لە دژی کورده و، ئاشکرایە . . هەر لە سەرەتاوە ئێمە بڕۆامان، بە بانگەشی بێ بنەمای ( پرۆسەی ئاشتی ) لە تورکیادا نەبوو، چونکە لە ناخی ئەواندا شتێکی تر هەیە، بانگەشەکەشیان بۆ کات بەسەربردن و، دروستکردنی دووبەرەکییە لە نیوان کورد دا، ئەگینا تورکیا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر تەنگ بە ئازادی و ئاشتی هەڵدەچنن، و، زیاتر کورد دەگرن و، لە بەندیخانەکان ئەشکەنجە و ئازاریان دەدەن . . ئاشکرایە کە نیەتیان پاک نییە. . لە ئۆردوگان دەپرسین، ئەگەر پەکەکە دوژمنتانە . . ئەی بۆ گڤتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی پەکەکە . . سەرۆک هاپۆ دەکەن و، ئەو بە کلیلی چارەسەر دەزانن . . ؟! پەکەکە پارتێکی سیاسی و شۆڕشگێڕی کوردە، لە پێناوی ئازادی و ئاشتی و یەکسانی و دادپەروەری دا، خەبات دەکات، پارتێکە لە نوێنەری (٢٥) ملێۆن کوردەوە. . پارتێکە دژی داگیرکەرانی کوردستان و رەگەزپەرستی و چەوسانەوەی گەلی کوردە .
ئێمە بە تورکیا دەڵێین و باشیش دەزانن، کە ئەوە مەحاڵە کە بتوانن بە زەبەر و بە هێز ئێمەی کورد لەناوبەرن، یا چوکمان پێ دادەن . . تا کوردێک بمێنێت، لە پێناوی ئازادی کورد و رزگاری کوردستان لە داگیرکەران، درێژە بە خەبات و بە بەرگریکردن دەدات . . ئێمە ئەگەر لە پێناوی کوردستاندا شەهیدیش بین، شکۆداری و سەربەرزییە بۆ ئێمە. . بێگومان تا کوردیش نە گات بە مافە رەوکانی خۆی و کوردستان رزگاری نەبێت . . نە تورکیا و نە هیچ وڵاتێکی تری داگیرکەری کوردستان ناتوانن بە ئارامی و ئاشتی بژین.

ئەی کۆبانی پاڵەوان و خۆڕاگر، لە ئەمڕۆدا هەموومان کۆبانین، هەموومان لەگەڵتاین، دڵنیابن سەردەکەوین، کۆبانی و هەموو بستێکی کوردستان لە داگیرکەران و چەتەکانی داعش و ماعش پاک دەکەینەوە . . هەر گەلێکیش قوربانی بدات، رەنجبێوەر نابێت .
ئەی گەلی کوردی قارەمان، یەکبگرن . . یەکبگرن . . بە یەکێتی، یەکڕەنگی، یەکدەنگی، یەکڕیزی، یەکهەڵوێستی، یەک وتاری سیاسی، هەموو پیلانێکی داگیرکەران و نەیارانی کورد پوچەڵ دەکەینەوە . مان و سەردەکەوتنیش بۆ ئێمەی کوردە . . کوردستانی شیرین نیشتمانی پیرۆزی هەموومانە . . ئابڕوومانە . . بوون و نەبوونمانە . . دڵسۆزان راستە کە گیانمان بەنرخە، رووحمان شیرینە . . بەڵام لە گیان بەنرختر، لە رووح شیرینتر، کوردستانە . . کوردستان . . کورد و کوردستان دوانەن و بێ یەکتری ناژین .

ئەی پەرلەمان و حکومەتی باشووری کوردستان و، سەرکردەکانی کوردمان . . ئێوە لە ئاستی کۆبانی هەڵویستان زۆر لاوازە و جێی شەرمەزارییە . . دەرکردنی بەیانەمەیەکی ئیدانەکردن، هەڵویست نییە و بەس نییە . . پێویستە بڕیاری بوێرانەی فەرمی دەرکەن و، هەنگاوی پراکتیکی خێرا بنێن . . لە ئەمڕۆدا، چارەنووسی کورد هەمووی پێکەوە گرێ دراوە . . سەر کەوتنمان سەرکەوتنی هەموو کوردە، خوا بەو رۆژە نەکات شکستیشمان شکستی هەموو کوردە . . کۆبانی، شەنگال، سەری کانی، قامیشلو، کەرکوک، جەلولا، خانەقین، مەخموور، حەمرین، هەموویان کوردستانن . . با خوێن و قوربانیدانی رۆڵە قارەمانەکانمان . . بە فیڕۆ نەچن . . پێویستە زیاتر یەکبگرین .
ئەی پارتییە سیاسییەکانی هەموو کوردستان، بەسییە ململانێ و تانە و توانج لەیەکتری گرتن، شەرمەزارییە کە پێکەوە دانانیشن و کۆتایی بە ناکۆکییەکانتان ناهێنن، هەمووتان بە لای نەیارانی کوردەوە وەک یەک وان . . چارەنووس و بەرژەوەندیی باڵای کورد و کوردستان، مەکەن بە قوربانی دەسکەوت و بەرژەوەندییە تەسکەکانی حیزبیتان .

نووسەران، شاعیران، رۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، راگەیاندکاران، میدیاکان، هەر هەموو دڵسۆزانی کورد وکوردستان . . بێدەنگ مەبن و هەڵوێستان هەبێت . . مەبنە پاشکۆی حیزبەکان و خۆتان سنووردار مەکەن، ئەرکێکینەتەوەیی و نیشتمانی پیرۆز و، بەرپرسێتییەکی ئەخلاقی گەورە لە ئەستۆی هەمووماندایە، نابێت بترسین، دەنگمان، رەنگمان، پێنووسەکانمان، وشە ورستەکانمان، بکەین بە چەک و فیشەک و بە قەڵغانی بەرگری و داکۆکی کردن لە چارەنووسی کورد و کوردستان . . لە ئەمرۆدا، پێشمەرگەی چەک بەدەست و، نووسەی پێنووس بەدەست، هەردووکیان پێشمەرگەن و، پێکەوە لە سەنگەری کوردایەتیدان، هەردوکیان گەریلای قارەمانن، بەرگری لە کوردستان دەکەن.

دایکان، باوکان، ئێوەش بە کوێرەوری و شەونخونی، بە کورد و کوردستان پەروەی جگەرگۆشەکانتان گۆش و پەروەردە کردن . . لە ئەمڕۆدا کوردستان دایک وباوکی هەموومانە، ئەرکێکی پیرۆز و پێویستە، کە بەرگریلە کوردستان بکەین . . شکۆداری و سەروەرییە و نەمریشە، گەر لە پێناوی کوردستان شەهید ببین .

خۆشكان و برایانی دڵسۆز و کورد و کوردستان پەروەر، لە هەر وڵاتێکی هەندەراندان، دەستخۆشیتان لێدەکەین بۆ ئەو خۆپێشاندانانەی بۆ پشتگیریکردن لە کۆبانی پاڵەوان و،  هەموو کوردستان دەیکەین . . مەوستن و زیاتر دریژەیپێبدەن و، بچنە بەردەمی باڵویزخانەکانی تورکیا و، شەرمەزاریان بکەن . . زیاتریش داوا لە حکومەتەکانی ئەو وڵاتانە بکەن کە لێیان دەژین . . تا بە دەنگی کۆبانییەوە بێن و . . داوا لە تورکیا بکەن کە هاوکاری چەتەکانی داعش رابگرن و تیرۆریستان نەپەڕێنێتەوە بۆ سوریا و عێراق.

هەزاران سڵاو . . لە پێشمەرگە و لە گەریلا پاڵەوان و گیان لەسەردەستەکانی کوردستان
هەزاران هەزار سڵاو . . لە خوشکە گەریلا قارەمانەکانمان . . کە بە ئازایەتی بێوێنەیان هەموو جیهانیان سەرسام کردوون .

هەزاران هەزان سڵاو . . لە کۆبانی خۆڕاگر و قارەمان . . هێمای بەرگری و بەرخودان


ملیۆنان ملیۆن . . تف و نەفرەت لە چەتە و جاشە بەکرێگیراوە تیرۆریستییەکانی داعش
شەرمەزاری و رسوایی و مردن بۆ داگیرکەرانی کوردستان .
بـژی کورد . . . بژی کوردستان

رەزا شوان / نەرویج : ٩/١٠ / ٢٠١٤


 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.  

 

 

 

 

Related Articles