پەندێکی کوردیمان هەیە کە دەڵێت : " نە بە خۆشی زستان و، نە بە زەردەخەنەی دوژمن بڕوا مەکەن " . . ئاشکرا و لەبەر چاوە، کە تورکیا بە ئاشکرا پشتگیری لە چەتە بەکرێگیراوەکانی داعش و، گروپە توندڕەوە ئسلامییە تیرۆریستتەکانی دژ بە کورد دەکات و، چەکیان دەداتێ و، مەشقیان پێ دەکات و، یارمەتی لۆجستییان دەدا و، زانیاری و نهێنییان دەربارەی هێز و چەکەکانی پێشمەرگە و گەریلاکانکوردستان و هێزەکانی پاراستنی گەل، بە چەتە بەکرێگیراوەکانی داعش دەدات . . سوپای تورکیا بە ئاشکرا لە شاری ( غازی ئەنتاب) و چەند شوێنێکی تردا، مەشق بە چەتەکانی داعش دەکات و، نەک هەر دەروازە سنوورییەکانی لەبەردەم هاتنی تیرۆریستان واڵا کردووە، بەڵکو هەموو کارئاسانییەکیشی بۆ ئەو تیرۆریستانە کردوون، کە بۆ کردەوەی تیرۆریستی و بۆ شەڕکردن لە دژی کورد هاتوونەتەسوریا و عێراق، زۆر لەو تیرۆریستییانەی تا ئێستا لە لایەن پێشمەرگ و هێزی پاراستنی گەلەوە، بە دیل گیراون دانیان بەوەدا ناوە، کە لە سنووری تورکیاوە هاتوونەتە سوریا و عێراق و، لە لایەن موخابەراتی تورکیاوە یارمەتی دراون و کارئاسانیان بۆ کردوون، کە بچنە پاڵ داعش بۆ هێڕشکردنە سەر کوردستان . . بەلای تورکیاوە، چ شەنگال و چ کۆبانی و، هەولێر و، کەرکوک یا هەر ناوچەیەکی تری کوردستان بێت وەک یەک وان . . ئێستا دەردەکەوێت کە تورکیا بۆ لە گرتنی شاری موسڵ و، لە پەلاماردانی کوردستان، لە لایەن چەتەکانی داعشەوە بێ دەنگ بوو، هیچ هەڵوێستێکی فەرمی نەبووە . . بارمتەکانی تورکیاش لەلایەن داعشەوە، سیناریۆیەکی داڕێژراوی گاڵتەجارییە . . تا ئێستاش تورکیا بە کردەوە دژایەتی بەشار ئەسەدی نەکردووە، بەڵکو تورکیا تەنها پیلانی لە دژی گەلی کوردمان لە رۆژئاوی کوردستان داڕشتووە . . هەموو هەوڵێکی بۆ دژایەتیکردنی کوردمان بووە، مەبەستی لەباربردنی ئەزموونە ئازادی و دیموکراتییەکانی رۆژئاوای کوردستانە .
رەجەب تەیب ئۆردووگان فرمێسکی بۆ منداڵانی غەزە دەڕشت، بەڵام نەک هەر تەنها فرمێسکی بۆ هەزاران منداڵ و ئافرەت و پیری کوژرا و ئاوارەبوونی بە هەزاران کورد و مەسیحی نەڕشتووە، بە ڵکو بسکەی سمێڵیشی دێت، چونکە ئەمە پیلانێکی گڵاوی ژێراوژێری نێوان تورکیا و چەتە بەکرێگیراوە داعشە . . هێڕشی چەتەکانی داعیشبە قورسترین چەک، بە دڕندەترین شێوە، بۆ سەر کۆبانی و ناوچەکانی تری رۆژئاواو باشووری کوردستان درێژەدانە بە جێبەجێکردنی ئەو پیلانە داڕێژراوەی نێوان تورکیا و چەتەکانی داعش. . بە ئاشکرا دەستی تورکیای داگیرکەری باکووری کوردستان تێدایە و، هەر تورکیاشە نەخشەکێش و پیلان داڕێژێتی هێڕشەکانی چەتەکانی داعیش و ماعشبۆ سەر کۆبانی و شەنگال و ناوچەکانی تری باشوور و باکووری کوردستان، هەموو کوردێک ئەوە دەزانێت کە مەبەستیان داگیرکردنی کوردستان و، جینۆسایدی کوردە . . ئەمەیە هەڵویستی دووڕوویی و دوو پێوەری تورکیای پارتی داد و گەشەکردن . . ئەمەیە رەوشت و کرداری کاربەدەستانی تورکیا . ئەمەیە پیلان و نیازە گڵاوەکانیان، لە دژی کورد و کوردستان، وەکو دەڵێن، تورکیا ( لەگەڵ گورگدا گۆشت دەخۆا و، لەگەڵ مەڕیشدا شین دەکا ) . . بۆیە هەرگیز جێی بڕوا و متمانە نین .
نە تورکیا و نە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی تا ئێستا، بە فەرمی پرۆتستۆی ئەو تاوانانەیان نەکردووە، کە بەدڕەوشتەکانی داعش و گرووپە تونڕەوە ئسلامییەکانه (بەرەی نوسرە) لە دژی گەلی کوردمان ئەنجامیان داون و هێشتا بەردەوامن لە تاوان کردن لە دژی خەڵکی سڤیلی کوردستان . . بێ دەنگی و خۆ کەڕکردن و چاونووقاندن و خۆ لاڵ کردن لە ئاستی ئەم تاوانانە نا مرۆییانەدا کە دەرهەق بە کوردی ئازادیخواز دەکرێن، پشتگیریکردنە لە تاوان و لە تاوانباران، شەڕی بەکریگیراوەکانی داعش لە دژی گەلی کوردمان، شەڕێکی رەگەزپەرستی عەرەبییە لە ژێر ناوی ئایینی ئیسلامدا . . داعیشەکان نە ئایینیان و نە ویژدانیان هەیە، دڕندەن و لە هەموو سۆزێکی مرۆڤایەتییش بەدەرن . . ئەوەی ناوی رەوشت و ئابڕوومەندییە نییانە .
ئەوەتا تورکیا لە پاداشتی، ئەو خزمەتە بێ سنوورەی پێشکەشی چەتەکانی داعشی کردوون و دەیکات، لە دژی گەلی کوردمان لە کوردستاندا، داعش بارمتەکانی تورکیای بەرەڵڵا کردن ـ دەرنەچوون و گرتنی بارمتەکانی کونسوڵخانەی تورکیا لە شاری موسڵ سیناریۆیەکی داڕێژراوی نێوان تورکیا وداعش بوو ـ ئەوەتا هێڕەشەکانی داعش بە قورسترین چەک بۆ سەر ناوچەی کۆبانی خۆڕاگر، هاوکاتن لەگەڵ بەرەڵڵاکردنی بارمتەکانی تورکیا دا . . ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاش باش دەزانن کە تورکیا، مەشق بەچەتەکانی داعش دەکات و، هەموو یارمەتییەکیان دەدات، لە دژی گەلی کوردمان، بەڵام بە داخەوە کە بێ دەنگن لە ئاستی ئەم هاوتاوانییانەی تورکیا و داعش لە دژی کورد ؟! شەڕی داعش، جێبەجێکردنی پراکتیکی پیلانێکی نێوچەییە لە دژی گەلی کوردمان بۆ لە ناوبردنی کورد و، وێرانکردنی کوردستان . . هەڵوێستی چەپەڵی تورکیا، لە دژی هێنانەدی خواستەکانی کورد، شتێکی ناکاوی و تازە نییە . . هەموو ئەو پیلانانەی کە تا ئێستا لە دژی گەلی کوردمان ئەنجام دراون . . ( تورکیا کڵاوسووری پێش لەشکر بووە ) و، رۆڵێکی ناپاکی گەورەی لە دژ بە گەلی کوردمان بینییەوە .
تورکیا ئەوە نەکات بە پیاوەتی و مرۆڤایەتی و بەزەیی بەسەر گەلی کوردمانەوە، کە ريێی بە ئاوارەکانی کۆبانی داوە، کە بچنە خاکی باکووری کوردستانەوە . . ئەوان روویان لە باکووری کوردستان کردووە، کە نیشتمانی خۆیانە و، خوشک و برا و کەسوکاری یەکترین، کە تا ئێستا لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە . . هۆیەکی سەرەکی ئاوارەبوونی خەڵکی کۆبانی و شەنگال، دەستی تورکیای تێدایە . . تورکیا وا خۆی پێشاندەدا، گوایە هەڵوێستێکی مرۆیی هەیە بەرانبەر بە ئاوارەبووەکانمان، ئەمەش بۆ پەردەپۆشی دەستێکەڵاوی و پیلانە هاوبەشییەکانێتی، لەگەڵ چەتەکانی داعشدا.
پێویستە چیتر بێدەنگ نەبین، لە یارمەتیدان و هاوکاریکردنی دڕندەکانی داعش لە لایەن تورکیاوە، لە دژی گەلی کوردمان . . داواش لە لایەنە نێو دەوڵەتییەکان دەکەین، کە بە دەنگی گەلی کوردەوە بێن، ئەگینا ئەنفالێکی تر بەڕێوەیە .
پێویستە ئێمەی کورد زیاتر وریابین و ئەوە بزانین، کە مەترسییەکی گەورە و، پیلانێکی چەپەڵ لەلایەن داعش و ناحەزانی کوردەوە لە ئارادایە لە دژی گەیشتنی گەلەکەمان بە مافە رەواکانی . . ئەمڕۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، بە قۆناغێکی زۆر هەستیار و چارەنووسازدا تێدەپەڕێ و، لە زۆر لاوە پیلانیان بۆ داڕشتووین . . بۆیەلە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە یەکگرتن و، بە یەکێتی و، یەکڕیزی و، یەکدەنگی، یەک وتاری و، یەک هەڵوێستی، یەک هێزی و، یەک بەرگری و، رێکخستنی ماڵی کورد هەیە . . پێویستە لە ئەمڕۆدا هەموومان پێشمەرگەی سەرسەختی کوردستان بین و، شەنگال و کۆبانی و، هەر بستێکی تری خاکی کوردستان بۆ کورد پیرۆزە و جیاوازی نییە . . هەموومان کوردین و کوردستانین. . رۆژ رۆژی کوردایەتییە، رۆژی شکۆداری و سەروەری و، بەرگری کردنە لە خاکی پیرۆزی کوردستانمان، ئەمەش ئەرکێکی پێویست و پیرۆزی هەموو کورد و کورستان پروەرێکی دڵسۆزە . . لە سایەی یەکێتی و یەکڕیزی و خۆڕاگری و بەرگریی کردن و کۆڵنەدانماندا . . گەشبین و دڵنیاین کە سەردەکەتنبو ئێمەی کوردە و، داعش ماعش دەبەزێنین و، هەموو پیلانە گڵاوەکانی دوژمنانی گەلەکەشمان پووچەڵ دەکەینەوە .
داواش لە رەوەندی کوردمان لە هەندەران دەکەین، کە هەڵوێستێکی زیاتریان هەبێت و، بە هەموو شێوەیەک هەوڵی ئاشکراکردنی، ئەم تاوان و پیلانانە قێزەوەنانە بدەن، کە لە دژی گەلی کوردی ئاشتی و ئازدیخوازمان ئەنجام دەدرێن .
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.