ستونی (٢٩)
فەرموون ئێوەو داتایەکی دیکە بۆ سەلماندنی گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردنەکان.ئێوە تەماشاکەن، ببینن، ئارام شێخ محەمەد چی ئەڵێت سەبارەت بە فێڵو تەزویرکردنەکان؛ "ژوری ههڵبژاردنی گۆڕان: بۆ چارهسهری ساختهكاریهكان، لهگهڵ ئهنجومهنی كۆمسیاران لهسهر خهتین"! سەرنجی ئەم قسەیە بدەن: "چارەسەری ساختەکارییەکان!" باشە با لە ژووری هەڵبژاردنی گۆڕڕان بپرسین، ساختەکاری ساختەکارییە، ئیتر چۆن چۆنیی چارەسەری ئەکەن!؟ پاشتر ئەڵێت: "تهئكیدیشیان لهوهكردهوه تهنها پابهندی ئهو ئهنجامانه دهبن ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆن به فۆرمی 902 رادهستیانی كردوه"!! واتە گۆڕڕان مەرجی هەیەو سیقەی بە کۆمیسیۆنی باڵاش نییە! هەروەها ئەم قسەیە بۆنی ئەوەشی لێ دێت کە بە نەتیجەکان ڕازی نەبن!
ڕووقاییمی پێنج حزبەکەی کوردستان بێوێنەیە! لە ماوەی یەک مانگی هەڵمەتی هەڵبژاردندا هەموو حزبەکان هێندەی باسی پرۆسەیەکی بێگەردو دیموکراسییان کرد، هێندەی باسی پێشگرتن لە تەزویرو ساختەکارییان کرد، نیو ئەوەندە باسی بەرنامەو وەعدو بەڵێنەکانیان نەکرد.هێندەی تەحەدایان کردو بەڵێنیان دا کە بەربگرن لە تەزویرو ساختەکاری، چارەکێکی ئەوە خۆیان ماندوو نەکرد شێوازێکی مۆدێرن بگرنەپێش بۆ تێپەڕاندنی هەڵمەتی هەڵبژاردن.کەچی ئێستا بە دەمی خۆیان هاوار ئەکەنو ئیعتراف ئەکەن کە چەندەو تا چ ئەندازەیەک تەزویرو فڕوفێڵ کراوە لەم هەڵبژاردنەدا! هێشتاش هەر تانە لە ئێمە کۆمۆنیستەکان ئەدەن کە ووتوومانە ئەمە هەڵبژاردن نییەو فەقەت گاڵتەجاڕێکەو بەداخەوە هاوڵاتیانیان وادار کرد ڕاپێچی نێو گاڵتەجاڕەکە ببنو دەستیان کردن بە زاخدا!
ئەوان شارو بازاڕو ماڵو حاڵی هاوڵاتیانیان پڕکرد لە پەیمانی پووچو درۆی باڵدار بۆ ماوەی مانگێک، تەنانەت خەو و خۆراسیان لە چاوی هاوڵاتیان حەرام کردو ژیانو ئارامیو ئیسراحەتی هاوڵاتیانیان کردبوویە کایەی دەستی خۆیان.سەیرو سەمەرەش لەوەدایە هەر خۆیان ساختەکارییان ئەنجامداوەو هەر خۆشیان لایەنی تر تۆمەتبار ئەکەن بە ئەنجامدانی تەزویر! لەپاڵ هەموو ئەوانەشدا بێشەرمانە باسی سەرکەوتنی پرۆسەکەشیانمان بۆ ئەکەن! بێشەرمیی تا ئەم ئاستە ناوازەیە!
پاش هەڵمەتی هەڵبژاردنو تەواوبوونی گاڵتەجاڕی دەنگدان، وا نزیک بە مانگێکە مێشکی کۆمەڵگایان کردۆتە نیشانەو هەر باس باسی دەستکاری کردنو نەکردنی سندوقەکانو ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەتو ناتایبەتیشە.ئەم لایەن ئەوی تریان بە ساختەکار دائەنێو ئەولاش بە جیاو بە گەلەکۆمەکیش بەمی دیکەیان ئەڵی خەریکی تەزویراتە! نە کۆمیسیۆنی باڵاو نە فەرعەکانی کۆمیسیۆنو نە چاودێری خارجیو نە چاودێری ناوخۆییو نە فەوجە هەڵۆکانی سەرپەرشتیاری حزبەکانیش، نەیانتوانی بەر بەو پرۆسەی گاڵتەجاڕییە بگرن، کە پێنج حزبەکەی کوردستان، شانبەشانی فەزیحەی ئیتیخاباتی عێراق، لەنێو بەرانبەرکێی دوو تائیفەی شیعەو سوننەو چەندین عەشیرەو خێڵو تیرەی ووردو درشتو ڕیزێکی درێژی حزبی ووردو درشتی مفتەخۆر لە بەشەکانی تری عێراق بەڕێوەچوو! ئەم پێنج حزبە یەکەم بەڵێن کە دابوویان بە خەڵکی، واتە ڕێگاگرتن لە تەزویرو ساختەکاری نەک هەر نەیانتوانی بیبەنەسەر، بەڵکو خۆیان بە دەستی خۆیان ساختەکارییەکانیان ئەنجام داو پێچەوانەی قسەکانی خۆیان ڕەفتاریان کرد.باشە ئینسان ئەبێت چاوەڕوانیی چی دیکەیان لێ بکات بۆ وەعدو بەڵێنە بریقەدارەکانی دیکەیان!؟
١٨ئایار١٤
لینکی تەواوی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی سبەی سەبارەت بە لێدوانی ئارام شێخ محەمەد