یەکەمین‌ چاکسازی ‌گۆڕڕان خزمەتی زیاتری پیاوانی ئایینی! ... حەمە غەفور

ستونی (٣١)

نەوشیروان مستەفا بۆیە بەڵێن ئەدات خزمەتی زیاترو باشتری پیاوانی ئایینی‌و وەزارەتی ئەوقاف بکات، چونکە وەکو خزمەتکارێکی سەرمایەو چینەداراکان، ئەو ڕاستییە باش حاڵییە کە ئایین‌ چۆن تلیاکێکە بۆ گەوجاندن.باش ئەزانێ پیاوانی ئایینی‌و دامەزراوەکانی تری بەرهەمهێنانی ئەفیونی ئایینی، چ سەرمایەیەکی بەنرخن بۆ ڕامهێنانی خەڵکی لەگەڵ گرفتاری‌و نایەکسانییەکانی ئەمڕۆ، بۆ دەستەمۆکردنی بەکۆمەڵ‌و قبوڵاندنی ژیانێکی مەمرەو مەژی لەلایەن ملیۆن ملیۆن ئینسانی کۆمەڵگاکانەوە، بۆ ملڕاکێشان بۆ جیاوازی چینایەتی‌و هەژاری‌و بێکاری‌و دەیان نەهامەتی دیکە، کە ئاکامی ڕاستەوخۆی ڕژێمی زاڵمانەی بۆرژوازییە.
جیهانی ئەمڕۆ لەگەڵ هەموو نەهامەتییەکانی، لەڕێگای موئەسەسەی ئایینییەوە وەکو دابەشکردنێکی ئیلاهی دەرخواردی خەڵکی ئەدرێ‌‌و وادارئەکرێن ملی پێبدەن‌و لەگەڵیدا هەڵکەن.بڕیار وابوو چاکسازی لەخزمەتی هاوڵاتیاندا بێت، نەک چاکسازی لە دامەزراوەی ئایینی‌و پیاوانی مفتەخۆری ئایینی کە ئەرکیان ڕەوانەکردنی خەڵکیە بۆ قیامەت لەکاتی دەربڕینی ناڕەزایەتیدا! 
وەزارەتی ئەوقاف‌و پیاوانی ئایینی بۆیە گرنگن، هەتا لە هاوشانی پڕۆژە "چاکسازییەکانی نەوشیروان مستەفا"دا ئامادەترو تەیارتر بن بۆ برەودان بە گەوجاندنی گشتی‌و قایلکردنی بەکۆمەڵی هاوڵاتیان بۆ ملکەچکردن لەپای گشت ناهەموارییەکانی ژیانی ئەمڕۆ، هەر بۆیەش ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕڕان ڕاشکاوانە ئەڵێ، خزمەتی زیاتری مامۆستایانی ئایینی ئەکەین‌و بژێوییان باشتر ئەکەین.سەرتاپای ئایین‌و ئەم توێژە ئایینییە لەسەر شانی داهاتی گشتی ئەچەرخێ‌و لەپای خۆشخزمەتیشیان بۆ سەرمایەداران، پیاوانی ئایینی لە نازونیعەمەتدا ئەژین‌و نەوشیروان مستەفا هێشتا داوای خۆشگوزەرانیی زیاتریان بۆ ئەکات.ئەمە یەکێکە لە پڕۆژە چاکسازییەکانی گۆڕڕان، لەکاتێکدا وەزارەتی ئەوقاف‌و پیاوانی ئایینی بارێکی قورسن بەسەر شانی کۆمەڵگاوە.چین‌و توێژە کەمدەرامەتەکان ئەبوایە لە پڕۆژەی گۆڕڕاندا یەکەمین بوونایە، بەڵام درۆ دەرچوو!
٢١ئایار١٤

"نەوشیروان مستەفا رایگەیاند: ئێمە خۆمان وەزارەتی ئەوقافمان پەسەندکردوە، چونکە بە وەزارەتێکی گرنگی دەزانین و دەمانەوێت لەو رێگەوە چاکسازی لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئەو وەزارەتە بکەین و گۆڕانکاری لەئاستی بژێوی مامۆستایانی ئاینی بکرێت و بەگشتی خزمەت بەدینی ئیسلام و مسوڵمانان و خەڵک بکەین."

لینکی هەواڵی کۆبوونەوەی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ وەفدی وەزارەتی ئەوقاف

Related Articles