له كاتێكدا ناكۆكییه‌كانی ناوخۆی یه‌كێتی گه‌یشتبووه ئاستێك كه‌س گوێی بۆ كه‌س نه‌ده‌گرت، له‌ناو ئه‌و ناكۆكیانهشدا بێزاری خه‌ڵك گه‌یشتبووه ئاستێك ته‌نیا ئه‌وه‌ی مابوو یه‌كێك له رێگه‌ی حیزبێكه‌وه بێت و بانگه‌شه‌ی گۆڕانكاری و باشتركردنی ره‌وش و گوزه‌رانی خه‌ڵك به‌رز بكاته‌وه، ئه‌وه‌بوو نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی قۆسته‌وه‌و یه‌كێتییه‌كی پڕ له‌كێشه‌ی بۆ یه‌كێتییه‌كان به‌جێهێشت و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی دروست كرد، پرسی گۆڕانكاری له سیسته‌می سیاسی و باشتركردنی ژیانی خه‌ڵك و به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تییه‌كانی كرده به‌رنامه‌ی لیسته‌كه‌ی و به‌و كۆمه‌ڵه دروشمه‌وه چۆیه ناو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه، خه‌ڵكیش تینوی باشتربوونی ژیانیان بوون و بێزاری له ده‌ست گه‌نده‌ڵكاران و ناعه‌داله‌تییه‌كان ته‌نگی پێ هه‌ڵچنی بوون.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت پێگه‌ی خۆی له ناو ئه‌و هاونیشتمانییه بێزار و ناڕه‌زاییانه به‌هێز بكات، دۆخێكی دروستكرد كه خۆی له خوڵقاندنی گوتارێكی ئه‌نتی ده‌سه‌ڵات ده‌بینیه‌وه، واته گۆڕان له رێگه‌ی میدیا‌و كاره‌كته‌ره‌كانییه‌وه فه‌شه‌لی سیاسی و ئیداری زۆنی سه‌وزی یه‌كسان كرد به هه‌رێم و ئه‌مه‌ش سوودی بۆ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه هه‌بوو، چونكه هه‌ر وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ كرا خه‌ڵك بێزاری ده‌ستی ناكۆكی و ناعه‌داله‌تییه‌كان بوون و له ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕان تا تۆڵه‌ی سیاسی له یه‌كێتی بكه‌نه‌وه. دژایه‌تییه‌كانی گۆڕان گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی مانه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات له زۆنی سه‌وزدا وه‌ك شهرمهیهكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ژمار بكرێت، ئه‌و یه‌كێتیانه‌ی ده‌چوونه ناو گۆڕانه‌وه به گه‌رمییه‌وه پێشوازیان لێ دهكراو له شاشه زهردهكهوه ده‌گوترا كه هاتنه‌وه ناو ریزی گه‌ل، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌مه ده‌گه‌یه‌نێت یه‌كێتی بوون له‌و كاتدا له ده‌ره‌وه‌ی ریزی گه‌له‌وه بووه، ده‌بوایه خه‌ڵك باشتر له‌و گوتاره بگهیشتانایه، چونكه بۆ هیچ بزوتنه‌وه‌یه‌كی تازه نییه حیزبه‌كانی به‌ر له خۆی له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی گه‌له‌وه دابنێت، ده‌بوایه ئه‌وكات نیشانه‌ی پرسیار بخرێته سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه، ئه‌م جۆره‌ش له گوتار ته‌نیا حیزبی تۆتالیتا‌ر پشتی پێده‌به‌ستێت، به پێچه‌وانه‌وه بزوتنه‌وه‌یه‌كی به‌رپرسیار گوتاری خراپی له‌م جۆره ناوروژێنێت له‌پێناوی به‌ده‌ست هێنانی ده‌نگ و كۆتایی هێنان به حیزبه‌كانی تر، به‌ڵام گۆڕان ئه‌مه‌ی كرد له ژیر دروشمه‌كانی گۆڕانكاری و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی.
له كاتێكدا زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌و به‌شێك له وڵاتانی جیهان به‌ده‌ست جه‌هلی ئیسلامی سیاسییه‌وه گیرۆده‌ن و سه‌رقاڵی پاككردنه‌وه‌ی وڵاته‌كانیانن له‌و گروپه توندڕۆ و كۆنه‌په‌رستانه‌ی به‌ناوی دیینه‌وه ئیش بۆ مه‌رامی سیاسی ده‌كه‌ن و ئامانجیان گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانه بۆ ناو یه‌ك ده‌وڵه‌تی ئیسلامی كه شه‌رعیه‌تی ئیسلامی سه‌رچاوه‌ی هه‌موو شتێك بێت، ئه‌مه‌ش به خاڵه هه‌ره مه‌ترسیداره‌كان داده‌نرێت، شه‌رعیه‌تی ئیسلامی ناتوانێت خۆشبه‌تی بۆ هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك دروست بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه به‌سه‌ر حه‌ڵال و حه‌رام دابه‌ش ده‌كات و كۆنترۆڵی كۆی كایه‌و چه‌مكه‌كان ده‌كات له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی ئیسلامیانه، به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌مه ئاینیانه‌ی له‌ناو وڵاتدان، وه‌ك مه‌سیحی و یه‌هودی و ئێزیدی و كاكه‌ییه‌كان و زه‌رده‌شتییه‌كان.
له‌وه‌ها دۆخێك‌دا گۆڕان هاوپه‌یمانی و هاوهه‌ڵوێستی له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌كان ده‌ست پێده‌كات و هێزی مه‌عنه‌وی بۆ ئه‌و گروپانه دروست ده‌كات كه هیچ شتێك به كورده‌وه نایانبه‌ستێته‌وه، چونكه ئاشكرایه ئامانجی سه‌ره‌كیان دروستكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته فاشیله‌كه‌ی خهڵافهته، هه‌ڵبه‌ت پاشكۆیه‌تی بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ته نه‌ك هاوشێوه‌ی توركه‌كان بتوانن سوود له‌ناوی ئیسلام وه‌ربگرن بۆ نه‌ته‌وه‌ی خۆیان، ئاخر تورك توانی خه‌لافه‌ت زیندووكاتهوه، پاشانیش به‌هۆی ده‌وڵه‌تی عوسمانیه‌وه ئه‌و توركیایه‌ی ئێستاكهیان هه‌یه، به‌ڵام ته‌واوی ئه‌و گروپانه‌ی به‌ناوی ئیسلامی سیاسییه‌وه له باشووری كوردستاندان، جگه له پاشكۆیه‌تی بۆ عه‌قڵ و حیزبه ئیسلامییه عه‌ره‌بییه‌كان هیچی تریان نییه كوردبوونیان بسه‌لمێنێت، دژایه‌تی نه‌وروز ده‌كه‌ن، سرودی ئه‌ی ره‌ق ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر سرودی ئێرانییه‌كان هه‌ڵده‌ستنه‌وه، شین بۆ فه‌له‌ستین ده‌كه‌ن و به‌هۆیه‌وه دژایه‌تی ئیسرائیلێكی به‌هێز ده‌كه‌ن كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خراپی بۆ سه‌ر كورد هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا، شانازی به سه‌ددامه‌وه ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند مزگه‌وتێك و په‌یمانگه‌یه‌كی ئایینی دروست كردووه، به‌ڵام بیریان نییه ته‌واوی مزگه‌وت و په‌یمانگه ئیسلامییه‌كان به نیسبه‌ت كورده‌وه تالێك قژی منداڵێكی ئه‌نفالكراو ناهێنێت!
به‌مه‌ش بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ره‌ی ئیسلامی سیاسی له باشووری كوردستاندا به‌هێزتر كرد‌و به حیزبی براوه‌وه ئه‌وانی برده ناو په‌رله‌مانه‌وه، چونكه دوای ئه‌وه‌ی ئیسلامییه‌كان له‌گه‌ڵ گۆڕان بوون به‌ئۆپۆزسیۆن گوتار‌و ئیشكردنیان گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه دی و گۆڕانیش به‌رده‌وام موجامه‌له‌ی ئه‌و هێزه كۆنه‌په‌رستانه‌ی ده‌كرد، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شكست به ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی به پله یه‌ك و دواتریش پارتی به پله دوو بهێنێت، ئیدی باكی به‌وه نه‌بوو دوای ئه‌وانه ئیسلامییه‌كانن یان خه‌ڵكانی ترن دێنه ناو جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه، ئاخر ژیان له سایه‌ی گه‌نده‌ڵی پارتی و یه‌كێتیدا زۆر باشتره وه‌ك مردن و هه‌یبه‌ت شكاندن له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی سیاسی كه نموونه‌ی زۆر هه‌ن له‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی وه‌ك ڤایرۆس وان هه‌ركه چوونه ناو سیسته‌می ژیانی خه‌ڵكه‌وه ئیدی كۆتایی به ژیانی ئاسایی خه‌ڵك دێت و ئیران و ئه‌فغانستان نموونه‌ی زیندوون.
هێزێك بانگه‌شه‌ی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و گۆڕانكاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بكات، جێگه‌ی پرسیاره هاوپه‌یمانی و هاوهه‌ڵوێستی له‌گه‌ڵ گروپگه‌لێكی ئیسلامی سیاسی ببه‌ستێت و دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتێك بكات كه سه‌رباری سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ری هێشتاكه ده‌توانرێت بگوترێت بڕوای به دیموكراسی و ئازادی و یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت ده‌سه‌ڵات هه‌موو ئه‌و كایانه‌ی پێرفێكت كردووه، نه‌خێر زۆر شتی گرنگ ماون له‌باره‌ی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه بیكات، به‌ڵام ئه‌مانه ئه‌وه ناگه‌یه‌نن ئیسلامییه‌كان له پارتی و یه‌كێتی باشتربن، به‌پێچه‌وانه‌وه، ئیسلامییه‌كان بۆ كاری ده‌وڵه‌تداری مه‌ده‌نی و دیموكراسی نایه‌ن و ئه‌و هێزه‌شی ئه‌وانه زیندووبكاته‌وه له مێژوودا تاوانباری سه‌ره‌كی ده‌بێت له ئاست ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی به هۆی ئیسلامییه‌وه تووشی كۆمه‌ڵگه ده‌بێت.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گومانی خسته سه‌ر خۆی كاتێك له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌كان له‌رێگه‌ی مه‌لایه‌كه‌وه فه‌توای جیهادیان دژی خه‌ڵكانێكی كورد ده‌ركرد، هه‌ر هێزێك بڕوای به جیهاد هه‌بێت بۆ هه‌ر كات و مه‌به‌ستێك بێت، پێویسته له كۆمه‌ڵگه دوور بخرێته‌وه، چونكه له ئاسانترین پێناسه‌یدا جیهاد مانای كوشتنی نه‌یاره‌كان ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ڵبه‌ت له ده‌وڵه‌تی دیموكراسییدا كوشتن و جیهاد قه‌ده‌غه‌ن، كه‌واته گۆڕان كه‌وته به‌رده‌م پرسیاری جیدییه‌وه كاتێك ئه‌و مه‌لایه فه‌توای جیهادیدا و بێده‌نگیان به‌رانبه‌ری نواند!
گوتاری گۆڕان به پاڵپشتی لایه‌نه ئیسلامییه‌كانی باشووری كوردستان، له ماوه‌ی ئۆپۆزسیۆن بوونیاندا له‌سه‌ر ئاستی میدیایی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا جۆرێك له‌گوتار بوو كه خاڵی له لۆژیك و پڕاوپڕ له چه‌واشه‌كاری، به‌رده‌وام پێداگریان له‌سه‌ر پرسی گه‌نده‌ڵی و خانه‌نشینی پله تایبه‌تییه‌كان ده‌كرد، كه‌چی زۆربه‌ی سه‌ركرده باڵاكانی ناو گۆڕان خانه‌نشینی پله تایبه‌ت و باڵان، سوودمه‌ندی داهات و پاره‌ی حكومه‌تن، هاوشێوه‌ی یه‌كێتی و پارتی پاره له حكومه‌ت وه‌رده‌گرن، خاڵێكی تری گوتاری گۆڕان ئیش كردنیان بوو له‌سه‌ر ناشیرینكردنی خودی ناونیشانی حكومه‌ت و هاوپه‌یمانی نێوان لایه‌نه‌كان له پێكهێنانی حكومه‌ت و دابه‌شكردنی پۆسته‌كاندا، به‌ڵام هه‌نووكه گۆڕان پشتی كردۆته گوتاری سه‌رده‌می ئۆپۆزسیۆن بوونی و رازییه به‌وه‌ی پۆسته‌كان له‌رێگه‌ی رێككه‌وتنی حیزبیانه‌وه یه‌كلایی بكرێته‌وه، ئه‌وكات پۆست و پایه‌ی حكومی و سیاسی له میدیاكانیانه‌وه به‌بێ بایه‌خ به هاونیشتمانیان نیشان ده‌دراو له‌بری ئه‌وه ده‌گوترا ئه‌و پۆستانه نه‌یتوانیوه خزمه‌تی هاونیشتمانی بكات، واته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌و رێگه‌یه‌وه ده‌نگی كۆكرده‌وه، كه‌چی هه‌نووكه ده‌یه‌وێت بچێته ناو حكومه‌ت، ئیدی پۆست و پایه بایه‌خی گه‌وره‌ی هه‌یه نه‌ك خزمه‌تكردنی هاونیشتمانی، ته‌واوی قورسایی گۆڕان بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و به‌تایبه‌تی ناوخۆیه، چونكه یه‌كێكیان چه‌كی هه‌یه كه خه‌ونی گۆڕانخوازهكانه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی پێ له‌ده‌سه‌ڵات به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی بكه‌ن و وه‌زاره‌تی ناوخۆش گۆڕینی یه‌كه ئیدارییه‌كان و مۆڵه‌تدانه به هه‌ندێ خۆپیشاندان دژی ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی هی حیزبه‌كانی ترن و دیسانه‌وه ده‌ستگه‌یشتن به چه‌ك، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی تر! واته ئه‌و گوتاره‌ی گۆڕان له سه‌رده‌می ئۆپۆزسیۆن بووندا ئیشی له‌سه‌ر ده‌كرد زۆر جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌نووكه‌ی كه ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌یه‌وه بچێته ناو حكومه‌تی بنكه‌فراوانه‌وه، له كاتێكدا خراپترین حكومه‌ت حكومه‌تی بنكهفراوانه، چونكه له‌وه‌ها حكومه‌تێكدا بایه‌خی ده‌نگی جه‌ماوه‌ر نامێنێت و ئۆپۆزسیۆن بوون ئاماده‌گی نابێت و ئه‌مه‌ش زیانه بۆ سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌هه‌ر وڵاتێكداو حیزبه‌كانیش له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بێده‌نگی له‌زۆر شت ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی باجه قورسه‌كه ده‌دات ته‌نیا هاونیشتمانی سوودمه‌ندنه‌بووه له داهات و سه‌رمایه‌ی حكومه‌ت. گوتاری هه‌نووكه‌ی گۆڕان شه‌رمه‌زاری لێ ده‌تكێته‌وه، چونكه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌یه‌وێت بچێته ناو حكومه‌تێكه‌وه كه له‌سه‌رده‌می ئۆپۆزسیۆن بوونیدا ده‌یگوت پێویسته له‌ره‌گه‌وه هه‌ڵبكێشرێت و كۆتایی بهبونیادهكانی بهێنرێت، گوایه ئه‌و حكومه‌ته‌ی پارتی و یه‌كێتی پێكیان هێناوه خاوه‌نی هیچ نییه، ئه‌مه‌ش جۆرێك له گوتاری دووفاقیانه نیشان ده‌دات، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت و پارتی و یه‌كێتی هێنده خراپن، خێره ئه‌مرۆكه له‌گه‌ڵ ئه‌واندا به‌شداری حكومه‌ت ده‌كه‌ن و پشت ده‌كه‌نه ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ده‌نگیان داوه‌ته گۆڕان و ئیسلامییه‌كان به‌و هیوایه‌ی حكومه‌تێك به‌بێ پارتی و یه‌كێتییان بۆ پێكبهێنن، كه‌چی ئه‌مه راست نه‌بوو، ته‌نیا قسه‌ی میدیایی بوو، ئه‌وه‌تا هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن تا باشتر هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵات بكه‌ن، چونكه نانه چهورهكه له ناو ده‌سه‌ڵاتدایه! گه‌لیش كه‌یفی خۆیه‌تی!
په‌رله‌مان تاكه شوێنگه‌ی پیرۆز‌و یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ی كێشه‌كان و نوێنه‌ری هاونیشتمانیان بوو له‌سه‌رده‌می ئۆپۆزسیۆن بوونی گۆڕان و ئیسلامییه‌كاندا، به‌ڵام ئێستاكه ئه‌و شوێنگه‌یه بایه‌خی نه‌ماوه، چونكه كه‌متر پاره‌ی لێیه‌و ناتوانێت خه‌ڵكی دامه‌زرێنێت و پرۆژه‌ی حیزبی به‌ڕێ بكات، چونكه كه‌مینه‌ن تێیداو ئیشی په‌رله‌مانیش نییه، كه‌واته په‌رله‌مان تاكه وه‌سیله‌ی ده‌نگ كۆكردنه‌وه بوو، ئه‌گینا ئه‌وه‌تا گۆڕان دوای هه‌ر پۆستێكی تر ئینجا په‌رله‌مانی ده‌وێت، گه‌وره‌ترین ململانێی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان له‌سه‌ر جێگری حكومه‌ته نه‌ك په‌رله‌مان، واته ئاشكرایه حكومه‌ت سوودی زیاتره بۆ گۆڕان وه‌ك له په‌رله‌مان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جێگری حكومه‌ت ده‌توانێت پیتاك كۆكاته‌وه‌و خه‌ڵك دامه‌زرێنێت و واسیته‌ی گۆڕانخوازه‌كان بێت و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی بڕیاره حیزبییهكانی زیاتره، كه‌واته جێگری حكومه‌ت زۆر به بایه‌ختره له ئه‌جێندای گۆڕانه‌وه‌و له دیدی خۆیانیشه‌وه چیانداوه له په‌رله‌مان كه ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه ئه‌مجاره ئه‌وان بوتله ئاویان تێبگیرێت.
هۆكاری سه‌ره‌كی پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت بۆ داواكاری گه‌وره‌ی حیزبه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه له پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ نموونه گۆڕان داوای جێگری حكومه‌ت، یهكێكتیش هه‌مان داوای هه‌یه، كۆمه‌ڵ به شه‌ش كورسییه‌وه ده‌یه‌وێت چه‌ند وه‌زاره‌تێك و چه‌ند ده‌سته‌یه‌كی به‌ركه‌وێت و یه‌كگرتووش به‌هه‌مان شێوه، یه‌كێتی ده‌یه‌وێت دان به‌وه دانه‌نێت بۆته حیزبی سێیه‌م و ده‌یه‌وێت هه‌مان پۆسته‌كانی كابینه‌ی حه‌وته‌می بهركهوێتهوه، ئه‌مه‌ش هه‌م یاسایی نییه، هه‌م قه‌بول كرا‌و نییه، كه‌واته پارتی باجی ململانێی حیزبه‌كانی تر ده‌دات له‌وه‌ی نه‌یتوانیوه حكومه‌ت پێكبهێنێت، ئه‌گه‌ر پارتی ده‌یه‌وێت سه‌نگ و قورسایی خۆی له‌ده‌ست نه‌دات، ده‌بێت ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی گشی بكات و به‌خێرایی حكومه‌ت پێكبهێنێت و هێنده بایه‌خ نه‌داته قسه‌ی ئه‌م حیزب و ئه‌و حیزب، خۆ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی بنكه‌فراوانی پێكنههێنا، ئه‌وكات سه‌روه‌رییه بۆ پارتی، وه‌ك گوترا خراپترین حكومه‌ت، حكومه‌تی بنكهفراوانه، ئه‌گه‌ر پارتی بیه‌وێت له‌رێگه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی ته‌واوی حیزبه‌كانه‌وه ده‌نگی ناره‌زایی خه‌ڵك كپ بكات، ئه‌وكات زیان به‌خۆی ده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌ته‌كه‌ی پارتی به‌وه به‌هێز ده‌بێت كه ره‌خنه‌ی ئاراسته بكرێت، به‌مه‌ش بایه‌خ به دیموكراسی و ئازادی قسه‌كردن و ره‌خنه‌گرتن ده‌درێت و ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی حوكمڕانێتی مه‌ده‌نی ده‌گه‌یه‌نێت و دواجار گه‌لیش قسه‌ی خۆی ده‌كات!
گۆڤاری شه‌پۆل، ژماره‌ی 40ی نیسانی 2014