ڕاوێژو ئامۆژگارییه‌كانی عه‌بدولباری عه‌توان بۆ داعش ... بورهان شێخ ره‌ئوف

 

 

 

ڕاوێژو ئامۆژگارییه‌كانی عه‌بدولباری عه‌توان بۆ داعش ... بورهان شێخ ره‌ئوف

وابزانم پێویست ناكات به‌ درێژی عه‌بدولباری عه‌توان به‌ خوێنه‌رانی كورد بناسێنم چونكه‌ زۆربه‌ی زۆری نووسه‌رو چاودێران و هه‌تاوه‌كو خوێنه‌رانی كوردیش هه‌ڵوێست وڕق و كینه‌و دوژمنایه‌تیه‌كانی ئه‌و نووسه‌رو ڕۆژنامه‌ نووسه‌ عه‌ره‌به‌ فه‌له‌ستینیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد ده‌زانن، له‌ دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا چی له‌ ده‌ست هاتبێت بۆ دژایه‌تی كوردو كێشه‌ ڕه‌واكه‌ی بی سڵه‌مینه‌وه‌ و دوودڵی كردوویه‌تی و ووتویه‌تی كه‌ له‌ شاری له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیای عوزما داده‌نیشێت، پشتیوانی خۆی له‌ پێشتر زۆر به‌ ئاشكرا بۆ ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده‌و و شه‌خسی ئه‌میره‌كه‌ی ئوسامه‌ بن لادن ده‌ربڕیووه‌ و كاتی خۆی له‌ شاخه‌كانی تۆرا بۆرا له‌ ئه‌فغانستان چووه‌ لای و چاوپێكه‌وتنێكیشی له‌گه‌ڵدا سازدا، ئه‌مێستاش به‌ شێخ ئوسامه‌ بن لادن ناوی ده‌بات.

له‌ كاتی ئێستاشدا له‌ ناو جه‌رگه‌ی ئه‌وروپاوه‌ ڕاوێژ و ئامۆژگاری و خۆشه‌ویستی خۆی بۆ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق وشام (داعش) ده‌نێرێت و هۆشدارییان ده‌داتی كه‌ له‌ تازه‌ترین ووتاری كه‌ له‌ ویبسایتی قوره‌یش دا بڵاوی كردۆته‌وه‌ پێیان ده‌ڵێت ووریابن ترسناكترین شت بۆ پووكانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌تان ئه‌و هه‌وڵه‌ هه‌واڵگریانه‌یه‌ كه‌ ده‌زگاكانی هه‌واڵگری و دژه‌ تیرۆری عێراق ده‌یانه‌وێت دزه‌ بكه‌نه‌ ناو ڕیزه‌كانتانه‌وه‌و له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ گورزی كوشنده‌تان لێبده‌ن و زاڵ بن به‌ سه‌رتاندا و درز بخه‌نه‌ ناو ڕیزه‌كانتانه‌وه‌، هه‌روه‌ها ترسی خۆی ناشارێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ دزه‌كردن و خۆ خزاندنه‌ ناو ڕیزه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌تانه‌وه‌ زیانی گه‌وره‌تان پێده‌گه‌یه‌نێت، له‌ هه‌مان كاتدا له‌ وه‌سفی ڕێكخراوه‌كه‌یاندا ده‌ڵێت ڕێكخراوێكی ئاوه‌ها كه‌ به‌ ته‌مه‌نێكی زۆر كورت هێزه‌كانی چه‌ندجار له‌ قه‌باره‌ی خۆی زیاد یان كردووه‌و ئه‌و ناوچانه‌ش كه‌ ده‌ستیان به‌ سه‌ردا گرتووه‌ چه‌ندین جار فراوانتر بووه‌ له‌ كاتێكی پێوانه‌ییدا بۆیه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ واده‌كات كه‌ ببنه‌ ئامانجی زۆر ده‌زگای هه‌واڵگری جیهانی و ناوچه‌یی له‌ كاتێكدا ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ چه‌ند به‌ره‌یه‌كی جیاوه‌ له‌ شه‌ڕدایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش تواناكانی كه‌مده‌كاته‌وه‌ بۆ چڕكردنه‌وه‌ی توانای خۆپارستنی خۆی به‌ گشتی.

هه‌روه‌ها له‌ شوێنێكی تری وتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێت نازانین قه‌باره‌ی ئه‌و زیاننانه‌ی به‌ر ده‌وڵه‌تی ئیسلامی كه‌وتووه‌ چه‌نده‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كانی عێراقه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌بو حه‌فسه‌ی ئه‌لموهاجری كه‌ گه‌وره‌ به‌رپرسێكی داعشه‌ و ده‌ستی به‌ خوێنی هه‌زاران كه‌س له‌ عێراق و شام سووره‌ به‌ به‌ڕێز ناو ده‌بات و ده‌ڵێت ووتویه‌تی كه‌ ئیتر هیچ كه‌سێكی عێراقی له‌ ڕیزه‌كانماندا وه‌رناگرین جگه‌ له‌ خه‌ڵكی بیانی بۆ جیهاد نه‌وه‌كو خه‌ڵكی نێراویان تێدابێت بۆ خۆ خزاندنه‌ ناو ریزه‌كانمان له‌لایه‌ن ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی عێراقه‌وه‌. بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ گورزی گه‌وره‌یان وه‌به‌ر كه‌وتبێت.

له‌هه‌مان كاتدا عه‌بولباری عه‌توان كورته‌یه‌كی مێژوویی له‌سه‌ر كاری هه‌واڵگری وناردنی خه‌ڵكی بۆ ناو ڕیزه‌كانی ڕێكخراوه‌كانی قاعیده‌ و ڕێكخراوه‌ فه‌له‌ستینیه‌كان باس ده‌كات و هۆشداریان ده‌داتی له‌ مه‌ترسی ئه‌و جۆره‌ كارانه‌، به‌ڵی ئه‌مه‌ نووسه‌رو ڕۆژنامه‌ نووس عه‌بدولباری عه‌توانه‌ كه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا جارێكی تر ڕق و بێزاری خۆی ده‌ربڕی له‌ ئاست به‌ هاناوه‌ چوونی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی و كۆمه‌لِگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ خه‌ڵكی كۆبانی. هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی بیلفۆری دا و جێبه‌جی ی كرد كورد بووبێت!!!؟

له‌هه‌مان كاتدا پیاوێكی تری ئایینی ئیسلامی تونسی عه‌ره‌ب به‌ناوی شێخ حوسین عوبێدی ئیره‌یی به‌ كور د ده‌بات كه‌ چۆن توانیان یارمه‌تی بگه‌یه‌ننه‌ كۆبانی ده‌ڵێت ئێمه‌ی عه‌ره‌ب به‌ 23 ووڵاته‌وه‌ نه‌مان توانی ئه‌وه‌نده‌ یارمه‌تی بگه‌یه‌نینه‌ غه‌زه‌. هه‌روه‌ها ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رۆكی توركیاش له‌ میانی سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌م دواییه‌ی بۆ فه‌ره‌نسا بێزاری و خۆی به‌رامبه‌ر كۆمه‌ك وهاوكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی بۆ كۆبانی نه‌ناردنی بۆ شوێنه‌كانی تری سوریا ده‌ربڕی.

بۆیه‌ لێره‌وه‌ داوا له‌ ڕه‌وه‌ندی كوردی له‌ ئه‌وروپاو ئه‌مریكا ده‌كه‌م هه‌روه‌ها هه‌موو ڕێكخراوو هێزه‌ دیموكراتخوازه‌كان ده‌كه‌م له‌ ڕێگه‌ی داواكاری گشتیه‌وه‌ سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر ناوبراو تۆمار بكه‌ن هه‌وڵی ئه‌وه‌ بده‌ن لێپێچینه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵدا بكرێت.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

 

 

 

Related Articles