کورته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ساکارانه‌ی بارودۆخی ئه‌مڕۆی باشووری کوردستان... به‌ختياری شه‌مه‌يی

ميلله‌تێك خاوه‌نی سه‌رکردايه‌تييه‌کی دڵسۆز و له‌خۆبووردوو و ژيرمه‌ند و دووربين نه‌بێت، هه‌ر وه‌ک ئه‌مڕۆی باشووری کوردستانی به‌سه‌ر دێت!؟                           

ئه‌مڕۆ ميلله‌ت به‌ گشتی بێ مووچه‌ و بێ پاره‌يه‌، تووڕه‌یه‌، بێزاره‌، دڵشکاوه‌،  هه‌ژاره‌، کرێچييه‌، بێکاره‌، تاوانلێکراوه‌، هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراوه‌، نادڵنيايه‌ له‌ ژيانی ئێستا و داهاتووی خۆی، هه‌موو کۆمه‌ڵگه به‌ گشتی له‌ ته‌نگژه‌يه‌کی ئابووری و سياسی و کۆمه‌ڵايه‌تيدا ده‌ژين.            

ئه‌مڕۆ ميلله‌تی کورد له‌ باشووری کوردستان به‌شێوه‌يه‌کی گشتی زۆر تووڕه‌ و بێزار و دڵشاکاون له‌ ده‌سه‌ڵاتداران و سياسه‌تمه‌داران و هه‌موو به‌رپرسه‌ سياسی و سه‌ربازييه‌کانی لايه‌نه‌ سياسييه‌کان و به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی، هه‌ربۆيه‌، ئيترکاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ سه‌رکردايه‌تیی هێزه‌ سياسييه‌کان و ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی باشووری کوردستان، به‌هۆی هه‌ڵه‌کانی رابووردوويانه‌، به‌ ئاشکرا و بێ ترس داوای لێبووردن له‌ هه‌موو ميلله‌تی کورد بکه‌ن و هه‌وڵ بده‌ن له‌مه‌و‌دوا هه‌ڵه‌کانی رابووردوويان دووباره‌ نه‌كه‌نه‌وه‌‌ و بيرکردنه‌وه‌ و گفتار و ره‌فتاری خۆيان بگۆڕن و چاکيان بکه‌ن و لاپه‌ڕه‌يه‌کی نوێ له‌گه‌ڵ ميلله‌تدا هه‌ڵبده‌نه‌وه‌‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌كه‌ن، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی راپه‌ڕينێکی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ريی گشگیر بکه‌ن که‌ سه‌ره‌نجام کۆتايی به‌ خۆيان و هه‌موو شتێکيان ده‌هێنرێت.                                    

‌باشووری کوردستان، به‌ره‌و چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌ک ده‌چێت که‌ ئازاده‌ و له‌ زۆر رووه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆيانه‌ خۆمان به‌ڕێوه‌‌بردووه‌‌. بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌شه‌ی نيشتمان خاوه‌نی سه‌رکردايه‌تييه‌کی دڵسۆز و له‌خۆبووردوو و ژير و دووربين بووايه‌، ده‌بووايه‌ به‌ر له‌ هه‌ر شتێک بيرمان له‌ سوود وه‌رگرتن‌ له‌م ده‌رفه‌ته‌ مێژووييه‌ زێڕينه‌ بکردايه‌ته‌وه و هێڵی به‌رگری و خۆپاراستنمان به‌‌هێزترو پته‌وتر بکردايه‌. ده‌بوويان له‌شکرێکی نيشتمانيی يه‌کگرتوو و سه‌ربه‌خۆ و رێکوپێک و راهێنراو و به‌بيروباوه‌ڕمان پێکبهێنايه‌ بۆ به‌رگری کردن و پاراستنی ئه‌م بارودۆخه‌ سيسييه‌ی که بۆمان هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ و رۆژ به‌ رۆژ به‌ره‌و خۆبه‌‌هێزتر کردن و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چوون هه‌نگاومان بنايه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، سه‌رکردايه‌تيی سياسيی باشووری کوردستان له‌بری ئه‌م کارو کرده‌وه‌ هه‌ره‌ گرنگ و پێويستانه‌، به‌ر له‌ هه‌ر شتێك، بڕياری لێخۆشبوونی گشتييان بۆ جاش و سه‌رجاش و موسته‌شار و به‌عسی و ئه‌نفالچييه‌ تاوانباره‌کانی ناوخۆ ده‌رکرد، ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌ و تاوانێکی زۆر گه‌وره‌ بوو که‌ هه‌رگيز نه‌ده‌بووايه‌ بمانکردايه‌. له‌ڕاستيدا‌ ئه‌مه ئه‌نجامی ئه‌و ناکۆکی و دووبه‌ره‌کييه‌ ميێژووييه‌ بوو که‌ له‌نێوان پاشماوه‌کانی مه‌لایی و جه‌لاليدا هه‌بوون و له‌پێناوی خۆبه‌ خاوه‌نکردنی زۆرترين جه‌ماوه‌ردا، له‌و که‌سه‌ نه‌ته‌وه‌فرۆش و نيشتمانفرۆشانه‌ خۆش بوون و هه‌موويانيان کرد به‌ فه‌رمانده‌ و به‌رپرس و ئه‌ندام و کاربه‌ده‌ستی نێو رێکخستنه‌کانيان و له‌ريزی هه‌ره‌ پێشه‌وه‌ی ريزه‌کانی خۆيان به‌ڕيزه‌وه‌ جێگه‌يان بۆ کردنه‌وه‌. ئێستاش هه‌ر هه‌موويان، خۆيان و نه‌وه‌کانيشيان، مووچه‌ی موفتی خانه‌نشينييان له‌سه‌ر بوودجه‌ی ميلله‌ت بۆ بڕاوه‌ته‌و و زۆرتيرين رێژه‌ی خانه‌نشينی له‌ناو ئه‌و کۆنه‌ جاش و سه‌رجاش و به‌عسی و ئه‌نفالچييانه‌دايه‌. ئه‌مه‌يه‌ يه‌کێک بوو له‌ هه‌ڵه‌ هه‌ره‌ خراپ و مێژووييه‌کانی سه‌رکردايه‌تيی هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی باشووری کوردستان که‌ پاش راپه‌ڕينه‌ مه‌زنه‌که‌ی جه‌ماوه‌ری باشوور تێيکه‌وتن و به‌سه‌ر خۆياندا هێنا. هه‌ر ئه‌و کۆنه‌ جاش و کۆنه‌ به‌عسی و ئه‌نفالچييانه‌ی ناو پارته‌ سياسييه‌کان بوون که‌ بوونه‌ هۆی هه‌ڵگيرسانه‌وه‌ی شه‌ڕی براکوژی و يه‌کتر کوشتنی کورد و کورد. به‌‌و لێخۆشبوونه‌، سه‌رکردايه‌تيی پارته‌کانی باشوور، ، سه‌لمانديان که‌ کورد تاکه‌ ميلله‌ته‌ له‌ مێژوودا که‌ له‌ خۆفرۆشتووان و ناپاکان و نه‌طه‌يه‌فرۆشان و نيشتمانفرۆشان و خۆش بووه‌ و کرده‌وه‌ی ناپاکی و خۆفرۆشی و نه‌ته‌وه‌فرۆشی و نيشتمانفرۆشييان کرد به‌ ديارده‌يه‌کی ئاسايی و بێ لێپرسينه‌وه‌ و بێ سزا، ئه‌مه‌ مه‌ترسييه‌کی گه‌وره و ترسناکه‌ بۆسه‌ر ئاساييشی نه‌ته‌وه‌يی و نيشتمانيی هه‌ر ميلله‌تێك، که‌ زۆر به‌داخه‌وه‌ سه‌رکردايه‌تيی باشوور ئه‌م نه‌ريته‌ خراپه‌يان کرده‌ باو و به‌بێ لێپرسينه‌وه‌ و سزادان، له‌ رابووردووی پڕ له‌ تاوانی ئه‌و ناپاکانه‌ خوش بوون و له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش خراپتر ئه‌و ناپاکانه‌يان له‌ناو ريزه‌کانی خۆياندا به‌و په‌ڕی رێز و پشکداری و شکۆمه‌ندييه‌وه‌ جێگه‌يانکردنه‌وه‌ و پله‌وپايه‌ و به‌رپرسيارێتييان پێشکه‌ش کردن. کورد تاکه‌ ميلله‌تێکه که‌ له‌ ناپاکه‌کانی خۆی خوش ده‌بێت و هيچ ميلله‌تێکيتر ئه‌مه‌ی نه‌کردووه‌ و له‌ مێژوودا جگه‌ له‌ کورد، هيچ نه‌ته‌وه‌یه‌کيتر نييه‌ که‌ له ناپاکه‌ نه‌ته‌وه‌يی و نيشتمانييه‌كانی خۆی خۆش بوو بێت و بێ لێپرسينه‌وه‌ و بێ سزا، هه‌ڵسوکه‌وتيان له‌گه‌ڵدا بکات. ئه‌و هه‌ڵه‌ و تاوانی لێخۆش بوونه‌، بوو به‌ يه‌کێ له‌ سه‌رچاوه‌کانی هه‌موو کێشه‌ و کاره‌ساته‌کان که‌ له‌ ساڵانی رابووردوودا به‌سه‌ر باشووری کوردستاندا هاتوون. ده‌بێت ئه‌م هه‌ڵه مێژووييه‌ راست بکرێته‌وه‌ و چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌م کێشه‌ گه‌و‌ره‌يه‌ بدۆزرێته‌وه‌. ده‌بێت به‌ گشتی ريزه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردايه‌تی له‌ هه‌موو پاشماوه‌کانی کۆنه‌ جاش و سه‌رجاش و به‌عسی و ئه‌نفالچی و نه‌ته‌وه‌‌فرۆش و نيشتمانفرۆشه‌ ناپاکه‌کان پاک بکرێنه‌وه‌. سه‌رباری ئه‌مه‌ش، ده‌بێت تاوانبارانی شه‌ڕی براکوژيی ناوخۆ، دادگايی بکرێن و تاوانباران به‌ سزای ره‌وای خۆيان بگه‌يه‌ندرێن. ده‌بێت هه‌موو گه‌نده‌ڵه‌کان و دز و تاڵانچييه‌کانيش به‌ر‌ لێپرسينه‌وه‌ بکه‌ن و به‌ سزای ره‌وای خۆيان بگه‌يه‌ندرێن.                                                     

ئه‌وه‌ بۆ چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌ک ده‌چێت، ئه‌م سه‌رکردايه‌تييه‌ رۆژ به‌ رۆژ ته‌نها هه‌ر به‌ر پێی خۆی بينيوه‌ و هه‌ر بيريان له‌ ژيانی تايبه‌تيی خۆيان و پارته‌کانيان کردووه‌ته‌ و هه‌ر خه‌ريکی بازرگانی کردن و به‌تاڵانفرۆشتنی سامانی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌ويی باشووری کوردستان بوون به‌م دوژمن و به‌و داگيرکه‌ر.                                                    

ئێمه‌ی کورد نه‌ته‌وه‌يه‌کی ژێرده‌سته‌ و نيشتمان داگيرکراو و دابه‌شکراوين. به‌رده‌وام له‌لايه‌ن چه‌ندين دوژمن و داگيرکه‌ری زيره‌ک و فێڵباز و به‌هێز و په‌لامارده‌ر و زۆردار و دڕنده‌‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌لێکراو و گه‌مارۆدراوين. هه‌ربۆيه‌، ده‌بووايه‌ پێش هه‌ر شتێك بيرمان له‌ پێکهێنانی سووپايه‌کی نيشتمانيی يه‌کگرتووی سه‌ربه‌خۆ و رێکوپێک و ئاماده‌کراو بکردايه‌ته‌ و گه‌وره‌ترين بوودجه‌ و تواناکانمان بۆ ئه‌م مه‌ىه‌سته‌ هه‌ر گرنگ و پێويسته‌ ته‌رخان بکردايه‌. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌و سه‌رکردايه‌تييه‌ نادڵسۆز و خۆپه‌رست و کورتبينه‌، هه‌ر خه‌ريکی بازرگانی و خۆسه‌رمايه‌دارتر کردن و رابوواردن و خۆشگوزه‌رانيی تايبه‌تيی خۆيان بوون. هه‌ر خه‌ريکی دروستکردنی سوپه‌رمارکێت و مۆڵی گه‌وره‌ گه‌وره‌ و هۆتێلی پێنج ئه‌ستێره‌يی و هۆڵی ئاهه‌نگ گێڕان و دروستکردنی باخ و ڤێللای گه‌وره‌ و گرانبه‌های تايبه‌ت به‌ خۆيان بوون و هه‌رگيز بيريان له‌ رۆژانی ته‌نگانه‌ نه‌کرده‌وه‌ و بيريان له‌وه‌ نه‌کرده‌وه‌ که‌ ئێمه‌ی کورد به‌ دوژمنان و داگيرکه‌رانێکی به‌هێز و زۆردار و دڕنده‌ ده‌ور دراوين و هه‌روا به‌ ئاسانی وازمان لێناهێنن که‌ به‌ ئاشتی و ئارامی و ئازادی و خۆشگوزه‌رانی بژين. ئێستا به‌ خراپترين شێوه‌ که‌وتووينه‌ بارودۆخێکی ترسناک و هه‌ڕه‌شه‌ئامێزه‌‌وه‌ و دووچاری شه‌ڕێکی گه‌وره‌ و مه‌ترسيدار کراوين له‌گه‌ڵ دواکه‌وتووترين و پڕجه‌کترين و دڕنده‌ترين له‌شکری فاشيزمی ئيسلاميدا به‌ناوی داعشه‌وه‌. دوژمنان و داگيرکه‌رانمان له‌ رێگه‌ی له‌شکری ره‌سی داعشه‌ تێرۆريسته‌کانه‌وه‌ شه‌رمان پێده‌فرۆشن و هه‌وڵی تێکدانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌مان ده‌ده‌ن که‌له‌ماوه‌ی ئه‌م 23 ساڵه‌ی رابووردوودا بنياتمان ناون. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌، ئه‌گه‌ر پشتيوانيی ئه‌مه‌ريکيه‌کان و ئه‌وروپييه‌کان نه‌بوونايه‌، ئێستا به‌ دڵنياييه‌وه‌، هه‌موو باشووری کوردستان که‌وتبووه ژێرده‌ستی له‌شکری داعشی دڕنده‌وه‌‌. ئاشکرا بووهه که‌ داعش باڵی سه‌ربازيی تورکيا و ره‌گه‌زپه‌رسته‌کانی تورک و عه‌ره‌به و له‌لايه‌ن ئه‌مانه‌وه‌ پڕ چه‌ککراون و هه‌موو کۆمه‌ک و پشتيوانييه‌کی سه‌ربازی و مرۆيی و لۆجيکستييان ده‌کرێت و ئه‌وه‌ی به‌ خۆيان ناکرێت و بۆيان نالوێت، دژی کورد و کوردستان به‌ له‌شکری ره‌شی داعشی ده‌كه‌ن.                                       

ئه‌مڕۆ ڕووبه‌ڕووی له‌شکری داعشی دڕنده‌ بووينه‌‌ته‌وه‌ و دووچاری شه‌ڕێکی گه‌وره‌ و ترسناک کراوينه‌ته‌وه‌. هه‌ربۆيه ‌پێويسته و ده‌بێت هه‌موو کورد و کوردستانييه‌ک، هه‌موو کۆڕ و کۆمه‌ڵ و که‌سايه‌تی و لايه‌نێکی کوردی و کوردستانی به‌وپه‌ڕی ئازايه‌تی و دڵسۆزی و يه‌کگرتوويیه‌وه رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌تسييه‌كانی داعش ببينه‌وه‌ و به‌ ته‌بايی و يه‌کڕيزی و يه‌کگرتوويی و يه‌ک هه‌ڵوێستی رووبه‌ڕووی هه‌موو پيلانه‌کانی دوژمنان و داگيرکه‌رانمان بوه‌ستينه‌وه‌ و له‌م کێشه‌ و ته‌نگژه‌ گه‌وره‌ و مه‌ترسيداره‌ خۆمان رزگار بکه‌ين. ده‌بێت ئه‌مه‌ په‌ند و وانه‌يه‌کی مێژوويی بێت بۆ هه‌موومان که له‌مه‌ودا وه‌کو کورد، وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌سته‌ و نيشتمان داگيرکراو و گه‌مارۆدراو و هه‌ڕه‌شه‌لێکراو، پێويسته‌ و ده‌بێت له‌ڕووی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری و نيشتمانپه‌روه‌رييه‌وه‌، هۆشيارتر ببينه‌وه‌ و هێز و تواناکانمان له‌ له‌شکرێکی نيشتمانيی يه‌کگرتوو و سه‌ربه‌خۆدا رێکبخه‌ين و ئيتر کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ ده‌بێت هه‌مووان له‌مه‌ به‌دواوه‌، بزانين چی ده‌بێت بکه‌ين و چی ده‌بێ نه‌كه‌ين!                                       

به‌ختياری شه‌مه‌يی

4.  10.  2014

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles