بزووتنه‌وه‌ی کوردايه‌تی، هه‌تا ئێستا ئازايه‌تی و ويژدانی دوای لێبوورد و به‌خشينی تێدا دروست نه‌بووه‌!

 

 

 

سه‌ره‌تايه‌کی شۆڕشگێڕانه‌ هه‌يه‌، ده‌ڵێت: هه‌ر که‌سێک کار بکات، هه‌ڵه‌ش ده‌کات، ئه‌و که‌سه‌ی که‌ هه‌ڵه‌ ناکات، هه‌ر ئه‌و که‌سه‌يه‌ که‌ هيچ ناکات.

با لێره‌دا راستييه‌کی سه‌يروسه‌مه‌ره‌ باس بکه‌يه‌ن: له‌ هه‌موو مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاريخوازی کوردستاندا، هه‌ته ئێستانه‌بيستراوه‌ و نه‌بينراوه‌، هيچ سه‌رکرده‌ و سياسه‌تپيشه‌يه‌کی کورد، هيچ پارت و رێکخستنێکی سياسيی کوردستان، بۆ ته‌نها جارێکيش ره‌خنه‌يه‌کيان له هه‌ڵه‌ و تاوانێکی رابووردووی خۆيان گرتبێت. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا که‌ له‌ رابووردوودا، به‌ هه‌زاران هه‌ڵه‌ و تاوانی گه‌وره‌ و بچووکيان ئه‌نجام داوه‌. چه‌ندين پێوه‌نديی گومانلێکراوانه‌يان له‌گه‌ڵ دوژمنانی کورد و داگيرکه‌رانی کوردستان دروست کردووه‌. راپۆرتی سيخوڕييانه‌يان‌ له‌سه‌ر يه‌ک داوه‌ به‌ ده‌وڵه‌ته‌ داگيرکه‌ره‌کانی کوردستان، سوپای پاسدارانی ئێرانی و سوپای به‌عسی عێراقيان په‌لکێشی کوردستان کردووه‌ بۆ لووتشکاندن و ده‌رپه‌ڕاندن و له‌ناوبردنی يه‌کتری. چه‌ندين جار شه‌ری يه‌کتر کووشتنيان هه‌ڵگيرساندووه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌نجامدا به‌ هه‌زاران کورديان به‌ ده‌ستی يه‌کتر به‌کوشتداوه‌، ماڵی يه‌کتريان تاڵان و وێران کردووه‌. خاووخێزانی يه‌کتريان ئاواره‌ و سه‌رگه‌ردان کردووه‌. به‌رده‌وام تێرۆری سياسييان له‌ يه‌کتری کردووه‌. له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندييه‌ کاکه‌که‌سی و بنه‌ماڵه‌يی و حيزبييه ناڕه‌واکانياندا، به‌ سه‌دان کاره‌ساتی گه‌وره‌ و بچووکيان به‌سه‌ر کورد و کوردستاندا هێناوه‌. ده‌ريايه‌ک فرمێسک و خوێنی ميلله‌تيان رشتووه‌. سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌ش، دوای راپه‌ڕين، به‌بێ پرسوڕا و ره‌زامه‌نديی ميلله‌ت و که‌سوکاری گاينبه‌خشيوه‌کان، له‌ پێناوی ململانێ حيزبييه‌کان و کۆکردنه‌وه‌ی زۆرترين ژماره‌ی له‌شکری ره‌ش، لێبووردن و لێخۆشبوونی گشتييان بۆ هه‌موو جاش و سه‌رجاشه‌کان و موسته‌شار و به‌عسی و ئه‌نفالچييه‌کانو به‌کورتييه‌که‌ی بۆ هه‌موو ناپاک و خۆرۆشتووه‌کانی ناو کوردستان ده‌رکرد و هيچ ره‌چاوی هه‌ست و هۆش و دڵ و ده‌روونی هه‌زاران هه‌زارن که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان و کيميابارانکراواکان و گيانبه‌خشيوه‌کانی کوردستانيان نه‌کرد و له‌مه‌ش خراپتر و تاوانی گه‌وره‌تر، داڵده‌ی ئه‌و هه‌موو کورده نه‌ته‌وه‌فرۆش و نيشتمانفرۆشه‌يان له‌نێو رێزه‌کانی خۆياندا دا و زۆربه‌شيان کردن به‌ به‌رپرس و سه‌له‌شکری حيزبه‌کانيان و ئێستا هه‌موويان، خۆيان و نه‌وه‌کانيان له‌سه‌ر بوودجه‌ی ميلله‌ت، مووچه‌ی خانه‌نشينييان بۆ بڕيونه‌ته‌وه‌ و له‌ خۆشترين بارودۆخدا ژيان ده‌گوزه‌رێنن و وه‌کو نه‌ بيان ديبێت و نه‌ باران!؟

هه‌تا ئێستا هيچ ميلله‌تێک له‌ ناپاکه‌کانی خۆی خۆش نه‌بووه‌. ئێمه‌ی کورد تاکه‌ ميلله‌تێکين که‌ له‌ ناپاکه‌ نه‌ته‌وه‌يی و نيشتمانييه‌کانمان خۆش بووين!؟

هه‌موومان به‌ چاوی خۆمان بينيومانه‌ و و ده‌يبينين که‌ له‌ماوه‌ی ئه‌م 23 ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵات و خۆفه‌رمانڕه‌وايی ده‌سه‌ڵاتی سياسيی سه‌رانی پارته‌ سياسييه‌کانی باشووردا، هه‌تا ئه‌مڕۆش، به‌ ناوی ميلله‌ته‌وه‌ چه‌ندين ميليارد دينار و دۆلار گومرگ و باج و بوودجه‌ وه‌رگيراوه‌ و وه‌رده‌گيرێت، به‌رده‌وام سامانی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌وی به‌تاڵان براوه‌ و ده‌برێت، ئه‌مڕۆ له‌ باشووردا چه‌ندين هه‌زار ميلۆنه‌ر و ميلياردێرى بێ رابووردوو و تازه‌پياکه‌وتوو، سه‌ريان هه‌ڵداوه‌ و پاوانی گشت مامه‌ڵه‌يه‌کی بازرگانيی ناوخۆ و ئابووريی نارده‌ و هاورده‌ی کوردستانيان له‌ژێر ده‌ستدايه‌. زۆربه‌يه‌تيی ميلله‌تيش له‌ ناخۆشترين بارودۆخی کرێچێتی و بێکاری و هه‌ژاری و نادڵنياييدا، ناچارکراون، ژيانی مه‌مره‌ و بژی بگوزه‌رێنن!؟

ئه‌مه‌ نه‌ک هه‌ر سه‌يروسه‌مه‌ره‌يه‌، به‌ڵکو جێگه‌ی داخ و شه‌رمه‌زاريشه‌، که‌ هه‌تا ئێستا نه‌بيستراوه‌ و نه‌بينراوه‌ بۆ ته‌نها جارێکيش دان به‌ هه‌ڵه‌ و تاوانه‌کانی خۆياندا بهێنن و داوای لێبووردن و به‌خشين له‌ مييلله‌ت بکه‌ن. هيچ که‌س و لايه‌نێک ئه‌و گيانی ئازايه‌تی و ويژدانه‌يان نه‌بووه‌ و نييه‌ که‌ به‌رپرسيارێتيی هه‌ڵه‌ و تاوانه‌کانيان بگرنه‌ ئه‌ستۆی خۆيان، هه‌ميشه هه‌‌ر يان بێگانه‌، يان ميلله‌تی خۆمانيان تۆمه‌تبار و تاوانباکردووه‌!؟ هۆکاره‌که‌ش ئه‌مه‌يه‌ ئه‌گه‌ر بڕوايان به داوای لێبووردن و به‌خشين له‌ ميلله‌ت، هه‌بێت، ده‌بێت به‌رده‌وام رۆژانه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ و تاوانه‌کانيان، چه‌ندين جار داوای لێبووردبن له‌ ميلله‌ت بکه‌ن!؟

ئه‌مڕۆ پرسياری هه‌موو ميلله‌ت ئه‌مه‌يه: ئايا ئه‌م بێ ويژدانی و نادادپه‌روه‌ری و بارودۆخه‌ ئابووری و سياسی و کۆمه‌ڵايه‌تييه‌‌ی ئێستا، هه‌تا سه‌ر هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت!؟

به‌ختياری شه‌مه‌يی

11.  11.  2014

 

 

 

 

Related Articles