ساخته‌چییه‌تی له‌ سه‌رده‌می ساخته‌بازیدا ... فـازیـل شـه‌وڕۆ

 گوتراوه‌ چۆم بێ چه‌قه‌ڵ نابێ به‌ڵام کاتی وه‌چه‌ی ڕه‌وه‌ ‌چه‌قه‌ڵ چه‌م و دۆڵ و شێۆ و ره‌وه‌ز و جه‌نگه‌ڵه‌کان داگیرده‌که‌ن ئه‌وا چه‌م و که‌ژ و هه‌رد هه‌موو مانا به‌هاداره‌کانی خۆیان له‌ ده‌ستده‌ده‌ن و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعدا بوونی ده‌بێ‌ لووره‌ی چه‌قه‌ڵ و که‌لبه‌ی چه‌قه‌ڵ و چرنووکی چه‌قه‌ڵه‌. هه‌میشه‌ چه‌می خاوه‌ن پاسه‌وان و دڵسۆز و خه‌مخۆر چه‌قه‌ڵی که‌متره‌ له‌ چه‌مێ به‌ڕه‌لا و ته‌یمان شکاو و بێساحێب به‌تایبه‌تی له‌ زه‌مه‌نه‌ ساخته‌کاندا که‌ پیاوی که‌له‌پووت و مشه‌خۆر و ته‌نافباز ده‌بنه‌ کێخوا و ئاغا. لێره‌دا بۆ ده‌سته‌مۆکردنی ئاسک و که‌روێشک و سمۆره‌ و کۆتر و سوێسکه‌ و قومری ده‌وری ئه‌م چۆم و جه‌نگه‌ڵه‌ چه‌قه‌ڵی ساخته‌چی به‌ نێو دار و ده‌وه‌نی ئه‌م وڵاته‌ به‌ره‌لاده‌که‌ن. هه‌ر شوێنی ده‌ستی ئه‌وانی پێڕابگات ئه‌وا ساخته‌چی خۆیانی تێدا داده‌مه‌زرێنن و داده‌نێن! له‌ شه‌ریعه‌تی چه‌قه‌ڵدا ئاساییه‌ پیرۆزترین مه‌ڵبه‌ند و بنکه و بنه‌ی مرۆڤایه‌تی ته‌سلیمی ساخته‌چییه‌ک بکرێت که‌ بڕوانامه‌ساخته‌که‌ی له‌سه‌ر ئه‌و قۆپیانه‌ دارێشترابێته‌وه‌ که‌ خۆی نه‌یده‌زانێ بێنووسیته‌وه‌، کاتیکیش به‌ سه‌رپچراندنی بوتڵه‌ ڤۆتگایه‌ک یان کردنه‌وه‌ی دوگمه‌یه‌کی سینه‌ دێته ‌سه‌ر عه‌رشی فه‌رمانگه‌ێکی ئه‌م وڵاته‌ زه‌لیله‌، به‌ ساخته‌بازی و ساخته‌چییه‌تی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا مۆنۆپۆل ده‌کات. هه‌موو ئه‌رکی ئه‌و ته‌رخانکراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی موراجیعێکی لانه‌واز و بێ پشتت و په‌نا بکاته‌ مه‌سینه‌هه‌ڵگری خۆی، یان بلیمه‌ت و به‌هره‌داره‌کانی له‌ پله‌ و مه‌قامی ئه‌و‌ دانین له‌ هه‌موو به‌هره‌ و زانست و تواناسازیێک دایانشۆرێت که‌ خۆی نه‌یبێ، ئاخر ئه‌و تاکۆ ئێستاش ، به‌بێ موباله‌غه‌، ناتوانی به‌ کوردی فه‌سیح ناوی سیانی خۆی بێ هه‌ڵه‌ بنووسێ چوون حه‌رفه‌کان ناناسێ. ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌ فریشته‌ پاکه‌کان شۆڕکات به‌ په‌نجه‌ ڕاوه‌شاندنه‌وه‌ وه‌ک سه‌گ له‌ به‌ر قاپی خۆی ڕایانده‌گرێت و خۆشی له‌سه‌ر لا ته‌نیشتێک خه‌ریکی فێیس بووک و مۆبایله‌که‌ی ده‌ستییه‌تی و قۆنده‌ره‌که‌شی له‌سه‌رچۆک ده‌له‌رزێنێ. کاتی ئه‌و جۆره‌ ساخته‌چییانه‌ ده‌ره‌ک به‌وه‌ ده‌که‌ن ئه‌وان زۆر له‌وه‌ بچووکترن که‌ به‌خه‌یاڵی ساخته‌بازیدا بۆی فڕی بوون ، ده‌چن له‌ لای دکتۆره‌ ساخته‌چییته‌کاندا خۆیان ده‌که‌نه‌ په‌ککه‌وته ‌و سه‌قه‌ت و شه‌پڕه‌دار. جا وه‌ک پاداشت و خه‌ڵات یه‌کسه‌ر ڕاده‌گوێزرێنه‌وه‌ بۆ فه‌رمانگه‌یه‌کی باڵاتر و چه‌ورتر، له‌وێدا هه‌ر که‌سێ بڵێ (ن) ئه‌و ده‌نووسێ ئه‌وانه‌ باسی نه‌وته‌که‌مان ده‌که‌ن. هه‌ر که‌سێ بڵێ (م) ڕاپۆرتده‌دا ئه‌وانه‌ باسی خواکانمان ده‌که‌ن. هه‌ر که‌سێ بڵێ (د) شکات ده‌کات ئه‌وانه‌ باسی دۆلاره‌کانمان ده‌که‌ن. به‌ڵام پیتی (گ) پیرۆز و خۆشه‌ویست و موباره‌که‌، چوون چاک چاک ده‌زانن گه‌ر ئه‌م سه‌رده‌مه‌ گه‌نده‌ڵه‌ ساخته‌چییه‌ نه‌بێ ، گه‌ر ئه‌و گه‌نده‌ڵچییه‌ دڵسۆزانه‌ نه‌بن ئه‌و زۆر زۆر له‌ که‌م که‌متره‌. ئه‌وه‌ی ئه‌و شانازی پێوه‌ده‌کات ئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌ریکه‌ خه‌ڵكێکی زمانی شیرێنی وه‌ک من، فێره‌ ئه‌و زمانه‌ پیسه‌‌ی خۆیان ده‌که‌ن. اعوذ بالله‌. به‌ڵام با ئه‌و جۆره‌ مشه‌خۆرانه‌ باش بزانن که‌ فه‌رمانبه‌ره‌ دڵسۆز و مرۆڤدۆست و پاکه‌کان ئاو هه‌وا و خوێن و ئۆکسجینی ژیانی ئێمه‌ن و جێگایان هه‌میشه‌ له‌ سه‌ر چاوانه‌ ، له‌ ناو دڵانه‌.

 

 

 

Related Articles