نینیتى لە نێوان کلتورى لۆکاڵ و کلتورى گلۆباڵدا، رەنگدانەوەى مێژووى مرۆڤایەتى رەنگدانەوەى زمانە لە جیهاندا. (بریسە) ... عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

 

 

 

نینیتى (خانمى ژیان) وەک ناونیشانى سێیەمین ڤێستیڤاڵى جیهانى ئەدەب لە هەولێر 22-24 ساڵى 2014 لەلایەن (ئەنجومەنى ڕۆشنبیرى بەریتانى و ڕێکخراوى نێودەوڵەتى ئارت ڕۆڵ) تایبەت بە ئەدەب و هونەرى هاوچەرخ بەڕێوە چوو، ئەو ڤێستیڤاڵە ساڵانەیە و کار بۆ درووستکردنى پەیوەندى کلتورى لە نێوان رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهان دەکات، هەوڵێکە بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕى هونەرى و هاوکاریکرین و درووستکردنى پەیوەندییەکى هارمۆنى لە رێگاى هونەر و فێرکردن و گەڕانەوەى ئەرزش بۆ رەگەزى مێینە و بیروڕاى جیاواز و فەراهەمکردنى شێوەى داهێنەرانە بۆ دبلۆماسیەتى میللى لە رێگاى بە کارهێنانى کلتور وەک پلاتفۆرێک بۆ دیالۆگ و رادەربڕین لە نێو گروپە جیاوازەکانى ناو عیراق و دەرەوەى عیراق.

ئەو نووسینەى بەر دەستتان بەشداریکردنێک بوو لە سەر ئاستى رەنگدانەوەى زمان و مێژووى زمان لە چەوسانەوەى (ئافرەت/ژن) لە دنیاى پیاوسالاریدا، وەک چۆن بەدواداچوون و خوێندنەوەیەکى رەخنەییە بۆ کۆى ڤێستیڤاڵ و ئەو چەمک و دەستەواژە بەسەرچووانەى کە لەو ڤێستیڤاڵەدا لە لایەن هەندێ لە نووسەر و شاعیرانى بەریتانى لەوانەش (ڤیکى ڤێفەر) و (راچێڵ هۆڵمز) جەختى لێدەکرایەوە! یەکێک لەو چەمکانەش چەمکى (وەرگێڕان/تەرجەمە) بوو.

یەکێکى دیکە لەو چەمکانە چەمکى جەستە و نووسین لە بارەى جەستە بوو، وەک لە قسەکانى (جۆلیا کۆپس، روئا زوهێر، مریەم مەیسەم قاسم ئەلعەتتار، ژاوێن شاڵى ) باس و خواسى لەسەر کرا، هەڵبەتە بەشێکى ئەو نووسینەم بۆ بەدواداچوونى کۆى بیروڕاکانى ئەو بەرێزانەیە تەرخان کردووە.

 

وەرگێڕان

بە یەکگەیشتنى دەق و خوێنەرى جیاوازە

بە بڕواى من قسەکردن لە پرۆسەى وەرگێڕان وەک ئەوەى کە (ڤیکى ڤێفەر) بە خیانەت ناوى دەبرد، قسەکردنێکى فۆلکلۆرییانەیە بەو مانایەى کە چەمکى خیانەت لە شوێنى خۆى کەمترین جولەى لە بوارى تەرجەمە و بەدواداچوونى وەرگێڕاندا هەیە، وەک چۆن قسەکردن لە تەرجەمەکردنى (حەرفى) یان (گواستنەوەى مانا) قسەکردنێکى نائامادە و تەواو بەسەرچووە!؟ ئەمڕۆ قسەکردنى لە بارەى وەرگێڕان (لە ئاستى ئیبداعیدا)، وەک وەک تەئویل دەبینرێت، یان وەک بە یەکگەیشتنى دەق و خوێنەرى جیاواز سەیر دەکرێت! وەرگێڕان لەوێوە تەئویلە کە هیچ وەرگێڕانێک ناکەوێتە دەرەوەى تێگەیشتنەوە! لەوێوەش بە یەکگەیشتنى دەق و خوێنەرى جیاوازە، کە هیچ وەرگێڕانێک ناشێ لە دەرەوەى خوێندنەوەوە هەبێت!

خوێندنەوە تەئویلە، بەڵام نەک بەو مانایەى کە نیازى نووسەر ئاسۆکانى تێگەیشتن بۆ (خوێنەر/وەرگر) دیارى بکات، واتە مەرج نییە تێگەیشتن لە مەبەستى نووسەرەوە سەرچاوە بگرێت، تەئویلیش لەسەر خوێندنەوە و ئاستە جیاوازەکانى خوێندنەوە بونیاد دەنرێت! دەمەوێت بڵێم وەک چۆن خودى تێگەیشتن لە سەر بنەماى بێلایەنى تەماشا دەکرێت، وەک چۆن تێگەیشتن لە نیازى نووسەر هەڵناقوڵێت، بەڵکو ئەوە راڤەکارە لە سەر ئاستى مەعریفە و کلتورى جیاواز و ساتەوەختى خوێندنەوەى جیاواز و ئاستەکانى ئاگایى رەهەند و بۆشاییەکانى دەق و ئاسۆکانى چاوەڕوانى پڕ دەکاتەوە، بە هەمان شێوە هیچ تەرجەمەیەک لە دنیادا نییە تەواوى رووەکانى مانا و رەهەند و ئاسۆکانى دەق بەرجەستە بکات.

کەواتە کە دەڵێم وەرگێڕان تەئویلە بەو مانایەیە، کە هەموو دەقێکى ئیبداعى لە سەر تەئویلى جیاواز و ئاستەکانى ئاگایى (خوێنەر/وەرگر) و خوێندنەوەى جیاواز بوونى خۆى بەرفرەوان دەکات! کە دەڵێم تەئویل بە یەکگەیشتنى دەق و وەرگرە بەو مانایەیە، کە لە دەرەوەى خوێندنەوە و ئەویدیکەى خوێنەر لە دەرەوەى ئەویدیکەى وەرگر، دەق دەکەوێتە نەبوونەوە، وەک چۆن هیچ تەئویلێک لە دنیادا نییە پەى بە هەموو رەهەندەکانى دەق ببات، هیچ تەرجەمەیەکیش نییە لە دنیادا هەموو رەهەندەکانى دەق بگەیەنێت.

رەگەزى مێ

لە دنیاى نێرسالارییدا

هەر لە چاخى ناوەڕاستەوە بۆچوونى نێر و نێرسالارى دەڵێ: ئافرەتان لەپاش پیاوانەوە دێن، چونکە وشەى (Female- مۆنپ) لە وشەى (Male- مژکر) وەرگیراوە. . یان لە وشەى لاتینى (Femina) هەڵهێنجراوە، ماناى وشەى (Femina)ەش بە (ادنى ایمانا) دێت! ئەو دوالیزمییە هەر تەنها لە زماندا بەرجەستە نییە، خودا لە سەرەتادا ئادەمى درووست کردوە، کاتێک ئادەم لە تەنیایى خۆى وەڕس دەبێت، خودا لە پەراسووى چەپى ئادەم حەوا درووست دەکات، ئەوەش دواتر لە دەقە ئایینییەکان زۆر جوان رەنگى داوەتەوە.

من نامەوێ دوالیزمە ئایینییەکان بوڕوژێنم، بەڵام دەبینین فیکرى یۆنان و فیکرى سەدەکانى ناوەڕاست لە سەر دوالیزمە ئایینەکان بونیاد نراوە، (نێر/مێ) (چاکە و خراپە) (رەش و سپى). . . جگە لە دابەشکردنى مرۆڤ بۆ: جەستە و رۆح، کە یەکەمیان هەڵگرى لەناوچوونە و دووەمیان نەمرییە، وەک دەردەکەوێ ئەو تێڕوانینە بۆ جەستە لە ئاستێکى نزمى بیرکردنەوەدا خۆى دەبینێتەوە، بە بەراورد بە تێڕوانینى ئەمڕۆ بۆ جەستە؟!

فیکرى مۆدێرنە وەک درێژکراوەى دروشمەکانى رۆشنگەرى،  فیگۆرى پیاو و نێرسالارى وەک ئیدۆل (-idolبت) و وەک ئەفسانەیەکى زیندوو و تەماشا دەکات، بۆیە پیاو و هەژموونى پیاو لە زیاد لە کایەیەک بازاڕى هەیە، لە بەرانبەر ئەوەشدا بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ ئافرەت لە دۆخێکى نێگەتیفدا دەبینرێ، وەک پاشکۆ، وەک پلە دوو، وەک بابەتى ئیرۆتیکى، سێکسى. . . بە کار دەهێنرێت، وەک چۆن دەتوانین لە پشت یارییە وەرزشییەکان و تۆپێن بە تایبەتى، لە پشت هەر یەک لە کاراکتەرە سینەماییەکانى وەک: (جیمس بۆند)ى هەواڵگرى ئەمریکى و (دراکولا)ى خوێنمژ و (ڤیکتۆر فرانکشتایین)ى تۆقێنەر، شارلۆک هۆڵمز، دۆنجوان، تەڕەزان. . . ئافرەت وەک پاشکۆ و بەرکار بخوێنینەوە. . . هەڵبەتە بەشێکى گەورەى ئەو بیرکردنەوەیە هەر تەنها بە فیکرەى مۆدێرنەوە بەند نییە، بەڵکو بۆ پۆست مۆدێرنەش درێژ دەبێتەوە، بەڵام لە بەرانبەر ئەو بیرکردنەوە مۆدێرنەیە بە شێوەیەکى گشتى بزاڤى ئافرەتان کردارى تایبەت بە خۆیان نواندووە، بۆ نموونە ئەگەر سەیرى وشەى (woman - امراە) بکەین، دەبینین لە دەستەواژەى (Woe to man- الویل للرجل) هەڵێنجراوە. جگە لەوەش تەماشاکردنى جەستە وەک چەمکێکى زیندوو، دەستکەوتێکە لە دەستکەوتەکانى بزاڤى ژنان، ئەگەرچى بزاڤى ئافرەتان لەو ناونانەى سەرەوە دووچارى پەرچەکردار بۆتەوە، بەڵام لە بیرمان نەچێ رۆڵى سەرەکییان لە بڵاوکردنەوەى ئاگایى لەبارەى تێگەیشتنى جەستە، جێگاى شانازییە!

دەمەوێ بڵێم ئەگەر دوێنێ گوتارى فیکرى بۆ تەماشاکردنى (جەستە) کەوتبێتە نێو سیستمى ئەخلاقییەوە، ئەوە ئەمڕۆ قسە لەوە دەکرێت، کە جەستە وەک شتێکى ماددى لە بنەڕەتدا لە هەموو بەها ئەخلاقییەکانەوە دوورە، نە پیرۆزە و نە پیس، بەڵکو ئەوە بەهاى ئەخلاقییە خۆى بە جەستەوە هەڵواسیووە، بێگومان ئەوەش بۆ سرووشتى کۆمەڵگا و رۆشنبیریى نێرایەتى باو دەگەڕێتەوە.

کەواتە جەستە ئەو زیندانە نییە، وەک فەلسەفەى کلاسیکى تێیگەیشتووە، بەڵکو جەستە ئەو زەویەیە کە بە ژیانەوە پەیوەستمان دەکات، زەوى یەکەمە کە دەبێ لەوێوە پێشوازى لە ژیان بکەین و لەوێوە مامەڵەمان لەگەڵ ژیان رێکبخەینەوە. جەستە ئەو پردەیە کە رابردوو و ئێستا و داهاتوو بەیەکەوە دەلکێنێ، ئەگەر قسەکردن تەعبیر لە فیکر بکات، ئەوە جەستە تەعبیر لە جیهان دەکات! دنیا و جەستە لەنێو بینراودان، کەواتە دەبێ واز لەو حوکمانە بهێنین کە جەستە دەخەنە نێو جیهان و بینین دەخەنە نێو جەستەوە، یان بە پێچەوانەوە، چونکە هەر یەک لە جیهان و جەستە بەنێویەکداچوونە، یەک لەنێو ئەویدیکەدا دەبینرێت.

وشەى (ئافرەت)

بە بڕواى فیمینستەکان بەشى سەرەکى کێشەکانى مرۆڤ لە جیهاندا راستەوخۆ پەیوەندى بە دەسەڵاتەوە هەیە: ئازادى، یەکسانى، دادپەروەریى. . هەڵبەتە ئەوە بەشێکى زۆرى لە راستى تێدایە، بەڵام لە بیرمان نەچێ ئافرەتان بە پێى ئەو کلتورەى تێیدا دەژین، کێشەکانیان جیاوازن، بۆ نموونە لە کلتورى رۆژهەڵات بە گشتى و کوردى بە تایبەتى لەبەر ئەوەى دەسەڵاتى باوکایەتى و نێرایەتى زاڵە، بۆیە راناوى (نێر/ پیاو) دەسەڵاتێکى سەیرى لە دەروون و بیرکردنەوە و وێناکردنى خەڵک و هەموو بوارەکانى دیکەى ژیان تۆمار کردووە، پیاو هەموو سیفەتە پۆزەتیفەکانى کردۆتە موڵکى خۆى. . . عەقڵ و بیرکردنەوە و توانا و ئازایى و لێهاتوویى و سەربەرزى و. . . لە هەمان کاتتدا ئافرەتبوون یەکسانە بە: سۆز، ناسکى، دڵنەرمى، بێ دەسەڵاتى. لە نێو کوردا دەڵێن پیاوێکى عەقڵە، ئافرەتێکى بە سۆزە. . . پیاوێکى ئازایە و ئافرەتێکى بە حەیاو شەرمە. . . پیاوبوون واتە دەسەڵات، و ئافرەتبوون واتە بێ دەسەڵاتى.

لە کلتورى کوردیدا، ئافرەت بە درێژایى مێژوو شێوەیەکە لە قوربانى، هەڵبەتە ئەو شێوەیە لە قوربانى پەیوەندییەکى راستەوخۆى بە ناونانى ئافرەتەوە هەیە، چونکە وشەى (ئاشتى) لە زمانى کوردیدا بە ئەسڵ واتاى (ئافرەت) دەگەیەنێت، پاشان بە هۆى بە کارهێنانى خودى ئافرەت وەک نرخێکى ئاشتیانە لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان، وشەکە بە سەر ئەو ئاشتییەدا بڕاوە، کە ئەو واتایە دەدات، کە ئەمڕۆ ئێمە دەیناسین، ئەو وشەیە لە لایەن یەکێک لە گەلە کۆنەکانى کوردستان، کە لە هەزارەى چوارەمى پێش زایین دەورێکى زۆریان لە کوردستانى کۆندا بینیوە، بە کار هێنراوە، ئەوانیش خوورییەکانن، خوورییەکان لە ناوەڕاستى هەزارەى دووەمى پێش زایین دەوڵەتى (میتانی)ان دامەزراند. . . لە (زمانى خوورى)دا وشەى ئافرەت بە چەند شێوەیەک هەیە: ئاشتێ، ئاشتا، ئاشتى، کە ماناى (ژن-هاوسەرى مێینە)ى هەیە. هەر لەو کاتەوە ئافرەتیان وەک قوربانى بۆ چارەسەرکردنى ناکۆکى و جەنگەکان بەکارهێناوە، لەبرى خوێن، لە برى سامان. . . ئەو بیرکردنەوەیە هەتا ئێستا لە کلتورى کوردى پانتاییەکى بەرفرەوانى داگیر کردووە، بەشێکى زۆرى بەرگرى کردن لەو فیکرەیە لەسەر بنەماى گەڕانەوە بۆ رابردوو و رەسەنایەتى درێژە بە خۆیان دەدەن، گەڕانەوەش بۆ رابردوو لە نزیکترین پێناسەیدا پەیوەندی بە فەرامۆشکردنی فیکر و نەبوونی جیهانبینییەوە هەیە، وەک چۆن پەیوەندی بە نەبوونی بابەتبووندایە! بە مانا (هابرماسی)یەکەش کاتێک فیکر دەکەوێتە فەرامۆشییەوە، ئیتر تەواوی ئازادی و ئامادەیی خۆی لەدەست دەدات و ناتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات، هەر فیکرێک نەتوانێت پارێزگاری لەخۆی بکات و خۆى نوێ بکاتەوە و نەتوانێت ئامادەیی خۆی بسەپێنێت، ئەوە وەک بابەتیش لە بری ئەوەی وەک بکەر (active) دەربکەوێت، وەک رەمز (symbol) ئامادە دەبێت! دنیاى رەمزى دنیاى دەسەڵاتە، دنیاى سیمبولەکانى باوکە، دنیاى ئەویدیکەى گەورەیە. . . هەموو ئامادەییەکی رەمزیانە، هەموو ئامادەییەکى دەسەڵات. . . دەکەوێتە سەرووی واقیع و سەرووی پانتاییە حەرام و حەلالەکانەوە.

وشەى (ژن)

بیرکردنەوەیەک هەیە کە پێیوایە وشەى ژن لە ژینەوە هاتووە، واتە ئەو کەسەى کە ژیان بە خەڵک دەبەخشێت، ئەو ناونانە پشت بە زمانەکانى (رووسى و بولگارى) دەبەستێ، چونکە لەو زمانانەش بە ژن دەوترێ ژن. . . ئەو بیرکردنەوەیە پێیوایە وشەى ژن لە وشەى ئافرەت باشترە بە بەڵگەى ئەوەى کە زۆرینەى کورد کرمانجن و ئەوانیش وشەى ئافرەت بە کار ناهێنن بەڵکو ژن بە کار دەبەن، ژن بە ماناى کابان، کاڤان دێت، وشەى (کا) بۆ گەورە بە کار دێت، تەنانەت لە سەردەمى ئەکەدییەکانیش (کا) بۆ گەورە بەکار هاتووە، ئەگەر بەردێک گەورە بێت دەڵێن (گابەرد).

کورد دەڵێ: شێرەژن، خاڵۆژن، مامۆژن، پیرەژن، باوەژن. . . وشەى ئافرەت ناتوانێ ئەو شوێنانە پڕ بکاتەوە. بەرانبەر ئەوەش ئەوانەى وشەى ئافرەت بە راست دەزانن، دەڵێن ژن تەنها بەوانە دەگوترێت کە شوویان کردووە، تۆ ناتوانیت بە کچێک بڵێیت ژن، یان منداڵى مێ؟!

بیرکردنەوەیەکى دیکە هەیە، کە راستى نە لە (ئافرەت) و نە لە (ژن)دا نابیننەوە، بەڵکو پێیانوایە وشەى (خوشکان) دەشێ بۆ منداڵ و هەرزەکار و ژن و پیرەژن. . . بە کار بهێنرێت. من قسە لەو بیرکردنەوەیە ناکەم، بەڵام وەک دەردەکەوێت لە نێوان بە کار هێنانى وشەى (ئافرەت) و (ژن) دوو بیرکردنەوەى جیاواز هەیە: یەکەمیان ئافرەت وەک قوربانى سەیر دەکات! دووەم ژن وەک بەخشینى ژیان دەبینێ! هەردوو بیرکردنەوە لەوێدا یەک دەگرنەوە کە (مێ) وەک بەرکار تەماشا دەکەن، نەک وەک کارا، ئەگەر بیرکردنەوەى یەکەم، پێیوابێ هەمیشە ئافرەت وەسیلە بووە بۆ گەیشتن بە ئاشتى و ئاشتەوایى، ئەوە جەوهەرى ئەو بیرکردنەوەیە لەوێوە هەرەس دێنێ، کە هیچ نرخ و ئەرزشێک بۆ ئازادى و حەز و بڕیار و هەڵبژاردن . . . ئافرەت دانانێ، بەڵکو ئافرەت دەبێ ملکەچ بێ و لە پێناو ئاشتى و سەلامەتى نێر واز لە بچووکترین مافە سەرەتاییەکانى خۆى بهێنێ، ئەو بیرکردنەوەیە لەوێوە شکست دێنێ، کە پێیوایە هەمیشە ئافرەت دەبێ وسبە لە ئامادەیى و وسبە لە بوونى خۆى بکات، و دیدوبۆچوونەکانى خۆى فەرامۆش بکات. . .

بەڵام بیرکردنەوەى دووەم ژن وەک کارگەیەک تەماشا دەکات، کارگەیەک کە باجى پێشکەوتنەکانى پیاو دەدات و چێژ و خۆشى بە ژیان و نێرایەتى دەبەخشێت، کارگەیەک کە جگە لە بەرهەمهێنانى منداڵ لە هیچ بوارێکى دیکەدا تواناى ئامادەیى و داهێنانى نییە، مەبەستى من ئەوە نییە، وەک کاراکتەرى (ڤیکتۆر فرانکشتاین) ئەو رۆڵە تەقلیدییە (traditional) لە ئافرەت بسێنینەوە، چونکە فرانکشتاین دەیەوێت هەم زرنگ بێت وەک پیاو، هەم رۆڵى ئافرەتیش ببینێ، واتە بێ ئەوەى ئافرەت بێت، مرۆڤێک بهێنێتە بوون!

کەواتە لە بیرمان نەچێ هەر تەنها ئایین نییە، ژنان بە هەموو مانایەک دەچەوسێنێتەوە، بەڵکو ئەوە بزاڤی کۆمەڵایەتى و سیاسیشە پەیڕەوی لەو چەوسانەوەیە دەکات، دەمەوێ بڵێم چەوسانەوەی ژنان هەر تەنها بە دیدی ئاینییەوە بەند نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە نایەکسانی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری. بێدەنگکردنی ژنان لە رووی قەدەغەکراوە رۆشنبیرییەکانەوە هێزی گەورەی هەژموونی دروشمەکانى رێنیسانس و مۆدێرنەى لە پشتەوەیە.

مێینەیى

لە نێوان یەکسانى و جیاوازیدا

(راچێڵ هۆڵمز) لە دەستپێکى ئەو فێستیڤاڵەدا گوتى: هیچ سیستمێک ناتوانێ هاوسەنگى بە دەست بهێنێت، ئەگەر بناغەی لەسەر (نایەکسانی) هێزەکانی دانرابێت. هەروەها گوتى ئێمە دەمانەوێت لە ئازادیدا یەکسان بین و دەمانەوێت لە سیستەمی پەتریاکى رزگار ببین.

لە دووتوێى ئەو پێشەکییە بیرم لە زاراوەى (رەگەز) کردەوە، کە ئاماژە بە جیاوازییە بایۆلۆژییەکانى نێوان ژنان و پیاوان دەکات، جیاوازى ئاشکرا لە ئەندامە سێکسییەکان، لە سکپڕى و منداڵبوون و زاوزێکردن، بەخێوکردنى منداڵ، بەرانبەر ئەوەش بیرم لەوانە کردەوە، کە بەرگرى لە (یەکسانى) نێوان پیاوان و ژنان دەکەنەوە و پێیانوایە ئەوە ئەو جیاوازیەیە واى کردووە، ژنان لە پلەى دووەمدا بن؟!

دەمەوێ بڵێم لە ژێر زاراوەى (رەگەز) نە دەتوانین بەرگرى لە (جیاوازى) بکەین و پارێزگارى لە تایبەتمەندییەکان بکەین و بیپارێزین! نە ژن دەتوانى لەگەڵ پیاو یەکسان بێیتەوە و خۆى وەک پیاو نیشان بدات! لێرەدا پێویستمان بە رێگاى سێیەمە، چونکە دابەشکردن بەسەر یەکسانى و جیاوازى، دابەشکردنێکە بارودۆخى ئافرەتانى هەر وەک خۆى هێشتۆتەوە. . . بۆیە پێویستە لە برى وشەى رەگەز زاراوەیەک بە کار بهێنین بۆ وەسفى ئەو تایبەتمەندییانەى کە پیاوان و ژنان هەیانە، بەڵام پەیوەندى بە جیاوازى ئەندامەکانیانەوە نییە، بەڵکو لایەنى نەفسى و کۆمەڵایەتى دەبنە پێکهێنەرى ناسنامەى جێندەرى ئەو کەسە، کاتێک لەمنداڵیەوە گەشە دەکات، بەو مانایەش زاراوەى (جێندەرGander) چارەسەرى دوالیزمى یەکسانى و جیاوازى دەکات؟! هەر لە سەر ئەو بنەمایەش دەمەوێ لە بەشێک لەو قەسیدانەى خوێنرانەوە ئاماژە بەو تێگەیشتنە بدەم کە هەڵگرى لایەنى دەروونى و کۆمەڵایەتى جێندەرن، ئەوانەیش کە نێرسالارى وەک ئامانج دەبینن:

(ئاماژەیەک)

لە شەوی رابردوودا

هەستم بە درێژبوونەوەیەک کرد لە دڵما

لەژێری قەفەسی سینگما

دریژبوونەوەیەکی ورووژنێری گەڕۆک

نە لە هەناسەدان دەچێ و

نە لە تربەیەکی شەکەتی دڵ.

ئاماژەیەکی گیان بوو.

بۆیە ئێستا هەست بە هیچ ئاسایشییەک ناکەم

پێش ئەوەی بەندبکرێ و

کۆت بکرێ و

بخرێتە لانکی ئیسکەکانی کڵۆتم

پاشڕا بخرێتە بەلەمی پزدانم. .

هەمرە بە میهرەبانی هەڵیدەگرم

لە هەر ئینجێکی ماڵەکەم

گەرچی کات درەنگە لەم رۆناهییە درێژەدا

لە کەوانەی هەردوو باڵما و پێچگەی کەنداڵدا

کە ئاو کۆدەبێتەوەو

سووری شەفەق ئارخەیانە.

 

(جۆلیا کۆبۆس) وەک شاعیر هەوڵدەدات توانا و هەستى جیاوازى مێینەیى یان مێیایەتى بخاتە روو، هەستێک کە تواناى جوانکردنى دنیاى هەیە، وەک لە قەسیدەى (ئاماژەیەک) دیمان، هەروەها لە قەسیدەى (بوارێکى هەموار) مێینە ئەو کەسەیە کە تواناى بەرەوپێشبردنى ژیان و ژیارى تێدا رەنگدەداتەوە، بەڵام لەو دیدەوە نا کە نێرێکى چڵێس وێناى دەکات، بەڵکو لەو دیدە کە مێیەکى داهێنەر دایدەهێنێ!

دڵنیایی

لە (خولی کۆچ)

پاش رۆژێکی درێژ

باوکم دەرگاکان و

پەنجەرەکان و

پەردەی پەنجەرەکان دادەخا

ئاری

دەنگی با و

پرسیاری دوێنێ دادەخا.

دایکم هەموو گڵۆبەکان خامۆشدەکا

لە هەر ژوورێک

لە هەر کانتۆرێک

تەلەڤزیۆن و رووناکی سووری بریسکەی دڵ و

دوامین ئەستێرەش خامۆشدەکا،

لەم ئاسمانە بیانییە هەرگیز. .

ئینجا بە پەڕۆشەوە

دەهەڵاژێن و

گوێ لە وراری زارۆکان دەگرن. . .

پاش بیست ساڵ

هەناسەدانی باوکم

لە چۆڕاوگەکانی ئەشکەوت و

وڵنگە دەچوو!

دایکیشم لە خەونەکانیا دەخەفێ و

جارێکی تر لەوەش خرابتر روودەدا

چیاکان گەمارۆمان دەدەن

هەناسەی دامێنەکانی رۆژانی گەنجی خەفەدەکەن و

ناوانێک و

شوێنانێک، کە پێیان وتمان: هەلوەدا،

هەمرەش ئێژین: هەلوەدا

ئەوسا

بە پەڕۆشەوە

لە سەر نوێنەکەم رادەکشێم و

گوێ دەگرم لە دەنگی بەفرە هەرە دوورەکان.

وەک دەبینین لە لاى (کابکا کاسابۆڤا) نێر و مێ سەیرورەتى ژیان بەرێوە دەبەن! کاسابۆڤا دروشمى سەرەکى ژیاندۆستییە و پێمان دەڵێ: با بە پەرۆشەوە روو لە ژیان بکەین، چراکان بگەشێنینەوە، بەرەو داهاتووییەکى سپى. . .

چێشتگەی دایکم

هەمرە دەبمە میراتگری چێشتەگەی دایکم

هەندێک شووشەواتی درێژکۆڵە و بنێسن

هەندێکیشیان کورت و خەپەن

قاپەکانی لە تاخمە ناشیرینەکانن

پەرداخەکانی لە بۆنە جیاوازەکاندا بلەز کڕێنراون

قازان و پاتیلەکانی ژەنگاوین

دایکم ناتوانێت فڕێیانداتە دەرەوە

دەڵێت: " ئیتر هیچ مەکڕە"

" لەم نزیکانە هەموویان بۆ تۆ دەمێننەوە"

دایکم پلانێکی دیکە بۆ هەڵاتن دەڕێژێ

کە یەکەمجار بووە خاوەن خانوو

خانوویەکە، هەمرە ئاوەدانی دەکاتەوەو ناوماڵەی بۆ دادەنێ

لە (69) وە دایکم نیگەرانە، کە لە سیفرەوە دەسپێدەکا

ئەمە نۆیەمین جارە

باسی کەلوپەلە لەناوچووەکانی ناکا

کە چەندین جار ماڵ وحاڵی بەجێهێشتووە

بۆ هیچ شتێک هەست بە پەشیمانی ناکا

جگە لە دارمێوەکانى پێش حەوشە نەبێ

 کە لەسەر کەپری هەیوانکەدا بڵاوبۆتەوە

دایکم هەمیشە دەسترا، تا ترێ پێ بگاو

کیسەى پەمووینی دەدووری تا لە هەنگ بیپارێزی!

ئەز دزانم

هەرگیز نابمە میراتگری درەختەکانی دایکم!

 (چۆمان هەردى) پێیوایە خەونى مێینەى رۆژهەڵاتى، کوردى بە تایبەتى هەر لە یەکەم رۆژى بینیندا بە مردووى دێتە دنیاوە، مردووش جگە لە رابردوو نە ئێستاى هەیە نە ئایندە، کەواتە ئەوەى کە مێینەى کوردى پێى دەڵێت خۆپارێزى لە نائومێدى و رەنجەڕۆیى. . . جگە لە وەهم، جگە لە خەونى خواستراو شتێکى دیکە نییە، مێینەى کوردى هەموو ئەو وەهم و خەونانە لە تورەکە دەکات، هەر یەکێک تورەکەى تایبەت بە خۆى هەیە، لەو تورەکەیە هیچ مێینەیەک نابێتە میراتگرى مێینەیەکى دیکە، بەڵام هەموو دەبنە میراتگرى واقیعى سەپێنراو و کەلوپەلى چێشتخانەکان و موبەقەکان، بڕوانە قەسیدەکانى بینیلۆپەکانی نیشتمانەکەم، چێشتگەی دایکم، هاوینە سەربان. . . ئەو رەشبینییەى چۆمان هەردى لە قەسیدەى (لاشەی کەسێکی مردووم)ى (سەمەرقەند ئەلجابیری) بە ترۆپک دەگات:

( لاشەی کەسێکی مردووم )

من چەندەکم

لە بازاڕدا شتم بۆ کڕیون

لە سەقم و سەرمادا بە تەنیا نانم دروستکردووە

و بەتەنیا

بە لەرزانەوە کاژێرەکانی سپێدەم بەسەربردوون لە مووبەقدا

لام نەکردۆتەوە ژیانی خۆم . . . چاوەڕوانی بیستنی لاقرتێ و گاڵتەکردن بوویم

دوای ئەوە ئێوە چی چاوەڕێی دەکەن

من چەندەکم . . .

قاپ و قاچاغ و چپەچی قیزەوونی ئێوەم شتوون

یارمەتی ئەو بەچکەمنداڵەم داوە لە ئەرکی ماڵەوەیدا

ئەو خاتوونەم فێرە دروومان کردووە

لەگەڵ ئەمەشدا، شتی دیکە هەن

بۆم هەیە دەستم لە ژێر بالووعە ساردەکە دابنێم

خەون بە دفنکردنت ببینم

چەندین خۆشییم هەن کە ناژمێردرێن

لە کن حەوزی شۆردن زیاد دەبن

و بزە دەمگرێ

و دیسا وەک چەندەکێک. . .

بە غەمبارییەوە ڕادەوەستم و جلەکان ئوتوو دەکەم

کەچی هێشتا زۆر ماوە

دەتوانم ئاو لە خۆم بچۆڕێنمەوە لەتەک ئەو جلانەی هەڵیان دێخم

خەیاڵی عومرێک دەکەم کە بە بێ زەردەی شکوربژێریی

 ووردە ووردە لە چاو وون دەبێ و نامێنێ

لەوکاتەدا زەردەخەنە دەمگرێ.

 مێیینە لە رۆژهەڵات هەموو ژیانى لە (موبەق) بەسەر دەبات و ئاوڕ لە ژیان ناداتەوە، لە بەرانبەر ئەوەدا خەونى مێینەى رۆژهەڵاتى لە قەسیدەکەى سەمەرقەند ئەلجابیری خەونى لەناوبردنى نێرسالارییە، بەڵام بەو خەونەدا دەڕوا و وردە وردە لەو خەونە ون دەبێ، ئەو خەون و ونبوونە جوانترین شتێکە کە مێینەى رۆژهەڵاتى پێشکەشی ژیانى دەکات، وەک لە قەسیدەى (کبریت) تەعبیرى لێدەکات، بەڵام ئایا ئامادەیى مێینە لە واقیعدا ونبوونە لەو خەونانە، ئایا ونبوون لەو خەونانە بە قوربانى ناوزەد ناکرێت؟! لاى هەر یەک لە (ئاوێزان نورى) و (رۆژ هەڵەبجەیى) نێر دنیایەکى پێچاوپێچە زۆر زەحمەتە لە دەستى دەرباز بیت، چونکە تەواوى ژیان لە ژێر هەژموونى ئەودایە، تەنها رێگا چارە ئەوەیە وەک (ئاوێزان) دەنگ هەڵبڕى و بڵێیت بڕیار دەدەم، دڵم لە بەرد مارە بکەم. . بڕوانە قەسیدەى (تەوبە). . . یان وەک رۆژە بڵێیت: تۆ لەقابیل بکوژتر بووى، جەلادێک بووى ناخى منت هەڵکۆڵى. . .  (ئیلهام ناسر ئەلزوبێدى) لە قەسیدە جوانەکانى. . . دوو روومان نیشان دەدات، یەکەمیان ژیان بێ دەستلەملانێى جیاوازییەکان ئارامى بە خۆیەوە نابینێت، رووى دووەمى ئەگەرچى مەرج نییە، بە راستى پێویستت بە ئەویدیکە و ئامادەیى ئەویدیکە لە ژێر یەک (ناونیشان) هەبێت، بەڵام هەمیشە بوونى ئەویدیکەى جیاواز خۆشى و رەنگاو رەنگى دەنەخشێنێت.

باوکە

بەیانی جەژن دێت

و منیش

چاوەڕێی شەبەنگی تۆ دەکەم

بە هەویای دەنگی تۆم

هاتوو لە بیرەروەریی

ملکەچی خەونەکانم دەبم . . .

بەپێ دەڕۆم بەرەو باوەشت

لە ناو گەرمیی ئارامییدا نقوم دەبم

و دەچرپێنم

باوکە . . . باوکە

ئەی کۆچکردوو

و لە دوورەوە هاتوو

هەموو ساڵێ تارماییت خۆی جەژنە.

دواجار لە کۆى ئەو قەسیدانەى کە ئاماژەم بۆ کردن و مێ نووسیویەتى، دوو دنیابینى و دوو بیرکردنەوە دەبینرێت، یەکەمیان خۆرئاواییە بەوەى کە گرفتى رەنگەکانى خۆى وەک (مێ) نیشان دەدات، دووەمیان خۆرهەڵاتییە بەوەى رەنگى ئەویدیکەى (نێر) زاڵە و مێ دەیەوێ لە ژێر ساباتى ئەو رەنگە بە خەون و خەیاڵ بژى. . . هەر بەو مانایەش لەسەرەوە گوتمان مێینەکان بە پێى ئەو کلتورەى تێیدا دەژین، کێشەکانیان جیاوازن، بەشێکى زۆرى ئەدەب خۆى لەو تایبەتمەندییانەوە دەبینێتەوە، بەڵام بە ئاستە جیاوازەکانى چیگوتن و چۆنگوتن.

 

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

 - ژان بیار بریسە (1837-1923) زاناى زمانەوانى فەرەنسى، بۆ زێتر شارەزایى بڕوانە (جان جاک لوسیرکل، عنف اللغە، ترجمە و تقدیم: د. محمد بدوی، النڤمە العربیە للترجمە، بیروت-لبنان، گ2، ێ133. 137.

 - ئەمساڵ (2014) سێیەمین ڤێستیڤاڵى جیهانى ئەدەب نینیتى لە هەولێر لە (هۆتێل چوارچرا) بەرێوە چوو، لەو ڤێستیڤاڵەدا بەشداربووانى وڵاتى بەریتانیا پێکهاتوون لە: (کاپکا کاسابۆڤا، جۆلیان کۆپس، نیا داڤێس، راچێڵ هۆڵمز، ئێس جەى فۆلەر، کەى میللەر، غەریب ئەسکەندەر، چۆمان هەردى) لە هەر یەک لە شارەکانى عیراقیش ئەو نووسەر و شاعیرانە بەشداربوون (ئیلهام ئەلزوبەیدى، سەمەرقەند ئەلجابیرى، روئا زوهێر شوکر، مریەم مەیسەم قاسم ئەلعەتتار، ئەحمەد عەبدولحوسێن، نیزاڵ ئەلقازى، ئەزهار علی حەسەن حوسێن، عەلی وجیە، شاکر مجید سیفو، عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا، رۆژ هەڵەبجەیى، سەلام باڵایى، ئاوێزان نورى، ژاوێن شاڵى) هەر یەک لە بەرێزان دکتۆر هیمداد عەبدولقادر محەمەد و دکتۆر فازل سامر و کاکەمەم بۆتانى بەشێک لە کۆڕەکانى ئەو ڤێستڤاڵەیان بەڕیوە برد، بەڕێوەبەرى هونەرى لە (بریتش کاونسڵ) (روئا زوهێر شوکر) لە شارى بەغداد و (عەدالەت گەرمیانى) بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى (ئارت رۆوڵ) لە شارى هەولێر. وەرگێرانى دەقەکانى ڤێستیڤاڵ لە ئینگلیزییەوە بۆ عەرەبى و لە عەرەبى و کوردییەوە بۆ ئینگلیزى (موهەندیس محەمەد حوسێن رەسول) و وەرگێرانى لە عەرەبییەوە بۆ کوردى و لە کوردییەوە بۆ عەرەبى (جەلال زەنگابادى)، جگە لە وەرگێرانى راستەوخۆى گفتوگۆکان.

 - راچێڵ هۆڵمز لە (کۆنمار هاوز) لە لەندەن کار دەکات، هەڵسەنگێنەری زنجیرەی هەڤپەیڤینە جیددییەکانە، کە بە (مەحاڵە تازەکان) وەسف دەکرێت. لە ساڵی 2010دا خەڵاتی (کاونسیل کەڵچراڵ لیدەرشپ)ی وەرگرت، چونکە یەکێکە لە (پەنجا ئافرەتی بەریتانی بۆ چاودێری). لە ساڵی 2000وە لەگەڵ ئەنجومەنی رۆشنبیریی بەریتانی و بەرنامە جیهانییەکاندا کاردەکات و بەشداری فێستیڤاڵەکان دەکات.

 - جۆلیا کۆبۆس لە لەندەن لەدایکبووەو ئێستا لە سۆمرسیت دەژی. سێ کۆ هۆزانی هەیەو، راسپێریی پۆیتری بووک سۆسایتی وەرگرتووە. خەڵاتی یەکەمی وەرگرتووە لە ناشیناڵ پۆیتری کۆمبیشن و فوروورد پرایز فۆر بێست لە تاکە شیعردا(2010) لە (2012)دا بۆ خەڵاتی تێد هیووز کاندیدکراوە، لەسەر کۆستلاینز، کە خولێکی ئیستگەیی شیعرییە، دەرەنجامی سەفەرێک بۆ چاروسەریی پیتینی لوولەیین (IVF) و کۆهۆزانی سێیەمی (جیهان بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی) لە 2012دا لەچاپدراوەو، بۆ خەڵاتی (ت. س. ئیلیوت) و خەڵاتی کۆستا پۆیتری کاندیدکراوە. ئەمساڵیش (2014) یەکەم کتێبی (هۆگ لە تەمدا) پەخشدەکرێت. خاتۆ جولیا رێڤەبەری دووەمە لە ناشنیاڵ ریدینگ راوند سکیم لە رۆیاڵ لێترەری فند. لە ساڵی 2008دا، لە زانکۆی ئیکستەر هاوەڵێتی شکۆداری وەرگرتووە.

 - روئا زوهێر شوکر نووسەرو پاچڤەوانە. لە ساڵی 1987دا لەدایکبووە. هەڵگری بەڵگەنامە بەکالۆریۆسی ئەدەبیاتە، لە زانکۆی کووفە. ئەندامە لە یەکێتی گشتی ئودەباو نووسەرانی عیراقە. لە بەرهەمەکانی: (دێڕانێک بە مەرەکەبی گیان) و (دوا هەڵاتنی). روئا زوهێر چەندین خەڵاتی وەرگرتووە بەرانبەر نووسنە رۆژنامەڤانییەکانی.

 - مریەم مەیسەم قاسم ئەلعەتتار شاعیرەو رۆمان نووس و وەرگێڕە. خەڵکی (میسان) ـە لە عیراق. چالاکە لە بواری مافی ئافرەت و شیعرەکانی لەسەر ئاستی جیهان بڵاوکردۆتەوەو، یەکەم کۆمەڵە چامەی (هەورە گرمە) لە دەزگای عەرەبی پەخشمەندان بڵاوبۆتەوە.

 - ژاوێن شاڵى شاعیرەیەکی خەڵکی شاری سلێمانییە لە کوردستانی عیراق و، دوو کۆهۆزانی پەخشبوونەتەوەو، ژمارەیەکی زۆر وتار لە گۆڤارو رۆژنامەکانی کوردستان، کە رۆژنامەڤان و رەخنەگرە. یەکەم کۆهۆزانی بە سەرناڤی (پایزی ژیانم) لە ساڵی 2008دا لە سلێمانی بڵاوبۆتەوەو، یەکێتی نڤیسەرانی کورد کۆچامەکەی (نە تۆ مایت و نە باران) لە ساڵی 2013دا پەخشکردۆتەوە.

 - سێ کۆهۆزانی پەخشکردووە: خزمە نزیکەکان- 1981، کارەکەرە دەستبڕاوەکە- 1994کە خەڵاتی هینمان و کاندید بۆ خەڵاتی فۆروۆرد کراو، (کتێبی خوێن) – 2006 کە بۆ خەڵاتی فۆروۆردو خەڵاتی کۆستا کاندیدکراو، چامەی (جودێت)ی خەڵاتی فۆروۆرد بێست سنگڵ پرایزی بردەوە. لە ساڵی 1993دا هاوەڵێتیی هاوسۆریدنی وەرگرت و لە ساڵی 1998دا خەڵاتی ئاتس کاونسڵ رایتەرزی وەرگرت و، لە ساڵی 1999دا خەڵاتی چۆلمۆندیلی بەرکەوت.

 - بۆ زێتر شارەزایى بڕوانە (جان جاک لوسیرکل، عنف اللغە، ترجمە و تقدیم: د. محمد بدوی، النڤمە العربیە للترجمە، بیروت-لبنان، گ2 2006، ێ100-101.

 - خودى سەردەمى رینیسانس سەردەمى زێڕین و پاڵەوانانەى پیاو بووە، لە بوارى دۆزینەوە و کەشفى زانستیدا، کۆپەرنیکۆس، گالیلى، نیوتن. . . سەردەمى کرانەوە بە رووى نهێنییەکانى گەردوون و سروشت، هەر بۆیە پیاو بووە بە توێژەرەوە و ئافرەتیش وەک بەشێک لەو سرووشتە ماوەتەوە، کە لەلایەن پیاوەوە پشکێنراوە‌. . . گۆڤارى (سەردەمى ژن) ژ 2.

 - کۆمەڵێک کاراکتەرى پیاو کە سەرنجى دنیا بۆ ئامادەبوونى پیاو پەراوێزخستنى ئافرەت رادەکێشن، لەوانە: جیمس بۆند، خاوەن مەزاجێکى سارد و بێ هەستە، کەسایەتیەکى بە هێز و پتەوى هەیە، لە زیاد لە بوارێکدا شارەزایە، بەڵام هیچ پرۆژەیەکى بۆ ئایندە نییە، لە پەیوەندى لەگەڵ ئافرەتدا زۆر رەق و ساردە، هەمیشە دەیەوێت چێژ لەو ساتەوەختە ببینێ کە تێیدا دەژى. . . دراکولاى، سیمبولێکە بۆ گەڕانەوەى خراپە چەپێنراوەکانى ناو پیاو، لە رێگاى عەقڵى سەرەتاییەوە هەڕەشە لە ژیارى دەکات. . . ڤیکتۆر فرانکشتایین، لە رێگاى خولقاندنى دەعبایەک دەیەوێت مێینەیى و منداڵبوون لە ئافرەت بسێنێتەوە. . . شارلۆک هۆڵمز، فەرامۆشکردنى ئافرەتە وەک مەتەڵێکى بێ وەڵام، تەعبیر لە پەیوەندى نێوان عەقڵ و سۆز دەکات. . . دۆنجوان، راستەوخۆ ئاماژەیە بەو دۆخە نێگەتیفەى کە ئافرەتى پێ پێناسە دەکرێت. . . تەرەزان، تەعبیر لە ململانێى نێوان عەقڵ و سۆز دەکات، نێوان ژیارى بوون و کێوى بوون. . .

لەو بارەوە فرانیسیس بیکۆن جەخت لەسەر ئەقڵانى بوونى پیاو و سۆزدارى ئافرەت دەکاتەوە. کەواتە بەشێکى زۆرى بە پیاوببوونى جیهان پەیوەندى بە کلتور و مەشهوربوونى پیاوەوە هەیە. . : ئەفسانەکانى پیاو، لە دۆنجوانەوە تا جیمس بۆند، بڕوانە گۆڤارى (سەردەمى ژن) ژمارە 2، بڕوا عەلائەدین.

 - ه. س. پ. ل101.

 - بونتی، موریس میرلو، المرئی واللامرئی، ت. د. سعاد محمد خچر، دار الشۆون الپقافیە العامە، بغداد، 1987، ێ126.

 -هەندێک وا بیر دەکەنەوە کە سەرەڕاى مامەڵەکردنى ئافرەت لەگەڵ شتە نەرمەکان و مامەڵەکردنى پیاو لەگەڵ شتە زبرەکان، رووییەکى دیکەى ئەو مەسەلەیە بایۆلۆجیە و پەیوەندى بە هۆرمۆنى (hormone) (تیستسترۆن) هەیە، هۆرمۆنى رکابەرى و ململانێ، ئەو هۆرمۆنە لە پیاوان بە رێژەى بیست ئەوەندى ژنان هەیە.

 - پیاو سەرى بەرز دەکات و لە بەرانبەردا ئافرەت دەبێ سەرى نزم بکات.

 - فازڵ قەرەداغى دەڵێت: لەبەر ئەوەى کە وشەى (ئافرەت) کۆنتر و بەرجەستەتر بووە، پێدەچێت وشەى (ئاشتى) کە نوێترە و زاراوەیەکە موجەرردە لەوەوە خوازرا بێت، واتە وشەى (ئاشتى) بە بە سەر ئاشتبوونەوە دابڕابێت، بڕوانە: رۆژنامەى ئاوێنە لە 21/2/2012.

 - د. جەمال نەبەز، بڕوانە رۆژناموە میدیا ژمارە 192.

- بەهرۆز جەعفەرى نووسەر دەڵێت من لە دەمى (مام جەلال)ەوە بیستم کە گوتى بەکار هێنانى وشەى ژن لە ئافرەت راستترە.

 -بڕوانە (نینیتى سێیەمین فیستفاڵى جیهانى ئەدەب)، پێشەکى فیستفاڵى نینیتى، راچێڵ هۆڵمز، ل4.

 - ساڵى (1995) لە کۆنگرەى لوتکەى زەوى کە تایبەت بوو بە ئافرەتان لە (پەکین) وشەى جێندەر لە بەیانى کۆتایى کۆنگرەدا (254) جار بەکارهێنرا.

 -بڕوانە (نینیتى سێیەمین فیستفاڵى جیهانى ئەدەب)، جۆلیا کۆبۆس، ل19-23.

 -بڕوانە (نینیتى سێیەمین فیستفاڵى جیهانى ئەدەب)، کابکا کاسابۆڤا، ل15-18.

 - کابکا کاسابۆڤا شاعیرەو گەڕان نووسە. پاش رووخانی دیواری بەرلین، خێزانەکەی لە بولغاریاوە بۆ نیوزیلەندا کۆچی کرد. چیرۆکێکی بەسەرناڤی {(شەقامێک بێ ناو) لە 2008دا} کە باسی بولغاریای کۆمۆنیست دەکات، بۆ خەڵاتی دوو لیفەر یۆرۆبیان و یانەی سفر دۆلمان کاندیدکرا. هەروەها چیرۆکی {(دوازدە خولەک لە ئەڤین) لە2011دا} بۆ خەڵاتی نووسەرانی ئوسکوتلەندی کاندیدکرا، کە باسی تانگۆی ئەرجەنتین و راڕایی و گومان و منەی نیشتمان دەکات. رۆمانێکی هەیە بە ناونیشانی {(ڤیللا باسفیکا) 2011}کە دەربارەی ئەمەریکای باشوورەو، دوو کۆهۆزانیش: (ژیانی کەسێکی دیکە) و (جوگرافیای گومبوون). خاتۆ کاسابۆڤا وەرگێڕیشە لە زمانی بولغارییەوە بۆ ئینگلیزی و، هەمیشە بەشدارە لە: گاردین، ئینتلیجنت لایف و سکۆچ ریڤیوو. خاتۆ کاسابۆڤا لە سکۆتس هایلاندز- ئوسکوتلەندا دەژی پاش ئەوەی کە تافی هەرزەکاری و بیست ساڵێک لە تەمەنی لە نیوزیلەندا بردۆتەسەر.

 -بڕوانە (نینیتى سێیەمین فیستفاڵى جیهانى ئەدەب)، چۆمان هەردى، ل27-28.

 - چۆمان هەردى لە کوردستانی عیراقدا لەدایکبووەو، لە تەمەنی یەک مانگیدا لە ئاوارەی هەندەران بووە. پێنج ساڵی تەمەنی منداڵێتیی لە شارۆچکەیەکی نزیکی تاران ژیاوە، پاشان بۆ سلێمانی شارە دایکی گەڕاوەتەوە، بەڵام دیسان لە ساڵی 1988دا بەهۆی زەبروزەنگی سیاسی ئاوارە بووەو لە کوردستانی ئێران گیرساوەتەوەو، خۆی فێری زمانی فارسی کردووەو خۆی رۆشنبیر کردووە. پاشڕا لە 1993وە بووەتە پەناهەندە لە ئینگلتەراو، لە کوینز کۆلیج ئوکسفۆرد خوێندوویەتی و(بەکالۆریۆسی فەلسەفەو سایکۆلۆژیا) وەرگرتووەو، ماستەری فەلسەفەی لە یونیڤرستی کۆلێجی لەندەن وەرگرتووەو، دکتۆرای ساغڵەمی ئاوەزی لە زانکۆی کینت کانتربەری وەرگرتووە. چۆمان لە ساڵانی (1996و 1998) دا دوو کۆشیعری بە زمانی کوردی پەخشکردۆتەوە. لە ساڵی 2002دا پێگەی راهێنانی پێ سپێردراوە لە جیروود- ئارڤۆن یۆنگ رایتەرز لەگەڵ کلێر شۆ، میریل پوغ، دێن پارکین و کەسانی دیکە، بە سەرپەرشتی جیۆرج سزیرتس. کۆشیعری ئینگلیزی چۆمان (ژیان بۆ ئێمە) لە 2004دا لە لایەنی بلۆدئەیکس پەخشکراوەو، پاش هەژدە مانگ جارێکی تر پەخشکرایەوە. چۆمان شارەزاو کارامەیە لە هەڵبژاردنی شیعرداو، چوار چامەی هەڵبژێردراوە لە 2010وە بۆ خوێندنی قوتابیانی ئینگلیزی (GCSE)و، لە هەمان ساڵدا (پۆیتری ئەرچیف) سیدییەکی پەخشکردووە بە عینوانی (چۆمان هەردی لە چامەکانی دەخوێنێتەوە). لە ساڵی 2006دا چۆمان یەکێکە لە شاعیرە لاوەکان، کە هۆزانیان بڵاودەکریتەوە وەک بەشێک لە بەرنامەی (چامەگەلێک لە ئەندەرگراوند)ا. لە (2001- 2003)دا کورسی یەکەمی ئیکسلد رایتەرز لنکی وەرگرتووەو، ئەندامە لە پۆیتری بووک سۆسایتی (2005- 2007) و ببلیک برودکاستینگ سێرفس پامفلیت سێلێکتەر(2006- 2008). لە ساڵی 2008دا بە هاریکاری (میمی خەلڤاتی) شیعری (کەژاڵ ئەحمەد)ی لە کوردییەوە وەرگێڕاوەتە ئینگلیزی بۆ (پوێتری ترانسلەیشن سەنتەر) و (Enitharmon ) لە گەڵ دەقی کوردیدا بڵاویکردۆتەوە.

 -بڕوانە (نینیتى سێیەمین فیستفاڵى جیهانى ئەدەب)، سەمەرقەند ئەلجابیری، ل61-62.

 - ئاوێزان نورى شاعیرەو چالاکوانە. لە 2004دا(پەنا)ی بڵاوکردەوەو، خەڵکانی لە بواری FGM هۆشیارکردەوەو، و تێکۆشا بۆ ئیقناعی حکوومەتی عیراق بۆ سەپاندنی یاسایەکی قەدەغەی گشتی. لە رووداوە سیاسییەکانی کەرکووکی گرفتاری چەندین رووداوی تقینەوەی مۆرکداری تایفەگەری، بێ گومان دەکەویتە بەر گوللە، ئەگەر لە ستارەی سەربانەوە سەرهەڵبڕی و، لە بواری FGM دا کاربکەیت! (پەنا) بایەخ دەداتە ئەو ئافرەتانەش کە تووشی زەبروزەنگی خێزانیی هاتوونە و دێن.

 - ڕۆژ محەمەد لایق ناسراو بە (ڕۆژ هەڵەبجەیى) لەکۆتایى شەستەکان لەشارى هەڵەبجە لەدایک بووە. پەیمانکاى مامۆستایەتی تەواو کردووەو، کاری مامۆستایەتی کردووە. یەکەم چامەی بەناوێکى خوازراوەوە لە ڕۆژنامەى هاوکارى لەساڵى (1986) دا بڵاوکردۆتەوە. دواى ئەوە ئیتر وەستا، بەهۆى کارەساتى کیمیاباران کردنى هەڵەبجەوەو،  دواى ڕاپەڕینی1991 توانی بێتەوە ناو کایەى ئەدەبەوەو، پێنج کۆمەڵە شیعر بڵاوبکاتەوە: (تارماى پێى مەراقێک/ نەخوڕەى دەرگایەک نەقومێک کەس/ تاخەو دائەگیرسێ بنوو/ ئەو موناجاتێکە لەچاوەکان/پایزێک بەپاڵتۆى کانوونێکەوە) بەوەش ڕۆژ هەڵەبجەیى ژمارەیەکی زۆری خەڵات لە زۆربەی فێستیڤاڵەکاندا وەرگرتووە.

 - گەر کەوانى دەستى دوێنێم، تیر بۆسبەینێ بهاوێ، دەبێ ئەمڕۆکە بڕیار دەم، تەوبە بکەم لە تۆ ئەى پیاو، تەوبە لەوەى جارێکى تر نەتپەرستم. . . بڕوانە (نینیتى سێیەمین فیستفاڵى جیهانى ئەدەب) ئاوێزان نورى، ل32-35.

 - تۆ لەقابیل بکوژتر بووى، دیدارى جێهێشتن لەتۆوە فێر بووم، منت شەڵاڵکرد بەفیراق، بەڕووخاندنى ڕۆح. . . هیچ مەڵێ، هیچ لەیارەوە بوویتە ناحەزى زەردەخەنەکانى دڵم. . . لەیارەوە بوویتە سڕینەوەى، باخچە فڕیوەکانى گەنجیم. . . بڕوانە (نینیتى سێیەمین فیستفاڵى جیهانى ئەدەب)، رۆژ هەڵەبجەیى، ل44-47.

 - ئیلهام ناسر ئەلزوبێدى هەڵگری بەڵگەنامەی بەکەلۆریۆسە لە هونەری موزیک- ئکادیمیای هونەرە جوانەکان 1984. ئەندامێکی چالاکە لە رێکخراوانێک کە تێدەکۆشن بۆ دابینکردنی مافەکانی ئافرەت و منداڵ و تەمەن گەورەکان. لە چەندین بەرنامە چالاکی کاریگەری نواندووە. ئێستاکەش نوێنەری کۆمەڵەی پاراستن و پێشختنی خێزانی عیراقییە لە شاری بەسرە. چەندین لێکۆڵینەوەی نووسیوە سەبارەت بە زەبروزەنگ دژی ئافرەت و منداڵ و کێشەکانی بێوەژنان لە عیراقدا. لە چەندین وۆرکشۆپدا بەشداربووە. ئیلهام زوبەیدی زۆر چالاکە، نەمازە لە دەزگای عەمماری خێرخوازی جیهانی، کە گۆڤارێکی مانگانە پەخشدەکاتەوەو، لە 1985وە یەکخستنکەری پڕۆژەی کۆمەڵەی هونەرمەندان بوو. ئێستاکە خەریکی ئامادەکردنی کۆچیرۆکێکە.

 - بڕوانە (نینیتى سێیەمین فیستفاڵى جیهانى ئەدەب)، ئیلهام ناسر ئەلزوبێدى، ل30-31.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

Related Articles