جێگرانی سکرتێری گشتی بیری "مام"یان ده‌که‌ن ! .. رەحمان غەریب


له‌ناو ئه‌و هه‌واڵه‌ زۆروزه‌وه‌ندانه‌ی ئه‌م رۆژانه‌ له‌ کۆبونه‌وه‌کانی یه‌کێتییه‌وه‌ دزه‌ی پێکرا، رێکه‌وتننامه‌ی "ئیمزاکراو"ی نێوان خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و به‌ڕێزان کوسره‌ت ره‌سول‌و به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، بوو.له‌ناو خاڵه‌کانی"رێکه‌وتن"ی سه‌رکرده‌ ناکۆکه‌کان، داواکاری سه‌ردانێکی سێ قۆڵییه‌ بۆ لای سکرتێری گشتی یه‌کێتی جه‌نابی تاڵه‌بانی، بێ گوێدانه‌ ئه‌ته‌کێتی سه‌ردانی نه‌خۆش.

له‌دنیای نوێدا, لای "لێبراڵ" و ته‌نانه‌ت "شۆرشگێره‌کان" یش، لانی که‌می ئه‌ته‌کێتی سه‌ردانی نه‌خۆش، به‌ ئاگادارکردنه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌که‌ ده‌ست پێده‌کات، ئینجا دیاریکردنی کاتی سه‌ردان، تا ده‌گاته‌ جۆری ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌ردانی ده‌که‌ن.دیاری ده‌ستیشیان به‌پێی ئاستی خۆشه‌ویستیان بۆ نه‌خۆشه‌که‌ ده‌گۆڕێت .چه‌پکێ گوڵی سپی، گه‌زۆی تۆفیقی حه‌ڵواچی، بۆ ده‌به‌ن، یان چه‌پکێ گرفتی حزبی و قه‌یرانی سه‌رکرایه‌تی و متمانه‌، پێشکه‌ش به‌ هه‌ڤاڵی دێرینیان ده‌که‌ن.

ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌ردانه‌ روبدات، بێگومان یه‌که‌مین سه‌ردان ده‌بێت له‌ مێژودا بۆ لای نه‌خۆش که‌ وه‌ک مه‌رجی لایه‌نێکی ناکۆک بخرێته‌ ناو رێکه‌وتننامه‌یه‌کی حزبی.سه‌ردانێک به‌ناوی "دڵنیابوون" له‌ ته‌ندروستی نه‌خۆشێک ئیمزا ده‌کرێت، به‌ڵام له‌ شێوازو ناوه‌ڕک دووره‌ له‌ گیانی هاوڕێیه‌تی و هه‌واڵ پرسین.چونکه‌ وه‌ک مه‌رجێکی سه‌پێنراو له‌ناو رێکه‌وتننامه‌یه‌کی حزبی و کارتێکی فشار، تۆمارکراوه‌.

سه‌ردانی نه‌خۆش له‌ ماڵه‌وه‌ بێت یان نه‌خۆشخانه‌، له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌ته‌کێت و پرۆتۆکۆلی تایبه‌تدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.نه‌خۆشه‌که‌ خۆی گه‌ر به‌ ئاگابێت، پرسی پێده‌کرێت.ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌ پزیشکه‌که‌ی بریار به‌ده‌سته‌ که‌ سه‌ردانه‌که‌ فاکته‌ره‌ بۆ باشبونی دۆخی ده‌رونی نه‌خۆشه‌که‌ یان نا؟

رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی رابردوو، د.نه‌جمه‌دین که‌ریم پزیشکی تایبه‌تی سه‌رۆک کۆمار رایگه‌یاندبوو که‌ ته‌ندروستیی سه‌رۆک تاڵه‌بانی تادێت باشتر ده‌بێت و "هه‌فته‌ی رابردووش به‌ ئوتۆمبیل به‌ناو شاری به‌رلیندا گه‌ڕاوه‌."

لێدوانی ره‌سمی باس له‌ باشبونی باری ته‌ندروستیی سه‌رۆک تاله‌بانی ده‌کات تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی به‌ ئوتۆمبێلێک به‌ناو شه‌قامه‌کانی به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا گه‌ڕاوه‌.دیاره‌ سکرتێری گشتی نایه‌وی پیاسه‌ به‌ناو ماڵی لێکترازاوی یه‌کێتی بکات..ئه‌گینا پیاسه‌ی شه‌قامه‌کانی سلێمانی به‌لای "مام"له‌ پیاسه‌کردن به‌ناو به‌رلین، خۆشتره‌.

روون نییه‌ بۆ له‌گه‌رمه‌ی توندبونه‌وه‌ی ناکۆکی له‌سه‌ر کۆنگره‌و داواکردنی پ
شک‌و ده‌سه‌ڵات، سۆزی دوو جێگره‌که‌ی تاله‌بانی، گه‌یشته‌ ئاستی ئه‌وه‌ی سوربن سه‌ردانی مام جه‌لال ، بکرێته‌ ناو رێکه‌تنامه‌ی "ئیمزاکراو"یان" نه‌کراو"ی، سێ قۆڵی هیرۆ خان‌و دوو جێگره‌که‌ی تاله‌بانی؟

هیرۆ خان به‌ر له‌وه‌ی رێکه‌وتننامه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌ "ئیمزا" بکات هه‌ق بوو رێگه‌ خۆشبکات تا هاوڕێ قسه‌ خۆش‌و ئه‌حبابه‌کان، بچنه‌ به‌رلین بۆ دیداری مام، رێگه‌ بۆ شێخ جه‌نگی، عه‌زیز محمد، جه‌مال ئاغا، ،فاروقی مه‌لا مسته‌فا، مولازم عومه‌ر، فه‌خری که‌ریم‌و چه‌ندینی تر خۆشبکات.لانی که‌م ئه‌مانه‌ چه‌پکی گوڵ‌و قسه‌ی شیرینی بۆ ده‌به‌ن، نه‌ک مه‌له‌فی قه‌یران‌و پاشه‌کشه‌‌و بێ متمانه‌ییو شه‌ڕ له‌سه‌ر پشک.

 

 

Rahman Gharib

Metro Center Coordinator

Iraqi Kurdistan

Cell Phone: +964 770 152 3300

Email: This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

 

 

 

Related Articles